په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

ئەڵماس چۆن دروست دەبێت؟

     
د.ئیبراهیم محەمەد جەزا*

پێشەکى:
بێگومان گشت لایەک کە ناوى ئەڵماس(Diamond ) دەهێنرێت یەکسەر خەیاڵ بۆ ئەو خاوە بەنرخە گرانبەهایە دەچێت کەزۆربەى خەڵک نەیان دیوە. بۆیە لەم وتارە ساکارەدا حەزدەکەم تیشکێک بخەمە سەر هەندێک لایەنى شاراوەى ئەم خاوە (Mineral ) بەناوبانگە لەڕووى دەرکەوتنى و بنەچەکەى و ئەگەرى بوونى لەکوردستان. وشەى دایەمۆند لەوشەیەکى گریکییەوە هاتووەکەئەویش adamas ،کەماناى هێندە بەهێزە ناکرێت بەسەریدازاڵ بیت یان بیشکێنیت،کەئەوەش بێگومان باشترین سیفەتى جیاکەرەوەى ئەڵماسە.


پێکهاتەى ئەڵماس:
ئەڵماس بریتییەلە کاربۆنى خاوێن کەلەوانەیەهەندێک خاوى ترى تیادابێت بەڵام بەکەمى.کریستاڵەکانى ئەڵماس کەلەسەر سیستەمى شەشپاڵوو دروست دەبن، بەگشتى شێوەیەکى هەشتلاى قوچەکى وەردەگرن( وێنەى ژمارە 1) ولەهەندێکجار لەوانەیەشەشپاڵووبن و ڕووەکانى کریستاڵەکان لەوانەیە خوارببنەوە. لەگشت خاوەکانى تر جیادەکرێتەوە بە پتەوییەکى(ڕەقێتییەکەى) کەبەرزترین ژمارە وەردەگرێت لەسەر پێوەرى مۆهس ئەویش ژمارە 10یە.ئەمەسەرەڕاى ئەوەى لەتبوونەکەى هەشتلاییەو بریسکەکەشى ئەڵماسییە. کێشى جۆرییەکەى 3.5 و ڕەنگى هاڕاوەکەى یان ڕەنگى ڕووشانى سپییە.


بنەچەى ئەڵماس:
هەروەک بینیمان ئەڵماس لە توخمى کاربۆن(C ) پێکدێت. کۆبوونەوەى کاربۆن بەچەند شێوەیەک دەبێت:
1-هێس (Soot ): کاربۆنى پاک ئەمەش لەئەنجامى سووتانى ڕووەکەوە لەسەر ڕووى زەوى بەرهەم دێت.
2-خەڵووزى بەردین(Coal ): کە بەشێوەیەکى سەرەکى لەکاربۆن پێکدێت و لە پاشماوەى ڕووەکییەوە بەرهەم دێت کە لە قووڵایى نزیکەى 15کم دا هەڵدەگیرێت.
3-گرافایت(Graphite ): ئەمەش لەئەنجامى بەرەو پێشچوونى خەڵووز یان مەوادى ئەندامییەوە کە هەڵدەگیرێت بۆ قووڵایى زیاتر کە لەنێوان 15 تا70کم دا دەبێت لە توێکڵى زەوییدا، کە لەکاتى دروستبوونى شاخەکاندا ڕوودەدات.
هەڵبەت تاقیکردنەوەکان بە ڕوونى دەریان خستووە کە بۆ دروستبوونى ئەڵماس پلەى گەرمى و پەستانێکى یەکجار زۆر پێویستە، کەئەمەش لە سروشتدا تەنها لە قووڵایى نزیکەى 150کم لە ژێر ڕووى زەوییەوە بەرهەم دێت، بێگومان ئەم قووڵییە دەگاتە بەشى دووەمى گۆى زەوى کەئەویش کەوڵ (Mantle )ە. لە ژێر ئەم بارودۆخەدا، ئەوکاربۆنەى کە شێوەى ڕیزبوونە گەردیلەکانى شەشلایە واتە گرافایتە دووبارە ڕیزبوون ڕوودەداتەوە و لە شێوەیەکى زۆر بەهێزتر و پتەوتردا خۆى ڕیزدەکاتەوە کە ئەویش ئەڵماسە (وێنەى ژمارە 1). بێگومان ئەندازیارەکان لەتاقیگەدا دەتوانن ئەوە بارودۆخە دووبارە بکەنەوە و لەو ڕێگەیەوە ساڵانە کۆمپانیاکان چەندین تەن ئەڵماس بەرهەم دێنن.


پرسیار لەوێدایە کەئاخۆ چۆن ئەو کاربۆنە دادەبەزێت بۆ بەشى کەوڵ لەگۆى زەوى؟ لەکوێدا گۆڕان بۆ ئەڵماس ڕوودەدات؟
بەبۆچوونى زەویناسەکان(Geologists ) کردارى دابەزینى توێکڵى زەوى بۆ ژێر بەشێکى ترى توێکڵ کەئەویش لە سنوورە پێکدادانەکاندا (Convergent boundaries ) ڕوودەدات وەڵامى ئەو پرسیارانە دەداتەوە. ئەو نیشتەنى وکەڤرانەى کە کاربۆنیان تیدایە ، واتە دەوڵەمەندن بە توخمى کاربۆن، و لەسەر پلێتى توێکڵى ئۆقیانوسى یان زەریایى(Oceanic lithosphere ) دەنیشن لە سەر ڕووى زەوى بە ڕێگەى ئەو سنوورانەى کە پێکدادان لە نێوان پلێتەکاندا ڕوودەدات دادەبەزێت بۆ بەشى کەوڵ. ئەمە وادەکات کاربۆن بگۆڕێت بۆ ئەڵماس، و هەندێک لەو ئەڵماسەش لە و بەشەدا بگیرسێتەوە یان جێگیر ببێت کە دەکەوێتە بن کیشوەرەکان. بەڵام لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە کە ئەڵماس لەو قووڵییەدا دروست ببێت، چۆن دەگەڕێتەوە سەرەوە؟ یەکێک لە ئەگەرەکان ئەوەیە کە شکان لە توێکڵى زەویدا ڕووبدات و ئەمەش وابکات بەشێک لە لیسۆسفیرى کەوڵ بتوێتەوە.لە ئەنجامى ئەم کردارەدا گڕتاو (ماگما) بەرهەم دێت و بەرەو سەرەوە بەرزدەبێتەوە و لەگەڵ خۆى ئەڵماسەکان بەرز دەکاتەوە بۆ سەر ڕووى زەوى. نزیک لە ڕووى زەوى، ئەو گڕتاوە سارد دەبێتەوە و ڕەق دەبێت و جۆرێک لەکەڤر دروست دەکات کەناودەبرێت بە کیمبرلایت (Kimberlite )،هەندێک لەو کریستاڵانەى کەلەم جۆرە بەردەدا دەبینرێن بریتیین لە ئەڵماس.


ئەو گڕتاوەى کە کیمبرلایت دروست دەکات بڕێکى زۆر لە گازى تواوەى تیادایەکەئەمەش وادەکات ئەوکەفە بەکتوپڕى بگاتە سەر ڕووى زەوى. کەڤرى کیمبرلایت تەنێکە لەشێوەى گوێزەردایە کە پانییەکەى 50-200م دەبێت و بەلانى کەمەوە یەک کیلۆمەتر قووڵە، ئەم شێوەیەش وادەکات بەم تەنە بوترێت بۆرى کیمبرلایت ( وێنەى ژمارە 2).


بیروباوەڕى تریش هەیە پێشنیار دەکات کە ئەو ئەڵماسەى ئێستا لە ئەڵقەى بووکێنى ئەمیرەکاندا دەدرەوشێتەوە، پێش 3.2 بلیۆن ساڵ لەئەنجامى دابەزینى بەشێکى توێکڵى زەوى بۆ ناوچەى کەوڵ دروست بووە. ئەو ئەڵماسانەش لە قووڵایى 150کم لە ڕووى زەوییەوە جێگیر بوون تا کاتى ڕوودانى هەردوو شکانى کیشوەرەکان. کەیەکەمیان لە بەشى کۆتایى چاخى پریکامبریدا( نزیکەى 550ملیۆن ساڵ پێش ئێستا) و ئەویتریشیان لەکۆتاى چاخى ژیانى ناوەڕاستدا(نزیکەى 65ملیۆن ساڵ پێش ئێستا) ڕوویدانداوە هاتونەتە سەر زەوى وەک هاتنەدەرەوەى دێوەکى عەلائەدین لە چراکەیەوە.بێگومان ڕووداوى دووەمیان بووە هۆى شکانى کیشوەرە زەبەلاحەکەى کە ناودەبرێت بەپانجیا (Pangaea ).


دەرهێنانى ئەڵماس:
دەرهێنانى ئەڵماس لە کەڤرى کیمبرلایت کە قووڵییەکەى زۆر زۆرە تەنها بەهەڵکەندن ئەنجام دەدرێت، واتە هەڵکەندنى کەڤرەکان و پاشان شکاندن و ئینجا جیاکردنەوەى ئەڵماسەکە دێت ( شێوەى ژمارە 3). بەڵام هەندێک جار سروشت خۆى ئەڵماسەکە دەهێنێتە سەر زەوى. لەوشوێنانەى کە کیمبرلایت لەسەر زەوى دەرکەوتووە بۆماویەکى جیۆلۆجى زۆر (ملیۆنەها ساڵ) ، ئەمەش لە ڕێگەى کارلێکردنى لەگەڵ ئاو و هەوادا( ئەمەش بریتییە لە کەشاندنى کیمیایى) .ئەم کردارە وادەکات کە خاوەکانى کەڤرى کیمبرلایت پارچەپارچە ببن و جیاببنەوە و ببنە دەنکۆڵەى ناو ڕوبارەکان. لەبەر پتەوى ئەڵماس و خۆڕاگرتنى بەرامبەر کردارەکانى کەشکارى و داخوران لەناوچەوى ڕوبارەکاندا دەدۆزرێتەوە. ئەمەش وادەکات کە بەساکارى وئاسانى ئەڵماس لە لیتەى ڕوبارەکاندا بدۆزرێتەوە ئەگەر گەڕان ئەنجام بدرێت بۆى.


ئەڵماسى ناو کیمبرلایت لە زۆر جێگەى دنیادا هەیە بۆنموونە باشوور و ناوەڕاستى کیشوەرى ئەفریکا(نزیکەى 49% ئەڵماس دابین دەکەن) و سایبریا و باکوورى کەنەدا و هیند و بەرازیل و بۆرنیۆ و ئۆسترالیا و ئەمریکا. بێگومان گشت جۆرى ئەڵماس وەک یەک بەنرخ نیین، واتە بە پێى پاکى و ڕوونى و ڕادەى کریستاڵیی و قەبارەکەى نرخەکەى دەگۆڕێت.


قەبارە و جۆرى ئەڵماس:
بەهاى ئەڵماس لە ڕووى جۆرییەوە لە قەبارەکەیەوە وەردەگیرێت. پێوانەى ئەڵماسیش بەقیرات (Carat ) دەبێت( 1قیرات=200میلیگرام=0.2 گرام). هەروەها 1 ئاونس=142قیرات.دەبێت تێکەڵى نەکەین لەگەڵ عەیارە (Karat ) کە پلەى پاکى ئاڵتون پیشان دەدات. ئاڵتونى پاک عەیارەکەى 24 بەڵام ئاڵتونى عەیارە 18 واتە داڕشتەیەکە(Alloy ) کە لە 18 بەش لە ئاڵتون و 6 بەشى ترى لە کانزاکانى تر پێکدێت. ئەڵماس بەنزیکى 130ملیۆن قیرات ( 26000کگم) ساڵانە لەکانەکانەوە بەرهەم دێت، کە تێکڕا نرخەکەى دەگاتە 9 بلیۆن دۆلارى ئەمریکى . هەروەها نزیکەى 100000 کگم ساڵانە بەشێوەیەکى دەسکرد لەتاقیگەکاندا دروست دەکرێت.


گەورەترین ئەڵماس کە تا ئێستا دۆزرابێتەوە ناودەبرێت بە ئەڵماسى کوڵینان و لەساڵى 1905 لە ئەفریکاى باشوور دۆزراوەتەوە، کێشەکەى 3106 قیرات بوو( واتە 621گرام)پێش بڕین. پاشان بڕدراوە بۆ یەک گەوهەرى گەورە کە کێشەکەى 516قیرات بوو و چەند دانەیەکى بچوک.لە پێناو ئاسانکارى بەراوردکردندا کێشى ئەو ئەڵماسەى کە لەسەر مستیلەیەکى بووکێنى دادەنرێت لە 1 قیرات کەمترە. بێگومان ئەڵماس خاوێکى بەنرخى دەگمەنە بەڵام دەگمەنییەکەشى بەو ڕادەیە نییەکە نرخى ئاوا یەکجار بەرزبێت، بەڵام کۆمەڵەى جیهانى بۆبەرهەمهێنانى ئەڵماس هەمیشە بەشێکى زۆرى وەک یەدەک هەڵدەگرن لە پێناو ئەوەى کە بازاڕ پڕنەبێت لە ئەڵماس و نرخەکەى دابەزێت.


بوونى ئەڵماس لە باشوورى کوردستان:
تا ئێستا لەهیچ توێژینەوەیەکى زەویناسیدا ئاماژە بەوەنەکراوەکەئەڵماس لەشوێنێکى باشورى کوردستاندا دیارکرابێت یان ئەگەرى بوونى هەبێت. هەڵبەت بەهیچ شێوەیەک لەناوچەکانى کەڤرەنیشتەنییەکاندا نییەو چاوەڕێى دۆزینەوەى نین . ئەوەى کەدەمێنێتەوە ناوچەکانى سەرسنوورەلەگەڵ ئێران دا کەزیاتر کەڤرەکانیان ئاگرین وگۆڕاون وپشتێنەیەکى باریک لە پێنجوێن و ماوەت وقەڵادزەو لەوێوەبۆ ناوچەکانى ڕایات وشاخى قەلەندەر دروستدەکەن،ئەمەش لەڕووى زەویناسی و ئەوهەوڵانەى کە تا ئێستا دراون بۆ لێکۆڵینەوەى ئەوناوچانە هیچ ئەگەرێک دانانێن بۆ بوونى ئەڵماس لەم بەشەى کوردستان. لەوانەیە لەهەندێک شوێن چەندکریستاڵێکى جوانى ڕوونى شێوە ڕێکى ڕەق دەدۆزرێتەوە،وەک ئەوەى لەوێنەى ژمارە 4 دا دیارە، بڕوادەکرێت کەئەڵماس بێت بەڵام ئەوانەخاوى کوارتزن وئەڵماس نین ، لەوتارێکى جیادا دا باس لە دروست بوونیان دەکەم لەهەندێک لە ناوچەى کوردستان. کەواتەوەک ئاماژەى پێدرا دروستبوونى ئەڵماس بارودۆخێکى واى دەوێت لەپەستان وپلەى گەرمى کە ئەم کەڤرانەى لاى ئێمەنەگەشتونەتەئەوپلەیە،بۆیە بوونى ئەڵماس لەم ناوچانەنە چاوەڕوان کراونییە.

_________________________________
سەرچاوەکان:

-Grotzinger، J.، Jordan، T.H.، Press،F.، and Siever، R.، 2007، Understanding Earth، Freeman and
Company،New York،y، 579p.
-Hamblin،W.K.، and Christansen،E.H.، 2004، Earth's Dynamic Systems، 10th Edition، Pearson،
Printice Hall، New Jersey، 759p
-Jassim، S.Z. and Goff، C. (ed.)، 2006، Geology of Iraq، Published by Dolin، Prague and Moravian
Museum، Brno، 341p.
Perkins، D.، 2002، Mineralogy، Prentice-Hall of India، New Delhi، 483p. -
-Smith،G.A.، and Pun،A.، 2006، How does earth work?، Pearson Printice Hall، New Jersey، 641p.

- محێدین،ئیبراهیم محەمەد جەزا ،عیسا،بابارەسول غەفور ،رەزا، کەیوان مەحمود، 2002، فەرهەنگى زەویناسى(ئینگلیزیى- کوردیى)،
چاپخانەى بەدرخان،سلێمانى،127ل.
-غەریب، کەمال جەلال، 2002، کەڵە فەرهەنگى مەعدەنەکان، کوردى- عربى ئینگلیزى، سلێمانى، 274ل.
-قەرەداغى،حەمەڕەشید، 2009، فەرهەنگى ئازادى(ئینگلیزى-کوردى)، چاپى دووەم،دەزگاى چاپ ونەشرى احسان، 1240ل.


وێنەى ژمارە 1: پێکهاتەى کریستاڵى ئەڵماس وگرافایت.

 


وێنەى ژمارە 2:
کیمبرلایت لەئەفریکاى باشوور.

 


وێنەى ژمارە 3:
خاوى ئەڵماس لەناوبەردێکى کیمبرلایت دا.

 


وێنەى ژمارە 4:
نموونەى کریستاڵى کوارتزى کوردستان.

 


*پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر/ بەشى زەویناسى، زانکۆى سلێمانى.


ibrahimjaza@yahoo.com