په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\١٠\٢٠١٤

ئەڵمانیا لە لۆسەرەوە بۆ مێرکل.

 

     ھاشــم ساڵح

و. کاردۆ محەمەد    

گۆڤاری (مێژوو)ی فەڕەنسی کە گۆڤارێکی دانسقەیە و مامۆستا ناودارەکانی زانکۆی فەرەنسا تێیدا نووسینەکانیان بڵاودەکەنەوە، دوا ژمارەی خۆی بۆ ئەم بابەتە تەرخانکردووە.


بۆیە ناوونیشانی بابەتەکەم لە گۆڤارەکەوە وەرگرتووە ،ئەم ناوونیشانەش سەرنجی راکێشام و ھانیدام گۆڤارەکە بخوێنمەوە و ئاشنابم بە مێژووی ئەڵمانیا ھەر لە سەرەتای چاکسازیی ئاینییەوە تا ئەمڕۆ.


من نازانم بۆچی ھەندێ جار بە خەیالمدا دێت بەراورد بکەم لە نێوان رابەرانی ئاینی لە ئەڵمانی و وڵاتانی عەرەبی دا!


بەشێک لە مێژووناسان پێیانوایە گەر پرسیاری ئەوە لە ئەڵمانیەکان بکرێت ئاخۆ مەزنترین کەسایەتی لە مێژووی وڵاتەکەیاندا کیێە؟


لە وەڵامدا ھەندێکیان دەڵێن :مارتن لۆسەر، رەنگە ھەندێکی دیکەیان بڵێن: گۆتە، یان بسمارک ، یان کانت، یان ھیگڵ، ... ھتد.


بەھەرحاڵ مێژووی ئەڵمانیا تژییە لە کارەکتەری ناودار و بلیمەت.


بەڵام ئەگەر پێیان بڵێی گەورەترین کارەسات لە مێژووی وڵاتەکەیاندا چییە؟


ئەوا بە بێ دوودڵی دەڵێن :ھیتلەر و نازیسم.


لێ تا کۆتایی سەدەی ١٩ و ناوەڕاستی سەدەی ٢٠ گەر ھەمان پرسیارت ئاڕاستەی ئەڵمانیەکان کردبایە لەوەڵامدا ئەیانووت: گەورەترین کارەسات لەمێژووی وڵاتەکەماندا شەڕی تایفی و ناوخۆیی بوو کە ناسراوە بە شەڕی سی ساڵە (١٦١٨-١٦٤٨). بگرە ھەندێکیان پێیانوایە ئەو شەڕە لە بەسەرھاتەکەی ھیتلەر مەترسیدارتربووە. بۆ؟


چونکە ئەڵمانیا بە واتای وشەکە (وێرانکرا) ھۆکارەکەشی شەڕێکی ناوخۆیی بوو نەک دەرەکی وەک جەنگی دووھەمی جیھانی.


ئەم شەڕە لەنێوان دوو مەزھەبی سەرەکیی ئەو وڵاتەدا روویدا (کاسۆلیکییەکی پاپا-یی و پرۆیستانتییەکی لۆسەری).


لەسەر ئاستی دیموگرافی ئەم شەڕە تایفییە پڕ لە ھەڵچوونە رێژەی دانیشتوانی ئەڵمنیای لە ٤٠٪ کەمکردەوە،واتا لە ١٧ ملیۆن کەسەوە بووبە ١٠ ملیۆن کەس، دیارە ئەم خەسارەتە گەورەیەش زیاتر بۆ برسێتی وپەتا ونەخۆشییەکان دەگەڕێتەوە کە دەرئەنجامی سەرھەڵدانی شەڕ بڵاودەبنەوە.سەبارەت بە وێرانکاری ئابووریش لەباسکردن نایات،بەڵام وەک مێژووناسان دەڵێن لەھەمووی مەترسیدارتر دەرئەنجامە سیاسییەکانی ئەو شەڕە مەزھەبییە بوو.


کە بووەھۆی ھەڵوەشاندنەوەو دابەشبوونی ئەڵمانیا بۆسەر چەند وڵاتێکی پرۆتستانتی و کاسۆلیکی، ((لە ئێستاشدا خۆرھەڵاتی عەرەبی رووبەڕووی ھەمان ھەڕەشەی جیابوونەوە بووەتەوە)).


بۆیە یەکێتی خاکی ئەڵمانیا بەبەراورد لەگەڵ فەرەنسا درەنگتر بوو،سەرکردەکانی ئەڵمانیا ئاستەنگی گەورەیان لەبەردەمدابوو بۆ تێپەڕاندنی کێشەی لێکترازانی مەزھەبی لەناخی تاکی ئەڵمانیدا.


بێگومان ھەردوو لا پێیانوابوو ئەو شەڕەی دەیکەن ئەرکێکی پیرۆزی ئاینیی یە ،ھەریەک لەو دوو مەزھەبە پەیڕەوانی مەزھەبی بەرامبەریان بەبێباوەڕ ولادەر لە ئاینی راستەقینەی مەسحییەت تاوانبار دەکرد تەنانەت بڕوایان وابوو کە لەکاتی شەڕەکەدا ئاسمان پشتیوانی لێکردوون، کاسۆلیکی دەیوت: خودا پشتوانمانە و لەگەڵ بیدعەکاراندا نییە.


لەبەرامبەردا پرۆتستانتەکە دەیوت: نەخێر خودا لەگەڵ ئێمەیە و لەگەڵ ئێوەی پاپا-ی و کۆنەپەرست و تێکدەردا نییە.


ھەریەک لەو دوو بەرەیە خۆی بە بێگەرد و راست دەزانی و بەرامبەرەکەشی بە پیس وچەپەڵ دادەنا.


ئاخۆ ئەڵمانیا چۆن توانی ئەو لێکترازانە تایفی یە چارەسەربکات کە وەک شێرپەنجە سەراپای وڵاتەکەی گرتبووەوە؟


بێگومان لەرێی دەرکەوتنی رەوتی سێھەمەوە ئەویش رەوتی رۆشنگەرایی ئاینی وفەلسەفی بوو (شلیر ماشیر و ھیگڵ) یەکێتی سیاسی ئەڵمانیا بەر لەو رەوتە مەحاڵ بوو بۆیە راستەوخۆ لەدوای دەرکەوتنی رەوتی سێھەم ھاتەدی ،چونکە توانی توندڕەوی تایفی لای ھەردوو رەوتەکەی پێش خۆی ھەڵبوەشێنێتەوە و لێکدانەوە (تەئویل)یەکی نوێ و فراوان بۆ ئاین پێشکەش بکات ،گەر ئەوە نەبوایە تائەمڕۆیش ئەڵمانیا بە پارچەپارچەیی دەمایەوە.


لەبەرئەوە ئازایەتی و چاکەی ئەو گۆڕانکارییە دەگەڕێتەوە بۆ فەیلەسوفەمەزنەکان وەکو (لایبنتز و کانت و فیختە و شیلینگ و ھیگڵ و گۆتە) و دەیان فەیلەسوفی دیکە.


ئەوەی نیچە دەیڵێت بەڕاستی وایە ((بیرمەندە مەزنەکان پزیشکی شارستانیەتەکانن)).


تەنھا ئەوان ئەتوانن رۆبچنە قوڵاییەکان و دەستنیشانی ئەو نەخۆشییە کوشندەیەبکەن کە ناخی مرۆڤەکان دەخوات. جگە لەمە ھەرشتێکی تربێت تربێت بێکەڵک و چەنەبازییە.


فەیلەسوفە گەورەکان سیستمی کۆنی فیکریان ھەڵوەشاندەوە (واتا ئەو سیستمە تایفیەی کە لەنێو ھزری میللی دا رەگی داکوتاوە) لەبەرامبەردا سیستمێکی نوێ و کراوەیان ھێنایە کایەوە کە ئامێزی بۆ ھەموان کردووەتەوە.


لەم رووەوە ئەو شەڕە تایفییەی ئەڵمانیای ماندووکردبوو بە ئیجابی کەوتەوە، یان ئەتوانین بڵێین لێرەدا (پلانی عەقڵ) بە مانا ھیگلی یەکەی بەدی دێت.


چونکە سەرکەوتن بەسەر بیروباوەڕی تایفی دا مەحاڵ بوو گەر ئەو کوشتارگە خوێناویانە نەبوونایە کە فەندەمێنتالیستەکانی ئەو سەردەمە ئەنجامیاندا، خەریکە بڵێم سوپاس بۆ (داعش) لەکاتێکدا لەپای ئەم قسەیەم ھەزاران جار داوای لێبودرن دەکەم، بەڵام چۆن بتوانین قەناعەت بە رۆشنبیرە موحافیزکارەکانی جیھانی عەرەبی بھێنین کە ھەڵوەشاندنەوەی ھزری فەندەمێنتالیزمی بووە بە ئەرکێکی پێویست؟


ئەوان دوای - داعش - یش قەناعەت ناھێنن!


ئەی سیاسەتمەدارە کورتبینەکان ئەوانەی تەنھا لووتی خۆیان لێوەدیارە چۆن بتوانین باوەریان پێ بھێنین کە چارەسەری فیکری لەپێش چارەسەری سیاسییەوەیە و رێگە خۆشکەریەتی؟


ئەم چارەسەرەش تا ئێستا بوونی نییە.


کێبەرکێی ئەوە دەکەم کە دڵنیام ھیچ رۆشنبیرێکی عەرەبی جگە لە قسەی بێ کەڵک و سواو ناتوانێت کێشەی تایفی ومەزھەبی بە شێوەیەکی ئارکیۆلۆژی شیبکاتەوە و رەگ وریشەی کێشەکان دەربھێنێت.


بۆ نموونە کێشەی بە بێباوەرزانینی ئەوی تر (تەکفیر) رەوایەتییەکی گەورەی ھەیە کە رەگ وریشەی دەگەڕێتەوە بۆ قوڵایی مێژووەکمان.


داعشییەکان کاتێک ستەمکارانە خەڵکی دەکوژن بڕوای تەواوی بەوە ھەیە کە ئەو فەتوای ئاینی پەیڕەو دەکات و بەو کارەی لە خودا نزیک دەبێتەوە،ئەم جۆرە فەتوایانە لە کتێبە کۆن زەردھەڵگەڕاوەکاندا بوونیان ھەیە بەڵام کەس ناوێرێت پرسیاریان لەبارەوە بکات چ جای ئەوەی رەتیانبکاتەوە!


بۆیە بابەتەکە گاڵتەوگەپ نییە و تەنھا قسەیەکی سەرپێی نییە بەڵکو چەندان ملیۆن خەڵکی باوەڕیان پێی ھەیە.


فەیلەسوفەکانی رۆشنگەریی فەتوا تەکفیرییەکانیان لە نێو مەسیحییەتدا ھەڵوەشاندووەتەوە و بەشێوەیەک باوەڕیان بە جەماوەر ھێناوە کە قۆناغ بەقۆناغ لێی دووربکەونەوە.


بەڵام گەر ئەوان نەیانتوانیبایە لێکدانەوەیەکی دیکە بۆ ئاین گەڵاڵەبکەن، و جڵەوی بگرن و بەعەقڵانی بکەن، گەر ئەوان مەترسسیەکانی بەرئەنجامی سنووربەزاندنی ئاینییان ئاشکرا نەکردبایە نەیاندەتوانی ئەو جەنگە گەورەیە ببەنەوە و سەرکەوتووبن.


پاش ئەوەی تایفیە توندڕەوەکان لەئاستی ھزری جەنگەکەیان دۆڕاند یەکخستنەوەی ئەڵمانیا بووبە ئەگەرێکی ئاسانتر.


ھەر بۆیە بسمارک لانی کەم بە نیو سەدە لەدوای کانتەوە ھات و پێشی نەکەوت، لەو رووەوە من پێموایە تائێستا بەھاری فیکری لەجیھانی عەرەبیدا دەستی پێنەکردووە، دەرئەنجام بەھاری سیاسیش بوونی نییە.


لە کۆتاییدا و لەم ساتەوەختە ھەستیارەدا ئەمەوێت سڵاو و رێزێکی تایبەت ئاڕاستەی گەلی کوردی قارەمان بکەم کە خۆڕاگرانە بەرگری لە کۆبانێ-ی شەھید دەکات و رووبەڕووی دڕندایەتی و تاریکبینی بووەتەوە.


ئەو بەتەنھا بەرگری لە خۆی ناکات بەڵکو بەرگری لە ئێمەش دەکات، بەرگری لە شتێک دەکات کە لە سەرووی ھەمووانەوەیە کە بە بێ ئەو ژیان ھیچ مانایەکی نابێت: ئەویش ئازادی و شکۆمەندیی مرۆڤایەتی و باوەڕی رۆشنگەرە لەسەر گۆی زەوی.

________________________________
سەرچاوە: رۆژنامەی (ئەلشەرق ئەلئەوسەت)، ١٦\١٠\٢٠١٤.

 

ماڵپەڕی کاردۆ محەمەد

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک