په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\١٠\٢٠١١

ئەمڕۆ ٧\١١\٢٠١٢ نوێ کرایەوە.

ئەحمەد کایا؛ دیموکراتی ماندوو.


وەرگێڕانی لە فارسییەوە: ئازاد
نه‌جم

 

ئەحمەد کایا دیموکرات و ئازادیخواز، هونەرمەندى پڕفرۆشترین کاسێت لە مێژوى تورکیا بە یەکێک لە داڕێژەرانی سەبکى موزیکى (پرۆتێست)، لەمێژوى تورکیا دێتە ئەژمار. هونەرمەندى بەناوبانگ ئەحمەد کایا لە ساڵی (١٩٥٧) لە شاری مەلاتیە هاتۆتە دنیاوە. پێنجەمین و دوا هەمین منداڵى خێزانەکەیان بوو، لە تەمەنى منداڵیەوە ئاشنایەتیی لەگەڵ سازى باغڵەمە پەیدا کرد. یەکێک لە گۆرانیەکانى سەردەمى منداڵى کایا ، گۆرانیەک بوو کە بۆ برا گەورەکەى (یاشار) داینابوو کە شیعرێکى لەم شێوەیەى هەبوو: ڤولکس واگۆنیک دەکڕم نێوى لێ دەنێم یاشار...


لە تەمەنیى هەرزەکاریدا بەهۆی هەل ومەرجى سەختیی ژیانی خێزانەکەیانەوە ، ناچار بوون مەلاتیە جێبێڵن و ڕووبکەنە ئەستانبول. باوکى پێشتر لە مەلاتیە لە کارخانەیەکى ڕستن و چنیندا کاری دەکرد، لە ئەستانبوڵ بە شۆرینى ئۆتۆمبێل ، گوزەرانى خێزانەکەى بەڕێوە دەبرد.


کایا ، بۆخَۆی لەبارەى ئەو ڕۆژانەوە دەڵێ: ڕۆژانە کە لە قوتابخانە دەگەڕامەوە ماڵێ دەمبینى باوکم سەرگەرمی شۆرینى ئۆتۆمبێلە ، زۆر نیگەران دەبووم و لە دڵی خۆمدا دەمگوت کاتێ گەورەبووم پێشانگایەک بۆباوکم دەکڕم تا بۆخۆی سەربەست بێت و کەس فەرمانى بەسەر دا نەکا.


بەڵام ئەم ئارەزوەى کایا ، لە خەونێک زیاتر نەبوو، چونکە هێندەی نەبرد باوکە بەمەرگى خۆی کایا و خێزانەکەى جێهێشت و کایاش کەبچوکترین ئەندامى خێزانەکەی بوو ، لەهەلومەرجێکى زور سەخت و دژواردا دەژیا. بۆخۆی لەم بارەیەوە دەڵێ: ئەو ڕۆژانە تەنانەت بۆ پارەی کرێ پاسیش دادەمام.


سەردەمى لاوێتی کایا ، هاودەم بوو لەگەڵ کودەتا سەربازیەکەی (کنعان ئیڤرن) کەشەپۆلێکى توندى سەرکوت وخەفەقان ، کەش و هەوای سیاسی تورکیای گرتبۆوە.


ئەلبومی یەکەمى ، بەتوندى دژی ئەو هەل و مەرجەزاڵە بوو کەسایەى بەسەر کەش و هەوای تورکیادا کردبوو. بەگوتەی خۆى هیچ ئومێدێکى بەوە نەبوو کە لەلایەن خەڵکەوە پێشوازی لێ بکرێت و تەنیا مەبەستی ئەوە بووە دەنگی نارەزایەتى خۆی بەدژی هەل و مەرجی زاڵ ، لەڕێگەی گۆرانیەکانیەوە ڕابگەیەنێت، کەسەرەتا هیچ کام لە کۆمپانیاکان و ناوەندەکانى بڵاو کردنەوە ، ئامادە نابن سەرمایەی خۆیان لەبەرهەمێکدا بخەنەگەڕ کەنازانن ئەو گۆرانیانە سەر بە چ سە بک و شێوازێکن. سەرەنجام لەساڵی ١٩٨٥ بەیارمەتى هاوڕێَکانی ئەلبومێکى گۆرانیەکانى بەنێوى (مەگری مناڵەکە) بڵاو کردەوە. چەند ڕۆژ دوای بڵاو بوونەوەی ئەلبومەکەی ، کارمەندانی ئاسایشى تورکى ، بەبیانوى بوونى چەند گۆرانیەکی سیاسی لەئەلبومەکەیدا کەوتنە کۆکردنەوەی کاسێتەکانی لەبازاڕەکاندا. سەرەنجام دوای ناڕەزایەتیەکی زۆر ، فرۆشتنى کاسێتەکانى ئازاد کران. هەر ئەم کار و کاردانەوەیەش بووە هۆکاری زیاتر ناساندنی کایا لەلاى خەڵکی و لەگەڵ پێشوازیەکى تاڕِادەیەک باش ، بەرەو ڕِو بۆوە، ئەمەش بووە دڵگەرمیەکی زیاتر بۆى. لێرە بەدواوە ، کایا بووە دەنگی ناڕازی چینى چەوساوەی کۆمەلگا و کوردە ماف خوراوەکان. گورانی و سرودى کردە چەکیًک بە دژی سیاسەتى نابەرابەرى و چەوسانەوەو کپکردنی دەنگی کوردەکان. بەگۆرانیەکانی دوژمنانی ئازادی ئازار دەدا. لەم ڕێگایەشدا چەندین جار دەسگیر و زیندانی دەکرێت و لێَی دەپێچرێتەوە و ئەلبومەکانى ڕادەگیرین و کۆنسێرتەکانى لێ هەڵدەوەشێننەوە. جارێک لە بەرنامەیەکی تەلەفزیونیدا گوتی: من ناترسێم من کفنی خۆمم هەمیشە لە گەڵ خۆمدا هەڵگرتوە، هەمیشە بە سەر لێواری کەندەڵانێکدا ڕێ دەکەم، هەردەم ئامادەی مەرگم لە پێناوی ئازادیدا.


ئەو جارانەش کەحکومەت مۆڵەتی ساز کردنى کۆنسێرتى دەداتێ ، لەسەرانسەری وڵاتدا لە گەڵ پێشوازی بێوینەى خەڵکیدا بەرەو ڕوو دەبێتەوە. زۆر جاران بەپێخواسی لە سەر شانۆ دەبینری و هەردو پەنجەکانى بەنیشانەی سەرکەوتن هەڵدەبرێ. لەگۆرانیەکانیدا زۆرجۆر ستایل بەکار دێنێ. لەموزیکی فۆلکلۆری و ناوچەییەوە بگرە تا ڕاپ و ڕۆک. کە لەهەمویاندا سەرکەوتوو بوو ..جگە لەکارەکانی خۆی ،سودى لەشیعر و گۆرانیەکانى کەسانى ناسراوى وەک (نازم حیکمەت ، ئورهان ولی ، ئەحمەدعارف ، ئەنوەرگوکچە ، حسن حسینی گیل ، ئاتیلا ئیلهان ، نواز چلیک ، ئوولکو تامیر ، یوسف هایال ئوغلو و، جان یوجل ، علی جینار، ئورهان کوتان و هاوسەری وەفاداری (گولتەن کایا) ، وەرگرتوە. ئەلبومەکانی لەِریزی باشترین ئەلبومەکانی ساڵدا جێدەگرن. هەرگۆرانیەک کە دەیچڕێ ڕوداوێک و کێشەیەک بە دوای خۆیدا دێنێ. لە دادگاکاندا داواى لەسەر تومار دەکەن. بۆخۆی لەم بارەیەوە دەڵێ: ناو نیشانی دووەمی من ، فەرمانگەی ئەمنیەت و ئاسایشی تورکیایە. لەگەڵ هەمو ئەم گیر گرفتانەی کە بۆیان ساز دەکرد ، لەو ماوە کورتەى تەمەنی هونەری خۆیدا ، توانی چەندین ئەلبوم بەرهەم بێنێ کە بریتین لە (مەگری مناڵەکە) ، (دڵتەنگی بۆ غەمەکان) ، (گۆرانی سپێدە) - کە شیعرەکانی ئەم ئەلبومەی هى ئولکو تامر بوون کە بەهۆی هەبوونى فیکری سیاسی لەزینداندا چاوەروانی پەتی سێدارەی دەکرد - (ئەوساتە هەر دەگا) ، (دیموکراتی ماندوو) کە دیموکراتى ماندو نێوی یەکێک لە گۆرانیەکانی نێو ئەم ئەلبومەى بوو و دواتر لەمەوە نازناوی دیموکراتی ماندوو بەکایاوە لکا .(هەڵدەستینەسەرپێ) ، (بەختیار) ، (دیواری عەشق)،(ڕیستالەکان) ، (گرفتاری بەڵا بووم)، (بمدۆزەوە) ، (ئەستێرە و مانگەشەو) ، (بەرامبەر دوست ودوژمن) ، (ماڵاوایی) ، ( لێم نزیک مەکەوە گەرنا دەسوتێی) ، (گۆرانیەکانم بۆ َکێوەکان).


سەرەنجام حکومەتى تورکیا ناچار دەبێ شتێکی جارسکەر بەنێوى ئەحمەد کایا و گۆرانیەکانى ، کە زۆربەیان زوڵم و ستەم و بێدادیان ڕیسوا دەکرد ، قبوڵ بکا.
ئامادە بوونى کایا ، لەهەر بەرنامەیەکی تەلەفیزێونیدا بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر ئاماری بینەرانی دەبردە سەرێ ، چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ هەر ڕۆژنامەیەکدا ، بەڕێژەیەکی بەرچاو ڕێژەی فرۆشتنی ئەو ڕوژنامەیەی زیاد دەکرد. لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا کۆنسێرت و ئاهەنگ ساز دەکات و لەسەر هەمان ئەو ئامانج و ڕێگایەی کە لەسەرەتاوە باوەڕی پێی هەبوو، درێژەی بە کارەکانی دەدا. لەماوەی ئەوچەند ساڵەدا چەندین خەڵاتی ڤیستیڤالەکانی ناۆخۆ و دەرەوەی وەرگرتبوو. تاوەکو سەرەنجام لە ئەلبومی (گۆرانیەکانم بۆ کێوەکان) ، کە لەساڵی ١٩٩٤ دا ڕیکوردی پڕ فرۆشترین ئەلبومی سەدەی تورکیا دەشکێنی و زیاتر لە١٥٠٠٠٠٠ لێ دەفروشرێ. دواتریش لەساڵی ١٩٩٨ دا خەڵاتی یەکەمی باشترینەکانی ساڵ بەھۆی ئەلبومی (ڕوبەڕو لە گەڵ دۆست و دوژمن ) لەلایەن (ئەنجومەنی ڕۆژنامەنوسان) وە وەردەگرێ ، کە گۆرانی (گیدەریم) دەڕۆم ، لەو ئەلبومەیدا دەنگدانەوەیەکی زۆری ھەبوو.


لەو ڤیستیڤاڵەشدا ڕایدەگەیەنێت کەئەو بە ِرەگ و ریشە کوردە و هەر بەوهۆیەشەوە لەئەلبومە تازەکەشیدا گۆرانیەکی کوردی بەناوی (کاروان) ، ئامادەکردو و زۆر کومپانیای موزیکیش هەن کە ئامادەن بۆى بڵاو بکەنەوە. وەهەروەها دەڵێ لە نێو تورکیاشدا شتێک هەیە ناوی کوردوستانە و منیش لەگوتنى ئەم قسانەم بەو کەسانەى کە نایانەوێ ڕاستیەکان ببینن ، هەرگیز ماندو نابم، دواتریش ڕەخنەی لە کەناڵەکانی تەلەفزیۆن گرت کەکلیپەکانی پەخش ناکەن دەبێ لەم بارەیەوە وەڵامی خەڵکی بدەنەوە.


ئەم قسانەى ئەحمەد کایا ، بوونە هۆی تووڕەبوونى ناسیۆنالیستە توندڕەوەکانى نێو هۆڵی ڤیستیڤالەکە.


دوا بە دوای قسەکانی کایا ، نۆرەی سەردار ئارتاج بوو کەئەویش خەڵاتی پەپولەی زێڕینی ڤیستیڤاڵەکەی وەرگرتبوو. سەردار دوای وەرگرتنی خەڵاتەکە بەرەو سەکۆکە وەڕێکەوت وەک وەڵامێک بۆ قسەکانی ئەحمەد کایا دەستى کرد بەخوێندنەوەى چەند شیعرێک کە هەموی ستایش و پیاهەڵدان بوو بەسەر ئەتاتورکدا. ڕوون بوو کە ئەو شیعرانەی لە دژی قسەکانی کایا خوێندەوە. دوای ئەوەش کەوتە گوتنی مارشی سەربازى دەوڵەتی تورکیا. بەم کارەشی کەش و هەوای نێو هۆڵی مەراسیمەکەی لە دژی ئەحمەد کایا گۆڕی. لەم نێوەدا هێندێک لە هونەرمەندانی تورک کە ئامادەی مەراسیمەکە بوون ، دەستیان کرد بە هوتاف کیشان: (خائین بڕۆ گوم بە). پاشان هێرشیان بردە سەر کایا. لەو کاتەدا کایا زۆر تەنیا بوو، تاکە پشتیوانیی گوڵتەنی هاوسەری و ئازادی بوون. بەڕونی دیار بوو کە پیلانێکی لە پێشدا نەخشە بۆکیشراو لە ئارادایە. سەرەنجام پۆلیس کایای لەدەستی هێرشبەران ڕزگار کرد و لە گەڵ هاوسەرەکەیدا بەدڵێکى پڕ خەم و بەچاوێکى پڕ لەگریانەوە بەسواری تاکسیەک گەڕانەوە ماڵێ. ڕۆژی دواتر هێرشی ڕوژنامەکان لەدژی کایا دەستیان پێکرد.

 

ڕۆژنامەی (حوڕیەت) نووسیبووی: (ئەی بێشەرەف ئەم کارەت ڕەوا نەبوو). کە ڕۆڵێکی زۆرخراپی گێرا لەِروی هاندان و ژەهراویتر کردنى ڕقی ناسیونالیستە تورکەکان بەرامبەر بە کایا. دادگای ئەمنیەتی نەتەوەیی تورکیا فەرمانى دەسگیر کردنی کایای بە هۆی ڕوداوەکەی ئەو شەوەو تومەتى چەندین ساڵ پێشتری دەرکرد و لەژێر بارانێکى بەخوڕدا کاتژمێر چواری بەیانى ، کایایان لەماڵ دەرکرد و گرتیان. بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک پارێزەرەکانی بە کەفالەت ئازادیان کرد. دادگا بڕیاری دا لە ٣٠ی نیسانی ١٩٩٩ لە دادگا ئامادە بێت. ڕوون و ئاشکرا بوو کەدادگا بەدواى بیانویەکدا دەگەڕا تا کایای پێ تاوانبار بکات و ئەو تۆمەتانەش کە بریار بوو کایای لەسەر دادگایی بکەن ، بریتی بوون لە سازکردنی کونسێرتێک لە ساڵی ١٩٩٣ بە مەبەستی پشتیوانى کردن لە پ.ک.ک ، گوتنى گۆرانی بە زمانى کوردی ، بەرز کردنەوەی دوو پەنجە بە نیشانەی سەرکەوتن.

 

ئەحمەد کایا لە ڕۆژى دیاریکراودا لەبەردەم دادگادا ئامادە دەبێت. دانیشتنى دادگاش ڕاستەوخۆ لە تەلەفیزێونەکانەوە پەخش دەکرێت. خەڵک بەرگرینامەکەی ئەویان گوێ لێ دەبێ ، بەڵام ئەمجارە گۆرانی ناڵێ ، بەڵکو قسەکانى بەوێنەی شەپۆلەکانی زەریا ، جار جار ئارام و جار جار دەخرۆشین و هەمو شتێک پێکدادەدەن لەبەشێکى بەرگرینامەکەیدا دەڵێ:

 

لە ساڵی ١٩٨٥ وە گۆرانی دەڵێم ، ھاوسەر و دو کچی تەمەن ١٢ و ١٧ساڵم ھەیە ، سەدان گۆرانیم ھەیە کۆنسێرت و ئاھەنگم لەزۆر وڵاتان ساز کردوە ١٧ ئەلبومم ھەیە کە بەملیونان دانەیا ن لێ فروشراوە ، چەندین جار لەلایەن دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە بە باشترین ھونەرمەندی ساڵ دەستنیشان کراوم ٤٢ ساڵە لە تورکیا دادەنیشم ، بەتورکی بیرم کردۆتەوە ، بەتورکی نوسیومە بەتورکی گۆرانیم گوتوە ، من موزیککارم خۆم بەهیچ شوێنیک لەسەر نەخشەی ئەم جیهانەوە نابەستمەوە ، هاوڵاتیەکی ئەم جیهانەم ، هەست و نەست و نرخى مرۆڤ لای من گرنگن ، نەک هۆز و بنەماڵەو نەتەوە و زمانێکى دیاریکراو. دڵم هێندە گەورەیە کەجێگای پێشوازى لە شتە جوانەکانی نێو فەرهەنگ و باوەڕ و گۆرانیەکانى هەموو دنیای تێدا دەبێتەوە. تۆمەتێکیان داوەتە پاڵم کە کە ژیانمی هەڵگێراوەتەوە ، تۆمەتی خیانەت. بە کەسێکی ئاژاوەچی و غوڵامێکی ئەڵقە لە گوێی و بێ ئەدەب و بێ ئەقڵ و شێت وەسفیان کردوم. کە ئەمانە هیچیان لەهیچ وڵاتێکی پێشکەوتووى ئەم جیهانەدا ، بە تاوان ناژمێردرێن. من لە ئەلبومە نوێیەکەمدا گۆرانیەکی کوردیم گوتوە ، ئەویش بەو هۆیە سادەیەی کە کەسێکی کوردم ، کە ئەو گورانیەم کلیپ کردوە و پێموایە لەنێوماندا کەسانێکى زۆر هەن کە حەز دەکەن ئەم بەرهەمە لە کەناڵەکانیانەوە پەخش بکەن ، گەر ئەوەش نەکەن دەبێ گومان لە کورد بوون و مرۆڤ بونیان بکرێت. ئایا ئەو کەسانەی کە تۆمەتی خیانەت دەدەنە پاڵم و بەم قسانەشیان هەست ونەستی هۆگرانی من دەبزوێنن و جیاوازی چینایەتی و نەتەوایەتی دروست دەکەن ، کەمینە نین؟ ئەو ملیۆنان کەسەی کە گوێ لە گۆرانیەکانی من دەگرن ، خەڵکی ئەم وڵاتە نین؟ ئەوساتە من لە هوڵەکە زۆر لەو قسانەتوڕە بووم کە دەیانگوت خائین برۆ دەرێ. چونکە ئەو کەسانە هەر کاتێک گوێیان لە وشەیەکی کوردی دەبێت ، دەست دەکەن بە جنێو دان. هەر لێرەوە بەو کەسانە دەڵێم تا ئەوان هەقیقەتی بوونى کورد قبوڵ نەکەن ، منیش دوا جارم نابێت. بەباوەڕی من هەر ئەم جۆرە کەسانە بوون کە دەستەواژەی برایەتییان لە نێوماندا سڕیەوە و بوونە هۆکاری درزێک لە فەرهەنگى هاوبەشی وڵاتەکەمان. بەهێز ترین چەکی دەستی هونەمەندێک گۆرانیەکانیەتى. من لێناگەریم ئەم جۆرە لێکدانەوانە بۆ گۆرانیەکانم بکرێت. بیری لێ بکەنەوە! گەر هاتباو ڕامگەیاندبا گۆرانیەکی ئیتاڵی یان عەرەبی و ئینگلیزی دەڵێم ، پێتان وابوو ئەم هات و هاوەرەیان لە دژی من وەڕێخستبا ؟؟؟ من هەمیشە گۆرانی کۆمەڵایەتیم گوتوە ، هەر شتێک لەوڵاتەکەمدا ڕویدابیت و لایەنێکی خراپەی هەبووبێت بە ئاشکرا ناڕەزایەتی خۆمم لە سەری دەربڕیوە. هەرکاتێکیش پێشکەوتن و گەشە کردنێکم بینیبێ ، ڕای خۆمم لەسەر دەربڕیوە ، دەبینن ئەمە لە گۆرانیەکانیشمدا ڕەنگی داوەتەوە و گورانیەکانیشم هەڵگری هەمان پەیامن. ئەم تۆمەتە هەوڵی هێندێک کەناڵە کە بەوردى تاوتوێی قسەکانم دەکەن تا درامایەکی تەلەفیزێونی لی ساز بکەن. ئەگەر من لە تەواوی کۆنسێرتە چەند هەزار کەسیەکانمدا ، شتێکم گوتبوو کە ببێتە هوکاری درز خستنە نێو خەڵکەوە ، ئەوا دەمتوانی قبوڵی بکەم کە ئەم تومەتانەی بۆیان داتاشیوم ڕاستن ... بەڵام وانیە. ئەگەر بێتو دەقی ڤیدیۆیی ڕوداوەکەی ئەو شەوە ، بە بیر و هزرێکى ڕۆشنەوە ، سەیربکرێ و هەڵسەنگێنری ، دەردەکەوێ کە ئەمە پیلانە و ئەم تۆمەتانە ، بنەمایەکی دروستیان نیە. لەمێشکى خۆتاندا بەرجەستەی بکەن ، ئەگەر هونەرمەندێک لە هەر شوێنێکى ئەم جیهانەدا ڕایگەیاندبا ئیدی لەمەولا گۆرانی بەشێوەی بلوز یان جاز دەڵێ وەک من دوچاری ئەم چارەنوسە دەبۆوە؟ پێیان دەگوت جیاوازی لەنێو خەڵکدا دروست دەکەیت ؟ موزیک زمانێکی جیهانیە ، هیچ گۆرانیەک ناتوانێ خەڵکی جیهان لێک دابرێ و درز و کەلێن لە نێوانیان دا دروست بکات. ئەگەر ئەو کەسانەی ئەو شەوە ساتیک بۆ ویجدانیان بگەرێنەوە و دەست لەدابەش کردنی مرۆڤەکان بۆ ئیمە و ئەوان ، هەڵگرن ، ئەوا بە دڵنیاییەوە کۆمەڵگایەکی دروست و پیشکەوتوترمان دەبێت.


هەروەها کایا لە وەڵام بە تۆمەتی بەرزکردنەوەی پەنجەکانی بە نیشانەی سەرکەوتن دەڵێ:

 

ئەم تۆمەتە ڕەت دەکەمەوە هونەرمەندان لە هەمو شوێنیکی ئەم دنیایەدا سەبک و شێوازی تایبەت بە خۆیان هەیە هەریەک بە شێوازیک خۆشحاڵی خۆی دەردەبرێت منیش لەکۆنسێرتەکانمدا ئەو کارە بەنیشانەی سەرکەوتنی خۆم و بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کۆنسێرتەکانم ، دەکەم. کە ئەمە بۆتە یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی من. کە ئێستا لە دنیاشدا بۆتە نیشانەی دەربڕینی خۆشحاڵی زۆرێک لە یاریزانانی وەرزش و هونەرمەندان. ئەم نیشانەی حەوتە ، جگە لە ٍدەربڕینی هەستی خۆشی و سەرکەوتن ، نابێ لێکدانەوەیەکی ترى بۆ بکرێت.

 

هەروەها سەبارەت بە تۆمەتى پشتگیری کردن لە پ .ک.ک.گوتی:

 

تەنیا و تەنیا بە داهاتی ئەلبوم و کۆنسێرتەکانم بژێوى خۆم و ماڵ و منداڵەکانم دابین دەکەم. جگە لەمە دەرامەتێکی ترم نیە و ئەو قسانە بە درۆ دەخەمەوە. تەنانەت یەک (پەن) یم لە هیچ حیزب ڕێکخراوێک وەرگرتبێ.

 

هەروەها کایا لەبەشێکی تری قسەکانیدا دەڵێت:

 

بەڕای من نوسەرانى دەستور و یاسای تورکیا ، دەبێ وەڵامی ئەم نوکتە گاڵتە جاڕیە بدەنەوە. دەبێ خەڵک بزانێت کە ئەوان چەندە دورن لە جیهانی ئەم سەردەمەوە. بۆ ئەوەی چیتر خەڵکی نیگەرانی دابەش بوونی وڵاتەکەی نەبیت بەهۆی گورانیەکی کوردیەوە. دەبێت ئەم جۆرە تێڕوانینە بۆ هونەر و موزیک ، لە بەین بچێت. دەبێ بواری هەناسەدان بهێڵنەوە بۆ هونەرمەندان.

 

دواتر کایا گوتى:

 

ئەگەر ڕاستیەکان ببینین ئەوا بە دڵنیاییەوە ژیانێکی باشتر و وڵاتیکى پێشکەوتوترمان دەبێت. لەوانەیە منیش لێرە بە دواوە گۆڕانکاری بەسەر گۆرانیەکانمدا بێنم بەڵام ئایا دەکرێ من بەو هەمو کۆت و پێوەندەوە هەست بە ئازادی بکەم؟ ئەم دادگایە بەم هەموو کەم و کوڕیانەیەوە کە تەواوی یاسا و ڕێساکانی ئەم سەردەمەی جیهانی بەهێند نەگرتوە. منیش لێرە بە دواوە ئەم وڵاتە جێدەهێلم کەتێیدا بە خائین و ئاژاوەچیم بزانن. ئەویش لەسەر بنەمای تێروانینێکی هەڵە لەبەرهەمیک ، کەچەندین ساڵ لەمەوبەر بەرهەمم هێناوە.

 

دوای بەرگرینامەکەی کایا ، بێدەنگییەکی قوڵ باڵ بەسەر دادگادا دەکێشێ.دوای ٥ خولەک دادگا دانیشتنی دواتری خۆی دوا دەخا بۆ ١٥ى ژوئەن.


مەرگی پڕ لە گومانی کایا.


کایا دواى چەند ڕۆژێک لەدادگایکردنی ، بەمەبەستی زنجیرە کۆنسێرتێک بەرەو فەرەنسا وەڕێدەکەوێ. دادگای ئەمنیەتی میلی تورکیا لە دانیشتنی دواتریدا کە ئەحمەد کایا تێیدا ئامادە نابێت ، بڕیاری ده‌ ساڵ زیندانی بۆ دەردەکات. بێئاگا لەوەی کە ئەم هونەرمەندە مەزنە ئیدی هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ سەر ئەو خاکەی کە عیشق و خۆشەویستیەکی زۆری بۆی هەبوو. لە ڕێکەوتی ١٦/١١/١٩٩٩ تەرمی کایا لە ژوری میوانخانەیەک لەپاریس دەدۆزنەوە. هۆکاری مەرگی وی دەگەرێننەوە بۆ جەڵدەی دڵ. بەڵام ئاشقانى ئاشتی و ئازادی و زۆرێک لە دیموکراتە بێدەنگراوەکانی جیهان دەزانن هۆکاری مەرگی کایا چی بوو. تەرمەکەی لە گۆرستانی (برلاشنز) لە پاریس بە خاک دەسپێرن هەزاران کیلۆ مەتر دوور لەو خەڵکەی کە خۆشیدەویستن. لەم یەک دوساڵە ی دواییدا دەوڵەتى تورکیا هەوڵیدا تەرمەکەی بگەرێنتەوە تورکیا بەڵام هاوسەرەکەی ڕەزامەندی نیشان نەدا و گوتى : تورکیا شایستەی ئەوە نییه‌ مرۆڤێکی مەزنی وەک کایا بگرێتەخۆ.


دوای مەرگى کایا بە هەوڵ و کۆششی هاوسەرەکەى ، دوو ئەلبوم لە گۆرانیەکانی بڵاوبوونەوە بە نیوى (؟) (تۆش هێندێک بگری) دواتریش لە تورکیا ئەلبومیک بڵاوبۆوە بە ناوى (گوێ بگرە سەرزەمینى خوشەویستم) کە تێیدا بیست کەس لەهونەرمەندە لاو و ناسراوەکانی تورکیا ،بیست گورانی ئەحمەد کایایان گوتبۆوە. مێژوی موزیکى تورکیا هەرگیز ئەحمەد کایا لەیاد ناکات بە هۆی ئەو کاریگەریەی کە لەسەر مێژوی سیاسی و هونەری ئەو وڵاتەدا داینا.

 

ئەمەش یەکێک لە گۆرانیەکانی کایایە بە ناوى دەرۆم:


دەڕۆم.

ئیدی لە گەڵ تۆدا ئارام ناگرم
ئێوارانێک ملی ڕێ دەگرم و دەڕۆم
ڕۆژی دوایی ئەمەت لەگەڵدا یەکلایی دەکەمەوە
دەستت لێ هەڵدەگرم و دەڕۆم.
  *  *  *  *
ئیدی هیچ خوت نیگەران مەکە
وەک ئاو بێدەنگ و ئارام و لە سەرخۆ
لە سەر نوکی پەنجەکانم شۆڕ دەبمەوەو دەڕۆم.
  *  *  *  *  
شاد بژی لەمەودوا بێ من
نە جەستەم جێ دەمێنی نەجەفام
ئەمجار ئیدی گلەیت لی ناکەم
لە توڕەیدا دانم بە سەریەکدا دەگرم و دەڕۆم.
  *  *  *  *  
تۆ ڕەنجەکانی من لە نێو دەبەی
خۆم دوچاری کارەسات دەکەم و دەڕۆم
وەکو فیشەک وەک سەرەنێزە
کێو ئاسا دەتەقمەوە و دەڕۆم.
  *  *  *  *  
ئەگەر هەمو شتێکیش لە دەست دەم
دوایی بەم عیشقە دێنم و دەِرۆم
ڕۆیشتنم ئارام و بێدەنگ نابێت
دەرگاکە پێک دادەدەم و دەڕۆم.
  *  *  *  *  
ئەو گۆرانیەی بۆ تۆم چڕی
لە سازەکەمی دەکەمەوەو دەڕۆم
دەزانیت حەزم لە گریان نیە
ڕوخسارم دەشێوێنم و دەڕۆم.
  *  *  *  *  
هەموو سەگ و باڵندەکانم
لە پارچەی گیانم دەکەمەوە و دەڕۆم
هەمو ئەو شتانەی لێم وەرگرتوی
دەیدەمەوە دەستت و دەِرۆم.
  *  *  *  *  
لاى تۆ خۆم ناکەم بە دڕک
بوونم لە ئاگر هەڵدەکیشم و دەڕۆم
نیگەران مەبە نەفرەتت لێ ناکەم
تۆ لە میشکی خۆمدا خاڵی دەکەمەوەو دەڕۆم.

_______________________________
سەرچاوە: (دیوارها سخن نمیگویند - ترجمە یغما گلرویی - ایدین اقاخانی - نشرنگا).
 

ماڵپەڕی ئازاد نەجم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک