په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

ئەم بڕیارە دووفاقیەی (یەکێتی و پارتی) دارێکە هەردوو سەری عەمبەربەرییە !


گۆران دوکانی  


ئاشکرایە دوای پەسەند کردنی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی عێراق هەریەک لە تاڵەبانی سەرۆک کۆمارو عادل عەبدول مەهدی جێگری ، واژۆیان لەسەر یاساکە کردو ( گارق هاشمیش ) ڤیتۆی لە بەرامبەر یاساکە بەکار هێنا ، لەلایەکی دیکەوە بەرزانیش هەڕەشەی بایکۆت کردنی هەڵبژاردن دەکات لە هەرێمی کوردستاندا.


لێرەدا واز لە هەموو بیروڕا و خوێندنەوەی جیاوازی سیاسیەکانی ناوەند دێنین و ئەوەی ناوەڕۆکی ئەم بابەتەیە ئەو سیاسەتە دووفاقیە هەزەلیەی سەرکردایەتی سیاسی کوردە لەمەڕ یاسای هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی عێراق و بەتایبەتیش لێدوان و هەڵوێستە دژ بە یاساکانی ئەم دواییەی ڕاگەیاندنەکانی یەکێتی و پارتی و بەتایبەتیش هەردوو بڕیارە جوداکەی خودی ( تاڵەبانی و بارزانی ) !


تاڵەبانی دوای پەسەند کردنی یاسای هەڵبژاردن لە پەڕلەمان واژۆی لەسەر یاساکە کردوو بە پەلە کڕوزێ بەرەو ووڵاتی فەرەنسا بەڕێکەوت.


ئێمە لێرەدا باس لە سەردانە کتووپڕەکەی تاڵەبانی ناکەین بۆ فەڕەنسا ، چونکە تاڵەبانی سەفەرێکی چارە نوسسازی لەبەردەم دابوو ، وا بڕیار بوو سەر پەرشتی کۆنگرەی بە جینۆناساید ناساندنی ئەنفال بکات لە پاریس ، بەڵام بەهۆی ناجێگیری کەش و هەواو بڵاو بونەوەی پەتای ئەنفلۆنزای بەراز کۆنگرەکەی تاڵەبانی و وەک زۆربەی کۆنگرەکانی دیکەی دواکەوت بۆ کاتێکی نادیار !!!!

 
باشە گریمان تاڵەبانی واژۆ کردنی ئەم یاسایەی بەسەردا تێپەڕی ، ئەی ئیشوکاری ئەو پۆلە ڕاوێژکاروو وەزیرو سیاسیانەی کورد لە بەغدا چیە ؟!


ئایە بەر لە واژۆ کردنی یاساکە لەلایەن تاڵەبانییەوە جەنابیان لە فەزیحەی زیاد کردنی تەنها (3) کورسی لەکۆی هەر سێ پاریًزگاکەی هەرێم ئاگادار کراوەتەوە لەلایەن ئەو هەموو ڕاوێژکارانەی کەس نازانێ کێن و ؟! کاریان چیە ؟!


یاخود ئایە تاڵەبانی ڕاستیەکان لە میللەت باشتر دەزانێت ، بەڵام واژۆ کردنی یاسایەکی وەها هەستیار دەکاتە قوربانی دووبارە هەڵبژاردنەوەی خۆی بە سەرۆک کۆمار ، یاخود بۆ هەر مەرامێکی سیاسى دیکە بێت وەک ئەو مەرامە سیاسیانەى خوی و حیزبەکەی کە لە ڕابردوو دا میللەت بە ئاشکرا درکی پێکردون ؟!


ئەوەی لە هەمووشی زیاتر جێگای پێکەنینە پەردە پۆشکردنی ئەم فەزیحەیەی تاڵەبانی یە لەلایەن سیاسی و مورید و لایەنگرانی حیزبەکەیەوە ، کە بەجۆرێک میللەت چەواشە دەکەن سەرەڕای تێپەڕبوونی یاساکە بەسەر تاڵەبانی دا باس لەوە دەکەن واژۆ کردنی یاسای هەڵبژاردنەکان لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە ئەزمونێکی دیکەی گەورەیە لە مێژووی عێراقیەکاندا بە گشتی ، یاخود وەک ( د.فواد معسوم ) لە لێدوانێکدا دەڵێت ( واژۆ کردنی یاسای هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە هیچ پەیوەندی نی یە بە مەسەلەی زیاد نەکردنی کورسی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانەوە !! ).

 
لەلایە کیترەوە ڤیتۆکردنی یاساکە لەلایەن ( تارق هاشمی ) ەوە ، دوو خوێندنەوەی جیاوازو و تەنانەت دەتوانین بڵێین دژ بە یەکیشی لای کادیرانی ( یەکێتی وپارتی ) دروست کرد.


زۆرینەی کادیرانی ڕاگەیاندنی یەکێتی باس لەوە دەکەن ( ئۆباڵی دواکەوتنی هەڵبژاردن ) یاخود ( دروستبوونی هەر کێشەیەک لەبەردەم هەڵبژاردنەکاندا ) ئۆباڵی بە ئەستۆی هاشمیە ، تەنانەت هەندێک لە کادیرانی ڕاگەیاندنی یەکێتی هاشمی بە خیانەت کار ناو دەبەن ، ئەو هاشمیەی کە تاڵەبانی سکتێری گشتی حزبەکەیان لە هاوینەهەواری دووکان ڤێللاێک و پاسەوانی تایبەتی بۆ دابین کردبوو !!


بەڵام بە پێچەوانەوە لای زۆرێک لە بەرپرسە باڵاکان و ئەندامان و کادیران و ڕاگەیاندن کارانی پارتی پێیان وایە ڤیتۆ کردنی یاسای هەڵبژاردن لەلایەن هاشمییەوە ئومێدێکی گەورەی موژدە بەخشە بۆ کورد !!، تەنانەت هەندێک لە کادیرانی پارتی ڕەخنەی توندیان لە تاڵەبانی گرت لە هەمبەر واژۆ کردنی یاساکەو پێیان وابوو تاڵەبانی پەلەی کردوە لە واژۆ کردی یاساکە.


هەر لەو بارەیەوە بارزانی هەڕەشەی بایکوتکردنی هەڵبژاردنی کرد لە هەرێمی کوردستاندا و ئەم بڕیارەی بارزانیش جێگەی ئافەرینێکی بێ وێنە بوو لە لایەن کادیران و ئەندامانی حیزبەکەیەوە.


ئەوەی لە کۆتایدا پێویستە بوترێت ئەم بڕیارە جیاوازو تەنانەت دژەی نێوان ( یەکێتی و پارتیە ) لەمەڕ یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق ، ئەم بڕیارە جودایانەی ( یەکێتی و پارتی ) جارێکی تر ئەو ڕاستیەمان بیر دەخەنەوە کە بەرپرسانی هەردوو حیزب خاوەن خیتابێکی سیاسی یەکگرتوو نین لە بەغداد.


تەواوی سەرکردەکانی کورد هەریەک بە مەرام و ئاراستەی بیری تەسکی حیزبایەتی خۆی تەواوی پرسە نەتەوایەتی و چارەنوس سازەکانی میللەتیان کردۆتە قوربانی ئۆرگانەکانی حیزب و کورد ووتەنی هەریەک بە بای خۆی شەن دەکات.


ئەم دووفاقیەی (یەکێتی و پارتی ) لە مەڕ یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کاتیًکدایە ڕێککەوتنی ستراتیژی لە نێوان هەردوو لادا واژۆ کراوە و حکومڕانی میللەت دەکەن ، هاوکات ئەوەش میللەتە لە وەها دوو بڕیاری جودای ( یەکێتی وپارتی ) دارێکی بەدەستەوەیە هەردوو سەری عەمبەربەریە !
 

 

ئەنقەرە