ئێمە
ئازادیمان هەڵواسى .
نەبەز گۆران
نزیکەى حەڤدە ساڵە خۆمان حوکمى خۆمان دەکەین، ئەم زەمەنەش بۆ ئێمە زۆر
بوو، دەکرا زۆر شت بکەین بەڵام نەمانکرد، یان کۆمەڵێک کارەکتەر
نەیانهێشت بیکەین، هێشتا شتێکى ئەوەندە گرنگمان بەدەست نەهێناوە
دڵخۆشمان بکات، کرێکاران هەمیشە خەمى کاریانە بەدەستیان نەکەوێت،
مامۆستایان هەردووانیان کۆبونەوە یەکەم قسەیان باسى مەعاشە کەبەشیان
ناکات، دادوەرەکان دەڵێن بەرپرسەکان ڕێزى یاساناگرن!! خەڵکى دەڵێن
گرانیە ناژین، حکومەتیش دەڵێت جیهان جیهانى بازاڕى ئازادە!! شارەکان
دەڵێن کارەبامان نیە، وەزارەتى کارەباش مژدە دەدات بەخەڵک لەمەولا کاتى
خەو کارەبا دێتەوە بۆئەوەى کەس نەزانێت کەدێتەوە یان نایەتەوە!!
گوندەکان دەڵێن حکومەت لێرەنیە، حکومەتیش دەڵێن بودجە نەگەیشتوە!!
خاوەنکارگەکان هاواریانە بەدەست بەپرسەکانەوە داواى شەراکەتیان لێدەکەن!!
پۆلیسى هاتوچۆ بەردەوام توشى لێدان دەبن بەدەست پاسەوانى بەرپرسەکانەوە!!
ئاسایش دەڵێت خەڵک هاوکارنیەء خەڵکیش دەڵێت ئاسایش هەڵدەکوتێتە سەرمان!!
وەزارەتى مافى مرۆڤ باسى پێشێلکاریەکان دەکاو لایەنە پەیوەندارەکانیش
دەڵێن وانیە!! چما وڵات ئازادنیە؟!!
سەرکردەکانمان دەڵێن ئەوەندە ئازادیمان بۆهێناون بەشى هەموو شتێکتان
دەکات!! گەنجەکانیش دەڵێن لەترسى چەکداران ناوێرین تاپشت
سەیتەرەبچینءئازادى لێرە نیە بۆیە پەنا دەبەینە بەرغوربەت!! پێشمەرگە
هاواریەتى بەدەست بێ مەعاشیەوە، بەرپرسەکانیشیان
لەوپەڕى خۆشگوزەرانیدا دەژین!!رۆژنامەنووسان هەموومان دەڵێین مەمان
خنکێنن ئێمە بەئازادى دەژین، دەسەڵاتیش وەک نەباى دیبێت نەباران دەڵێت
ئازادى مەیسەرە ئەوەنیە قسەدەکەن!! کەچى قەت پێمان ناڵێت ئەى
مافەکانمان کوان؟! ئەى هەقمان کوا؟ ئێمە وەرى دەگرین یان ئەوان بەخەیر
دەماندەنێ؟ ئەگەر ئازادیمان مسەوگەرە خەیرە هەمووشتێک شێواوە؟!! ئازادى
سیستەم دروست دەکات یان سیستەم دەشێوێنێت؟!
هەمیشە دەسەڵات دارانمان لەگوتارەکانیاندا یان لەبۆنەکانیاندا باسى
ئازادى و دیموکراسى بۆئێمەدەکەن، ناوەناوەش بیانوێک دەدۆزنەوە
بۆفشارخستە سەرمان تا ئەو ئازادیەى دەمانەوێت بیبینین تەسکى بکەنەوە،
هەرکاتێک ئازادى لەئاسمانەوە بیەوێت بێتە سەرزەمینى ئەم مەملەکەتەى
ئێمە دەسەڵات داران دێنەبەردەمى و هەڵى دەواسنەوە، کاتێک دەڵێم دەسەڵات
داران مەبەستم هەموو ئەو حزب و شوێنانەیە کە هەریەکەو لەشوێنى خۆیەوە
دەسەڵاتى هەیە، هەرچۆن کردنەوەى دەرگاکانى ئازادى بەتەواوەتى مەترسیە
بۆ حزبە گەوەرکان بەهەمان شێوەش مەترسیە بۆ حزبە بچوکەکان و
بۆبەپرسەبچوکەکانیش، هەمووکەس پێى خۆشە رۆژنامەنووسان قسە بەکەن، بەڵام
کاتێک قسەدێتە سەرخۆیان ئیدى دژت دەوەستنەوە!!
حزب هەیە حەڤدەساڵە دەست و پەنجەى خۆى نەرمدەکات لەگەڵ گەندەڵى حزبە
گەوەرکاندا، ئەم هەموو ناعەدالەتى و پێشێلکردنە لەپێش چاویەوە ڕەد دەبن
نوقەى لێوەنایەت، ئەوەندە بێدەنگە عادەتى ماسى وەرگرتوە، بوەتە شەریکە
بەشى پارەکان، هەمیشە وتارەکانى ئێمەى پێخۆشە دژ بە دەسەڵاتى دوو حزبە
گەورەکە دەینووسین، وەلێ کە وتارێکمان لەسەر خۆى نووسى ئیدى ئێمە
دەبینە ئەو کەسە بێزراو و نەفامە شایەنى ئەوەنین بخوێنرێینەوە!!
سەرکردەى حزب هەیە پێشتر دۆستم بوو، هەمیشەش باسى میان ڕەوى دەکرد
لەدانیشتنەکانماندا، بەڵام لەورۆژەوەى وتارێکم لەسەر کارێکى نووسیوە
نەئامادەیە قسەم لەگەڵ بکات و نە ئەوکوڕەى جارانیشم لاى ئەو!!
پەرلەمانیش تائەوکاتەى لەسەرخۆی نەنووسی بەرۆژنامەنووسێکى باش تەماشات
دەکات، دواى ئەوەى دووسێ جار ڕوتکردە ئەویش دەستى بەرزکردەکاتەوەو
دەڵێت تۆبەکەڵکى ئێمە نایەیت !!
من تێناگەم، ئازادى بۆئەوەیە لەسەرئاوازى خەڵکى تر بخوێنین یان
بۆئەوەیە لەم دەرگایەوە باس لەوحەقیقەت و شتە شاراوانە بکەین کەدەبێت
باس بکرێن؟! سەیرە هەموویان پێیان خۆشە ئێمە قسەبکەین، هەمووشیان
دەیانەوێت پەتێک بکەنە ملى قەڵەمەکانمان و بەئاوازى ئەوان بخوێنین!!
ئەمە نەئازادیەو نە حورمەت گرتنى رۆژنامەنووسانە، لەماوەى دووساڵدا
بیرم دێت چوارجار دەسەڵات فشارى خستوەتە سەرمان کە دەبێت تۆزێک
قەڵەمەکانمان نەرم بکەینەوە!!دەجار حزبە بچوکەکان لێمان توڕەبون بۆچى
باسى ئەوان دەکەین وەک ئەوەى ئەوان فریشتەبن و رەخنەگرتن غەدربێت لێیان،
سەندیکاکەشمان بەناوى ئێمەوە پرۆژە دەداتە حکومەت و پەرلەمان تا فێرى
بێدەنگیمان بکات!! وڵاتیش ئازادەو قەڵەمەکانى ئێمەش هیچ رێگریەک و
ترسێکیان نیە لەنووسین و ووتنى راستیەکان، وەلێ ئەوەى دەرکى پێدەکەم و
رۆژانە دەیبینم، ئەوەیە بەهەمومانەوە خەریکى هەڵواسینى ئازادین.
Nabaz.goran@yahoo.com
|