٧\١٢\٢٠١١
ئێگزیت، وەک
شێوەیەک لە مۆنۆلۆگ.

سەڵاح حەسەن پاڵەوان
پێش هەموو شتێک چیرۆکی (مۆنۆلۆگی) یان تاکدەنگیی شێوازێکی نوێیە لە
چیرۆکی کوردیدا، ئەمەش مانای ئەوە نییە کە پێشتر ئەم شێوە چیرۆکە لە
بونیادی چیرۆکی کوردیدا نەبووە، هەبووە و نموونەکانی لە چیرۆکەکانی
شێرزاد حەسەن و سەڵاح عومەر و عەبدوڵا سەڕاج و کاروان کاکە سوور و چەند
چیرۆکنووسێکی تردا ئەزموون کراوە، بەڵام زۆربەی هەوڵەکانی چیرۆکی کوردی
لەوێدا بووە کە تاکدەنگی شێوەیەک بێ لە وڕێنەکردن، وڕێنەکردن بە مانای
نەبوونی پێوەندییەکی پتەوە لە نێوان جومگەی ڕستەکان و ستراکتیوری ورتە
و وتنەکان، کە ئەمەش بۆ خۆی ئاسانکارییەکە پێموایە هەرکەسێ بیەوێ
دەتوانێ ئەم جۆرە چیرۆکانە بنووسێ، قسەکردن لەگەڵ خۆت و ناخی خۆت و
بۆخۆت لەوەدا گرنگی و هێز و تواناکەی دەردەکەوێت کە بتوانێ بونیادێک بۆ
وتنەکانی خۆی دابنێت.
پاشان هێزی نووسینی مۆنۆلۆگی بەوە دەناسرێتەوە کە چۆن بتوانێ گوێگر و
خوێنەر لە نێو بەسەرهاتەکان دانەبڕێت و بە شێوەیەک بیبەستێتەوە کە
ڕامانێک لە ناخیدا دروست بکات، زۆربەی زۆری ئەو کەسانەی توانایان بەسەر
ئەم شێوە نووسینانە دەشکێت ئەوانەن کە لە ڕووی دەروونناسی و وتاربێژی و
وشەسازیدا دەسەڵاتیان هەیە و هەروەها توانای خەیاڵیان جەم و جۆرە، لە
زۆربەی کارە هونەری و ئەدەبییە یەکدەنگییەکانی ئێمە یەک ڕیتمی نییە،
پچڕ پچڕی هەیە.
لە زۆربەی کارە یەکدەنگییەکانی ئێمە تێئاخنین و پڕکردنەوە زۆرە، لە
پێناوی نووسینی زۆرترین ڕستە و زۆرترین وشە، هونەرەکە دەکەین بە
قوربانی وتنی زۆر، کە ئەمەش دیاردەیەکە لە چیرۆک و ڕۆمانی کوردیدا بە
زۆری دەبینرێ، لە زۆر لە ڕۆمانە جیهانییەکان بڕی لاپەڕە سەنگی مەحەک
نییە، بەڵکو توانای وشە و بونیاد و پێکهاتە هونەرییەکانی ئەو کارە
گرنگە.
لەم تێکستهی (توانا ئەمین) دا، هێزێک هەیە وای کردووە خوێنەر بەدووی
ڕووداوەکەدا بڕوات، واتە خوێنەر ناتوانێ خۆی لە ژێر ڕکێف و دەسەڵاتی
ئەو هێزە بێنێتە دەرێ، کە هێز و دەسەڵاتی منی قسەکەرە، (من) لە تێکستی
(Exit)دا کەسێکی نائومێدە، بەڵام ئەو نایەت نائومێدییەکانی بە گریان و
وشەی ناڕەزایی و بێ دەسەڵاتی دەرببڕێ، ئەو هاتووە کات و زەمەنی وەک
چەقۆیەک بەکارهێناوە بۆ سەربڕینی ئەو هەموو خۆشییەی لە ناخیدایە. دەکرێ
دەرچوون ململانێی نێوان کۆمەڵە ڕەهەندێک بێت، کە بریتین لە پۆزەتیڤی
ئەو شتانەی کە بە نەگەتیڤ لە ژیانی ئاساییدا دەشکێنەوە، ئەو بێزار نییە
لە چاوەڕوانیی کە خوودی چاوەڕوانیی بێزارکەرە، ئەو زەمەنەکانی ناچنە
پێشێ بەڵکو زەمەنی ئەو وەستاوە، هەموومان دەبینین مانگ و ڕۆژەکانی
تەمەنمان دەڕوات بەڵام مانگ و تەمەنی من گێڕەوە تاکە دەنگێکە وەستاوە و
ڕەنگە هەر نەشییەت، ئەو نە هەست بە چوونی تەمەن دەکات نە هەستیش دەکات
زەمەن بەردەوامە.
تێکستی (Exit) دەکرێ چەند پێناسەیەکی بۆ بکرێت، ڕەنگە چیرۆکێکی
یەکدەنگی بێت، بەڵام یەکڕەهەندی نییە، یان دەکرێ پەخشانێک بێت باس لە
خەم و ئازار و خەون و ونبوونەکانی مرۆڤ بکات، دەکرێ بازدانێک بێت بەسەر
چیرۆک و پەخشان و بریتی بێت لە خەمێکی شاعیرانە، خەمێکی ئاشقانە یان
ئازاری کەسێکی دەستەوپاچە بێت، هەموو ئەمانەش نەبێت، تێکستێکە باس لە
بێ مەودایی دەسەڵات و بوون دەکات.
ئەگەر لێرە لەم تێکستە وردبینەوە کۆمەڵێ شتی گرنگ دەبینین، بازنەکان و
هێڵەکان تێکەڵ دەبن، بازنەکانی (سەر، زەوی، مانگ، کات) هەموویان
پێوەستن لەگەڵ ڕاستەهێڵەکان (ژان، کات، نائومێدی)، سەر و زەوی دوو
هاوکێشەن بەردەوام لە ململانێدان لەگەڵ کات و ژانەکانی کەسی گێڕەوە،
زەوی گەورە دەبێ و پیردەبێ، سەری ئەمیش گەورە دەبێ، بەڵام پیر نابێت
لەبەرئەوەی ڕۆژ و مانگ و ساڵەکانی ئەم ناڕۆن، مانگ و سەری ئەم دوو
قورسایی مەزنییان پێوە هەڵواسراوە، مانگ پاوانەیەک بە پێیەوە و سەری
ئەمیش دنیایەک قورسایی و ئازار، شەو لای ئەم دەبێتە پارچەیەک قورسایی
کە ناتوانێ پەنجەیەکی خۆی هەڵگرێ، زەویش بڕیار دەدات سەرچۆپی ئەو شاییە
بگرێت کە پێی دەوترێ مردن.
نووسەر شیوەنێک بۆ خۆی و ئازیزەکانی دەگێڕێ کەس نابینی بەسەر زەوییەوە
تەنیا ئەوانەی ڕۆیشتوون، ئەو تەنیا بۆشاییەکە بۆیە تەحەموولی بۆشایی
کەس ناکات، (پرۆست) کاتێ ڕستە درێژەکانی خۆی دەنووسی و پابەند نەدەبوو
بە خاڵبەندییەکان، لەبەرئەوە بوو تا ئازادی ببەخشێتە زمانی بۆ وتن و
قسەکردن، گێڕەوە لە نێوان ژانی خۆی و زەوی و سەری خۆی بەراوردێکی جوان
دەکات، زەوی سەری دێشێ بەڵام ئەو پەڕۆیەک بەسەری خۆیەوە دەبەستێ، لەم
بەراوردکارییەدا دەنگەکان دەڵێن ئەگەر سەری خۆی بەربدا دنیایەک وشە
دەڕژێنە سەر زەوی، دیارە ئەگەر زەویش ئازاد بکرێ لەو پشتوێنە
ئازاراوییەی پێوەی بەستراوە هەرچی مردوو هەیە دێنە دەرێ.
ئەمەی دەیبینین هەوڵێکە بۆ کۆکردنەوەی تەنیاییەکان، کاریگەری ڕەشبینی و
بوونگەرایی سەرتاپای تێکستهکەی داگیرکردووە، هەوڵێکە بۆ دووبارە
وتنەوەی ئەو سروودانەی کە نووسەر لە ناخی خۆیدا قەتیسی داون، ئەو لە
نێوان تەنیایی و کورتی زەمەن و بێ زەمەنی و خۆشەویستی دا دەبێتە ڕوحێکی
نەمر، مردن یاخییه لەو و بەلایدا نایەت، تەنیایی یەخەی ئەوی گرتووە،
ئەو بە تەنیا خۆی نییە، ڕووبەرێکە لە گەڕان، ئەوێک دەگەڕێ سنوور دەبڕێ،
بەڵام لە دواییدا هەمیشە سۆز، خۆشەویستی دەیگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی
دەستپێکردن، کە دایکە، لە دایکبوون خاڵی دەستپێکردنی مردنە کە تێکسیتی
(Exit) دەیەوێ پێمان بڵێ من لە دایکم بەر بوومەوە تا سنوورەکان بەرەو
ئەستەمبوڵ و بولگاریا و هەنگاریا و دواجار بەرەو باشووری ئەفریقیا بچم،
بەڵام دواجار دەگەڕێمەوە بۆ لای دایکەکانم، دایکی ماڵ و دایکی ڕۆح و
دایکی زەوی.
لێرەوە تێدەگەین کە تێکستی (Exit) بازدانێکە لە نێوان (من) و سنوور،
وەک لەسەرەوە ئاماژەم کرد، هەموو ڕووداو و مەنەلۆگ و دایەلۆگەکان
دەگەڕێنەوە سەر یەک سەرچاوە کە ئەویش چەقە، سەر دەگەڕێتەوە بۆ لای خۆی
و ڕشانەوە؛ هەرچی لەسەر هەیە دەریدێنێ، زەوی بۆ ڕۆحی مردووەکان
دەگەڕێتەوە کە لە ناخیدا قەتیس ماون، سنوورەکانیش بۆ ئەو شوێنە
دەگەڕێنەوە کە دەستیان پێ کردووە.
دەرچوونیش لەو بازنانە ئامانجی ئەم تێکستەیە هەربۆیە نووسەر دەیەوێ خۆی
لە بەندی ئەو بازنانە قورتار بکات، چ سەری بێت، یان ڕۆحی یان جەستەی.
ئەم تێکستە ئەگەر وەک مامەڵە هونەرییەکەی تەماشای بکەین، توانیویەتی
سەرچاوەیەک بێت بۆ دەوڵەمەندکردنی تێکستی یەکدەنگی، ئەوە نەبێ کە
پێشتریش ئاماژەم بۆ کرد کە دەست پێ دەکەن، کۆتاییان جیاوازە لە
دەستپێکردن، کە دێنە ژوورەوە بە ئاسانی ناچنە دەرێ، پاشان ڕستەکان یەک
ڕیتمییان پێوە نییە، هەندێ جار نووسەر لە بناغەی بۆچوون و قسەکانی خۆی
دەردەچێت و بەرەوە مەودایەکی تر دەڕوات، واتە لەوێدا نامێنێتەوە کە
دەستی پێ کردووە، یەک ڕیتمییەکە پچڕ پچڕە. کە ئەمەش زیانێکی بونیادی
بەخشیووەتە ئاستی تێکستەکە.
|