په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٩\٢٠١٠

ئەڵقەیەک لە ملهوڕیی و دەستدرێژییه‌کی بەرنامەداڕێژراو.

 

 


"کەمپینی بەرگری لە ئازادی- دانمارک" لەدواین کۆبونەوەی خۆیدا، ئێوارەی پێنج شەممە 23-9-2010، لە دووتوێی هەڵسەنگاندنی بارودۆخی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان، بەدوای تیرۆری "سەردەشت عوسمان"دا، پێداگری لەسەر ئەوخاڵە کرد؛ کە ئێستا زیاتر لە هەرکاتێکی تر دەستەکانی پشت ئەم تیرۆرە ئاشکرابون لای خەڵکی کوردستان، ئەویش بە شانۆسازیەک کە "لیژنەی لێکۆڵینەوە" لە 15-9-2010 خستویەتیەڕوو لە سەر تیرۆری "سەردەشت عوسمان". بەڵام لەلایەکی ترەوە، ئامادەیی جەماوەری ئازادیخواز بۆ خرۆشان و هاتنەسەرشەقام و دەربڕینی ناڕەزایەتی سستیەکی بەخۆیەوە بینیوە، بەهۆی هەوڵە سەرکوتگەریەکانی "پارتی دیموکراتی کوردستان"ەوە.


بە مەبەستی بەشداریکردن لە هێنانەدی دیوارێکی بەهێزی جەماوەری لەبەردەم دەستدرێژی، پێشێلکاری و ملهوڕی دژی ئازادیە سیاسی، فکری و ڕۆژنامەوانیەکان لەلایەن حیزب و هێزە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانەوە، "کەمپینی بەرگری لە ئازادی - دانمارک" ئەو هەنگاوانەی خوارەوە بەپێویست دەزانێت:


1- هەڵمەتێکی بەربڵاوی ڕاگەیاندن بۆ پوچەڵکردنەوە و ڕیسواکردنی شانۆسازیەک کە "لیژنەی لێکۆڵینەوە" خستویەتیەڕوو، لە تۆمەتی "تیرۆریست" خستنە پاڵ "سەردەشت عوسمان"ی قوربانی بەرگریکەر لە ئازادی. کە ئەمەش زەنگێکی خەتەرناکە بۆ مامەڵەکردنی هەردەنگێکی ئازادیخواز وەک تیرۆریست لە کوردستاندا.
2- چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ هێنانەدی فشارێکی نێونەتەوەیی بۆسەر "پارتی" لەڕێگەی پەیوەندی کردن بە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، حیزبە سیاسیەکان و پەرلەمانتاران، کەناڵەکانی میدیا، دامەزراوەکانی یەکیەتی ئەوروپا....هتد.
3- هەوڵدان بۆ پەیوەندیگرتن بە کەمپین و کۆمیتەکانی بەرگری لە که‌یسی سەردەشت عوسمان لە وڵاتانی جۆراوجۆر لەدەرەوەی وڵات، بە مەبەستی هێنانەدی هاوئاهەنگیەک لە کارەکان و بۆ کەنالێزەکردنی توانا و ئینێرژیەکان بە ئاقارێکی هاوبەشدا.
4- هەوڵدان بۆ بەرپاکردنی پەیوەندیەکی توندوتۆڵی کەمپینەکانی دەرەوەی وڵات بە کەمپین، کۆڕوکۆمەڵ و مەڵبەندەکانی هەڵسوڕاو لە که‌یسی سەردەشت عوسماندا لە ناوخۆی کوردستان.


لەڕێگەی ئەم ڕاگەیاندنەوە، "کەمپینی بەرگری لە ئازادی- دانمارک" بانگەوازی تەواوی کەمپین، کۆمیتەکان، هەڵسوڕاوانی ئازادیخوازی کوردستانی و عێراقی دەکات کە لەهەوڵی هێنانەدی پەیوەندی و هاوئاهەنگکردنی کار و چالاکیەکانیاندا بن لە دەرەوەی وڵات. نابێت ڕێگە بدرێت ئەم تاوان و دەستدرێژیە بۆسەر ئازادیەکان لە کوردستاندا، هەروا بەئاسانی تێبپەڕێت، چونکە ئەمە ئەڵقەیەکە لە ملهوڕی و دەستدرێژیەکی بەرنامەدارێژراو بۆ داسەپاندنی ئیستیبدادی فکری و سیاسی بەسەر کۆمەڵگەی کوردستاندا.

 


کەمپینی بەرگری لە ئازادی - دانمارک
kampiniazadi@yahoo.com