١٧\٨\٢٠١٨
ئێلزا
لەبەر ئاوێنەدا.

لویس
ئاراگۆن*
و: نەژاد عەزیز سورمێ
لە چڵەپۆپەی کارەساتەکانمدا
بەدرێژایی ڕۆژێ
لەبەر ئاوێنەکەی دانیشتووە ،
قژە زەردە زێڕینە ورشەدارەکەی
دادەھێنێ ..
وەھام دەھاتە بەرچاو ،
دەستە ناسکەکانی
بڵێسە ڕێک دەخەن ..
*
لە چڵەپۆپەی کارەساتەکانماندا .
بە درێژایی ڕۆژێ
لەبەر ئاوێنەکەی دانیشتووە
قژە زەردە بریسکەدارەکەی
دادەھێنێ ..
دەتگوت (چەنگ)ێکی زێڕین
بێ بڕوا
لە چڵەپۆپەی کارەساتەکانماندا
دەژەنێ ..
چەندان سەعات
بە دیار ئاوێنەکەی دانیشتووە ..
قژە زەردە زێڕینە ڕەونەقدارەکەی
دادەھێنێ ..
وەک ئەوەی بە ویستی خۆی
قوربانی
بە یادەوەرییەکانی بدا ،
بەدرێژایی ڕۆژێ
لە پێش ئاوێنەکەی دانیشتووە
ھێشتا بەخێرھاتنی
ھەڵاوی پەرش و بڵاو دەکا ..
بێدەنگ
وەک ھەر کەسێکی دی ،
بە ویستی خۆی
قوربانی بە یادەوەرییەکانی داوە
لە چڵەپۆپەی
مەینەتییە سەختەکانماندا ..
ئاوێنە ڕەشەکەی ،
وێنەی جیھان بوو ..
شانەکەیشی
کە ئاگری ئەو بارستە ئاوریشمینەی
لوول دەدا
گۆشەی یادەوەرییەکانی منی
ڕووناک کردبووەوە ..
*
لەوپەڕی ڕۆژگارە سەختەکانماندا
وەک ئەوەی پێنجشەممە
بکەوتبێتە نیوەی حەفتە
خۆی لە ئاوێنەدا بینی
بێ ئەوەی قسە بکا
لە پێش یادەوەرییەکانیدا
دانیشتووە ..
ئەوانەی دی
لەم جیھانە تاریکەدا
ستایشیان دەکەین
ئەوانەی ڕۆڵی کارەساتەکانمان
دەنوێنن
یەک بەدوای یەکدا دەمرن ..
پێویست ناکا ناویان بێنین
تۆ دەزانی چ یادەوەرییەک
بەسەر ئاگردانی
ئەم ڕۆژگارە پەڕپووتەدا
دەسووتێ ..
*
لە قژی زەردی زێڕینی
کە لەوێ دادەنیشێ
بە بێدەنگی دایدەھێنێ
گڕی لێ ھەڵدەستێ.
_____________________________________________
*
لویس ئاراگۆن:
(١٨٩٧ - ١٩٨٢)
شاعیری ناسراوی فەڕەنسی کە لە ھەمانکاتدا ڕۆماننووسیش بووە. یەکێکە لە
پێشەنگەکانی ئەدەبی ریالزمی نوێی فەڕەنسی لە لایەنگرانی کۆمەنیستەکانی
ئەو وڵاتە. بڕوانە :
adab.com
ماڵپەڕی
نەژاد عەزیز سورمێ
|