ئەمجارەش (دەست)ەکە
ئاشکرا بوو،
گەمەی دەستەکان لە لەتکردنی زەحمەتکێشان.

هەڵگورد سەمەد
لەوەتەی من لەبیرمە پارتی و یەکێتی هەمیشە نەیارەکانیان بەوە تۆمەتبار
کردووە کە دەستیان لە پشتە و دەستێک لە ناوەوەڕا دەیانجوڵێنێت و
بڕیاریان پێ دەدات، ئاخر ئەوان وەکو سەرجەم دیکتاتۆرەکانی دیکەی
ڕۆژهەڵاتی ناوین فێری تۆمەت هەڵبەستنن بۆ ئەوانەی کە کەیفیان پێیان
نایێ و بە نەیاری خۆیانیان دەزانن، هەمیشە دەڵێن دەستگا سەربەخۆکانی
ڕاگەیاندن دەستیان لە پشتە، ئەرێ ناکرێ ئەو دەستە تەنیا جارێک ئێمەش
بیبینین؟! ئەگەر ئێوە ئەو دەستەتان لێ دیارە بۆ بە ئێمەش ناڵێن چۆن
ئێمەش دەکارین تەنیا جارێک ئەو دەستە ببینین؟! بەڵام من بە گومانم ئێوە
جگە لە دەستی خۆتان هیچ دەستێکی دیکە ببینن، ئەو دەستەی بە دەیان جوڵەی
سەیرەوە لە پشتی هەزارانە.
هەرکاتێک دەمەوێت وشەی(دەست) بخەمە تێکستێکەوە، هیندە بە ترسەوە
مامەڵەی لەتەکدا دەکەم، وا دەزانم نارنجۆکێکم لەناو دەستە، ئەگەر
ژیرانە مامەڵەی لەگەڵدا نەکەم ڕەنگە لە هەر ساتێک بێت بتەقێتە، چونکێ
(دەست) چیدی وەک وشەیێکی سادە سەیری ناکرێت، بەڵکو گەمەیەکی گەلێک
ترسناکی سیاسیی دەکات و لە هەمان دەمیشدا فرە واتایە، (دەست) ئەگەر لە
پشتی هەر کەسێکەوە بێت، لەوانەیە لە پڕێک بیکاتە کوڕێکی قۆزی چوارشانە،
کە هیچ فیلێک نەتوانێت شان لە شانی موبارەکی بدات، خۆ ئەگەر نەیاری
دەستەڵاتی ئەم هەرێمە بیت، ئەوا ئەگەر هیچ دەستێکیشت لە پشتەوە نەبێت و
پارتی و یەکێتی هیچ دەستێکیشیان لێ دیار نەبێت، ئەوان بەوە تۆمەتیارت
دەکەن کە تۆ دەستت لە پشتە و پێویستە متمانەت لێ بسەنرێتەوە، ڕێک وەک
ئەوەی هەنووکە لە هەمبەر ئیسلامییەکان پەیڕەوی دەکەن، من بە هیچ جۆرێک
نامەوێ ببم بە ئاوقاتی ئیسلامییەکان، بەڵام ئەوەتەی لەبیرمە ئەو
تۆمەتەیان دەدرێتە پاڵ، ئەدی ئەگەر کەسێک وەهایە بۆ بەڵگەکانتان ناخەنە
ڕوو؟! تا ئێمەش ئەو دەستە ببینین، یان ئەوەش هەر تۆمەتێکی سیاسیی سواوە
و هیچی تر!
ئەوەی بەم دواییە لەناو حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستاندا ڕوویدا جگە لە
(دەست)ی پارتی و یەکێتی هیچی دیکە نەبوو، ئەدی ئەوە نییە بە ڕۆژی
ڕووناک و لەبەردەم هەموو کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دوو ئەندامی پایەبڵندی
مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە کۆنگرەکەی هەولێر پشتگیری لایەک
دەکەن و دژی ئەوی دیکەن، ئەدی ئەوە نییە حکومەتیش بودجە بەم لایە دەدات
و لایەکەی دیکەش وەلا دەنێت، سەندیکای ڕۆژنامەنووسانیش دەچێتە ناو
شەڕەکەوە و مۆڵەتی ڕۆژنامەیەکی دیکەش هەر بەناوی(ئاڵای ئازادی) دەدات،
ئەگەر ئەمانە(دەست) نەبن چین؟
نەنگییەکی گەلێک گەورەیە بۆ پارتی و یەکێتی کە خۆیان بە ڕابەر و
براگەورە دابنێن و بەو شێوەیە ڕەفتار لەگەڵ حیزبێک یان سەرکردایەتی ئەو
حیزبە بکەن کە تا دوێنێ هاوپەیمانیان بوو و لە ئەنجوومەنی باڵای پارتە
سیاسییەکانی کوردستانیش ئەندام بووە، لێرەدا جگە لەوەی دەستەکەی پارتی
و یەکێتی لەناو زەحمەتکێشان ئاشکرا بوو، ئەوان سڵ لەوەش ناکەنەوە لەبری
ئاشتکردنەوەیان بێن لە بەرژەوەندی لەتێکی زەحمەتکێشان قسە بکەن بۆ
دژایەتی کردنی لەتەکەی دیکە، ئەگەر یەکێتی و پارتی دەستیان لەم
لەترکردن نەبوو بۆ بێلایەن نەبوون لەم کێشەیە.
لەهەمووشی سەیرتر ئەوە بوو کە دەستگاکانی ڕاگەیاندنی ئەو دوو حیزبە
لەتەکەی قادر عەزیزیان بە (باڵ) و لەتەکەی هەولێریان بە (حیزبی
زەحمەتکێشان) ناو دەبرد، لەوەش سەیرتر پارتی و یەکێتی لە وتەکانیان کە
لە کۆنگرەی لەتەکەی هەولێر لە هۆڵی میدیا خوێندیانەوە پاساوی پشتگیریان
بۆ ئەم لەتە بۆئەوە دەگێڕایەوە کە ئەمانە زۆرینە و ئەوانی دیکە
کەمینەن! ئاخر ئەوە کەی لۆژیکە، حیزبێک ئینشیقاقی تێ بکەوێت و تۆ بچیت
پشتگیری لایەکیان بکەیت بە پاساوی ئەوەی زۆرینەن؟ ڕەنگە ئەوە یەکێک بێت
لە سەیر و سەمەرەکانی مێژووی ئەو دوو زلحیزیە لە سەدەی بیست و یەک.
ئەمە سەرەتایەکی مەترسیداری کارکدنی هاوبەش دەستەکانی پارتی و یەکێتییە
بەیەکەوە بۆ پارچە پارچە کردنی هەموو ئەو هێز و لایەنانە کە پێیانوایە
هەبوونی ئەوان بەو شێوەی ئێستا لە بەرژەوەندی ئەواندا نییە، شاراوە
نییە کە لایەنێکی دیکەی ئەم دەستتێوەردانە تۆڵە کردنەوەیەکی کەمەر
شکێتە لە قادر عەزیز، کە پارتی و یەکێتی پێیانوابوو لەبن دەستی ئەوان
دەرچوە و خەریکەی لەگەڵ نەیارە سەرسەختەکانیان-ئیسلامییەکان- ڕێککەوتن
دەکات، بۆیە بە خەیاڵی خۆیان باشترین پەند کە بە قادر عەزیزی بدەن ئەو
پارچە کردنەبوو کە بینیمان.
پێش سێ مانگ لەو لەتبوونە برادەرێک پێیگوتم کە پارتی و یەکێتی بە
شێوەیەکی بەربڵاو لەناو زەحمەتکێشان دەست دەگێڕن و بەتەمان لەت و پەتی
بکەن، ئەو برادەرە ئەو دەم باسی کۆبوونەوە نهێنییەکانی بۆ کردم لە ماڵی
بەرپرسەکانی پارتی و یەکێتی کە بە ئەندامانی (م.س) و سەرکردایەتی
زەحمەتکێشانیان دەکران، بەڵام ئەو دەم بۆمن سەخت بوو باوەڕ بەو شێوە
لەتبوونە بکەم کە ئێستا دەیبینم، وام دەزانی تەنیا یەک یان دوو ئەندامی
(م.س)یان پێ کەمەندکێش دەکرێت و دواجار هەرەس دەهێنن و ئەوانیش دەچنەوە
ناو پارتی و یەکێتی، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین جگە لە گەمەی
(دەست)ەکەی پارتی و یەکێتی هیچی دیکە نییە.
halgurd@journalist.com
|