په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

ئەمجارە بە توانجەوە!

 

هەژێن

 

لە گەشتەکەمدا بۆ بیرەوەریستان، ئەوەی کە زۆر سەرنجی راکێشام وێرانی زمانی کوردی بوو، بەتایبەت ئەو زاراوەیەی کە بڕیارە ببێتە ستاندارد و پێدووانی زاراوەکانی تر ناچار بە لەبیرکردنی زاراوەی خۆ و فێربوون و پێدووانی وی بکرێن.

 

کە دەڵێم ناچار بە لەبیرکردنی زاراوەی خۆ، پشت بەو ڕەخنە و ڕەخنەکارییەی کۆمەڵێك لە نووسەران دەبەستم کە بوونەتە دوو بەرە و بەرەی یەکەم خوازیاری زمانی یەکگرتووی کوردین، بە زەمینەسازی بۆ فێربوون و تێکەڵاوی زاراوەکان و دەولەمەندکردنی زمانەکە بەگشتی و بەرەی دووەمیش خوازیاری ستانداردکردنی زاراوەی سۆرانی لەناو سۆارنیشدا ئاخاوتنی شاری سلێمانی-ین و دەیانەوێت بە بیانووی پاراستنی یەکپارچەیی کورد، زاراوەکانی تر لەبیر بکرێن.

 

کە دەڵێم - لەناو سۆارنیشدا ئاخاوتنی شاری سلێمانی-، مەبەستم ئەوەیە کە سۆرانی تەنیا شێوە ئاخاوتنی سلێمانی نییە و شێوە ئاخاوتنی سنەیی، سابلاخی، هەولێری، کەرکوکی و ... دەگرێتەوە، کەچی ئەو بەڕێزانەی کە هاتوهاواری ستانداردکردنی ئەو زاراوەیانە، هیچکات لەبری بەکاربردنی واژەیەکی بیانی، لە هەوڵی ئەوەدا نەبوون و نین، واژەیەکی ئەو شارانەی تر بەکار بەرن که‌ سۆرانیشن و تەنانەت هەروەك چۆن ئەوڕۆکە دژی فراوانکردنەوەی زمانی کوردی -ئەوەی پێی دەخوێندرێت-ن، بەدڵنیاییشەوە دژی بەکاربردنی واژه‌ی نێو شێوە ئاخاوتنەکانی شارەکانی تری(سۆانینشین)یش دەبن.

 

لەکاتێکدا کە زمانە زیندووەکانی جیهان بەردەوام لە گەشەکردن و بژارکردندان و لە نێوانیاندا هەست بە ئامێتەبوونێکی لەسەرخۆش دەکرێت. کەچی بەرەی دووەمی پرسەکە لە زمانی کوردیدا ئامادەنین ئەلف و بێیه‌ك چ لە ڕووی بەکاربردن و چ لە ڕووی ڕێزمانییەوە بخرێتەسەر ئەوەی کە هەیە. چونکە ئەوەندەی من لە نووسەرانی بەرەی یەکەم گەیشتبم، هیچکات مەبەستییان دابڕان و نەخوێندن نییە بە زاراوەی سۆرانی. بەلکو بەپێچەوانەوە خوازیاری دەوڵەمەندکردنی ئەوەن کە هەیە، بە زاراوەکانی تر و لێك نزیککردنەوەیان لە یەکتر.

 

وەك دەزانین زمانی هاوبەش، بازاری هاوبەش دروستی دەکات و ئەمەش بەجۆرێك لە پاش راپەڕینی 1991ەوە دەیبینین، چونکە پێداویستی بازرگانی و هاتوچۆ و تێکەلاوی دروستی دەکەن. جاران کە دانیشتوانی سلێمانی بۆ هێنانی شمەك دەچوونە بەغدا، بازرگانەکان یا خوێندکارەکان کە دەچوونە بەغدا ناچار دەبوون زمانی عەرەبی فێربن. ئەمەش شتێکی ئاساییە، چونکە زمان ئامرازی پەیوەندی و لێکگەیشتنە. ئەوڕۆکە کە بازرگانانی سلێمانی ناچار دەچنە دهۆك و زاخۆ هەروا پێویستە شێوەئاخاوتنی ئەو دەڤەرە فێربن، نەك بەو جۆرەی کە نووسەرانی بەرەی دووەم چاوەڕوان دەکەن، دانیشتوانی دەڤەری بادینان لەبەر خاتری تاکێکی سۆرانی، ناچار هەموو دەبێت زاراوەی خۆ لەبیرکەن و سۆرانی فێربن. خودی ئەو ناچارییە کە وا دەکات هۆرامییەك لە سلێمانی دا بە سۆرانی و بادینییەك لە هەولێردا بە سۆرانی بپەیڤێت، هەروا دەبێت سۆرانییەك ناچاربێت کە دەچێتە هەورامان یا بادینان، هۆرامی و بادینی کرمانجی* - لەبەر ئەوەی وشەی کرمانجی بە واتای تریش بەکار دەبرێت، من بادینیم بەکار بردووە- فێر بێت.

 

ئالێرەدایە خوێندنی زاراوەکانی تر -هاوکات- دەبێتە پێداویستی و هاوکاتیش زمانی کوردی دەوڵەمەند ده‌کات، چونکە هەر یەك لە زاراوەکان واژەیەکی تایبەت بۆ کردارێك یا ناوێك یا ئاوەڵناو و ئاوەڵفرامنێك بەکار دەبەن و ئەمەش وادەکات کە زمانی کوردی یەکگرتوو و ستاندارد واژەگەلی هاوواتا (مرادف)ی زۆر بێت.

 

زمانی ئاڵمانی کە زمانێکی دەوڵەمەندە، کەچی سالانە ریفۆرم لە ڕێنووس و بوارەکانی تری زمانیدا دەکەن. بەپێچەوانەی ئەمەشەوە زمانی کوردی کە لەژێر کارایی هەندێ باری ڕامیاری تایبەتدا یەکێك لە زاراوەکانی کراوەتە زمانی ئەدەب و نووسین، نەك گرنگی بە ڕێفۆرمکردنی نەدراوە، بەڵکو لەژێر کارایی هەمان باری ڕامیاریدا وێرانکراوە و کاتێك کە کەسانێك دێن و قسە لە دەوڵەمەندکردن و ژیانەوەی دەکەن و بۆ ئەم مەبەستە خوێندنی زاراوەکانی تر و بەکاربردنی زاراوەکانی تر لە بواری ڕاگەیاندا پێشنیار دەکەن، کەسانێکی ناوچەگەر پێشنیارێکی وا دەماریان دەگرێت و بە هەموو توانایانەوە دژی هەر هەوڵێك دەوەستنەوە کە کە باس لە گۆران بکات، ئیتر ئەم گۆڕانە چ لە ڕووی ڕێنووسەوە بێت یا لە ڕووی ئامێتەکردنی زاراوەکان و یەکگرتنیان.

 

ئەم دژە ڕیفۆرم و گۆڕانە دژێکی تر بەرهەم دێنێت، کە گەڕانەوەیە بۆ ناوچەگەری و پشتگوێخستنی زمانێکی هاوبەش. ئەمە بەدبەختییە کە هاوولاتیەکی دەڤەری بادینان لەم نووسینەی من نەگات، هەرچەندە من بۆ ئەویش دەنووسم، ئەوەش ڕێگەچارە نییە کە ناچار بە فێربوونی زۆرەملێییان بکەین، وەك هەندێك نووسەر داوا لە میرەکانی سۆران و بادینان دەکەن، لەبارەی ستانداردکردنی زاراوەی سۆرانییەوە بڕیارێکی بێچەندوچوون بدەن. ئاخر لە چ سەردەمێکدا بڕیاری زمانی یەکگرتوو و ڕێنووسی ستاندارد کاری سەرۆکپارتان بووە و ئەوانێك کە هێندەی خوێندکارێکی سەرەتایی سەریان لە زمان دەرناچێت و ئەم و ئەو پەرتووکەکانیان بۆ دەنووسنەوە و بۆیان پاکنووس دەکەن.

 

من لە هات و هاواری ئەو بەڕێزانەدا تەنیا دەمارگیری ناوچەگەری دەبینم، ئەگینا لەوەدا کە ڕێزمانی هۆرامی و کرمانجی و لوری هاوشانی ڕێزمانی سۆرانی بخوێندرێن چ زیانێك دەکەین، ئەمە ئەگەر زمانی کوردی دەوڵەمەند نەکات، خۆ وێرانی ناکات، ئەگەر هەمەگیری نەکات، ئەوا ناوچەگیری ناکات؟! دەکرێت ئەم پرسیارە لە خۆمان بکەین: بۆ دەبێت پێدووانی زاراوەکانی هۆرامی و کرمانجی و لوری ناچاربکرێن بۆ خوێندنەوەی نووسینێکی ئێمە فێری سۆرانی ببن و لە بەرامبەردا ئێمە ئامادە نەبین زاراوەکانی وان فێربین و بۆ ئەوان بنوووسین؟ ئایا ئەمە لۆژیکی تێدایە و ئاوەزپەسەندی دەکات؟

 

وەك لە سەرەتای بابەتەکەمدا پەنجەم بۆ راکێشا، لە سەردانەکەمدا ئەوەی دیتم و سەرنجی راکێشام وێرانی زمانی کوردی و زاراوەیەك بوو کە بووەتە زمانی ئەدەب و بواری خوێندن و کارگێڕی. بۆ ئەم مەبەستە سەرنجی زۆر شتم دا، لەوانە گۆڤار و ڕۆژنامە و تەلەفزیۆن و چاپکراوەکانی شالیارگەی پەروەردە و فێرکردن** و دیتم ئاوەکە لە بنەوانەوە لێڵە، ئەوە پەرتووکەکانی قوتابخانەن لاوان فێری چەوتنووسین و چه‌وتخوێندنەوە و چه‌وتپەیڤین دەکەن. بۆ پەسەندی قسەکانم (پەرتووکی ڕێزمانی کوردی بۆ پۆلی پێنجەمی ئامادەیی، هی ساڵی 2006-2007 کە لەوانەیە چەند ساڵی تریش هەر بخوێندرێت) وەك نموونە بە بەسەرکردنەوەیەکی خێرا دەخەمە بەرچاوتان.

 

ئەو تێکستانەی وەرمگرتوون، بە ڕەنگی شین دەیانووسمەوە و هێڵیان به‌ ژێردا ده‌هێنم و هەڵەکانییشی بە رەنگی سوور دیاری دەکەم.

 

 

پێشەکی :-

کتێبەکانی زمان و ئەدەبی کوردی هەردوو قۆناغی ناوەندی و دواناوەندی، نزیکەی چارەکە سەدەیەک لە خوێندگاکانی کوردستاندا دەخوێندرێن ..... کەم‌و کوڕیان تێدابوو، زۆرجاریش مامۆستایانی زمان و ئەدەبی کوردی بیروڕاو پێشنیاری بەجێیان نووسیوە.

بەلام لەسەردەمی ڕژێمدا کەس گوێ‌ی بەو پێشنیار و بیروڕایانە نەداوەو ڕژێمیش مەبەستی نەبووە کە کتێبەکانی زمان و ئەدەبی کوردی بەرەو گۆڕانکاری‌و تازەکردنەوە بچێت.... .

...، بۆیە لەوەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان چەند لێژنەیەك دامەزرا.... بەو ئومێدەی کە توانیبێتمان خزمەتێکی چاکی زمانەکەو وانەی کوردیان کردبێت لەم رەوشی تازەی کوردستاندا.

.... هەر شتێکیان هەبێت بۆ بەرێوەبەرێتی‌ی گشتی‌ی پەروەردەی سلێمانی بنێردرێن بەشی پرۆگرامەکان، بۆ ئەوەی لەداهاتوودا سوودیان لێوەربگرێت‌و ببێتە سەرچاوەیەک، بۆ گۆرانکارییەکی بنچینەیی چونکە ئێمە باوەڕی تەواومان بەوە هەیە کە پرۆسەی خوێندن دەبێ بەردوام لە گۆران‌و گەشەکردندابێت.

 

ئەگەر سەرنجێکی سەرپێیی ئەو چەند په‌ره‌گرافه‌ی سەرەوە بدەین، بێجگە لەوەی لە ڕووی داڕشتنەوە زۆر لاوازن و لە بەڕەی هەژاران دەچن، که‌ لە هەزار پارچە قوماش چنراوە. ئەوا لە ڕووی ڕێنووس و ڕێزمانەوە پڕ هەلەیە. ئەوەندەی من بزانم کافی کۆتایی ئاوا دەنووسرێت (ك)، (و)ی پەیوەندی بە هیچ لە وشەکانی پاش و پێشی خۆیەوە نانووسێت. کاتێك کە ئێمە لە ڕستەیەکدا لە (کۆ) دەدوێن، دەبێت (فرمان)یش گوزارش لە (کۆ) بکات کتێبەکانی زمان و ئەدەبی کوردی بەرەو گۆڕانکاری و تازەکردنەوە بچن- هەرچەندە لێرەدا (بچن) هەلەیە، چونکە پەرتووکەکان بەخۆیان بکەر نین و به‌رکارن و ئەوە شاڵیارگەی پەروەروەردە و فێرکردنە بڕیارە پەرتووکەکان بەرەو گۆڕان و تازەکردنەوە بەرێت، کەواتە فرمانی (ببرێن) راست و گونجاوە. هەروەها دووبارە پاش ئەوە هەڵەیەکی تری وا ڕوویداوەتەوە، کە فرمانی (دامەزرا)یە. کاتێك کە ئێمە باس لە دامەزراندنی چەند لێژنەیەك دەکەین، ئیتر ئەم لیژنانە بە خۆیان دانەمەزراون، هەروەها چەند لێژنەیەکن نەك یەك لێژنە، کەواتە (دامەزرێندران، دامەزرێنران) دروستە.

 

لە وشەی (گوێ‌ی)دا (ی)ی کۆتایی بۆ سێیەم کەسی تاك دەگەڕێتەوە و بە ناوەکەوە دەلکێت، چونکە (گوێ)ی کەسەکەیە.

 

ئامرازی نیشاندان بە نێوی شوێنەکەوە نانووسێت و جیایە لێی و ئاوا دەنووسرێت - لە شالیارگەی (نەك وەزارەتی) پەروەردەی هەرێمی کوردستان- راستە. پاش ئەوە دیسانەوە راناوی لکاوی سێیەم کەسی کۆ بەهەڵە بەکارهاتووە - بەو ئومێدەی کە توانیبێتمان خزمەتێکی چاکی زمانەکەو وانەی کوردیان کردبێت کە لێرەدا ئەگەر مەبەست لە لێژنەکانە، ئەوا دەبێت بنووسرێت (کوردییان) واتە دوو (ی)، یەکی هی زمانی کوردی و یەکی هی ئامرازی سێیەم کەسی کۆ. ئەگەریش مەبست لە خودی شالیارگە و قسەکەرەکە یا نووسەری ئەو دێڕانە و هاوکارەکانییەتی ئەوا دەبێت بنووسرێت (کوردیمان).

 

هەرچەندە من بۆ خۆم نووسینی دوو (ی) وەك لەم نموونەدا هاتووە - هەر شتێکیان هەبێت بۆ بەرێوەبەرێتی‌ی گشتی‌ی پەروەردەی سلێمانی بنێردرێن بەشی پرۆگرامەکان،-  له‌ هه‌ندێ باردا پێیم دروست نییە، بەڵام لەبەر ئەوەی کە هێشتاکە ئەو پرسە یەکلا نەبووەتەوە و به‌ هه‌ردوو شیوه‌که‌ ده‌نووسرێت، لێرەدا قسەی لەسەر ناکەم. لێرەدا تەنیا باسی ئەوە دەکەم کە دەبێت بەیەکەوە بنووسرێن (هەر شتێکیان هەبێت بۆ بەرێوەبەرێتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی). دیسانەوە لەم رستەشدا فرمان گوزارش لە ناردنی شتێك دەکات لەلایەن خاوەنەکەیەوە، کە لەم ڕستەدا داوا لەو کەسانە یا نووسەرانە دەکات، سەرنج و رەخنەیە یا هەر شتێکیان هەیە بینێرن. کاتێك ئێمە داوا لە سێیەم کەسی کۆ دەکەین، بۆ ئەوەی هەر شتێکیان هەبێت  بنێرن، لێرەدا بکەر دیارە و راناوی لکاوی سێیەم کەسی کۆ دەبێتە پاشگری فرمانەکە و فرمانەکەش گوزارش لە کردەیەکی راستەوخۆ دەکات، واتە خاوه‌نەکە شتەکە بنێرێت نەك شتەکە بنێردرێت، ئەویش بەمجۆرە (هەر شتێکیان هەبێت بۆ بەرێوەبەرێتی‌ گشتی‌ پەروەردەی سلێمانی بنێرن). پاش ئەم ڕاستکردنەوەیە هێشتاکە، ڕستەکە لە ڕووی داڕشتنەوە هەڵەیە و دەبێت لەباری رستەی ئاساییدا، فرمان بەپێی یاسا رێزمانی کوردی لانیکه‌م زاراوەی سۆرانی- بکەوێتە کۆتایی رستەکەوە، واتە (هەر شتێکیان هەبێت، بۆ بەرێوەبەرایه‌تی‌ گشتیی‌ پەروەردەی سلێمانی، بەشی پرۆگرامەکان بینێرن.).

 

دواجار، وه‌ك وتم په‌ره‌گرافه‌که‌ له‌ به‌ڕه‌ی ده‌ستچنراوی هه‌ژاران ده‌چێت، که‌ هیچ ڕسته‌ و به‌شێکی له‌ته‌ك ڕسته‌ و به‌شه‌که‌ی تریدا نایێته‌وه‌.

 

کتێبەکانی زمان و ئەدەبی کوردی هەردوو قۆناغی ناوەندی و دواناوەندی، نزیکەی چارەکە سەدەیەک لە خوێندگاکانی کوردستاندا دەخوێندرێن ..... کەم‌و کوڕیان تێدابوو، زۆرجاریش مامۆستایانی زمان و ئەدەبی کوردی بیروڕاو پێشنیاری بەجێیان نووسیوە.

 

ئه‌گه‌ر سه‌ر‌نجی ئه‌م په‌ره‌گرافه‌ بده‌ین، ده‌بینین، هیچ یه‌ك له‌ نێوه‌ دێڕه‌کانی له‌ باری فرمانییه‌وه‌ له‌ته‌ك یه‌کدا نایێنه‌وه‌. فرمانی دوو نیوه‌دێڕی یه‌که‌م، گوزارش له‌ به‌رده‌وامی فرمانێکی هه‌نووکه‌یی ده‌کات، که‌ نزیکه‌ی چاره‌که‌ سه‌ده‌یه‌که‌ به‌رده‌وامه‌ و ئێستاش به‌رده‌وامه‌. به‌ڵام له‌ نیوه‌دێڕی دواتریدا فرمان گوزارش له‌ په‌رتووکگه‌لی به‌سه‌رچوو و گۆڕدراو ده‌کات، که‌ بوونه‌ته‌ به‌شێك له‌ ڕابوردوو و هیچ په‌یوه‌ندییه‌کیان به‌ ئێستاوه‌ نییه‌ و نه‌ماون. به‌ڵام له‌ به‌شی یه‌که‌مدا ده‌لێت " نزیکەی چارەکە سەدەیەک لە خوێندگاکانی کوردستاندا دەخوێندرێن نه‌ك خوێندراون! هه‌روه‌ها ڕسته‌ی دواتری به‌ بێ هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك و گرێدانه‌وه‌یه‌ك، یه‌کسه‌ره‌ هاتووه‌!

 

 

ڕاهێنان -2- ل27

 

گۆزە هەموو جارێك بە ساغی ناگەڕێتەوە لە کانی.         

 

داڕشتنی ئەم ڕستەیە هەڵه‌یە و ئاوا - گۆزە هەموو جارێك لە کانی بە ساخی ناگەڕێتەوە دروستترە. بۆ ئەوەی دروستی داڕشتنی ڕستەیەکمان بۆ دەرکەوێت، ئەوا پێویستە پرسیاری ئاراستە بکەین. بۆ نموونە لێرەدا قسه‌ له‌سه‌ر شوێنه‌که‌یه‌، ئەو شوێنه‌ی کە زۆر جار یا هەندێك‌ جار که‌ گۆزه‌ی به‌ ساخی لێ ناگه‌رێته‌وه‌، که (کانی)یه‌‌: گۆزە هەموو جارێك لە کوێ بەساخی ناگەڕێتەوە؟ و: له‌ کانی، کەواتە وشەی (کانی) لە جێی ئامرازی پرسیارەکەدا دەنووسرێت. کاتێك کە پرسیار لە بکەر یا لەناوێك بکەین، ئەوا بەمجۆرە دەبێت؛ چی هەموو جارێك لە کانی بەساخی ناگەڕێتەوە؟ گۆزه‌. کاتێك پرسیار لە چۆنیەتی گەرانەوەی گۆزە لە کانی بکەین، ئەوا دەنووسین: گۆزە هەموو جارێك لە کانی چۆن دەگەڕێتەوە؟ به‌ساخی یا به‌شکاوی. به‌مجۆره‌، دەتوانین شوێنی دروستی هەر یەك لەبەشەکانی رستەمان بۆ دەربکەوێت. هه‌روه‌ها ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانین که‌ فرامان له‌ باری ڕسته‌ی ئاساییدا شوێنی کۆتایی ڕسته‌ و له‌ناو ڕسته‌شدا کۆتایی به‌شی گوزاره‌!

 

وانەی نۆهەم جێناوی هەیی

1-     دیواری خانووەکەی ئێوە ڕووخاوە، هی‌ی خانووەکەی ئێمە نەڕووخاوە.

2-     وتارەکەی تۆ بڵاونەکرایەوە، هی‌ی من بلاوکرایەوە. ل32

 

لەم دوو رستەدا کە لە دوو ڕستەی لێکدراوی پێچه‌وانه‌ پێکهاتوون و لە خوێندنەوەیاندا هەست بە بۆشایی ئامرازی پەیوەندیدەری وەك (بەلام) دەکرێت. لە رستەی یەکەمدا دیوار ناوێکی نەناسراوە و بەهۆی خانووەکەی ئێوەوە کە ناوێکی ناسراوە، دەیناسینەوە، لە تەواوکەری ڕستەکەدا ئەوەی ئێمەش بە هۆی خانووەکەمانەوە کە ناوێکی ناسراوە دەناسرێتەوە، کەواتە هاوسەنگییەك لەنێوان نێوەی یەکەم و دووەمی رستەکەدا هەیە. بەلام لە رستەی دووەمدا، وتارەکەی تۆ ناسراوە و لە تەواوکەری رستەکەدا (هی من) نەناسراوە، مەبەست کامە وتاری منە، که‌س نازانێت. لەم بارەدا دەبێت بنووسین (ئه‌وەکەی من- وتاره‌که‌ی من)، هەروەها ڕستەی یه‌که‌م دووەم لە دوو نیوه‌رستەی بەراوردی پێکنەهاتوون، به‌ڵکو له‌ دوو نیوه‌ڕسته‌ی پێچه‌وانه‌ پێکهاتوون‌. بۆیە ئامرازی پەیوەندیدەری (بەلام) پێویست دەبێت و دەبێت ئاوا بنووسرێن:

 

1-     وتاری تۆ بڵاوکرایەوە، به‌ڵام هی من بڵاونەکرایەوە.

بێجگە لەمە بە بڕوای من بەکاربردنی دوو (ی) لە وشەی (هی)دا، ناچارمان دەکات بۆ دەربڕینی ئەو دوو (ی)یە وەك حوشتر و زەرافە سەروملمان درێژ و به‌رز بکەینەوە. دروست ئەوەیە بە یەك (ی) بنووسرێت، چونکە ئامرازی (هی) تەنیا لەباری هەیەتیدا بەکار دەبەین، ئەویش بەمجۆرە:

 

1-     دیواری خانووەکەی ئێوە ڕووخاوە، به‌ڵام هی خانووەکەی ئێمە نەڕووخاوە.

2-     وتارەکەی تۆ بڵاو کرایەوە، به‌ڵام ئه‌وه‌که‌ی من (وتاره‌که‌ی من) بلاو نەکرایەوە.

 

جێناوی کەسی‌ی سەربەخۆ

کتێبی ئێوە نوێ‌یە.

 

دیسانەوە پێویستە دوو (ی) ، (ێ و ی) بەیەکەوە بلکێن و بەسەریەکەوە بنووسرێن:

جێناوی کەسیی سەربەخۆ

کتێبی ئێوە نوێیە.

 

1-

تۆ زیرەك بوویت.

ئەو زیرەك بوو.

ئەم زیرەك بووین.

هوین زیرەك بوون.

ئەو زیرەك بوون.

2-

لەگەڵ کرداری ڕابوردووی تێنەپەڕ، وەکو

ئەز هاتم.          ئەم هاتین.

تۆ هاتیت.         هوین هاتن.

ئەو هات. ئەو هاتن.

 

1-     کرداری ڕابووردووی تێپەڕ، وەکو:

من گوڵ چاند.           مە گوڵ چاند.

تە گوڵ چاند.           وە گوڵ چاند.

وی، (وێ گوڵ چاند).   وان گوڵ چاند.

 

لەم ڕستانەدا کە هەوڵدراوە هه‌موو ڕاناوەکان لە هەردوو زاراوەی کرمانجی و سۆرانی بەکار ببرێن، جێگەی دەستخۆشییە و ئەمە هەنگاوێکی گەورەیە بۆ له‌یه‌ك نزیکبوونەوە. بەلام بەداخەوە ڕاناوەکانی زاراوەی هۆرامی و لوری پشتگوێ خراون. ئەگەر کەسانێك بە پێویستی نازانن خوێنکاران زاراوەکان بخوێنن، ئەوا پردی نێوان نەوەی نوێ و ئەدەبی کوردی ڕۆژگارێکی دوورودرێژ بە هۆرامی یا لوری نووسراوە، دەڕووخێنن و خوێنەری ئەو دەقانە لە چێژێکی ڕەسەن کە لەو دەقانەدا هەیە، بێبەش دەکەن. ئەمە بێجگە لەوەی بە ئاشکرا هەلاواردنی پێوەدیارە. بەبڕوای من زۆر گرنگ و پێویستە خوێندکارێکی کورد لانیکەم راناوەکان و چۆنیەتی پێکهاتەی رستە و ڕیزبەندی بکەر و فرمان و راناو و ئاوەڵناو و ئاوەڵکردار و پڕکەرەوەکانی تر بناسێت. لانیکەم بۆ ئەوەی لە پێشبڕکێیەکی خوڵی قوتابخانەکاندا پرسیارێك لە خوێندکارێك لەمەڕ شێکردنەوەی رێزمانی رستەیەك لە یەکێك لە زاراوەکاندا کرا، ئەلف و بێیەکی لێ بزانێت.

 

هاوکاتی ده‌ستخۆشی، ده‌بێت ئه‌وه‌ بڵێم که‌ لێره‌دا هێنانه‌وه‌ی ڕاناوه‌ سه‌ربه‌خۆکان بۆ تاك و کۆی قسه‌که‌ر، گوێگر، قسه‌لێوه‌کراو، به‌یه‌که‌وه‌ و تێکه‌ڵکردنیان وه‌ك چێشتی فه‌قێ، سه‌ر له‌ خوێندکار تێکده‌دات و وای لێده‌کات که‌ له‌ داڕشتندا تووشی هه‌ڵه‌ بێت. بۆ نموونه‌ (ئه‌و) له‌ سۆرانیدا بۆ سێیه‌کم که‌سی تاك به‌کار ده‌برێت، که‌چی لێره‌دا بۆ سێیه‌م که‌سی کۆ به‌ کرمانجی به‌کار براوه‌. تا ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم به‌ کرمانجی (ئه‌و) ناڵێن و نانووسن، به‌ڵکو (ئه‌ڤ) ده‌بێژن و ده‌نووسن!

 

به‌ڕای من، ئه‌گه‌ر ڕسته‌کان‌ به‌ هه‌موو زاراوه‌کان نووسرابان، ئه‌وا هه‌م جیاوازی ڕاناوه‌کان ده‌رده‌که‌وت و هه‌میش خوێندکاران شاره‌زاییه‌کیان په‌یدا ده‌کرد و هه‌میش نووسه‌ران له‌ نووسیندا به‌پێی ساکاری و ئاساننووسی و ئاسان ده‌ربڕین یه‌کێکیان وه‌ك ستاندارد جێکه‌وته‌ ده‌کرد.

واته‌ به‌مجۆره‌:

سۆرانی   :         تاك               کۆ

                   من                 ئێمه‌

                   تۆ                 ئێوه‌

                   ئه‌و                ئه‌وان

 

کرمانجی: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ شاره‌زایی زۆرم له‌ ڕێزمانی کرمانجیدا نییه‌، خۆم له‌وه‌ ناده‌م، به‌ڵام وه‌ك خوێنه‌رێك، سه‌رم لێ شێواوه‌، کامه‌ کرمانجییه‌ و کامه‌ سۆرانییه‌. چونکه‌ تا ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم به‌ کرمانجی، من (ئه‌ز)، ئێمه‌ (....‌)،  تۆ (ته‌)، ئێوه‌‌ (...)، ئه‌و (ئه‌ڤ)، ئه‌وان (وان). به‌ڵام ئه‌و تێکه‌ڵه‌یه‌ که‌ له ‌سه‌ره‌وه‌دا هاتووه‌، ته‌نیا سوودی قورکردنه‌ به‌سه‌ر خوێندکاری به‌دبه‌ختدا:

ئەز- ئەم تۆ- هوین ئەو- ئەو  من مە  تە- وە             وی (وێ)- وان

 

هۆرامی:   من                 ئیمه‌

                   تو                 شـمه‌

                   ئاڎ                ئاڎی ***

 

به‌داخه‌وه‌ ڕاناوه‌کان له‌ لوڕیدا نازانم، هیوادارم توانیبێتم له‌ هۆرامی و کرمانجیشدا به‌ دروستی بیان نووسم. ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌یه‌کم کردبێت، هیوادارم شاره‌زایانی ئه‌م بۆ راست بکه‌نه‌وه‌.

 

                            

وانەی نۆزدەیەم ئاوەڵکرداری چەندێتی

 

5- هەژان گەلێك تێکۆشاوە بۆ پێشکەوتنی ولاتەکەی.       ل66

 

ئەم ڕستەیە لە رووی داڕشتنەوە ئاوەژوو نووسراوە و پێویستە بەم شێوەیەی خوارەوە پاش و پێش لە بەشی گوزارەیدا بکرێت و فرمان بکەوێتە پاش ئەو شتەی کە گوزارشی لێوە دەکات، واتە:

هەژان بۆ پێشکەوتنی ولاتەکەی گه‌له‌ك تێکۆشاوە. تێگەیشتن لەمەش ئاسانە و بە چەند پرسیار، شوێنی هەر یەك لە پێکهێنەرەکانی ڕستەکە دەردەکەوێت؛

                   کێ بۆ پێشکه‌وتنی وڵاته‌که‌ی گه‌له‌ك تێكۆشاوه‌؟

هەژان بۆچی گەلێك تێکۆشاوە؟

هەژان بۆ پێشکەوتنی         ولاتەکەی چەند تێکۆشاوە؟

هەژان بۆ پێشکەوتنی ولاتەکەی گەله‌ك چی کردووە؟

 

هه‌روه‌ك له‌ ڕێسای ڕۆژنامه‌گه‌ریدا داڕشتنی هه‌واڵ بنچینه‌یه‌کی هه‌یه‌، که‌ بریتییه‌، له‌ (له‌ کوێ، که‌ی، چی، چۆن) و وه‌ك ئه‌لف و بێیه‌کی ڕۆژنامه‌گه‌ری، هه‌رواش له‌ نووسین و داڕشتننی ڕسته‌ و په‌ره‌گرافدا یاسایه‌ك هه‌یه‌ و نابێت پشتگوێ بخرێت؛ ئه‌وه‌ش له‌به‌رچاوگرتنی شوێنی بکه‌ر، به‌رکار (کاربه‌سه‌رداکراو)، کار بۆ کراو، فرمان ئینجا خاڵی کۆتایی ڕسته‌یه‌.

 

پەخشانی کوردی (1)

 

.... ئەو سەردەمەش بابەتی نووسینی سیاسی یان کۆمەلایەتی و ئابوری ئەوەندە باوی نەسەندبووو بەرە پێش نەچووبوو تا لەو نووسینە پەخشانەیان جیابکەینەوە کە بابەتی ئەدەبین‌و ئێستا تەنها ئەوانە بە پەخشان دادەنێین. ....کۆمەڵایەتیشبن، .... ل103

 

بەداخەوە ئەم چەند دێرە کە لە پەرتووکێکی ڕێزمانی کوردی پەسەندکراوی شالیارگە و پەروەردەی هەرێمی کوردستاندا هاتوون، یا ئەوەتا بە پێچەوانەی ئەوەی خۆیان لە پێشەکییەکەدا پاگەندەی بۆ دەکەن، ئامادەنین، گۆێ لە پێشنیاری مامۆستایان و زمانزانان بگرن یا ئەوەتا مامۆستاکانی کوردستان ئەلف و بێیەك لە رێزمانی کوردی نازانن و وەك چۆن کوێرەکانی مزگەوتی گەورە قورئانیان دەرخکردبوو، ئەوانیش بێ ئەوەی لێی تێبگەن، وەك خۆی دەیڵێنەوە. من پێم وانییە لە کۆی هەژمارێکی زۆری مامۆستایانی دواناوەندی لە کوردستاندا کەسێك پەیدا نەبێت، کە پەی بەم هەلە ڕێزمانیانە نەبردبێت. لەوەیان دڵنیام کە مامۆستایانێکی زۆر هەن. بەڵام ئەی ئەوە چییە، کە وای لە مامۆستایان کردووە، لەو بارەوە کەمتەرخەم بن، بیروکراتییەتی شالیارگەی پەروەردە یا کەمتەرخەمی دەسەلات لەبارەی زمانی کوردییەوە! هەڵەکان گەواهی ئەوە دەدەن کە نووسەری ئەو دێرانە کوردیزان نه‌بێت. (بابەتی نووسینی سیاسی) ، (باوی نەسەندبوو) ، (نەسەندبوو، نەچووبوو، نووسینە پەخشانەیان جیابکەینەوە، بابەتی ئەدەبین، تەنها ئەوانە، دادەنێین). کاتێك ئەم فرمانە تاك و کۆیانە پێکەوە گرێ دەدەین، دەبینین ناهاوسەنگییەك لە دەربڕیندا دروست دەبێت و ناچارمان دەکات چەندجار ڕستەکان بخوێنینەوە، ئینجاکە هێشتا بەتەوای تێناگەین، ئەی ئەگەر ئەم رستانە وەرگێڕینە سەر زمناێکی تر، چ هەڕگێك بەسەری خۆماندا بکەین؟

 

سه‌ره‌تا (نووسینی بابەتی سیاسی) دروستە، پاشان (یان) بۆ هەڵبژاردنە نەك بۆ پەیوەندی و گرێدانەوە، دەبێت بنووسین: [ئەو سەردەمەش نووسینی بابەتی (سیاسی، کۆمەلایەتی، ئابوری) ئەوەندە...] یا (ئەو سەردەمەش نووسینی بابه‌تی سیاسی، کۆمەلایەتی و ئابوری ئەوەندە...) ئینجا کاتێك دێینەسەر فرامانەکە، دەرگیری هەلەیەکی تر دەبین. (باوبوون) نەك (باوسەندن) ئینجا له‌م باره‌دا په‌ره‌سه‌ندن دروسته‌، (پەرەسەندن) نەك (پەرەبوون)، نووسەر بۆ ئەوەی مەبەستەکەی دەرکەوێت، دەبوو بنووسێت (باونەبوو) یا (پەرەی نەسەندبوو)، هەروەها (بەرەوپێش نەچووبوو) نەك (بەرە پێش نەچووبوو)، دیسانەوە نووسەر کەوتۆتە هەلەیەکی ترەوە لە بەکاربردنی (تاك و کۆ)دا. کاتێك کە وی دەنووسێت: باوی نەسەندبوو، لێرەدا فرمانەکە تاکە، کەچی کاتێك کە دەیەوێت لە پەخشانی جیابکاتەوە، پاشگری (یان) کە بۆ (بابەتی سیاسی)، (بابەتی کۆمەلایەتی)، (بابەتی ئابوری) دەگەڕێتەوە، هەڵەیە و دەبێت پاشگری (ی) بەکاربەرین. بەلام ئەگەر هاتوو بنووسین (بابەته‌ سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابورییه‌کان ئەوەندە پەرەیان نەسەندبوو و بەرەوپێش نەچووبوون تا لەو نووسینە پەخشانانەیان جیابکەینەوە کە بابەتی ئەدەبین و...) ئه‌وا ده‌بێت فرمانیش گوزارش له‌ کۆ بکات. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کە کۆتایی ڕستەکان بە ناوی کۆ و فرمانی کۆ هاتووە، دەبوو فرمانەکانی بەشی یەکەم کۆبن.

 

1. خاك شێرکۆ بێکەس

دەستم برد بۆ چڵێ دارێ      ل138

 

لە ڕستەیەکدا کە دوو ناو بەدوای یەکدا هاتن، بۆ ئه‌وه‌ی واتا به‌خش بن، پێویسته‌ هەمیشە (ی) وەك ئامرازی پەیوەندی یا گرێدانەوە، بنووسرێت، خۆشی هه‌ر وایه‌ یه‌کێکیان سه‌ر به‌وی تریانه‌، ئەگینا واتا نابەخشن و سەر لە خوێنەر تێکدەدەن. لەو رستەی سەرەوەدا (چڵێ دارێ) کە دوو ناوی سەربەخۆن و مەبەستەکەی هۆنەر وا ده‌رده‌که‌وێت، که‌ هاوکات دەستی بۆ (چڵ) و (دار) وەك دوو شتی جیاواز بردووە، کە لەم بارەشدا دەبوو کۆمایێك لەنێوان (چڵ) و (دار)دا، بەمجۆرە هەبووایە: چڵێ، دارێ. بەلام برواناکەم لێرەدامەبەستی هۆنەر دوو شتی سەربەخۆ بێت، بەڵکو مەبەستی (چڵی دارێ یا چڵەدارێ)کە، هەرچەندە من نازانم هەڵەکه‌ لێرەدا هەڵەی کێیە، هەڵەی هۆنەر یا هەڵەی تایپیست.

 

خەج‌و سیامەند    

هەموو داستانەکانی دڵداری کوردیی، لەگەڵ باسی ئازادی‌و کۆڵنەداندا، وێنەی وەفاداری‌و قسەو پەیمان بردنە گۆڕەوەن.     ل143

 

دڵداریی کوردی دروستە نەك دڵداری کوردیی.

 

مەقام و ئاواز و  ئالە تی مۆسیقای کوردی         ل149

 

مەقام جۆرە ئاوازێکە هه‌وایه‌کی کوردییه‌، نەك شتێکی جیاواز لە ئاواز، هەروەها ئامرازی مۆزیکی کوردی نەك ئالەتی مۆسیقای کوردی. کاتێك کە ئێمە خەریکی دانانی پەرتووکێك بۆ ڕێزمان و خوێندنەوەی کوردین، ئیتر ڕیزکردنی وشەی بیانی بەشێوەیەکی نابەجێ و نادروست، بێجگە لە لاوازکردنی زمانی کوردی، هیچ ڕۆڵێکی دی ناگێڕێت. ئەمە خەمخۆری ڕێزمانزانان و شالیارگەی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بێت، دەبێت سوپاسگوزار بین، کە خوێنکارانی دوای ڕاپه‌ڕین پیته‌ کوردییه‌کان بناسنه‌وه‌!

 

خەیام

لەناو میللەتەکانی ئەم ناوچەدا بەواتا ناوچەی ڕۆژهەلاتی ناوەراست گەلێك زاناو بلیمەت‌و شاعیرو مێژوو نووس‌و ریازیاتناس‌و ...   ل156

 

وشەی ڕیازیاتناس، وشەیەکی ناقۆلای داتاشراوە و لە (ریاضیات)ی عەرەبی و پاشگری ناسینی کوردی پێکهاتووە و ئەگەر لە کوردیدا بمانەوێت بە دروستی بەکاری بەرین، ئەوا یا ماتماتیککار ماتماتیکناس دروسترە و هەروەها وشەی مێژوونووس بەیەکەوە دەنوسرێت و وه‌ك پیشتر ڕۆشنایم خسته‌سه‌ر واوه‌کانی گڕیدانه‌وه‌ به‌هیچ یه‌ك له‌ وشه‌کانی پاش و پیشه‌وه‌ نانووسێندرێن.

 

 

شیللی

...، گەلێك لە پیاوانی گەورەو ناوداروزاناو قارەمانی پەروەردە کردووە، کە هەتاهەتایە ناویان وەکو ئەستێرەی بەرەبەیان لەئاسمانی عیلم‌و زانست‌و هونەرو شیعرو ئەدەبیاتدادەدرەو شێتەوە،... ل158

 

بێجگە لەوەی کە تێکەڵ و پێکەڵییەك لە داڕشتنی رستەکەدا هەیە و وشەکان بەیەکەوە نووساون، ئەوا وشەکانی (عیلم) و (زانست) هەر یەك واتا دەبەخشن، وشەی ئەدەبیات، کە لاسایی کۆکردنی زمانی عەرەبییە و  ئەدەب دروستە و هۆنراوەش بەشێکە لە ئەدەب و ئەو ریزکردنە نابەجێیانە، لە پڕکردنەوەی بۆشایی بەولاوەتر چیتر ناگەیێنن.

 

بەستەی هەلۆ   مەکسیم گۆرکی

دەریا مەزنەکە، لە نزیکی کەنارەوە زۆر بێکارەو ساردو سرانە هەناسەی هەڵدەکێشا، ....  ل161

 

ئەگەر وشەی (بێکارە) بەپێی وشەکانی دواتری لێکبدەینەوە، ئەوا بەواتای ئارام  دێت، هەرچەندە هەر ئەم وشەیە لە بابەتی (میکرۆبی دۆستان)دا بە واتای سست دێت، لە هەردوو بارەکەدا هەر واتای خۆی ناگەیێنێت.

 

چوونە نێو مانگ

مانگ،، ئه‌ومانگه‌یه‌ که‌ پێشەنگی کاروانی جوانناسان بوو، به‌لکو جوان و جوانیه‌ك بوو، بۆ هەموو هۆنەران‌و ئەربابانی غەرام، لە سەردەمی پێشوودا، ....

 

چواندن و ناساندنی مانگ، بەو پێیەی لە بابەتەکەدا بۆمان دەردەکەوێت، دەیەوێت باسی توانای مرۆڤ و پەیبردنی بە نهێنییەکانی سەرمانگ و دەستراگەیشتنی بەو دووردەستەش دەکات، نەك باس و لێدوان لە وێناکانی مانگ لە ئەفسانە و تێکستە ڕۆمانسییەکاندا. لەم سەردەمی ڕۆبۆت و ئینتەرنێتەدا، لە سەردەمی گەشتکردن بۆ قولاییەکانی گەردوون، ئەو لێدوانە لە مانگ تەنانەت بۆ مناڵانی باخچەی مناڵان دروست و گونجاو نییە. تۆ بڵێی نووسەرانی کورد ئەوەندە دەستەپاچە بن ئەوەندە بابەتی ئەدەبی و زانستی و ...یان نەبێت، بۆشایی پەرتووکێکی وایان پێ پربکرێتەوە یا ئەوەتا دانانی پەرتووکێکی وا بە قۆنترات گیراوە و ئەندامانی لێژنەکانی پەروەردە مافی ئەوەیان هەیە، هەرچی دەقی لاواز و بێکەڵکە بیئاخننە نێوی و ئاستی بیرکردنەوە و تێڕامانی خوێنکارانی ئامادەیی پێ دابەزێنن.

 

ئەرێ وەڵڵا ئەمە راستبوو چونکە لەساڵی (1970)دا یەکەم ئادەمیزاد (ئارام سترۆنگ)ی ئەمریکی هەردوو پێی خۆی لەسەر مانگ توندکردو پیشانی مانگی‌دا کە ئادەمیزادی سەرزەوی دەتوانێت بۆ هەموو....       ل168

 

ئەم تێکستە زۆر لاوازە و تەنانەت ناتوانرێت لە دایەلۆگی فیلمێکی کارتۆنیدا بەکار ببرێت، چونکە ئەو وێنایە لای خوێنەر دروست دەکات، کە مانگ لە چوونی مرۆڤ بۆ سەری نارازی بووبێت و مرۆڤ بە زۆرداری مانگی بەزاندبێت. دەستەواژەی (ئەرێ وەڵڵا) کە بۆ پێداگری و پەسەندانی شتێك بەکار دەبرێت، بەکاربردنی لە بابەتێکی زانستیدا، فرەتر لە قسەی کۆلکە مەلایەك دەچێت و لەو باسەشدا پێداگیری و دڵنیاکردنەوە هیچ پێویست نییە، چونکە کەس یەخەی نوسەری نەگرتووە و کەس پێی نەوتووە وانییە. هەروەها کاتێك کە دەڵێین مرۆڤ پێی نایە سەر خاکی فڵانە ئەستێرە، هیچکات مەبەستمان ئەوە نییە، کە ئەو مرۆڤە یەك پێی ناوەتە سەری. ئیتر بەکاربردنی (هەروو پێی) وەك پێداگرتن و دڵنیاکردنەوە لەسەر چوونه‌که‌ی، دیسانەوە لە مشتومڕی نێوان کۆلکە مەلایەك و نەخوێندەوارێك دەچێت، تا نووسینی بابەتێکی زانستی بۆ خوێندکاری پۆلی پێنجەمی ئامادەیی، کە لانیکەم باوەری بە خری زەوی و سورانەوەی زەوی بە دەوری خۆر و سورانەوەی مانگ بە دەوری زەویدا و چوونە سەرمانگی مرۆڤ یا چوونە سەر هەر ئەستێرەیەکی تر هەیە و پێویستی بە باوەڕ پێهێنان نییە.

 

میکرۆبی دۆستەکان

هەرچەندە جۆرێکی میکرۆب نەخۆش‌و لاوازو بێ‌کارە دەکەن.   ل183

 

ئەو دەستەواژە و ڕستەیەی سەرەوە مەگەر نووسەر هەر خۆی لێی تێ بگات یا ئەوەتا کوردی گۆراوە و ئێمە لە کاروانی ئەو گۆرانە جێماوین. خۆ ئەگەر هەڵەی تایپکردنیش بێت، ئەوا کەسێکی ئەلفابێتیش، دەرك بەوە دەکات کە ئەو دەستەواژە و رستەیە واتا بەدەستەوە نادەن و سەر لە خوێندکاری بەدبەختی بەردەستی مامۆستایەکی لە خۆرازی و توڕە، دەشێوێنن.

 

(میکرۆبی دۆستەکان)، تۆبڵێی میکرۆبیش بە دەردی لە سێدارەدانی شۆرشگێڕانە و لە سێدارەدانی درندانە، ڕەخنەی بنیاتنەرانە (شۆڕشگێڕانە) و ڕەخنەی (ڕوخێنەرانە) چووبێت؟ ئەگەر بڵێین میکرۆبدۆستەکان یا دۆستەکانی میکرۆب، ئەوا واتایەك دەبەخشێت. بەلام میکرۆبی دۆستەکان، کاتێك واتا دەبەخشێت، کە لە بەرامبەر میکرۆبی دوژمنەکان بەکاری بەرین. لەم بارەشدا ئایا دۆست و دوژمن هیچ لە میکرۆببوونی (میکرۆب) دەگۆڕن؟

 

ئەگەر نووسەر مەبەستی ئەوەیە بڵێت: هەرچەندە جۆرێکی میکرۆب، نەخۆش لاواز و سست دەکەن. ئیتر بێکارە لەم رستەدا چ واتایەك دەبەخشێت؟ لە کاتێکدا بێکارە، ئەوەندەی من بزانم بە واتای ئەوەی کەسێك بێکار بێت (به‌تاڵه‌ بێت) دێت.

 

بەرهەمی زۆرو بەشکردنی بە هەقیانەت

- بەڵام ئەوەی تۆش ببینێت ادەزانێت کە هۆی ئەو هەموو برسێتی و قاتی نەبوونییە، تۆیت‌و هەرچی بەرهەم‌و نان‌و خۆراکی دوورگەی بەریتانیایە تۆ بدرووتە بۆ خۆت‌و تۆ دەیخۆیت‌و بەشی کەسی لێنادەیت.        ل196

 

دیسانەوە لکاندنەوەی (و). ئەگەر لەمەش گەڕێین، ئەوا بەشکردنی بە هەقیانەت یەخەمان دەگرێت، کە ئەگەر لە رووی واتاوە نەك لە ڕووی نووسینەوە- بیکەینەوە بە کوردی، ئەوا بەم جۆرەی لێدێت: بەرهەمی زۆر و بەشکردنی دادوەرانە (دادپه‌روه‌رانه‌). چونکە هەق و هەقیانەت بە واتای ماف و دروستی لە کوردیدا بەکار براون و هیچکات لەبری (عەدالەت) بەکار نەبراون و لەو دەستەواژەیەی سەرەوەدا (هەقیانەت)  لەبری واژەی (دادپەروەرانە) بەکاربراوە.

.... (برسێتی و قاتی نەبوونییە) ، ... (بەرهەم‌و نان‌و خۆراکی)، (قاتی نەبوونی) هەریەکن، نان و خۆراکیش یه‌کن و هاوکاتیش بەرهەمن. هه‌روه‌ها (قاتوقڕی) دروسته‌ نه‌ك (قاتی نەبوونی).

 

مافی گەلی کورد

پرنسیپی مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلان‌و میللەتان جێگایەکی دیاری هەیە لە یاسای تازەی نێودەوڵەتاندا. ل200

 

ئەم ڕستەیەش بەدەردی ڕستەکانی پێشوو لە رووی داڕشتنەوە هەڵەیە و تەنانەت ئەگەر هەندێك لە هەڵەکان، هەڵەی تایپکردن بن، ئەوا هەر ناکرێت چاوپۆشییان لێبکرێت و دیسانەوە دەخرێنەوە ئەستۆی ئەو لیژنەیەی کە سەرپەرشتی دانانی ئەم پەرتووکەی کردووە. چونکە بڕیارە چەندین نەوە لەسەر بنەمای رێزمانی ئەم پەرتووکە فێری کوردی ببن. دیسانەوە لەم ڕستە و ڕستەکانی دواتریشدا (و)ی پەیوەندی بە وشەی یەکەمەوە نووساوە، هەروەها وشەی (هەیە) کە دەکەوێتە کۆتایی ڕستەکەوە، بە هەلە بەکارهاتووە و فرەتر لە وەرگێرانی نەزانانە لە زمانێکی تروە دەچێت تا نووسین بەکوردی.

سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ کاتێك که‌ ئێمه‌ قسه‌ له‌ پرنسیپ که‌ خۆی (پرنسیپڵ)ه و له‌ کوردیدا به‌ واتای بنچینه‌کان یا بنه‌ماکان ‌دێت. لێره‌دا قسه‌ له‌سه‌ر (بنچینه‌کانی) مافی دیاریکردنی چاره‌نووس.

 

دیسانەوە ناچارم بۆ دەرخستنی شوێنی گونجاوی وشەی (هەیە) کە دەکرێت هەم بە چەندجار خوێندنەوەی رستەکە دەرکەوێت. کە ئەم شێوازە لە زۆرێك لە زمانەکانی دونیادا بەکار دەبرێت، هەروەها شێوازی دووەم، ئاراستەکردنی پرسیارە لەو بەشەی رستەکە، کە گومانی هەلەبوونی لێدەکەین:

پرنسیپی مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلان و میللەتان لە کوێدا جێگایەکی دیاری هەیە؟ لە یاسای تازەی نێودەوڵەتاندا.

پرنسیپی مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلان و میللەتان لە یاسای تازەی نێودەولەتاندا چی هەیە؟ جێگایەکی دیاری هەیە.

که‌واته‌ ده‌بوو بنووسن: بنچینه‌کانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلان و میللەتان لە یاسای تازەی نێودەولەتاندا جێگایەکی دیاری هەیە.

 

پردی دەلال

پردی دەلال یاخۆ پردی مەزن هەروەکو دانیشتوانی زاخۆو دەوروبەری پێیدەڵێن، یەکێکە لە پردە بەناوبانگەکانی کوردستانی عیراق، ...                 ل207

 

(زاخۆ و دەوروبەری) نەك (زاخۆو دەوروبەری)، بەتایبەت ئەوەی کە ناوێکی تایبەتە و نابێت پاشگری پێوە بلکێت.

 

کەرکوك

کەرکوك یەکێکە لە پێنج شارە گەورەکەی باکوری عیراق‌و چوارشارە مەزنەکەی کوردستانی عیراق،      ل211

 

لێرەشدا (باکوری عیراق‌و) دیسانەوە هەمان شت دووبارە بووەتەوە.

 

ئه‌مه‌ هه‌موو هه‌ڵه‌کانی ناو ئه‌و په‌رتووکه‌ نین و به‌داخه‌وه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ فریا که‌وتم ئه‌م چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌ له‌ دوانیوه‌ڕۆیه‌کدا دیاری بکه‌م. ئه‌گه‌ر گرفته‌کانی ڕۆژگار بوار بده‌ن، ئه‌وا هه‌وڵ ده‌ده‌م په‌رتووکی پۆلێکی تر چ سه‌ره‌تایی بێت یا ناوه‌ندی به‌سه‌ر بکه‌مه‌وه‌.

 

هه‌روه‌ها له‌م گه‌شته‌مدا، شتگه‌لێکی وه‌ك وه‌رگیڕانی فیلمی مناڵان، که‌ نه‌ك ڕێزمانی کوردی له‌به‌رچاو نه‌گیراوه‌، به‌ڵکو باری ده‌روونی و چۆنیه‌تی به‌رخورد به‌ بیرکردنه‌وه‌ی مناڵان له‌به‌رچاو نه‌گیراون، له‌وانه‌: ده‌سته‌واژه‌ی (به‌ ته‌ڵاقم)، (به‌نامووسم)، (هه‌تیو سه‌رت ده‌بڕم)، (قه‌سه‌م به‌ گه‌وتره‌یی خوا)  و زۆر شتی تری وه‌ك سوکایه‌تی به‌ کچبوون و که‌مگرتنی ئاژه‌ڵان و به‌کاربردنی بیری شۆڤێنستی و فه‌نده‌مانتالیستی و ..... ****. له‌وانه‌ش سه‌یر تر، ده‌رکردنی چه‌ند نامیلکه‌یه‌ك به‌ناوی (ناوی کوردی بۆ کوڕان و کچان)، که‌ تیایاندا کۆمه‌ڵێك ناوی هه‌ڵه‌ داڕیژراون یا ناوی فارسی به‌ هه‌له‌ لێکدراونه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌ بێچگه‌ له‌وه‌ی که‌ له‌ بواری (ئای‌تی‌)دا کۆمه‌لێك واژه‌ به‌ هه‌ڵه‌ و به‌ سه‌لیقه‌ی ناچه‌ وه‌رگێڕدراون یا کوردێنراون   وهه‌روه‌كو ملیۆن (ملوێن) و ڕادیۆ (ڕادوێن) و ته‌له‌فزیۆن (ته‌له‌فزوێن)، وۆرد (Word)یش کراوه‌ به‌ (وێرد) و چه‌ندین په‌رتووکی بواری (ئای‌تی) له‌ زمانی عه‌ره‌بی و فارسییه‌وه‌ کراون به‌ کوردی و وه‌رگێڕه‌ کورده‌کان خۆیان کردوه‌ به‌ دانه‌رییان.

 

دواجار هیوادارم، به‌م نووسینه‌ خزمه‌تۆکه‌یه‌کی زمانی کوردیم کردبێت و به‌پێی توانا و شاره‌زایی سه‌ره‌تایی خۆم، ئه‌رکی سه‌رشانی خۆم بۆ نه‌وه‌ی دوای راپه‌ڕین ئه‌نجام دابێت. هه‌رواش هیوادارم خوێندکاران به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌مووه‌ هه‌ڵه‌ و که‌موکورتییانه‌ ناده‌ربه‌ست نه‌بن و ڕه‌خنه‌ و سه‌رنجه‌کانیان له‌بری ناردنیان بۆ ئه‌و لێژنه‌ ده‌ستوپێ سپیانه‌ی شالیارگه‌ی په‌روه‌رده‌ و فێرکردن- که‌ هێنده‌ی له‌ به‌سته‌ دۆلارژماردندا شاره‌زان، ئه‌وه‌نده‌ له‌ داڕشتنی تاقه‌ ڕسته‌یه‌کی کوردی بێ گرێوکۆڵدا شاره‌زا نین- به‌ڵکو بۆ سایته‌ ئینته‌رنێتییه‌کان بنێرن، تاوه‌کو به‌و جۆره‌ فشارێك بۆ سه‌ر ئه‌و کۆلکه‌ مه‌لایانه‌ی حوجره‌ نه‌ك (شالیارگه‌ی په‌روه‌رده‌ و فێرکردن) دروست بکرێت.

 

____________________________

په‌راوێز:

*  لە هەولێر بە خەلکی دەشتێ یا گوندی دەڵێن کرمانج و نووسەرانیش بە شێوە ئاخاوتنی بادینان و باکور و ڕۆژئاوای کوردستان دەڵێن کرمانجی ژوو و بە سۆرانیش دەڵێن کرمانجی خواروو.

** شالیارگەی پەروەردە و ڕێزمانی کوردی، هەرێمی کوردستانی عیراقی فیدراڵ، زمان و ئەدەبی کوردی، بۆ پۆلی پێنجەمی ئامادەیی.

*** (ڎ) ئه‌م پیته‌ که‌ هێمای ده‌نگێکی لاوازی له‌ نێوان پیته‌کانی (د) و (ڵ)یه‌ و زارۆکان زۆرجار به‌ (د) و (ڵ) وه‌ك (ئه‌دا)، (ئه‌ڵا)ش ده‌ری ده‌بڕن. له‌ زاراوه‌ی سۆرانی شێوه‌ئاخاوتنی سلێمانیدا پیتی (د) ده‌بێته‌ (ی)، به‌لام له‌ هۆرامیدا ده‌نگێکی سه‌ربه‌خۆیه‌ و ده‌توانین بڵێین (د)ێکی لاوازه‌.

**** ئه‌مه‌یان ده‌کرێت له‌ بابه‌تێکی سه‌ربه‌خۆدا، نموونه‌یه‌ك له‌و فیلمه‌ وه‌رگێڕدراوانه‌ وه‌رگرین و له‌ ڕووی ڕێزمانی و باری ده‌روونی و ئاکارییه‌وه‌ بخه‌ینه‌ به‌رتیشک و چه‌ند پرسیاریك ئاراسته‌ی شالیارگه‌ی په‌روه‌رده‌ و فێرکردن و پارله‌مانتاران و سه‌رۆکی پارله‌مان و سه‌رۆکی میری (سه‌رۆکشالیاران) و سه‌رۆکی هه‌رێم و سه‌رۆکه‌ کورده‌که‌ی عیراق بکه‌ین!

 

 

07.08.2007