په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 ئەمجارەش بەزمی قوتابیە وەرنەگیراوەکان !!


یاسین برایم  


هەموومان بۆ ئەوە دەخوێنین، تا ئایندەیەکی باشمان هەبێت، ئەمە نەک هیوای قوتابیانە بەتەنها ، بەڵکوهی هەمووخێزانێکە ، منداڵەکانیان پاشەڕۆژێکی گەشیان هەبێت.وەرنەگرتنی نزیکەی دەهەزار قوتابی لە کۆلێژ و پەیمانگایەکان بینیمان چ کێشەیەکی گەورەی لێ کەوتەوە . ئاخر ئەمە چۆن دەکرێت دوازدە ساڵ بخوێنەو دواتریش ڕەنج و ماندووبونەکەی بە هەدەر بروات!

 

ئەوانەی نمرەیان پێ نەهاتووە ، ناکرێت بڵێین ئەمانە قوتابی خراپ و تەمبەڵن! هەموومان ئەو راستیەی دەزانین یان دەبینین قوتابی پێش تاقی کردنەوە زۆر شت دەزانێت، بەڵام لە کاتی تاقی کردنەوە خراپ وەڵام دەداتەوە ،یاخود لە بیر دەکات و لێی تێک دەچێت ، یان زۆرجاربووە قوتابی پێش تاقی کردنەوە دەرفەتی نەبووە بخوێنێت ،وەک و پێویست خۆ بۆ تاقیکردنەوە ئامادە بکات.(ناپلیۆن پۆناپۆرت) دونیای لە ژێر پێیدا دەلەرزی، کەچی ئەوەندە لە ئەزموونەکان ترساوە هەرمەپرسە ! خاوەن ئەو وتە بەنرخەیە کە دەڵێت( مەیدانی شەر نەک هۆلی ئەزموونەکان!).

 

جا بینە بەر چاوی خۆت دە هەزار قوتابی نەک هەرخۆیان بەڵکو ماڵیان و دایک و باوکیان و خوشک و برایەکانیان ، هەریەک لە مانە پێنج شەش برادەری هەیە، نزیکەی چەند هەزار کەسێک دەکات ئەمانە هەموویان خەمبارن و لە حالەتێکی دەروونی و دڵە ڕاوکێ و خەم و ئازار دەژن.

 

لە نێو ئەم ژمارە زۆرەش چەندین کوڕو کچی شەهید و هەژارو کەم دەڕامەت هەیە .یان ماڵی وا هەیە تەنها ئەو منداڵەیان هەیەو هەموو هیواشیان بەم منداڵە یە ، بەڵکو لە دوارۆژدا بیانژێنێت.، کەچی ناوی لە قوتووی عەتارانیش دەرنەچووە!!.من تێناگەم لە لایەک حکومەت خولی نەهێشتنی نەخوێندەواری دەکاتەوە و دڕوشمی خوێندن بۆ هەمووان بڵند دەکات و هانی خەڵک دەدات و ئاسانکاریان بۆ دەکات تابخوێنن، کەچی لە لایەکی تر، ئەوانەی هاتونەتە سەر بەرهەم فه‌رامۆشیان دەکات .

 

بۆیە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە لە ئەستۆیە حکومەتە، تا زووە چارەسەرێکی گونجاو بدۆزێتەوە، سوود لە بەهرەوە توانایان وەربگرێت ، با دڕێژە بە خوێندنی خۆیان بدەن و خزمەتی وڵاتی خۆیان بکەن ، نەک تووڕە یان بکەین یان وایان لێبکەین بیر لە هەندەران و کاری چەوت و خراپ بکەنەوە. له‌وانەیە زۆربەمان ئەو قوتابیە گەنجەمان بینیبی لە بەرنامەی (زووم ئین) وتی ( ئەگەر وەرنەگیرێم خۆم لێرە دەتەقێنمەوە!!) ئەگەر ئەم قسەیەی لە کاتی توورەبوون و بێزاربونیش کردبێت نابێت ئێمە بە کەمتەرخەمی وەربگرینت .

 

ئەو خوپێشاندان و نارەزایانەی قوتابیانیش لە شارو شارۆچکەکان هاتە ئاراوە ، وای کرد حکومەت و پەرلەمان ناچاربکەن بیر لە چارە سەرێک بکەنەوە ، ئەم کێشەیە چەندین دانیشتن و گفتو گۆی چڕ و پڕ ی لێ کەوتەوە.سەرئەنجام خەریکە ئەم مژدەیە بە قوتابیان بدەن ، کە هەموویان وەردەگێرێن لە پەیمانگە تەکنییەکان و کۆلێژە ئەهلیەکان و هەندێک لە شوێنەکانی تری عێراق.ئەم بریارەش وای کرد جاریکی تر ئەم خەم خەفەت و دڵەڕاوکێیە لە نێو خودی قوتابی و کەسو کاری نەمێنێت و هیوایەکیان بۆ بگەرێتەوە، ئەمجارەشیان خۆی و شانسیان داخوا ناوەکانیان لە کوێ دەردەچێت ، وەک کوردیش دەڵێت :زەرە لە نیوەی بگەرێتەوە هەر قازانجە!!

 

دەبا بزانین ئەمجارەش کێشەی ئە م قوتابیانە چی لێ دێتە بەرهەم !!!.