٣\١٢\٢٠١١
ئێگزیت.

تــوانا ئـەمین
مێخ بە زماندا دادەکوتم و قڵیش دەکەمە
زارمەوە..
بــــا بە پەردەکەدا دێت، کەمەری نیشتووی پڕ دەبێ لە ھەوا، دەڵێی ژنێکی
سکپڕە و لە پەنجەرەی شکاوی منەوە سەیری دنیا دەکا.. دەڵێی دەمەوێ شتێک
بشارمەوە.. کەمکەم قسە دەکەم و زۆرزۆر خەیاڵم دەڕوا.. بەشێوەیەکی گشتی
مەنگم.. دەمەوێ کەس نەزانێ کە بیر لە تــۆ دەکەمەوە.. ھەموو ھەوڵێکم
دەخەمە گەڕ ئەمە لە ھەمووان بشارمەوە.. چەشنی بازێکی سپی لە سنگی
ڕەشمدا شتێک قەتیسە.. سنگم شەق دەبا و ئەو شتە دەقیژێنێ و دوور دوور
دەچێتە ئاسمان. کە ھاتم ئا لێرەدا بووم.. لەسەر ئەم قادرمەیە.. ڕێک لە
ناوەڕاستدا، نازانم دەمویست دابەزم یان خەریک بوو سەر دەکەوتم.. دە
سەدەیە من لێرەدا گیرم نازانم دابەزم یان....... .
نۆڤێمبەری من ون بووە، لەوە دەچێ نۆڤێمبەری من لە جوڵا-یا بێ، چەند
خۆشە ئیتر لە دایک نابم، ئیتر ھەر بە فەزاوە دەبم.. بلیتی نۆڤێمبەرم لە
دەستدایە و بە تەنیا لەسەر چرپایەکی دوونەفەریی ڕاکشاوم.. ڕەنگە
نۆڤێمبەری من زۆر دوابکەوێت، ڕەنگە دە سەدە.. ڕەنگیشە ھەر نەیەت.. من
کاتێکی زۆرم ھەیە.. دەتوانم دە سەدە چاوەڕێ بکەم، چاوەڕوانی شتێکی
ناخۆش نییە "چاوەڕوانی کڵاوڕۆژنەی ئومێدێکە لە
نــائومێدییەکی ڕەھادا"(١)..
من لەم دونیایەدا ئیشی زۆرم نییە، لە کۆتاییدا خۆشە بزانی تــــۆ
بەھانە بووی بۆ ئەوەی بمێنمەوە.. لەوەش خۆشتر؛ تــــۆ بەھانەیت بۆ
ئەوەی بڕۆم.. سەر ھەڵبڕە و سەیر بکە؛ چەند جوان و چەند درەنگە، پاوانە
لەقاچی چەپی مانگ دایە و لای من سەعات ھەزارە...
وەک ژنێکی سکپڕ ھەموو ڕۆژێک ملیمێک لە سەری من زیاد دەکات، لە کۆتاییدا
من ئەم مەراقەم دەبێ.. بەسەردا دەکەوەمە ئاسمانەوە، دەستم تەڕ دەبێ و
ھەور وەک تۆپەڵێ پەشمەک دەچێ لە قژمەوە.. کە سەیری ئەم کاکێشانە دەکەم
چاوم پڕ دەبێتەوە.. کێشەی من ئەوە نییە چەند ھەسارە لەم گالاکسییەدا
حۆلەحۆلە و بازنەیی بەدەوری یەکدا دەخولێنەوە، کێشەی من ئەوەیە بۆشایی
کەسم پێ پڕ ناکرێتەوە، کە ھەست بکەم؛ من بۆ خۆم بۆشاییەکی
درێـــــــــــــــژم.. چەند ناخۆشە ئەوەندە بەتاڵ و ئەوەندە بێباک بیت..!
بیر لەوە بکەرەوە؛ ڕۆژێکی ڕەشەبا بچین بۆ گۆڕستان، پێکەوە بچین، لە (بـــــــا)دا
بونیام دەتوانێ گوێی لە دەنگی مردووەکان بێت.. لە گۆڕستان گۆرانی دەڵێم..
لە گۆڕستان دڵم پڕ دەبێ.. لە گۆڕستان.. ھیچ.. لێی گەڕێ.
زمان زین دەکەم.. سوار ئەسپی خەیاڵ دەبم و دەڵێم غاردە بۆ کێڵگەی پڕ لە
مینی میتافۆری من.. مردن؛ گیرخواردنە، مردن یانی زیندانی عومری ئەبەدیی،
ئەو ھەموو ئازیزە ڕۆیشتن و سەرێکیان نەدایەوە.. شتێکیان نەگوت، چۆن
تاقەتیان ھەیە ئەوەندە بمرن..؟
دڵــــم قەترە قەترە قەتران سەر دەخات.. من دەڕۆمە دەرێ.. لە کوچەی
شارێکدا گیرم، نازانم شامە یان ئەسەمبووڵ.. زەوی لەژێر پێمدا عارەقی
کردۆتەوە.. بە پشتەملیدا ڕێچکەی بەستووە.. زەوی لەبن باری قورسی خۆیدا
ھەزار سوێند دەخوات؛ ٦٣ ملیار ساڵە ئەوەندەی ئێستا، (ئینسانی ھەزەلیی)
ھەڵنەگرتووە.. زەوی زۆڵێکە کە دایکی خۆی ون کردووە، زەوی بە منداڵیی
فێری جادوو دەبێ و ئێستا خەریکە تەلیسم لە من دەکات.. من ناتوانم باوەڕ
بە سەوزیی زەوی بکەم، ئەو خۆی لە ناوەوە دەکوڵێ.. من سەفەرێکم لەبەرە
بۆ خاکی ڕەش..
مـــــــن دەبــــــــێ بــــــــــــــــــــــــــــــــڕۆم..
جیھان سەری دێشێت و من پەڕۆکەیم بە ناوچەوانمەوە بەستووە. گوناھن..
بەریان دەدەم ئەوھەموو قسەیەی لە سەرم دان... سەرم توند دەگوشم و لەبەر
خۆرەکە ھەڵی دەخەم.. ئێ ناکرێ ئەوەندەش لە مردن بترسین، خواکە! ئەو
ھەموو دۆستەی لایە.. دەزانم لەم نادڵنیاییەم دڵنیام.. ژێرەوژوور بووم،
زەوی ڕاگرن سەرم دەخولێتەوە.. غەڵبەغەڵبێکی ھێواشە.. خۆمی لێ ونم.. کە
من لەگۆڕێ دەبم ژاوەژاوەکان شتێکی ترن.. لە چاوەڕوانیی نێوان ماوەی دوو
قسەدا من بیر لەجیھان دەکەمەوە، ھەموو شتێک تەواو بووە، ئەم دونیایە چی
لێ بکەین، ئێمە ھێلکەیەکی بەجێماوین، ئینسان زۆر تەنیایە زۆر.. وا نییە؟
ئەی ئەگەر خاوەنی ھێلکەکە ھاتەوە...؟ من سەفەرم لەبەرە.. سەفەری
گەیشتنەوە بە یەکەم خاوەن و بە یەکەم دایکی ڕاستەقینەی خۆم..
بەقەد یەک شــــێــــــــــــــــر خـــــــــــــــــەوم دێ..
من خۆم ناژیم.. من ژیانی کەسێکی ترم ھەڵگرتۆتەوە.. لە لاجانگمەوە
بەیانیان دووکەڵێکی سپیی کز بەرز دەبێتەوە، ئاخر من شەوی یەک
لــــــــۆری خەو دەبینم.. خودام بۆ ناخرێتە لابۆرەوە.. دەمەوێ بنوسم
لە میتافیزیکدا با عەقڵ بچێ بۆ جەھەننەم.. مێروولەی سووری گەورە لە
چاومەوە دێنە دەرێ، گلێنەم لە ڕەشێکی کاڵەوە دەبێ بە سوورێکی خوێناوی..
من تەنیا دەتوانم ئازار بگێڕمەوە.. تەنیا دەتوانم ھاوار بکەم؛ چاوم
تەقـــــیــــــــــی ی ی ی.
بە باجەکەی ملیدا دەزانم ڕۆژنامەنووسە، ڕیکۆردەرێکی لە ئاست چەنەم
حەواداوە، کچێکی باریکەلەی ئەسمەرە، شتێک دەڵێ.. ھیچ تێناگەم، سەرم
ڕادەوەشێنم کە قسەکەی دووبارە دەکاتەوە، بە لیپسنی کورتیدا دەزانم
ھەمان شتی پێشوو دەڵێتەوە.. لە ژاوەژاوی دەنگیدا وا دەزانم چاوەڕێیە کە
من پێی بڵێم "ژن چـییــە؟!" ئەم پرسیارانە سەرم بزمارڕێژ دەکەن.. ئەمە
قورسایی ستەیمێنتێکە لەسەر دڵی من.. لەناو خۆمدا ھەڵدەچم.. ڕقم کەف
دەکات.. خەریکە جوێنێ بدەم کە چاوم لەسەر سنگی دەگیرسێتەوە..
بەزەردەخەنەیەکی درۆزنەوە دەڵێم "وا بزانم سەر بە کۆمەڵەی شیردەرەکانە".
شەو تەنھایە، من بەدیارییەوەم.. شەو مەستی کردووە و لە میترۆپۆلێکی
پیردا دەگریی، سەری خۆی بە موحاجەرەکاندا دەکێشێت، خۆی دەگەوزێنێ، من
دەڵێم "ھەستە کاکی من.. ئا ئێستا ڕۆژ دەبێتەوە و حەیامان دەچێ".
ئەزانم سۆفیا شارێکە لە من کەچی لەسەر لمی داخ و ئاڵتوونی قەراخ
دەریاکە لە بوداپێشت-م.. دەبێ گەورەبیی.. ئەوەندە گەورەبیی.. ئەوەندە
گەورەبیی.. ئەوەندە گەورەبیی بتەقێیت.. من خەریکە دەتەقم، ئەم زەوییە
خوێڕییە ناجوڵێ..!! وەھمێکی گەورەیە لات وابێ پێش زەمەنی خۆت کەوتوویت،
لەوە بەدبەختیتر ئەوەیە دوا کەوتبێتی، من نازانم کامیانم، بەڵام ئەزانم
ناتوانم لە شانی خەڵکەوە بڕۆم.. ھێڵنج ئەدەم، نامەوێ گەرووم بە زەرداوی
خەڵک پیس بکەم، خەریکە دەڕشێمەوە؛ خودایە؛ کۆتایی بەیارییەکە بێنە..
ئەگەر تاقەتت ھەیە، ئیتر ڕایــــگرە..!
لێی نەویوم.. دەمەوێ پەنجە تووتەی خۆم ھەڵکەنم.. ھێزی لێ دەکەم کرتەیەک
لە دەستم ھەڵدەسێ.. بەردەوام دەبم.. جومگەی بەشی چەپی دەستم دەزریکێنێ..
خوێن زاوەتە دڵم و ئازارم گەیشتۆتە عەرش.. ئەرێ چی بکەم؟! ئا ئەمە
پرسیارەکەیە.. ئینسان دەتوانێ چی بکات..؟ بۆ یەک چرکە ھەست دەکەم گێژم.
دڵم تێک دەچێ.. دەڕشێمەوە و کتێبی قەبە لە زارمەوە دێتە دەرێ.. پرۆست
دێنمەوە.. تۆماس مان.. بیکێت بەسەری سپییەوە لەقوڕگمدا گیرە لەملا و
ئەولای زارمەوە قەترە قەترە عەبەس دەتکێ.. ئەم قوڕگئێشەیە بڕستی لێ
بڕیوم.. دایکم گوڵەھێرۆم بۆ لێدەنێ، من بیری (ھێرۆ) دەکەم و دەڵێم
وەڵاھی باش بوو بۆیەک نەبووین، ئێستە ناوسکم خواردبوو.. ئێستە دەمێ
بوو سەری کون کردبووم..!
وەک دوورکەوتنەوە و لەچاو دیارنەمانی ماشێنێکی کۆن لە ڕێگایەکی خۆڵدا..
ئاوا من ئاوا دەبم.. بەیانییەک لە خەو ھەڵدەستم، دەست دەدەمە ژانتاکەم
و ئەڕۆم بۆ (مۆرۆکۆ) دایکم پێ دەکەنێ.. دایکم بە پێکەنینەکەی سەفەری من
بۆ (مەغریب) ھەڵدەوەشێنێتەوە.. ھەموو جارێ دایکم بە پێکەنێنێک؛
پێکەنینێکی سارد، فیزایەکی من پووچەڵ دەکاتەوە و سەفەرێکم پەک دەخات و
ڕێگایەکم پێ دەگۆڕێ.. ژانتاکەم فرێ دەدەمە دەریاوە و دڵم لەسەر مێزی
تەلەڤیزیۆنەکە دادەنێم بۆ تــۆ.. "ھاکینگ" دەخوێنمەوە و حەز دەکەم بڕۆم
بۆ شارستانیەتێکی تر.. سەری دۆستایەتی لەگەڵ شتێکی تر دامەزرێنم کە وەک
شووشە دڵی ببینم لێ ئەداو پڕ نییە لە کەسی تر.. ژانتاکە ھەڵدەگرم و
دڵم ئەخەمەوە شوێنی خۆی و دەمەوێ بڕۆم.. کە دایکم لە کۆڵان پێ دەکەنێ
و ئەڵێ "کوڕم؛ ئینسان کە ڕێبوار بوو، شارەکان ھەموویان وەک یەک وان".
ئەمساڵ وەنەوز دەدا.. ئەمساڵ لەسەر باسکی چەپم باوێشک دەدا.. بە گیانی
من گیان دەدا و نامرێ..! ئەوە ئەمساڵ بۆ ئەوەندە درێژ بوو..؟! من لەم
قاڵبەی خۆما جێم نابێتەوە.. دوو دەست و دوو قاچ و یەک سەر، کەمە بۆ من..!
من ئەم ھەموو عەزابە دەژیم.. یەک بەیانی ھەڵدەستم و ئیتر من خۆم نیم،
خۆم بووم بە تـــۆ.. ئەو ھەموو برینە لادێییە چییە لە مندا..؟
دیســــــــــــان بـــــــــاش نـیـــــــــــــــم..
ئەم کۆکە خوێناوییە بڕستی لێ بڕیوم.. چەند جارێک سنگم لوول دەخوا و
دەیەوێ لە زارمەوە بێتە دەرێ، ناھێڵم.. بیرت دێ لەو ساڵانەدا پێمگوتی "من
باش نیم و ئەمەش مێژووی منە..!"؟ سەرم دەکەم بە جادەیەک ھەر تۆی پێوەی..
باوکم نیگەران تەماشام دەکات و دەڵێ "دڵی شکاوە.!" دایکم خۆی دەکات
بەڕستەکەی باوکمدا و پەلەپەل دەڵێ "لێی گەڕێ، شوشە نابژێردرێ.." دڵێک
کە بە منەوەیە سەری لێ شێواوە، لە جیاتی بڵێ تەپ.. تـــەپ، دەڵێ تــۆ..
تــــۆ. لەناو خۆمدا گیرم خواردووە، دەمەوێ چیرۆکێک بنوسم لەسەر خەونی
سیفۆنێک لە توالێتێکی کچاندا؛ سیفۆنێک بیر لە کوڕ بکاتەوە.. بیر لە
فۆرمێکی تر بەسەر خۆیەوە.. تەواو دەبێ بڕۆم لە پلەی گەرمیی ٣٠٠ ھەزار
سانتیگرادی کرۆکی زەویدا دەستی خۆم داخ بکەم... دەچـمە بنی دنیا لە (ماریاناز
ترانش)(٢) وا بزانم لەوێش بیر لە تۆ
دەکەمەوە.. خۆشم دەوێی.. جارێکی تریش خۆشم دەوێی.. جارێکی تریش خۆشم
دەوێی.. جارێکی تریش....بەسە، سەرم ئێشێت..
حەز دەکەم تۆ بقیژێنیت و من ھاوار بکەم.. ئینسان یانی یەک زریکەی درێژ...
لە (١) ڕادەمێنم.. (١) ڕەنگێکە زمان پەیی پێ نەبردووە.. تا ئەو (١)
ڕینەیم دەکات، من (١)م.. ژمارەکان سەریان لە بونیام شێواندووە، من (پیت)
مامەڵە دەکەم.. ژمارەکان لە دونیادا لە دایک دەبن، پیتەکان خۆیان ھەن..
ئاخر ئەوان دەست پێ ناکەن تا کۆتاییان بێ.. چاو دابخە؛ نوکتە دەبارێ..
نوکتەی ژێر خۆشترە.. دەزانی! ئەوانیش نێرومێ-ن؛ (ل) چ بەژنڕێک چ باریک
و چ کچانەیە..! جیھانی من بێ ژمارەیە.. (ئەلف بێ) لەگەڵ خۆم دەبەم بۆ
بازاڕ؛ پڕ کتێبەکە برنجی بۆندار دەکڕم و بایی (ت) کیلۆ میھر.. کە
وشکەفرۆشەکە لەسەر تەرازویەکی کۆن قەند دەکێشێ.. دەڵێم (بزوێنی کورت)
کیلۆمان بەسە.. ئێمە دوو کەسین، یەکێکمان ھەر خۆی شەکری کەللەیە..
ئەرێ زەوی قورســــە، یــــــــــــان سەری مـــــــــــــــــــن..؟
ڕوناکییەک لە مندایە؛ خاپوورکار.. دەبێ سپینۆزا بخوێنیتەوە، بۆ ئەوەی
تێبگەی کە نوری من دەتوانێ ئەستیرە لە خولگە لادا.. چاوم دادەخەم..
دۆخەکە خراپترە، بە درێژایی کۆڵانەکەدا بەتەنیا دەڕۆم، دووسەدجار
ھەڵدەنوتێم و سەدجار دەکەوم.. سەرئەژنۆم خوێنی زامێکی لێ دێ کە لە
دڵمدایە، دەزوولەی شیتاڵ شیتاڵی خوێن پیشانی دونیا دەدەم.. من برین
دەجنم و خوێنێکی سووری کاڵ لە گوێچکەمەوە فیچقە دەکات، لە کۆتایی
کۆڵانەکەدا ماڵێک پێش ئاخیر خۆم دەکەم بە ژووردا، بە خێرایی بیرم
دەکەوێتەوە کە ھەمیشە سەری نابینا لە دوو ئاست زیاتری نییە، یان زۆر
نزمە یان زۆر بەرز، قسەیەکی فەرەیدون-م بیر دەکەوێتەوە کە دەیگوت "نابیناکان
دوو ڕەھەندن، بیناکان ٣D".. کەچی من یەک ڕەھەندیم، ئاوا ژیان ئاسان و
بێ سەریەشەترە..
مێخ لە زمان دەکێشمەوە و زاری زامدارم دادەخەم.. دەمەوێ دەموچاوم
بشارمەوە دەمەوێ سەیری دنیا نەکەم، وەک وشترملێک سەرم لە جیھان پەنھان
دەکەم.. سەرم لەژێر کڵاوەکەمدا حەشار دەدەم.. دنیا دەپشکنم بۆ ڕێگایەکی
شەریفانە.. من ئەمەوێ لە جــــــیــــــــھـــــــان بــــــێـــــــمە
دەرێ..
____________________________________________
(١)
دێڕێکی عەباس مەعروفییە، لە ڕۆمانی پەیکەری فەرھاددا.
(٢)
ماریانا ترانش: دواخاڵی پلەی قوڵاییە لە جیھانی ئاوییدا، لە ناوەڕاستی
زەریای ئارام.
twanaamin2@yahoo.com
|