په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٨\٢٠١٧

(ئەکرادی) ئاغای مالکی؟

شەماڵ عادل سەلیم  


(ئەکرادی) ئاغای( مالکی) ، یان جاشی ئاغای (مالکی )، زاراوەیەکی یان ( بیدعەیەکی ) نوێی نێو بەشێک لە ڕاگەیاندنە حیزبییەکانی هەرێمی بەتەمای خودایە ، دیارە ئەو زاراوەیە یان باشتر بڵێم ئەو تۆمەتە ئاراستەی ئەو کەسانە دەکرێت کە باس لە گەندەڵی هەردوو حیزبی ئۆلیگارشی ( پارتی دیموکرات و یەکێنی نیشتمانی ) دەکەن ، ئەوجۆتە حیزبەی کە لەماوەی ٢٦ ساڵی حوکمیاندا ، لە پرسە چارەنوسازەکاندا هەرێمی بەتەمای خودایان دووچاری شکست لەدوای شکست کردۆتەوەو خەڵکی خێرلەخۆنەدیوی ئەو هەرێمە بێنازەیان دووچاری قەیران و بێ کارەبایی و بێ ئاویی و بێ مووچەیی و تەقەشوف و نابەرابەری لە هەموو بوارەکاندا کردووە.


لێرەدا نامەوێ باسی شکستی حیزبە ئۆلیگارشییەکانی هەرێمی بەتەمای خودا بکەم ،چونکە لای هەرهەموومان روون ئاشکرایە ، بەڵکو دەمەوێ وەڵامێکی کورت و پوختی ئەو دۆڵەنگێوانە بدەمەوە کەماوەیەکە سەرقاڵی بەشینەوەی تۆمەت و ناوزڕاندنی ئەو کەسانەن کە ڕاستییەکان وەک خۆیی و بەبێ ماکیاج دەردەخەن و ڕاستەوخۆ و ڕاستگۆیانە پەنجەیان لەسەر هۆکاری کێشەکان و بەلاڕێدابردنان دادەنێن ، هەربۆیە بە( جاش و ئەکرادی مالکی ) ناوزەدیان دەکەن.


لێرەدا دەمەوێ زۆر ڕشکاوانە بەو دۆڵەنگێوانە بڵێم : ئەوەی ماڵی لەشووشەبێت واباشترە بەرد لەخەڵک نەگرێت ، خۆ هەردوێنێ بەچاوەکانی خۆتان بینیتان کە چۆن شاندەکەی بەغدای ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم ( شاندی دانوستاندکار ) کە پێکهاتبوون لە بەرێزان (رۆژ نووری شاوەیس، د. فوئاد حوسێن، سەعدی پیرە، محەممەد ئەحمەد، ماجید عوسمان، رۆمیۆ هەکاری و ڤیان دەخیل) ، بینیتان چۆن دەست لەناودەستی نەیارە سەرسەختەکەیان (ئاغای مالکی) دانابوو، هەروەک ئەوەی نەبایان دیبێت نەباران.


لێرەدا لەو دۆڵەنگێوانە دەپرسم و دەڵێم : ئایا کێ بوون ئەوانەی دەیانگووت ، ئاغای ( مالکی) سەدام ئاسا خەریکی قڕکردن و برسی کردنی کوردستانیانە؟

 

کێ بوو دەیگووت ئەو دۆخە شلۆقەی ئێستای هەرێمی بەتەمای خودای تێدایە ئۆباڵی لە گەردنی (مالکی و ئەکرادەکانییەتی)؟ کێ بوون ئەوانەی دەیانگووت هه‌رلایه‌نێک دەست لەناودەستی (مالکی) دابنێت (جاشە ، بەکرێگیراوە ، ناپاکە ، ڕووخاوە ، بێگانە پەرستە ، عیراقچییە)؟ ئەرێ بەراست کێ بوو دەیگووت ، ئاغای (مالکی) قوتی خەلکی هەرێمی بەتەمای خودای بەناهەق بڕیووە و کێشەکانی نێوان بەغداو هەرێمی قووڵترکردۆتەوە ، بۆیە دەبێ دادگایی بکرێت و سزا بدرێت ؟ کێ بوون ئەوانەی دەیانگووت بەغدا گرنگی نەماوە بۆ مانەوەی کورد تێیدا ، بۆیە دەبێت کورد لە بەغدای ئاغای (مالکی) بکشێتەوە ؟ کێ بوون ئەوانەی دەهۆڵیان دەکوتی و دەیانگووت ( ئاغای مالکی ) و حیزبەکەی و (ئەکرادەکانی) بۆسەر بەرژەوەندی کورد و کوردستان گەورەترین مەترسینە؟


ئەرێ ئەو هەموو تاوان و تاوانکارییەی ( ئاغای مالکی و ئەکرادو و جاشەکانی) تان چۆن وا زوو لەیاد کرد ؟ لەوەش گەرێن ، ئەی کاتی بەدیداری ئاغای ( ئەبو ئیسرا) گەیشتن و دەست لەناودەست هەنگاوتان دەنا ،چیتان پێ گووت ، چیتان پێ ڕاگەیاند ، بەچی پێدەکەنین ؟ ئایا لەم زوانە لەهەولێری پایتەخت وهەروەک جاران فەرشی سوری بۆ ڕاناخەن؟


مەخابن ، ئەو سەرکردانەی هەرێمی بەتەمای خودا ، چەندە بێ کەسایەتی و بێ زاکرە و بێ پرەنسیپ و بێ موڕالن.


ئاخ ، ئەو خەڵکە بێ نازو خێرلەخۆنەدیوەی هەرێمی بەتەمای خودا چەندە بێ کەس و بێ خاوەن و بێ پشت وپەنایە.


ئاخ ، ئەو خەڵکەی ئەو هەرێمە خێرلەخۆنەدیوە چۆن بەدەستی ئەم بازرگانە سیاسیانە گیریان خواردوە.


لەکۆتایدا هەر ئەوەندە ماوە بڵێم :


سەرکردەکانی هەرێمی بەتەمای خودا، ئێوە نەک تەنها ماڵتان لەشووشە نییە ، بەڵکو ماڵتان لەتەنەکەش نییە ، بۆیە واباشرە بەرد لە خەڵک نەگرن و بەناهەق بە (جاش و ئەکرادی مالکی) تاوانباریان نەکەن ، چونکە جارێکی دیکەش سەلماندتان کە کێ (جاش و ئەکرادی ئاغای مالکییە)؟


بەڵێ ، سەلماندتان کێن ئەوانەی نەک تەنها لەسەر دوو پەت ، بەڵکو چەندین پەت مەیموون ئاسا یاری دەکەن.

 

ماڵپەڕی شەماڵ عادل سەلیم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک