په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٣\٢٠١٠

(عەلاوی، شێخ، سەرۆک عەشرەت)و نەتەوەیی دیموکراسی، دەیگۆڕن!

سەلام عەبدوڵا  

 

دوێنێ شەو لە کەناڵی ئەلعەربییە ریکلامێکم بینی و تێدا بێ کارەبایی، هەژاری، نەگبەتی خەڵکی پیشانداو لەدواییدا وێنەیەکی ئەیاد عەلاوی لەگەل ژمارەی لیستەکەی دەرکەوت و نووسرابوو: دەنگ بە گۆڕان بدەن!
لەم ریکلامە بە باشی گرەو لەسەر دەنگی هەژاران و لێقەوماو چەوساوەکان بەرچاودەکەوێ: تەسەوری گۆڕان بە مانا عەلاوییەکەی بکەن!
راستە گۆڕانەکەی عەلاوی ژمارەیەکی تری هەیە، بەڵام ئەم"بەرێزە"ش هەر دەیگۆڕێ.
شێخیش بانگەواز بۆ گۆڕان دەکات!
ئیمڕۆ شێخ عەبدولرەحمان شێخ حسامەدین سەردانی کەرکوکی کردو لە بانگەوازەکەیدا( داوای لە موسڵمانانی تەریقەتەکەی کرد لە سنووری پارێزگای کەرکوک، دەنگ بدەن بە لیستی گۆڕان).
هەروا دوو کەس بەناوی هەموو عەشرەتی(شیلان-بەرەبابی حەسەنە رەشی) لایەنگری خۆیان بۆ گۆڕان راگەیاند.


نوجەیفی دەیگۆڕێ:
ئەسیل نوجەیفی لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕان لە موسڵ سەردان دەکرێ و ئەویش ئامادەیی خۆی بۆ پێشکەشکردنی تواناو ئاسانکاری بۆ گۆڕان راگەیاند، بەڵام کەناڵی(knn) لە روونکردنەوەیەکیدا، بێبەری بزووتنەوەکەیان لەو کەسە کە بەناویانەوە سەردانی نوجەیفی کردووە، راگەیاند: کات، کاتی پاشقوڵدان و درۆکردن بە پێاهەڵدان و زیادرەوی و پیلانگێڕییەو خەڵکیش دەبێ بۆ گەیشتن بە راستییەکان، رم بکوتێ!
گۆڕان وشەیەکی دڵگیرمەو لۆژیکی مێژووی مرۆڤایەتییە، بەڵام کاتێ رەوتی مێژوو بە تێروانینی دیالێکتیکی لەلایەن هەندێ سیاسەتمەدار کە زیرەکن لە تەفرەدان و جەواشەکاری و پلانگێڕان، پێشێلدەکرێ و بەبەر هەرچی روو و فکری کۆنەپەرەست، تاوانبار، هەڵپەرەست، دەکرێ، وەڵام و شەرمەزارکردنیان دەبێت بە ئەرک.
- کام هێزی کۆمەڵایەتی بەرژەوەندی خۆی لە بەهێزکردنی پێگەی شێخ و سەرۆک عەشەرت جاش و کەرتی تایبەتی ئابووری هەیەو دەیانکات بە رووی بزووتنەکەی؟


جەواشەکاری راگەیاندن.


- کام هێز ئاخافتن و ئەقڵی دینی بەهێز دەکات و وەهم دەگەیەنێت بە لووتکە؟
- چ بەرژەوەندییەک لە پشت ریکلامکردن بۆ(چا و برنجی محمود، دیلان ستی، هیتاشی و ئاسیاسێل...هتد) هەیە؟ ئایا ئەمە ریکلامکردن بۆ دزەکان نییە؟
بەرپرسانی گۆڕان زۆر باش دەزانن چ سیاسەتێکی جەواشەکاری لەگەل خەڵک بەکاردەهێنن کە هیچیان لە جەواشەکاری هاوپەیمانی کوردستانی کەمتر نییە، کەچی گۆڕانخوازێک لە کەناڵی گۆڕانەوە، نەوشیروان بە یەکێک لە بلیمەتەکانی دنیا و یەکێکی تر بە جیڤارا و ئەویتریش بە غاندیان شوبهاند. ئایا راستیان کردووە؟
- ئایا ئامێتەکردنی ناڕەزایەتی خەڵک بە فکرێکی"نادیار"و پۆشینی بە لافی"عەدالەت و یاسا"بەرەو چ ئاقارێک دەڕوات؟ ئیمرۆ نەوشیروان پێگەی فکری و حزبی خۆی راگەیاند: نەتەوەیی دیموکراتی!
کێ دەتوانێ ناوی تاقە یەک رژێمی نەتەوەیی دیموکراتی بهێنێ کە یاساو رێساکانی عەدالەتی کۆمەڵایەتی جێبەجێ کردووە؟
- ئایا خاوەن بڕوانامە(با هەر هەموو کاندیدەکانی گۆڕان پرۆفیسۆر بن) بەسە بۆ ئەوەی عەدالەت و یاسا بەرقەرار بێت یان بۆچی حکومەتە ئۆروپییەکان کە وەزیر و نوێنەرەکانیان پسپۆرو خاوەن بڕوانامەی بەرزن، نەیانتوانیوە عەدالەتی کۆمەڵاتی جێبەجێ بکەن و لەبریدا ئەم هەموو جەنگ و شەڕوشۆڕە و چەوسانەوەیە بەسەر جیهان سەپاندووە؟!


ئەوسا بۆچی باسی عەدالەت و یاسا بۆ خەڵک دەکەن، بەبێ ئەوەی ناوەڕۆک و ناوەکانیان ئاشکرا بکەن؟ عەدالەت و یاسا بەمانا بەعسیەکەی؟ عەدالەت و یاسا بەمانا ئیسلامییەکەی؟ عەدالەت و یاسا بەمانا سۆسیالیستی زانستییەکەی؟ عەدالەت و یاسا بە تێگەیشتنی مالکی؟ عەدالەت و یاسا بە مانا دیموکراتی پەرلەمێنتارەکەی؟ کامەیان؟


ئیمڕۆ هەزاران گۆڕانخواز کۆبوونەوەو مرۆڤ بە چاوی خۆی بینی هەزاران کەس پشتیوانی لە گۆڕان دەکەن، بەڵام ئایا مەعقولە بڕوا بە درۆی(knn) بکەین کە سلیمانی میترۆپۆلێکە بە نزیکەی یەک ملیون نیشتەجێ، شین پۆشە؟! ئایا سڕینەوەی بەرامبەر سەرڕاستییە یان بۆ گێلکردنی دەنگدەرانە؟


گەندەڵی و گەندەڵی!


گەندەڵی دیاردەیەکی تاوانباری قیزەوەنە، بەڵام تەنها یەکێکە لە لایەنی سیستێمێکی تاوانبار کەدەیان ساڵە خودی هەڵسووڕاوە باڵاکانی گۆڕان لەبەری دەخۆن، تازە بە تازە بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵکی داماوو رەشوڕووت زەقی دەکەنەوە، بەمەرجێک دەیان نووسەرو رۆژنامەنووس و لایەنیش لەساڵانی رابردوو جەسوورانە بەرەنگاری ئەو دیاردەیە بۆنەتەوەو ئەم بەڕێزانە بێدەنگیان هەڵبژاردبوو، کەچی ئێستا لە شانۆگەرییەکی پێکەنیناوی، بەڵام سەرکەوتوو لە کۆبوونەوەی پەرلەمان، لە کاتێکی گونجاو بۆ وەرگرتنی دەنگ، پێشکەشیان کرد(چ تابلۆیەکی قارەمانانە بوو!)
ئەوەی بییەوێ دژایەتی گەندەڵی بکات، دەبێ راستەڕاست دژ بە ئابووری سەرمایەداری دەنگ هەڵببڕێ، نەک ریکلام بۆ سیستێمەکە بکات و لە چوارچێوەیدا دژ بە گەندەڵی بێت!


ئایا راستە ئەندام پەرلەمانێک سەددان وتارو ریپۆرتاژ ژێرپێ بخات و بڵێ(ئەوە ئێمە بووین بەرگری لە کەمئەندام و زیادکردنی موچەکەیان کرد...ئەوە ئێمە بوین داوای زیادکردنی موچەی ئەنفالکراو، شەهیدان کرد...هتد). دیارە ئێمە وەک دەیان نووسەر و رۆژنامەنووس هێشتا لەدایک نەبووین، کاتێ نوێنەرانی یەکێتی و پارتی جاران و گۆڕانی ئێستا ئەم ئەرکە ئەنجامداوە؟!
ئەی درۆ چەند کورتی!


بیری نەتەوەیی دیموکراتی.


زۆر جار لە بەرپرسانی یەکێتی و پارتی بیستومانە کە حزبەکانیان نەتەوەیی دیموکراتین و مرۆڤ چاوەڕوان بوو لە بزووتنەک دەیەوێ"بیگۆڕێ"، رێبازێکی تری هەبێت، کەچی ئیمڕۆ دەرکەوت کە نەوشیروان و گۆڕانیش بیری نەتەوەیی دیموکراتی هەیە!
پەندێک هەیە بەم جۆرە کەسانە دەڵێ: پاش هەزار ساڵ ئاو بە ئاو راڤە کرد!


هیوادرم یەکێک بتوانێ ناوی تاقە حکومەتێکی نەتەوەیی دیموکرات بهێنێ کە پایەکانی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و یەکسانی پاراستبێ.
دووبارەی دەکەمەوە: 25ساڵە رەخنە لە پارتی و یەکێتی دەگرم و گۆڕنیش هاتووەتە ریزیانەوەو لە بە گوێرەی توانام هەڵویستی رەخنەگرانە لەپێناو بەرژەوەندی رەشوروت و هەژارانی وەڵاتەکەم، دریغی ناکەم.


گۆڕان بێت یان یەکێتی و پارتی:
هەر هەموویان کەرتی تایبەت و بازاڕی ئازاد بەهێز دەکەن، بۆیە منیش لە دژیان رادەوەستم!
هەر هەموویان ساختەو درۆی پڕ سەیروسەمەر لە هەژاران دەکەن، بۆیە منیش هەوڵدەدەم رووی راستیان پیشان بدەم و ناهێڵم گاڵتەیان پێ بکرێت.
هەر هەموویان بە درێژایی ساڵانی رابردوو شەریکن یان شەریکە دزن، منیش لەبەرەی ژێردەستەکانەوە، لێیان هاتومەتە گۆ.
بەداخەوە هەندێ برادەر بەشێوەی جۆراوجۆر گلەیی ئەوەم لێدەکە کە من لەم ماوەیە رەخنەکانم ئاراستەی گۆڕان کردووەو هاوپەیمانی سوودی لێ دەبینێ. منیش بە هەموو لایەک دەڵێم:


ئایا من بۆم نییە بەبێ ئەوەی چاوم لەهەر جۆرە بەرژەوەندییەکی تایبەتی هەبێت، بە هاوچینەکەم بڵێم:
بەدرووشمەکانیان هەڵمەخەڵەتێت! تەنها بەرەی سوور و شوعییەت و لەلانی کەمەوە بەرەی چەپ لە نموونەی وەڵاتانی ئەمریکای لاتین بەرەی ئێوەیەو رێی ژیانی ئازادی و عەدالەتتانەو لەمە بترازێ کۆمپانیای درۆ و سەختەکاری و موزایەدەیەو بۆ هەڵخەڵتاندنی ئێوە موزایەدە دەکەن؟!
ئەگەر حزبی شوعیش حوکمڕانی بکات، بەچاوی رەخنەگرانەوە مامەڵەی لەگەل دەکەم!


ئەزمونێکی تاڵ، بەڵام هەلێکی زێڕین.


زۆرن ئەو حزب و کەسایەتی و گروپ و لایەنانە کە لافی سیاسەتی چەپ لێدەدەن و خۆیان بە شۆڕەسواری مەیدان دەزانن، بەڵام وێنەی دەنگدەرانمان لەبەرچاوەو دەبینین پێگەمان لە کولەکی تەڕیشدا ناوی ناهێنرێت. ئەمە واقعێکەو زیاتر لە چەند ساڵی رابردوو بە روونی شکستیمان پیشاندەدا.


ئایا لەم ئەزموونە تاڵە سوود وەردەگرین؟ لێی فێر دەبین؟ ئایا ئێمە بەو لایەنانە چی بڵێین کە بەشێوەیەکی کەپوبەرز و تاقە راستی بیردەکاتەوە؟


بە بڕوای من کاتی ئەوە هاتووە بەرەی سووری چەوساوەکان دابمەزرێ و هەژار و کرێکارو قوربانییەکانی تری کۆمەڵگەکەمان لە هەڕاجخانەی درۆو دەڵەسەی ئەو بێسەوادانە رزگار بکەین کە حەتمەن نە وەک فکرو نە وەک مێژوو و نە وەک ناو و نە وەک رەفتار، بایەخیان بە عەدالەتی کۆمەڵایەتی داوە، چ جا بە پەیرەوکردنی!


لاوازکردنی شوعییەت و پشتگوێ خستنی ئەرکە مێژوویەکەی و سازشکاری و بێدەنگبوون لە ئاست ئەدای قەڵب و درژی حکومەت، نەک گۆڕان، بەڵکو چەندین رەوتی تریش درووستدەکات.


رەخنەکانی من لەم سوچەوە سەرچاوەی وەرگرتووەو هەر کەس و لایەن و حزبێک ئازادە لەوەی چۆن بۆچوون و رەخنەکانم هەڵدەسەنگێنێ و بۆ من گرنگ ئەوەیە، نە لەگەل خۆم و نە لەگەل خوێنەرو هیچ کەسێک درۆ نەکەم و و بە راشکاوی لەم رۆژە رەشەشدا پڕ بە گەرووم هاوار دەکەم: بژی چەپ....بژی شوعییەت
 


 07701929872

dwaroj@yahoo.de