په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

ئەم دەقە شانۆیە چى دەکات لە مەڵبەندى 25 ى یەکێـتى ؟


نــان لەتاریکدا چنگ ناکەوێ ئەگەر مۆمێکت بۆهەڵنه‌کەن.


پێشڕەو حەمید 


دەقى شانۆى ( تۆکوڕى کامیانى جەلاد یان قوربانى ) کە لەکۆتاى ساڵى 2008 دا بەبەرهەم تاو لەگەڵ هاوڕێ شانۆکارەکانماد بڕیارماندا لەڕۆژى شانۆیى جیهاندا نمایشى بکەین و بۆ ئەو مەبەستە داواى ( هۆڵى ڕۆشنبیری ) ماکرد لە بەڕێوەبەرایەتى ڕۆشنبیرى دەربەندیخان ، بەڵام لەلایەن بەڕێوەبەرى ڕۆشنبیرى دەربەندیخان داواکاریەکەمان ڕەفزکرایەوە ، بەبیانوى ئەوەى هۆڵ بۆ پرۆژەکردن نییەو تەنها دەتوانن بۆنمایشکردن بەکرێ بمان دەنەێ ، لەکاتێکدا تەنها یەک هۆڵ لەو شارەداهەیەو ئەگەر ئەو هۆڵە نەدرێتە شانۆکاران بۆپرۆژەکردن ئەوا دەبێت لەماڵ یان لەشوێنێکى هاوشێوەى ماڵێک خۆت ئامادەبەکەى ، بەڵام دواى چەندین جار دوبارەکردنەوەى داواکاریەکەمان یەکێک لە فەرمانبەرانى ڕۆشنبیرى دەربەندیخان بەناوى کاک ( حەسەن محمد ) گیانى هاوکارى کردنى تێدابو بەڵام سەرلەنوێ لەلایەن بەڕێوەبەرەوە داواکاریەکەمان شکتى هێنا ، تائێرە مەسەلەکە ئاساییە بەڵام دواى ئەوەى یەکێک لەشانۆکارەکانى شارى دەربەندیخان هاوڕێم ( سیروان ڕەفعەت ) لەگەڵ ( م . محمد ڕەوف ) سەرقاڵى دەرهێنان و کارکرن دەبن لەشانۆى ( گوێبگرە پیاوى بچوک ) ى ( ولیام ڕایش ) دا بەرلە هەڵبژاردنەکانى تەموزى راِبردو ، لەلایەن ڕۆشنبرى دەربەندیخانەوە هۆڵەکەیان پێدەدرێت بۆ پرۆژەکردن و دواى دوو ڕۆژ لەپرۆڤەکردن کلیلى هۆڵەکەیان لێوەردەگیرێتەوە و پێان دەڵێن کە کلیلەى هۆڵەکە لە بارەگاى مەڵبەندەى 25 ى یەکێتى نیشتیمانی یە ؟! ئەو انیش بۆوەرگرتنەوەى کیلەکە دەڕۆنە بارەگاى مەڵبەند و بەرپرسى مەڵبەندپێان دەڵێت کە کلیلەکە لاى کارگیڕى مەڵبەندە بەناوى ( نەریمان مەجید ) کە خۆى یەکێکە لەشانۆکارە دێرینەکانى ئەو شارە ، دواى داواکردنى کلیلى هۆڵەکەو هۆکارى بونى ئەو کلیلە لاى مەڵبەند ( نەریمان مەجید ) پێیان دەڵێت کە نمایشکردنى ئەو شانۆگەرییە ى لەئێستادا شتێکى باشنیە و بەزەرەرى لیستى کوردستانى دەشکێتەوە و دەقەکە قسەلەسەر شەڕى ناوخۆ و مێژى پارتى و یەکێـى دەکات ؟! بەڵام کاتێک ئاگادار دەکرێتەوە کە ئەو دەقەى ( پێشڕەو حەمید ) نییە کە کارى تێدا دەکرێت و دەقەکەى ( ولیلم راِیش ) ە ، خێرا تەلەفون دەکات و ئەو کەسە ئاگادار دەکاتەوە کە دەقەکەى ( پێشڕەو حەمید ) ى لە هۆڵەکەوە بردووەو تەسلیمى مەڵبەندى یەکێـتى کردوە و ئاگادارى دەکات کە زانیاریەکانت هەڵەیە ؟! هەروەها ناوچەى پارتى دیموکرات لەدەربەندیخان داوەدەکەن لە هەردو دەرهێنەرەکە کەیەکێکیان پارتییە لەکاتى پرۆڤەکردنەکاندا ئامادەبن ؟ چونکە هێشتا بڕوابەوەناکەن کە کام دەقیان نمایش دەکرێت لەڕۆژى دیارى کراودا ؟


پاش تەواى ئەم ڕوداوانە شانۆگەرى ( گوێ بگرە پیاوى بچوک ) ى ولیام ڕایش لە ڕیکەوتى ( 13/7/2009 ) بۆماوەى یەک ڕۆژ نمایش دەکرێ .


بۆزانیارى خوێنەران دەقەکەى ( من ) لاى کاک سیروان دەبێت و لەهۆڵى ڕۆشنبیرى بەجێ دەهێڵێت ؟ چونکە پێشتر دەقەکەمان کۆپى کردبو بۆچەندانەیەک و دام بەچەند ئەکتەرێک بۆئەوەى خۆیانى بۆئامادەبەکەن ، بەلاچم کاتێک کەهۆڵەکەیان پێنەداین نەمان توانى نمایشى بکەین و ئەو دەقە لاى سیراون مایەوەو لەکاتى پرۆڤکردنى دەقەکەى خۆیدا دەقەکە منى لابو لە هۆڵەکە بەجێشى هێشتبو .


ئەوەى لێرەدا مەبەستە بیڵێم ئەوەیە ئاخۆ ئەو دەقەى من لە مەڵبەندى 25 ى دەربەندیخانى یەکێتى چى دەکات ؟ کێن ئەوانەى جاسوسى بەسەر فیکرەوە دەکەن ؟ لەکام جیگاى دونیادا هەبوە کە بەرلەنمایشکردن جاسوسى بەسەر دەقى ئامادەکراوەوە بکرێت بەرلەنمایشکردنى ؟ ئەو دەقەى من جگەلەوەى کۆمەلچێک هەقیەتى مێژوى لەخۆدەگرێت و توڕەبونى ناخى چەند بونەوەرێکى هەستیارى ئەم کۆمەلچگەى لەخۆیدا کۆکردو وەتەوەو دەیەوێت لەڕیگەى نمایشەوە بەرجەستەى بکات ، ئاخۆ چیى ترى تێدا بو ؟ لیستى کوردستانى و مەڵبەندى یەکێـتى و ناوچەى پارتى بۆچى زەندەقیان لەتێکستى دەقەشانۆیەکە چى بو ؟ ئەو جاسوسەى دەقەکەى بردو تەسلیمى مەڵبەندى یەکێتى کرد چەندى وەرگرت لەوهەمو پارەیەى کە لەکاتى پرۆسەى بانگەشەکاندا بەخشرانەوە ؟ .


لەساڵى 2003 لە شانۆى ( بازنەکانى دەسەڵات ) دا کەلەشارى دەربەندیخان نمایشمکرد کە ڕێگەى یەکێک لە کارەکتەرەکانمەوە وتم ( تف لەو سەرکردەیەى ئەم دۆزەخەى بۆدروستکردین ) ئێستاش لەدواى شەش ساڵ لە ئاراستەکردنى ئەو حیوارە دەڵێم ( نەفرەت لەو سەرکردانەى کە نەیان توانى تۆزێک لەو دۆزەخەمان لەکۆڵ بکەنەوە ) .


خوێنەرانى بەڕێز لەخوارەوە تەواوى دەقى شانۆیەکە دەخوێننەوە :

 


تــۆ کوڕى کامیانـى ، جەلـلاد یان قوربانى.


(ئەوە فەساد بونى ئەقڵە ، ژیانى کردو وەتە گۆڕستان)

پێشـڕەو حـەمـید


کەسى یەکەم : کەسێکى سەیرى ، زمانت وا دەڵێت ، بالێت بپرسم ( تۆ ) لەکام شوێنى خەونەکانى خۆت دایت ؟
تۆ کوڕى کامیانى ؟ بەرلەوەى وەڵامێکت هەبێت ، ڕێگەم بدە بونت بخوێنمەوە ( تۆ ) دەمێکە گومان لە خەونەکانى دەرەوەى خەونەکانى خۆت دەکەى .. ڕێگەم بدە بالەوە زیاتر ڕێگەت نەدەم لەسەر ئیهانەکردنم بەردەوام بیت ؟!
( کەسى دوهەم دەیەوەێت قسەکانى پێببڕێت و کەسى یەکەم بەردەوام دەبێت لەسەر قسەکردن )
بهێڵە با ( تۆ ) وەک ئەو ( تۆ ) یەکى خاوەن شوناسى خۆت بتخوێنمەوە .... ئەوەى تۆ دەیکەى بانگەشە مەرگە بۆ هەردوکمان .
کەسى دوهەم : کام بانگەشەى مەرگ ؟ ئەوە ( تۆ ) چى بونەوەرێکى خەسیویت لە نێو مێشکى خۆتدا ؟
دیارە لەو کاتەوە خەسیویت کە ئیرادەى خۆتت دایە دەست مانایەکى هیچەوە ، ئەم خۆ سڕینەوەت لە کێوە سەرچاوە دەگرێ ؟ تۆ ...
( کەسیى یەکەم قسەکانى پێدەبڕێت )
کەسى یەکەم : تۆ کابرا ، لەژێر سێبەرى باڵاى کام ( مژدە ) دا وون بویت ؟ بۆ دەتەوەێ بەناوى قوربانییەوە لە خۆێنى من دەست نوێژێک هەڵبگرى ؟ لەوەزیاتر وون مەبە و بەناوى ( غەزاى ) عەقڵەوە لە کۆڵانە تاریکەکانى ناختدا مەحشەرێک مەخولقێنە و من مەخەرە بەرەى ئەهلى کوفرەوە .
کەسى دوهەم : گێلى ...زۆریش گێلى
کەسى یەکەم : داڕوخاوترین مەخلوقى سەردەمەکەى خۆتى
کەسى دوهەم : لەنێو حیکمەتى هێماکاندا وەرەدەرەوە ، چاوەڕوان مەبە لێت بپرسن چى دەکەى ؟ هەمیشە بەخۆت بڵێ ، لەگەڵ کێدابم باشترە !
بەدمەستێکى وەک تۆ نەبێ هەموکەس دەزانێت ( نــان ) لەتاریکدا چنگ ناکەوىًَ ئەگەر مۆمێکت بۆهەڵ نەکەن .
کەسیى یەکەم : نــان... ؟ تاریکى...؟ تاریکى ئەمڕۆ بە هەڵکردنى هەمو مۆمى دونیا کۆتای نایەت ...ئەم تارییکەیەى لە تاریکى ئەقڵەکانى ئێوەدا بەرهەم هاتوە ، بەگڕى دۆزەخیش ڕوناک نابێتەوە ، هەمو شتێک تامێکى خۆى لەدەست ئەدات ئەگەر سەر بۆشۆڕکردنەوەى تـێدابێت .
کەسى دوهەم : هەڵدە لەو هەمو جەنجاڵییەى نێو سەرت کەقسەى قۆڕ بۆى دروستکردویت ... ئەم قسانەت تواناى دروستکردنى دنکە شقارتەیەکیان نیە تا لە تاریکى نێو ئەعقڵت ڕزگارت بکەن ، بەکەڵکى چی دێت قسەى سواو ؟ بزانە لەم بێدەنگیەدا چى دەکەى ؟ ئێرە خۆشترە یان ماڵى شەهوەت ؟
کەسى یەکەم : تۆهێشتا نازنى بڵێیت : ( بۆچى تۆ لەمن ناچیت ) بەڵکو وافێرکراویت بڵێیت : ( نابێت لەمن نەچیت ، نابێت نەبى بە من ) .
بۆدەبێ من خۆم نەبم ؟ بۆدەبێت ئێمە خۆمان نەبیت ؟ بۆزمانى غەزەب بەسەرماندا ئەبارێنن و پێمان دەڵێن : ( نابێت وەک ئێمە نەبن ؟ ) .
مردنى کەسێک ، ئیهانەکردن و سوککردنى کۆمەڵگایەک ئەعقڵى ڕزیووت ڕاناچەڵەکێنێت ..ئیدى چ بکەم لەچێژى ئەو ماڵەى پڕبێت لەشەهوەت ؟ ئەوە بێ ویژدانیە وێنە کاڵەکانى ژیان بەڕەنگى ئەو ( مۆم ) انە تۆخ بکرێتەوە کە بەگـڕى شەهوەت پێکرابن ، تەنها ووشە شک ئەبەم ، ئەگەر ئەوم نەبێت ، وەک تۆ دەبمە چەرمێکى ئاوساو لەخەونى پیس .
کەسى دەوهەم : ئەوەندەڕقت لەخۆت نەبێت باشترە ، بۆ واهەست دەکەى هەمیشە کەسێک هەیە بەدواتەوە هاوارت لێدەکات ؟ ئەوە هـاژە هـاژى ناخى ڕقاویتە ئارامى لێبڕیوت ... ئارامى تەنها لاى منە ( بەگاڵتەپێکردنەوە ) منیش لە باوەشى ئەواندا پێى ئاشنابوم ، تەنها لە باوەشى گەورەیى ئەواندا دەتوانى ناشرینى ئەو بچوکییەت بشاریتەوە ، دوو دڵ مەبە تەنها هەنگاوێک بەسە بۆ خۆ گەورەکردنت ، ئیدى بەم هاش و هۆشەى ناخت بێ دەنگیى ئێرە مەشێوێنە !.
کەسى یەکەم : بەزمانێکى لێوان لێو لە درۆ و گۆمڕاى ئێرە پڕمەکە لەبێَدەنگى ، دەبێ هەمیشە مەمنونى ئەوسیحرەبیت هەڵى لوشیت بۆ باوەشى جەنڕاڵە شەهوانیەکانت ، دەبێ مەمنون بى لەو هەمو خەونە گەورانەتەوە پڕیانکردیت لە بچوکى،
ئاى ئەوە چ هەستێکە نیگات لەئاست ڕاستیدا پڕدەکات لە خوێ ؟
( کەسى دوهەم دەیەوەێت قسەبکات کەسى یەکەم ڕێگەى نادات )
هەردەم دەکەیتەوە بۆنى گوشتێکى سوتاو دەکەم ، بیابانێک لەخوێ کرمەکانى ناخت نـاڕزێنێت ... ئەوەچى ئامێزێکى گەرمە ناهێلێت جەستەت ڕەق بێتەوە لەشەرمەزاریدا ؟
کەسى دوهەم : تۆ ...
( کەسى یەکەم قسەکانى پێدەبڕێت )
کەسى یەکەم : هەرکە بانگم دەکەى جێ ژوانى ماچەکانم بێهێنەمە نێو هەناسەى شەهوانیتانەوە ، چاقەکانم گۆج دەبن ، زمانم دەسوتێ ، گوێکانم کوێردەبنەوە ... ئیدى بەسە دەم مەکەرەوە با لە وەزیاتر نەسوتێم ..ئیدى ..
( کەسى دوهەم قسەکانى پێدەبڕێت )
کەسى دوهەم : پەرداخێک ئـاو ناخۆیتەوە ، ئاوى ســارد ؟
بێدەنگى
کەسى یەکەم :هیچ گەلە گورگێک لە دەرەوە کەڵپەى بۆمل شکاندنت ئا مادەنەکردوە ، بۆچى لەتەنیشت گەورە شوانەکەتدا ، شەڕ بەسەوزایى سروشت دەفرۆشى ؟خۆزگە بەوەت دەزانى چى گورگێکى ناشرینى .
کەسى دوهەم : ( پێدەکەنێت ) لەدەلاقەى کام خۆزگەتەوە بێمە ژورەوە ، تاپێت بڵێم ئەو ئارامییەى واهەست دەکەى لەسەرى پڕلە هیچەتداکۆتکردو وەتەوە ، پڕە لە هەناسەى سارد ؟ لەکام لاوە ، بەر بە هەناسەى ژەهراویت بگرم تائەم بێدەنگیە نەشێوێنى کە نەوە بە نەوەى ( شۆڕش ) لە تـابوتى مەرگدا ، زیندویانکردو وەتەوە ؟
چیتە .. پێشەنگى ئەوەندە چێژ بەخشە واجاڕاى شۆڕش کردن بۆ ئەدەى ؟ ئەگەر تینوتە با پەرداخێک ئاوت بۆبێنم .. ئاوى حــەیــات ؟! .
کەسى یەکەم : بە بچوکى خۆت گەورەیم لەکەدار مەکە ، ئەو ئاوەى دەتەوەى دەرخواردى منى بدەى خۆت نۆشیبکە ، تا پاروى سەرشۆرى نەیخنکاندویت.
من نامەوێ وەک تۆ لەنێو پێچى پشتوێنى یپاوە گرگنەکانى دیوەخانەکەتاندا وون بم ...گونهاى من نییە بچوک نابمەوە ... ئەوە بچوکى تۆیە خواردنەوەى پەرداخێک ئاوى مل شۆِرى بەشۆڕشکردن دەزانى .
کەسى دوهەم : ( بەتوڕەبونەوە ) بەسە بۆڵە بۆڵ ، بەسە خۆگێل کردن !
کەسى یەکەم : ( بەتوڕەبونەوە ) بەس نیە خۆ فرۆشتن ؟ بەس نیە خۆڵ لە چاوکردن ؟
( بێدەنگیەکى کورت )
کەسى دوهەم : لە خوا بپاڕێرەوە با لاڵت نەکات ، شۆڕش پڕە لە حیکمەت ، پڕ لە ئیمان ...
قوربانى ئازادى بم وافیرى کردویت هەمو جۆرەکانى ڕشانەوە تاقى بکەیتەوە ... هەى گرگن ... ئەقڵ پوچ ... شۆڕش هەرچى هەناسەى دزراو بوو گەڕاندییەوە ، هەرچى چەقۆى لەبرین بەجێماودابوو کردیى بە گوللەو ناچەوانى دوژمونەکەتى پێ داخ کرد ، ئێستا بۆشۆڕش بە دۆزەخ ، گەرم کردن دەزانى ؟
کەسى یەکەم : کام شۆڕش ؟
کەسى دوهەم : ئەوەى تۆ بەهى خۆتى نازانى !!
کەسى یەکەم : وتم کام شۆڕش ؟
کەسى دوهەم : ئەوەى فێرى کردى پرسیارو گومان کردن چیە ... ئەوەى فێرى ..
( کەسى یەکەم قسەکانى پێێ دەبرێت )
کەسى یەکەم : ئەو شۆڕشەى فێرى درۆى کردى ، ، یان ئەوەى کردیتى بە کەسێکى قورمیشکراو ؟ ها ؟ دەى زیاتر بڵێ لەبارەى شۆڕشەوە ، دەى بابزانم تاچەند لەبارەى شۆڕشەوە دەزانى ؟
کەسى دوهەم : زۆرلە وەزیاتر دەزانم کە تۆهەستى پێناکەى ، بەڵام واهەست دەکەم تۆکەسێکى لەو کەسانەى کەهیچ کەسێکتان قوربانى بۆشۆڕش نەداوە ، هەربۆیە هەمیشە بەوشێوەیە قسەى .....
( کەسى یەکەم ڕێگەى نادات تەواى بکات )
وایە ...وایە ...شۆڕش ... شۆڕشى شۆڕەسواران ... ( بەتوڕەبونەوە ) ئەوە تۆدەڵیى چى ؟ ها ؟ کەس هەیە قوربانى نەدابێت ؟ شۆڕش ... باسى کام شۆڕش دەکەى ؟ بەس پێم بڵێ کام شۆڕشیان ؟ ئەوشۆڕشەى فێرى لەزەتى تەور وەشاندنى کردین ؟ یان ئەو شۆڕەى فێرى سەرپان کردنەوەى کردین ؟ یان ئەوشۆڕشەى ....
کەسى دوهەم : ئەو شۆڕشەى هەرچى گوڵى نیشتمان بو لە پێناویدا ژاکاو ئێستا درک و داڵى وەک تۆ شەق لەبەرهەمەکەى هەڵئەدات ، ئەى گێل ... مل هوڕانە ژەهرى نـائـاگـاى بـڵاو مەکەرەوە ، زۆرلە وەسوکترى بتوانى بێ مـانــایى بە مانا باڵاکانى شۆڕش بدەى ، واهەست نەکەى هەرچى ئەفسانەکانى شۆڕشە درۆینەیە ، هەرچى جەنگاوەرەکانەیەتى جەلــلادە.
( بێدەنگیەکى کورت و کەسى یەکەم بێدەنگە و کەسى دوهەم توڕە دەردەکەوێت )
کەسى یەکەم : بڕواناکەم شۆڕش ئەفسانەى هەبێت !
نوکتەیەکى خۆشە ( بەتوڕەبونەوە ) وابزانى هەمو جەنگاوەرەکانى شۆڕش فریشتەن !! تۆ کە بڕوات بە راِستیەکانى شۆڕش نیە ، بۆلێ ناگەڕێیت قوربانیەکانى شۆڕش بە دواى خۆیاندا بگەڕێن ؟
کەسى دوهەم : هێشتا لە ڕەهەندەکانى شۆڕش بێ ئاگاى ، ئەگەرنا ...
( کەسى یەکەم قسەکانى پێدەبڕێت و توڕەدەبێت )
کەسى یەکەم : شۆڕش بەدواى شۆڕشدا هەڵدەگیراسا و سەرى دەپەڕاند ... سەرى جەلــلاد .. سەرى دوژمن ...سەرى منداڵ ... سەرى قوربانى ... سەرى ... ( تەواى ناکات و بارى دەروەنى تێک دەچێت ) هێشتا بۆنى خوێن دێت ، هێشتا ئەم خاکە بۆنى باروتى لێنەبڕاوە ( بۆکەسى دوهەم قسەدەکات ) شۆڕش لە دژى شۆڕش لە تەپۆڵکە وشکەکاندا تەڕ تەڕدەکرانەوە ، ئـــاخر شۆڕش نابێت جەنگاوەرى لێببڕێت ؟! ئەوە حیکمەتێکە تەنها شۆِرشگیڕەکان دەیزانن ، هەموو شۆڕشێک هەروایە ، تەڕو وشک پێکەوە دەسوتێنێت، ئیدى دیارە ئەوە حیکمەتى شۆڕشەو من نازانم بۆچى دەبێت وەهابێت.
بەڵام ئەوەى هەرگیز لەیادم ناچێت ، جەنگاوەرەکان ... فریشتەکانى شۆڕش !! کۆڵە پشتەکانیان پڕکردبو لە ڕق و مردن و بەرەو جەنگ ملیان دەنا ، ئاى چیى دیمەنێک بو هەرچى کۆڵانەکانى شاربو جمەى دەهات لە کاسبکارو قوتابیى و فەرمانبەرو مامۆستاو هونەرمەند .... هەر وەک سواڵکەر لە دەرگاى ماڵەکانیان ئەداو داواى نانیان دەکرد بۆ جەنگاوەرە برسیى و ماندوەکانى شۆڕش ؟! تەنها چەند هەفتەیک بو دواشۆڕشى تەپۆڵکە وشکەکان دەستى پێکردبو ، هەرچەند هەفتەیک بوو ،
منداڵە بۆیاخچیەکانى شار چونە بەردەم بارەگاى شۆڕشگێرەکان وبەدەم نزاو هاوارکردنەوە دەیان وت " شەڕەکانتان ، پێڵاوى لاستـیکـى کردە پێى هەموومان ، ئیدى ئێمە چـى بۆیاخ بکەین " ؟
ئــــاخ ، ئەگەر قەوانە فیشەک بۆیاخ دەکرا بەڕۆژێک هەمویان دەبونە ( فیرعـەون ) .
کەسى دوهەم : کابراى پاقلە فرۆشیش دەیووت " شەڕهاتووەتە سەر عەرەبانەکەى منیش ، ئەوەتا هەر ئەمڕۆ چوار پێنج موشتەرى چەورى قەڵەوەى لێدزیم " ... هەمو جدلـلادەکانى دونیا لەپێش هەمویانەوە ( جەللادى کورد ) بەخۆیان و خەونو حیکمەتەکانیانەوە بۆ دوزەخ .
بێدەنگى
کەسى یەکەم : درەنگ بویتەوە بەخۆت ... گومانهم هەیە هێشتا بزانى حەقیقەت لەچیدایە ؟!
کەسى دوهەم : بۆ پێت وایە حەقیقەت تەنها لاى تۆیە ؟ هێشتا بەئاوازەکۆنەکە مەست دەبیت ، بە موسیقایەکى ناساز دەکەویتە سەماکردن .... سەمایەک بۆخۆ لادانت لە ڕوو بە ڕووبونەوە ، سەمایەکیش بۆ گێلێتى خۆت !!
برادەر حەقیقەتى جوانى هەیە ئەشێوێنرێ .. حەقیقەتى فیکر هەیە ئەسوتێنرێ .. حەقیقەتێک بە ناوى ئینسان هەیە ئەى کەى بە پەند ؟! ( لەسەرخۆ بەرەو توڕەبون دەچێت ) ئیدى بەناوى خەونى کرچوکاڵتەوە خەون لە کەس حەرام مەکە.
ئاخر تۆچیت ، تا هەمو کوڕەکانى شۆڕش بە جەلــلاد بزانى ؟ هەرچى بڵێت یان نــا ، ناتوانى بڕوام پێبهێنى کە ( تۆ ) ،
( من ) نیت ! تــۆ هەر بە مـــن دەچیت ، تەنها ئەو کاتانە نەبێت کە بە ناوى حەقیقەتەوە درۆ کۆدەکەیتەوە .
[کەسى سێهەم و چوارم و پێنجەم دێنەسەر شانۆ ، کۆمەڵێک کەرەستەیان پێیە کە وەک ( موفرەدە ) بەکارى دەهێن لە شانۆکەدا و سەرقاڵى ڕێکخستن و ئامادەکردنى سەرتەختەى شانۆ کە دەبن بۆنمایشێکى شانۆى ، کەسى سێهەم دەرهێنەرى نمایشى ناو نمایشى شانۆکەیە ]
کەسى سێهەم : ( بۆ کارەکتەرى یەکەم و دوهەم ) واى ئێوە چەند گوناهن !!
واى ئێمە چەند گوناهین ، ئەهلى مەملەکەتێکین ، نەجەلــلادمان جەلـلادە ... نە قوربانیمان قوربانیە ... ئەرێ بەڕاست لەنێو ماڵە گوناهەکانماندا ، کێمان جەللادە و کێمان قوربانى ؟ من ئەڵێم نـازانم ، ئێوەش کەیفى خۆتانە .
کەسى دوهەم : قسەى هیچ .
کەسى سێهەم : وتت چیى .
کەسى دوهەم : هیچ ، وابزانم زۆرمان نەماوە وانییە ؟ کات چەندە ؟
کەسى سێهەم : ( بۆکەسى چوارم و پێنجەم ) کەرەستەکان بەپێى نەخشەى نمایشکەکە دابنێن و هیچ پە لە مەکەن ... با ، بە ناوى جوانییەوە ، نـاشرینى خەونى دۆزەخیمان پێوەنەبینێت !
کەسى یەکەم : هەرگیز ئەم هۆڵـە پڕنابێت لەبینەر ، ماندوبونمان تەنها سەرئێشەیەکەو هیچى تر .
کەسى سێهەم : لەنێو هەر فەتوایەکى سوردا کەسێکى موبارەک هەیە ، کەسێک بەگۆشت و خوێنەوە ، لەبرى کتێبە ئاسمانییەکان ، مرۆڤ بەسەر دۆزەخ و بەهەشت ، نەفرەت و ڕەحمەتدا دابەش ئەکات ، لەجیاتى ( خـوا ) لیستى حەرامەکان دائەبەزێنێ ، ئەو بڕیار ئەدا کێ ئەهلى فیردەوسە و کێش ڕاپێچى دۆزەخ ئەکا ( بۆکەسى یەکەم ) توش لەخۆتەوە هیچ لیستێک دروست مەکە و بڕیارى پێش وەخت مەدە، هەرکە شانۆکەمان تەواو بو چاوبگێرە هەرکەسێک نەهاتبو غائیبى دە .
کەسى دوهەم : دەشێ بەر لە ئێستا سیماى ئەو خەڵکەم هەموى نەدیبێ کە بۆنمایشەکەدێن ، وەلێ هەرپێیام دەڵێم ، مرۆڤ هەیە بەناوى ڕاستیەوە زمانى درۆ ئەگرێ ؟!
کەسى سێهەم : تەنها بیر لەسەرکەوتنى نمایشەکە بکەنەوە و بەس .
کەسى یەکەم : ئەوە گرفتەکەیە ، گرفتێکى خراپیش ( کەسى سێهەم دەیەوێت قسەبکات و ڕێگەى پێنادات ) هەرواشە ... لەنێو مانشێتى ڕۆژنامەکاندا کەسێکى پیرۆز دەبینم ، بەناوى هەمومانەوە و لەجیاتى نیشتیمان ، بەسەر بەرى شۆڕش و خیانەتکردندا دابەشمان دەکا ، هەرئەو زاتە گەورەیە بڕیار ئەدا ئـاو و هـەوا بۆ کێ حەڵالەَو بۆکیش نییە توخنى کەوێت ، ئەى ئینسانێک لەکارەسات ... ئەى .. ( کەسى سێهەم قسەکانى پێدەبڕێت )
کەسى سێهەم : ئەمە خزمەتکردنە بە بەشەریەت ، یاخود بەشەریەت پیسکردنە ؟ ئەوەڕەفتارێکى ئەخلاقییە ، یان ئەو پەڕى بەد ڕەوشتى ؟ ئەم وڕینانەچین ؟ ( کەسى یەکەم بەخێًراى دێتەقسەکردن و قسەکانى بۆ وروژاندنى کەسى دوهەمە )
کەسى یەکەم : جەستەیەکى سورى ئینسانت لە بەردەستایە بە تۆخى لەسەرى بنوسە بژى مــرۆڤ ، چەقۆیەکى سور سور ، بەدەستەوە بگرە و لە نێو خەونى مرۆڤدا بنوسە بژى حەقیقەت . ( کەسى دوهەم خیرا وەڵامى ئەداتەوە )
کەسى دوهەم : تۆیش پارچەیەکیت لە ( تەور ) دەتەوێت خەونە جوانەکانت بنویستەوە بە دەست و خەتى جەلــلاد .
کەسى سێهەم : ئــاى لە ( چەقۆ و تەور و جەلــلاد ) دەست و خەتیان چەند ناخۆشە ، ئاى مەملەکەتى حەقیقەت بە چ ناشرینییەک ، شەریعەتى جوانى دەنوسرێتەوە ؟! دەى چاوەڕوانى چین ( بۆ کەسیى یەکەم و دوهەم ) چەقۆکانتان هەڵبگرن و یەکترى پارچەپارچەبکەن ، تابزانین پارچەى کامتان بەشى کلکە تەورێکى سورى تێدادەبێت ؟!
کەسى چوارەم : ( لەنیوان کەسیى یەکەم و دوهەمدایە ) کامتان چەقۆتان پێیە ، تا ئەو شەیتانەى پێبکوژم کە پێکەنینى بەم گەمە شێتانەتان دێت ؟ چیى بکەم لەمۆمەکان ( بۆکەسى سێهەم ) ئێستا دایگیرسێنم ، یان .. ( قسەکانى پێدەبڕدرێت )
کەسی سێهەم : نەخێًر ئێستا نا ، جارێ پارچە قوماشەکان هەڵبواسن ، ئەوە ئێوەخەریکى چین ؟ توزێ بجوڵێن ، گوێبگرە
( بۆکەسى چوارەم ) لەجیگاى قوماشە ڕەنک ( سورەکان ) ئا ... هیچ ، هەرلایبەن هەڵى مەواسن .
( کەسیى یەکەم و دوهەم بێدەنگن ، کەسى چوارەم و پێنجەم سەرقاڵى ئامادەکردنى سەرشانۆکەن ، کەسى سێهەم بە بێدەنگى و بیزارۆییەوە لە کەسى یەکەم و دوهەم دەڕوانێت )
کەسی سێهەم : کەس هەیە بە پەیژەى بە دڕەوشتیدا بگاتە باڵە خانەى ڕەوشت ؟ بۆچى مانایەکى جوان ئەبەخشە ئەو چەقۆیە کە بەناوى کڕینەوەى شەرەفەوە سەرى ئینسان دەپەڕێنێ ؟
بۆ بەچاوى حورمەتەوە دەڕواننە ئەو بێشەرەفیەى کە لە خوێنى ئینسانەکاندا بەدواى شەرفدا دەگەڕێ ؟
باتێبگەم ، تێم گەیەنن ...ئێوە نازانن چى ئارامییەک دەبەخشنە دەروونم گەر عەناعەتم پێبکەن کە ئەم شەڕەتان مانایەکى هەیە و بەدڕەوشتى نییە ؟! خۆزگە تێدەگەیشتم کە بۆچى واهەست دەکەن ئێوە خۆتانن و قورمیش نەکراون ؟
ڕێگەمەدەن خوێنى پیس بگاتە شادەمارەکانى ناختان ... بۆ دەمتان پڕە لە خوێن ؟ بەرلە هەر ئازارێک بونەوەرێکى گوناه لەناختاندایە و ئازارى ئەدەن ... بەرلەهەر دەنگێک ، نوزەیەک لەبەرائەت لەناختاندایە و ئەیخنکێنن ، ئاخر بۆ ؟ بونەوەرێکى نامۆ لە ئێوە ناچێ و لەناختاندایە بیکوژن تــاببنەوە بەخۆتان ، ئاخر چۆن دەکرێ بەدەنگێکى ناساز گۆرانییەکى خۆش بوو ترێ ؟!
( کەسى شەشەم و حەوتەم دێنەسەرشانۆ یەکى ( دەف ) ێکیان بەدەستەوەیە و دەیژەنن ، کەسى شەشەم لە کۆتاى دواقسەى کەسى سێهەمدا گۆرانییەکى شادى دەچڕێت ، لەگەڵ گۆرانییەکەدا کەسایەتیەکان بەشێوەیەکى هونەرى یەکسان لەسەر شانۆکە بڵاو دەبنەوە ، دەکرێ ماوەى گۆرانییەکە دیارى بکرێت و دوو خولەک تێنەپەڕێنێ )
کەسى پێنجەم : ( لەدواى تەواو بونى گۆرانیەکە ) دەم خۆش ، دەم خۆش ، پەنجەکانتان سەلامەتبێ ...بەرلەوەى ئێوەبێن ، خەریک بو لە نێو ئەم کەشە توڕەیەدا ، شوێنێک بۆ هێمنى بەکرێ بـــگرم !؟
کەسى چوارەم : واز لەم هەمو ڕقـــە بهێنن ، با هەمیشە وێل نەبین و ساتێک بۆ خۆشەویستن قەرزبکەین !!
کەسى یەکەم : تەنها دەمەوێت بزانم کوڕى کامیانە ، جەلــلاد یان قوربانى ؟
کەسى دوهەم : هێشتا خۆت نیت ، کەسێکى شێوێنراویت و هەستى پێناکەى ، چونکە بێ هەستى .
کەسى یەکەم : دەمەوێت هەست بە بونت بکەم ، بەڵام یۆ نایە ڵیت ، چونکە خراپ قورمیشکراوی .
کەسى سێهەم : ( تورەدەبێت ) ... بابەس بێت ، ئیدى بەسە خول خواردنەوە لەبازنەى بێ هەستیدا ، دەبێ بڕوا بهێنن کە نیشتمان لەنێو زەبرو زەنگدا نــابێتە بــەهەشت ...هەست بەوەبکەن کات بە فیڕۆدەڕوات و هێشتا ئێوە دەبەنگانە بێئاگان ، ئێمە نمایشێکمان لەپێشە ناکرێ بەم بارە خراپەى دەرونمانەوە چاوەڕوانى پێشکەشکردنێکى باشبین .
( بێدەنگیى یەکى کورت و کەسى سێهەم بە ئاماژە کەسى چوارم و پێنجەم ئاگادار دەکاتەوە کە لەسەر کارکردن بەردەوام بن ، کەسى شەشە م و حەوتەم بە دەست خشاندنیان لە کامەى دەفەکان و یاریکردن بە زنجیرەبازنەیەکانى دەفەکان جۆرێک لەمۆسیقا دروست ئەکەن بۆ ئەو دیمەن کورتە ، کەسى یەکەم لە سوچێکى شانۆکەدا دانیشتوە وڕوناکى دەکەوێتەسەرى )
کەسى یەکەم : هەرچى دەرگاى بەختەوەریە داخراوە و کلیلەکانى لە گیرفانى ( حەزرەتى فــەساد ) دایە ... هەمو کون و قوژبنەکانى ئەم مەملەکەتە هەروەک ئەندامەکانى لەشم شارەزام ، بەڵام هێشتا نازانم بۆهەرچى خەونمان هەیە دەکرێتە کەلاوە ؟
بۆچى سەرخوان هەیە پڕە لەنان و پێکەنین ... سەرخوانیش هەیە پڕە لەبرسێتى ؟ ئێرە مەملەکەتێکە پرە لەو کەسانەى هێشتا نازانن کوڕى کامیانن ، جەلــلاد یان قوربانى ... ئێرەمەملەکەتى ( تەورە ، تەور ) تەورەکانیان دەخەنە سەرملمان و پێمان دەڵێن : بەهەشتى ئێمە هەڵدەبژێرى یان دۆزەخى خۆت ؟!
ئەگەردۆزەخى خۆم هەڵببژێرم ، تەور بە دەستەکان بەشێت بە مناڵانى شار دەم ناسێنن و لەبەردەم دەرگاى مزگەوتەکانیشدا وێنەکەم بڵاو دەکەنەوە لەژێرەوە بەخەتێکى تۆخ دەنوسن ( هێشتا نازانى کێ باوکێتى ) !!
ئەمە گەیشتنە بەدڵنیایى ، ئیدى کەى ئەوە دەبەنگیى و کاڵ فامییە ؟
ئەوە حەقیقەتى ئەو زاتە گەورانەیە کەنازانم لەکام ماڵى سورى شۆِرشەوە هاتون ؟! ( کەسى سێهەم لیى نزیک دەبێتەوە ) ئەوە فەساد کردنى ئەقڵە ، ژیانى هەمومانى کردو وەتە گۆڕستان ، ئەوە ... ( کەسیى سیهَەم قسەکانى پێدەبڕێت )
کەسی سێهەم : نەخۆشنیت وا ڕەنگت بڕسکاوە ؟
کەسى یەکەم : لە هیچ ڕەنگێک ناچم تانەخۆشى تێدا بدۆزمەوە !
کەسى چوارەم : پێم نەوتن ... مرۆڤگەلێکى ئێجگار خەیاڵ پڵاوین ... هیچ شتێک نەما لەشوێنى خویدانەبێت ، تەنها پێویستمان بەکەمێک پشوو هەیە.
کەسى سێهەم : ( بۆ جێبەجێکەرى ڕوناکى شانۆیەکە ) ڕوناکییەکان بکوژێنەرەوە با نەسوتێن ( کەسى دوهەم دەیەوێت مۆمێک دابگیرسێنێت ) ڕوناکى مۆمێک تاریکى لە دونیادا ناهێلێت ( مۆمەکەى لێوەردەگرێت ) بەڵام ئەم مۆمەى تۆ سەرشانۆکە ڕوناک ناکاتەوە !؟
کەسى دوهەم : ئاخر ئەگەر ڕوناکییەکان بکوژێنرێتەوە چاومان هیچ نابینێت .
کەسى سێهەم : ئەگەر خۆمان بمانەوێت چاومان هەموشتێک دەبینێت ئەگەر لە تاریکیشدا بێت !!
( بۆجێبەجێگەرى ڕوناکى شانۆیەکە ) گڵۆپەکان بکوژێنەرەوە ، ئەمەیان ... ئەوەش ... ئەو سەرى شانۆش ... بەردەمى من ... گڵۆپە سورەکانیش ، ئۆکەى ( ok ) زۆرباشە ، بڕۆنە ژورى خۆگوڕین کات درنگە .
( تەواى کارەکتەرەکان سەرشانۆکە بە جێ دەهێلن و ڕووناکى بەشێوەى ( ڤۆلۆ ) دەکەوێتەسەر کارەکتەرى یەکەم و وردەوەردە ڕوناکییەکە کاریگەرتر دەبێت )
کەسى یەکەم : ( بۆ بینەران )
ئەى ئێوە ... نەوەى کامیانن ، جەلــلاد ، یانى قوربانى ؟
تێبینى : بۆ نوسینى ئەم دەقە شانۆیە سود لە توێژینەوەیەکى ( ئاراس عەبدولکریم ) وەرگیراوە.

 


کۆتایى زستانى 2009
peshrawhameed@gmail.com