١١\٩\٢٠١٠
ئێمه عاشق
نه‌بووین،
ئه‌مه چاره‌نووسی
خۆمان بوو !!

رۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یى
ئه‌م سه‌وداکردنه
چیه، که‌هه‌ر
ده‌چێته‌وه سه‌ر شکانی شوشه‌کانی شعور
ئه‌م ده‌ستانه مانای چیه، که‌فێرن به‌سلاوی دابڕان
ئه‌م هه‌نگاوانه بۆ له‌ت له‌تن، به‌مه‌ره‌که‌بی ماڵئاوایی
ئه‌م شه‌وه به‌تاڵانه چین، که‌جاهیلن به‌لوغزه‌کانی له‌زه‌ت
ده‌ست و پلی ئه‌م هه‌موو حه‌قیقه‌ته، بۆ به‌شوشه‌کانی
شه‌راب گه‌مژه ده‌بن..
قریوه‌ی ئه‌م هه‌موو خه‌ون و خه‌یاڵه،
بۆ ده‌درێنه به‌ر هاژه‌ی چۆڵه‌وانی
ئه‌م هه‌موو قسه‌کردنه له‌ژێر پێڵاوه‌کاندا،
بۆ رێگایه‌ک خه‌به‌ر ناکاته‌وه
خه‌ریکی پاککردنه‌وه‌ی ژیان بێ
ئه‌م هه‌موو سه‌ته‌ڵه‌که پیاسه ده‌که‌ن
بۆ پڕن له‌تامی تینوێتی
ئه‌م هه‌موو خه‌رجکردنی ته‌مه‌نه، بۆ ئاشنان به‌له‌هجه‌ی گسک
ئه‌م هه‌موو فڕینه بۆ هه‌ر ده‌بێ،
له‌قه‌فه‌سدا بڕوێن
ئه‌م هه‌موو بێدارییه بۆ شه‌و ده‌دورن،
نووستنیش له‌چرپاکاندا باوێشک ده‌ده‌ن.؟
خودایه ئه‌مانه هه‌موو به‌دحاڵیبوونه له‌عیشق
ئێمه عاشق نه‌بووین، تازه خۆکۆکردنه‌وه مانای چی؟
که له‌یه‌ک گه‌یشتن چۆته ئه‌ودیو پێیه‌کانی تاریکی
که له‌یه‌گ گه‌یشتن وا به‌سه‌ر شانی جه‌نگه‌وه،
دڵ به‌نیشانه‌وه ده‌کا
که له‌یه‌ک گه‌یشتن ره‌شنووسێکه
ده‌نک، ده‌نک دۆڕان ئیعراب ده‌کا..
به‌دحاڵیبوون چ کاره‌ساتێکه،
مشتێک گه‌رمایی بگریت به‌ده‌سته‌وه‌و
نه‌چیته‌وه بۆ لای هاوینێک که له‌ناو هه‌نجیرێکدا دانیشتووه
پرخه‌ی به‌رسیله به‌ند بکه‌یت له‌ناو ستیانی دڵنیایی و
که‌چی هه‌ر نه‌چیته‌وه سه‌ر ئارشیفی ترێ..!
چ کاره‌ساته سه‌ره‌رۆیی له‌سه‌ر عیشق
پێشبڕکێ له‌گه‌ڵ عیشق
بیره‌وه‌ریه‌ک نه‌بێ عیشق تیایدا سه‌رمه‌د بێ..!
ئێمه ئێمه ئێمه عاشق نه‌بووین
ئاخر عیشق ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر گه‌رده‌لولێک بیه‌وێت،
خۆی بکوژێ چه‌قۆی به‌رباخه‌ڵی، بگۆڕینه‌وه به‌چڵێ گیا
به‌چڵه گیایه‌کیش بڵێین گۆره‌ویه‌کانت بخه‌ره کلۆری چه‌مێ
له‌وانه‌یه پایزێک به‌پاڵتۆی کانونێکه‌وه بگه‌ڕێ و بیکاته پێی!
ئاخر عیشق ئه‌وه‌یه دڵت بسووتێ به‌ئاخ هه‌ڵکێشانی برینی،
هه‌رمێ و هه‌ڵوژه‌و به‌پێستی هه‌نار بیان پێچی..
دواجار کۆی هه‌موو عیشقه‌کان هه‌ر دڵی خوایه،
کێ ئه‌توانێ دڵی خوا ته‌ئویل بکا، کێ؟!
عیشق هه‌ر له‌ئه‌زه‌له‌وه هه‌بوو
ئا ئه‌وه‌تا ئاو به‌و هه‌موو جه‌به‌روته‌ی خۆیه‌وه،
بیر له‌ئاوێزانی خاک ده‌کاته‌وه،
به‌که‌ندو له‌ندی، رۆحیا رۆچێ..!
(با) به‌هه‌موو روتانه‌وه‌ی سه‌ریه‌وه،
بیر له‌راموسانی مه‌زرا ده‌کاته‌وه،
قاپێک له‌قاقای ماچ به‌ده‌ستیه‌وه بگرێ..
دره‌خت به‌و هه‌موو نازو مه‌کره‌یه‌وه
چه‌تر بۆ باڵنده چێده‌کا..
باڵنده به‌غه‌ریزه عاشقه،
به‌ڵام خوا فێری کرد له‌باڵه‌کانیا ئاوڕشێنی فڕین بکا..!
زۆرجار که به‌خه‌یاڵ ده‌چینه‌وه سه‌ر کانی عیشق و ئه‌وین
چاومان گومان ده‌یڕێژێ و
ده‌ستیشمان پڕ له‌دووکه‌ڵی دڵه‌راوکێ!
به‌ڵام حه‌قیقه‌تێکیش هه‌یه
عیشق عیشق عیشق پێکێ له‌ئاوی تاڵییه،
ده‌بێ هه‌ر هه‌موومان فڕیکه‌ین،
ئه‌مه جاڕنامه‌یه‌که ژیان دۆستی
تۆ سه‌یرکه هه‌موو سه‌رگه‌ردانییه‌ک سوچی عیشقه
ئێواره‌یه‌ک به‌تاکێ نه‌عله‌وه بگه‌ڕێ و
زه‌رده‌په‌ڕێکی په‌ژمورده نه‌بینێ
شه‌و به‌تاکێ ده‌ستکێشه‌وه نه‌فه‌س بکێشێ و
رووناکی له‌دڵیا پێ نه‌گرێ
گه‌ڕه‌کی لاولاوه‌کان به‌سه‌ر بڕبڕه‌ی پشتی دیواردا بڕژێن و
دڵی دیوار حه‌فتاو پێنج جار چرکه چرکه نه‌کا..!
ده‌ستی گه‌ڵا پڕبێت له‌خه‌م و په‌ژاره‌ی پاساری و له‌که‌یلی که‌ناری
که‌چی نه‌توانێت حه‌فتاجار ناوچه‌وانی (با)
توشی سه‌رئێشه بکا
خودایه ئه‌مه هه‌موو حیکایه‌ته‌کانی عیشقمانه ترش و تاڵ،
جودا نییه له‌گه‌مه‌کانی منداڵ
ئه‌مه چاره‌نووسمانه چاره‌نووس
ده‌بێ له‌ناو هه‌موو عیشقێکدا کرۆکی کۆتایی،
چاو دابگرێ پێش ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تا بڕوانێ
*
* *
لێره‌وه ته‌ماشاکه‌ن ژیان بێ عیشق،
چه‌نده سه‌رابترین سه‌رابه لێره‌وه
-1-
کۆترێکی داروسێم هه‌بوو،
له‌به‌ر ئابڵوقه‌ی بێ که‌سی،
چووه تیپی کوشتن
-2-
پایزێک ده‌ڵێ (با) بۆ هه‌ر کوێ ده‌ڕوا،
سه‌رشانی پڕه له‌ته‌رمی گه‌ڵا
چونکه تشرینی سێیه‌م هاوڕێیه‌تی ناکا
-3-
مناره‌یه‌کی به‌ئیمان هاوڕێم بوو،
دڵی ئه‌وه‌نده پڕبوو له‌کوفر
که‌مه‌ری مه‌رگ چووه پێچی پشتوێنه‌که‌ی..!
-4-
شه‌پۆلی ده‌ریاچه‌یه‌ک ئه‌وه‌نده خه‌ونی به‌فڕینه‌وه بینی
نه‌وره‌سێک نامه‌یه‌کی بۆ نه‌نارد،
بۆیه له‌قه‌هرا هه‌ر چوارپه‌لی رۆحی،
چووه ترۆپکی ئاسمانی ئاسمانه‌کان..!
-5-
که‌هه‌وا
پێیه‌کانی ده‌قڵیشێ،
ئه‌وه بێ مه‌یلی دڵی بارانه به‌قه‌رزیش بێ،
جووتێک پێڵاوی بۆ ناکڕێ..!
-6-
که بولبولێک له‌کۆڵانه‌کانی که‌ڕولاڵیدا خوێندی
ئه‌وه خه‌تای به‌زمی به‌هاره،
چرپه‌ی گوڵێک نادا له‌یه‌خه‌ی..!
-7-
که‌ره‌نگی سه‌وزو شین نه‌خۆش ده‌که‌ون و
ده‌چن بۆ کوچه‌ی مه‌رگ ئه‌وه مه‌رحه‌مه‌تی ئاوه
جانتاکه‌ی پڕ له‌ئاویلکه‌ی ئاودامان و
چاوێکی چاویلکه‌که‌شی، له‌خوار ماڵه‌کانی ره‌نگ..!
-8-
قه‌فه‌سێک وتی: ئه‌گه‌ر مانای عیشقم بزانایه،
ئه‌وا دالم بچووک، بچووک
تا بچووکترین مه‌ل نه‌یبینێ،
مه‌دلولیشم دڵفڕاوان له‌ئاسمانێکدا
بێ کلیللدان بێ ته‌یمان..!
-9-
که‌مێک تێڕامان له‌حاڵه‌تی به‌رد
ئه‌و ژیانی نه‌ویست و عیشقی دابه‌ش نه‌کرد
ئه‌گه‌ر ژیان هه‌ڵنه‌کۆڵین و
عیشق ئاوه‌دان نه‌که‌ین،
ده‌بینه به‌ردو ده‌چینه‌وه بۆ ناو حاڵه‌تی به‌رد..!
-10-
به‌شه‌وه‌زه‌نگێک ده‌ڵێن: دڵی زیندانی تاریکیه
شه‌وه‌زه‌نگ ده‌ڵێ: گوناهبارم مه‌که‌ن
من دڵم هه‌یه دڵ
ئه‌وه خه‌تای ئه‌ستێره‌یه که له‌حه‌وشه‌کانی مانگه‌شه‌وا،
به‌خه‌تخه‌تێنه‌وه خۆی خه‌ریک ده‌کا..!
-11-
گوڵه‌کانی ئینجانه ئه‌وه‌نده گه‌مژه‌ن
هه‌ر جوانیان گرێ ئه‌ده‌ن،
به‌کراسی جامخانه‌وه کاڵنابنه‌وه
هه‌ر بۆنیان قفڵ و
کلیل ئه‌ده‌ن،
به‌ژێر کراسی په‌نجه‌ره‌وه،
ته‌ریق نابنه‌وه
ئه‌مه چه‌نده چه‌واشه‌مان ده‌کا
له‌گه‌مه‌ی عیشق
گوڵه کێویله‌کانیش نه‌کلیل و قفڵ و نه‌گرێ ده‌ناسن و
له‌ناو ستیانی توتڕکه‌کانه‌وه شین ده‌بن
ئه‌مه‌شیان گه‌مه‌یه‌کی مێخۆشه،
له‌عیشق!!
-12-
شه‌ڕ ئه‌گه‌ر بگه‌شتایه له‌عیشق
به‌جۆلانه‌ی ده‌وت: مه‌رحه‌با ئه‌ی گڕوگاڵ
به‌کچێکی ده‌وت: مه‌رحه‌با ئه‌ی شنه‌ی با
به‌پیرێکی ده‌وت: مه‌رحه‌با ماڵی هه‌تاو
شه‌ڕ بۆ ئه‌به‌د نه‌گه‌شته عیشوه‌ی عیشق و
زنجیری مه‌حه‌به‌تی له‌مل نه‌کرد
بۆیه هه‌تا ئێستا به‌رده‌وامه، به‌رده‌وام!!
-13-
که‌شه‌مشه‌مه کوێره‌یه‌ک ده‌مرێ،
ئه‌وه بێ ئه‌مه‌کی تاری تاریکیه،
-جکه‌ره‌یه‌کى ناداتێ هه‌تا شه‌و بکێشێ...!!
- 14-
هه‌رچه‌نده ده‌ریا
په‌ناهه‌نده‌یه،
بۆ جۆگه بێ پێڵاوه‌کان و
رووباره نه‌خۆشه‌کان و
چه‌مه ونبووه‌کان
چه‌نده نیگه‌رانیم ده‌پلیشێته‌وه بۆیان چه‌نده
چونکه عیشق نییه لای ده‌ریا
به‌یه‌ک پاروو هه‌موویان ده‌خوا!!
-15-
به‌کاتی وشکبوونه‌وه، ئاو حه‌قیقه‌تێکی هه‌یه خنکان
به‌بارانێک ده‌ڵێم به‌سیه نووستن
باخچه‌یه‌ک وا له‌چاوه‌ڕوانیا
به‌دڵۆپه‌ی دڵی تۆ ده‌موچاوی بشوا!
*
* *
ئێمه به‌هه‌ڵه عیشقمان کرد له‌سه‌ر شه‌قامه‌کانی ژیاندا
به‌هه‌ڵه جامێک ئاومان خوارده‌وه،
له‌چه‌مکی تێنه‌گه‌شتن
به‌هه‌ڵه دره‌ختێکمان رواند،
له‌ژێر سێبه‌ره‌که‌یدا تووله‌ڕێیه‌ک،
نه‌چووه‌وه سه‌ر چاوه‌کانی چاوه‌ڕوانی
به‌هه‌ڵه چیمه‌نێکمان رواند،
له‌دوگمه‌ی کراسه‌که‌یدا درزێک نه‌بینرا،
هه‌تا خه‌یاڵ گوزه‌ر بکا،
به‌خه‌تی خه‌راباتێک..!
به‌هه‌ڵه له‌زمانی سه‌تڵێک ئاو گه‌شتین،
له‌ده‌ماره‌کانیا دێڕێک شیعر نه‌بیسترا،
هه‌تا مۆسیقا بچێته‌وه سه‌ر ژه‌نینی ئاله‌تێک..
به‌هه‌ڵه ئاڵوگۆڕی عیشقمان کرد
که‌نیگه‌رانی بووه دیواری و
جه‌نجاڵی بووه ده‌رگای
عیشق واته شکانی دیوار‌و ده‌رگا،
له‌ماڵی به‌رزه‌خه‌وه تا مه‌حشه‌ری خوا
عیشق واته تاڤگه‌یه‌ک ئاو،
که‌موتاڵا ده‌کا له‌ناو کتێبه‌کانی گوڵدا
عیشق واته فڕینی فه‌رشێک به‌میزاجی مناڵ،
هه‌تا ده‌گه‌ینه باڵی فریشته‌کان..
عیشق واته جانتایه‌ک تریفه‌و تاریکی،
هه‌تا ده‌گه‌ینه پلیکانه‌کانی مانگ
عیشق واته هه‌ڵدانی کۆلاره‌یه‌ک،
به‌ده‌زووله‌یه‌کی مناڵیه‌وه،
هه‌تا پێکێک ئه‌ستێره ده‌خۆینه‌وه
عیشق واته ماڵی باخه‌وانێک ره‌نگاوره‌نگ،
هه‌تا باوه‌ێزه‌ی باران له‌خه‌یاڵیا شکۆفه بکا..!
*
* *
ئێمه که‌عاشق نه‌بووین،
به‌ڕێگه‌ی کوێردا هاتین و ته‌په‌ی تاریکی،
له‌ده‌سته‌کانماندا باڵه‌فڕو
ترپه‌ی نیوه‌رۆ قوڵه‌کانی هاوین،
له‌پێستماندا چه‌قی
چونکه ختوره‌ی دڵی پایزێکمان نه‌خوێنده‌وه،
وه‌رین ده‌گاته چه‌نی گه‌ڵا؟!
لێکمان نه‌دایه‌وه شنه شنی شه‌ماڵێک،
چ که‌ناڵێکی ده‌وێ،
بۆ گسکدانی سیس‌بوونی خه‌وێک..
بێ ئاگابووین له‌ورته، ورتی حاڵی دره‌ختێک،
تا هه‌ڵهاتنی چۆله‌که له‌فرسه‌خێک فڕین
ده‌بێ چه‌ند چریکه‌ی ئاوی بوێ،
هه‌تا بگاته سوڕی سه‌وزبوون..!
بیرکۆڵ بووین له‌سرته سرتی ئۆفی سێوێک،
بۆ گه‌یشتنی فه‌ریکه‌کانی ده‌بێ چه‌ند قوڵپی خرۆشانی بوێ،
هه‌تا بگاته ئیحساسی باڵقبوون
بێباک بووین له‌قسه‌کردنی دڵی پرته‌قاڵێک،
تانووچدانی سه‌هه‌نه‌ی سه‌رما،
ده‌بێ چه‌ند مه‌کری مه‌ستبوونی بوێ،
بۆ حیکایه‌ته شینه‌کانی میهری مزربوون..!
ئێمه عاشق نه‌بووین ئه‌مه چاره‌نووسی خۆمان بوو
ئا ئه‌وه‌تا ئه‌و گله‌یی له‌چاره‌نووسی خۆی ده‌کاو ده‌ڵێ
(ئاخ ئه‌مه نسیبـی منه، ئه‌مه نسیبی منه نسیبی من(1)
ئاسمانێکه که‌هه‌ڵواسینی په‌رده‌یه‌ک لێمی شاردۆته‌وه)
ئه‌و له‌هه‌ڵواسینی په‌رده‌یه‌ک گله‌یی ده‌کا،
ئه‌ی ئێمه له‌چی گله‌یی بکه‌ین
ئێمه بۆ ئه‌به‌د عاشق نه‌بووین،
ئه‌مه چاره‌نووسی خۆمان بوو
عیشق بۆ ئێمه په‌لکه ره‌نگینه‌ی عه‌ده‌م بوو،
په‌لکه ره‌نگینه‌ی عه‌ده‌م..!
____________________________
(1)
ئاماژه بۆ دێڕه شیعرێکی ژنه شاعیری ئێرانى(فروغى فروخزاد).
ماڵپه‌ڕی رۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی
|