٣٠\١٢\٢٠١١
ئەمجارەش پووچێتی
و گاڵتەجاڕیی لێژنهکەی مەسعود بارزانی.

عامر سابیر
با بۆ تەنھا ساتێک وادابنێین کە ڕوداوەکانی بادینان، کە لە ڕۆژی ھەینی
٢\١٢\٢٠١١ لە
زاخۆ روویدا و پاشان دھۆک و سمیڵ و قەسرۆک و دێرەلوکی گرتەوە، سیناریۆی
پارتی خۆی نەبووە و کێشمەکێشی نێو باڵە جیاوازەکانیشیان نەبووە.
لێرەدا ئەم پرسیار و سەرنجانە جێگەی تێڕامانن:
یەکەم: بۆچی ئەنجام و ڕاگەیاندنی کۆتایی، ئەو لێژنهکەی مەسعود بارزانی
پێکی ھێنا، تەنھا یەک لاپەڕەی A٤ بوو، ئەم لێژنهیە کە لە ٣\١٢\٢٠١١
دەستی پێکرد تا ٢٥\١٢\٢٠١١
ھەموو لێکۆڵینەوە و شیکارییەکانی خۆی تەنھا لە یەک لاپەڕەدا
بڵاوکردۆتەوە. ئەمە لە گاڵتەی منداڵان دەچێت و گومانی زۆر دروستدەکات
کە لە یەکەم ڕۆژی ڕاگەیاندنی لێژنهکەدا، ئەم ڕاگەیاندن و
ئەنجامگیرییەیان بۆ حازرکراوە. لێژنهی لەم جۆرە کە لیکۆڵینەوە لە
ڕوداوی لەم جۆرە ئەکات، ئەگەر لە وڵاتێکدا بێت کە لانی کەمی ئازادی
تیادا بێت و کەسی دکتاتۆری وەک مەسعود بارزانی دەسەڵاتدار نەبێت تیایدا،
ئەوا ڕاگەیاندنی ئەنجامگیریی لێژنهکە، لانی کەم سەدان لاپەڕە دەبێت و
ھەموو ئەو لێکۆڵینەوە و چاوپێکەوتنانەی ئەنجامیانداوە بڵاودەکردەوە و
دەیانخستە بەردەست ھەموو کۆمەڵگا.
دووەم: ئەم لێژنهیە بۆ لە یەکەم ھەنگاویدا ئەچێت بۆ قەسرۆک؟ بۆ ناچێت
لە زاخۆوە دەستپێبکات کە شوێنی فەتوای مەلا و سەرھەڵدانی پشێویییەکەیە؟
سێیەم: سەرەتای دەستپێکی ڕوداوەکە، وتاری ھەینی مەلایەکی کۆنەپەرست
ئەبێت لە زاخۆ کە بە دوایدا کەسانی نائاگا و ساویلکە و کۆنەپەرست و
ھەڵخەڵەتاو بە قسەی مەلا دێنە سەرجادە و ئەکەونە سوتاندنی سەنتەری
مەساج و دوکانی مەی فرۆشان و ئوتێلەکان. بۆچی ئەم لێژنهیە بە ھیچ
جۆرێک سەردانی ئەم مەلایە ناکەن (لە ٢٢ ڕۆژی لێکۆڵینەوەکەیاندا) و
قسەکانی وەرناگرن و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا ناکەن و وتە پووچەکانی
وتارەکەی کە سەرچاوەی ڕووداوەکانە لە ڕاپۆرتەکەیاندا نییە.
مەسعود بارزانی نەک ھەر لێژنهکەی چاوی بەم مەلایە نەکەوت، بەڵکو
ئەمنەکانیشی لە زاخۆ لەجیاتی ئەوەی لەیەکەم کاردانەوەیاندا ئەم مەلایە
بگرن و زیندانی بکەن، لەجیاتی ئەمە لە گەرمەی ئاژاوەگێڕییەکەدا (لە
کاتێکدا کە دەنگی ئەڵاھو ئەکبەر تێکەڵ ئەبێت بە گڕو و دوکەڵی بەرزبۆوەی
سەر سەنتەرەکانی مەساج و دوکانی مەیفرۆشان) پۆلیس و ئەمنەکانی مەسعود
بارزانی مەلا ئیسماعیلی فەتوادەر ئەھێننە سەر مایکرۆفۆنی سەیارەکەیان و
داوای لێدەکەن قسەی پووجی زیاتر بۆ خەڵکی بکات.
مێژوو خۆی دووبارە ئەکاتەوە:
کە لە ١٨\٤\١٩٩٨دا
شاپور عەبدولقادر و قابیل عادل ئەندامانی ڕابەری حیزبی کۆمۆنیستی
کرێکاری تیرۆر ئەکرێن بەدوای فەتوای مەلا بەشیری تیرۆریستدا. لە
کاتێکدا کە ڕادیۆی دەنگی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری قسە و فەتوای مەلا
بەشیری کۆنەپەرست بڵاوئەکاتە لە دژی کۆمۆنیستەکان و فەتوای کوشتنیان،
لەم کاتەدا و تەنھا چەند ڕۆژێک دوای تیرۆری ئەم دوو ئینسانە شۆڕشگێڕ و
پێشکەوتووخوازە. نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتۆچکەکەی پارتی لە
ھەولێر، ئەچێت مەلاکانی ھەولێر کۆدەکاتەوە و مەلا بەشیری تیرۆریستیش (کە
ئێستا ئەندامی پەرلەمانە لەسەر لیستی زەرد) بانگھێشت ئەکات بۆ ئەو
کۆبوونەوەیە، کە تیایدا نێچیرڤانی کۆنەپەرست و پاڵپشتی تیرۆریستان
ئەڵێت کوردستان جێگەی ئەوانەی تیانابێتەوە کە ڕەخنە لە ئاینی ئیسلام
ئەگرن، یان بە قسەی پووچی خۆی وتی "کوردستان جێگەی ئەوانەی تیانابیتەوە
کە سوکایەتی بە ئاینی پیرۆزی ئیسلام ئەکەن".
لە ٢٥\١٢\٢٠١١
شدا مەسعود بارزانی کۆنەخواز، مەلاکانی دھۆک و دەوروبەری کۆئەکاتەوە،
بە مەلا ئیسماعیل عوسمانی سندیشەوە؛ ھەرلەوێشدا پاکانە ئەکات بۆ ئەو
مەلایەی سەربەخۆیانە و سەچاوەی پشێوێکانی زاخۆ بوو، وە ئەڵێت بێتاوانە.
مەسعود بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوام پێشبڕکێی کردووە
لەگەڵ تاقم و گروپە ئیسلامییەکان و منەتی بەسەریاندا کردووە کە ئەم لە
ئەوان کۆنەپەرستتر، لەئەوان زیاتر پارێزەری پیاوسالاری و دواکەوتووێتی
ئیسلامییە.
ھەر لێرەدا چەند سەرنجی تر لەسەر ڕووداوەکانی
بادینان بە پیویست ئەزانم:
یەکەم: بڵاوکراوەکانی ئاوێنە و ھاوڵاتی ھەڵوێستێکی نادروستیان ھەبوو
بەوەی کە سوتاندنی سەنتەری مەساج و دوکانی میفرۆشان جێگەی سەرنجیان
نەبوو ھێندەی سوتانی مەقەری یەکگرتوو. ھەڵەیان کرد کە ئەو
ئاژاوەگێڕییەی پارتی و ئیسلامییەکانیان بە خۆپیشاندان و درێژکراوەی
ناڕەزایەتییەکانی مەیدانی ئازادی سلێمانی شوبھاند.
دووەم: جێگەی سەرنجە کە سایتی ھاوڵاتی لەدوای ئەو ڕووداوانە ڕاپرسی
ئەکات و پرسیار لە خوێنەرانی ئەکات و ئەڵێ؛ لە ڕوداوەکانی ئەم دواییەدا،
کامیان قوربانین؟ ١) یەکگرتوو ٢) پارتی ٣) نازانم. ئەم پرسیارە
ساویلکانە و ڕێلێتێکدەرە، چونکە ئەوەی زەرەرمەندی ئەم سیناریۆ و
کێشمەکێشە کۆنەپەرستانەیە بوو، خەڵکی مەدەنی کوردستان بوو، نەک پارتی و
یەکگرتوو، وەک سایتی ھاوڵاتی بۆی چووە.
سێھەم: جێگەی سەرنج بوو کە بڵاوکراوەی ھاوڵاتی و چەندانی تر، لێدوانی
مەلا کریکاری تیرۆریستیان لەسەر ئەو رووداوانە بڵاوکردەوە. مەلا
کریکارێک کە ڕایگەیاندووە و ئەڵێ "ھەر کەسێکتان بینی کە دژایەتی ئیسلام
ئەکات بە تەورێک لە ملی بدەن و بیکوژن، من خۆم بۆم ڕێکەوێت ئەیکوژم".
وە ئەوە جێگەی سەرنجی زیاتر بوو ھەر ئەو بڵاوکراوانە سانسۆری
بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندنی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستانیان کرد
لەسەر ڕوداوەکانی بادینان.
ماڵپهڕی عامر سابیر
|