په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٣\٢٠١٤

ئێمە بێستان ڕن بووین نەک شەریکى دز.


سەباح تاهیر     


هاوڕێیەکى سەردەمى خوێندنم هەیە...... کاتى خۆى ئێمە لە رێکخستنى نهێنى بووین، ئەو ئیتحادى تەڵەبە، ئێمە بووین بە پێشمەرگە و هەندێک هاوڕێشمان دەستگیرکران لەلایەن دامودەزگا سەرکوتکەرەکانى ئەمنى بەعس. ئەو بوو بە جەیشى شەعبى و....


ئێمە چیمان بەسەر هات و کەسوکارمان لە چ چەرمەسەریەکدابوون ئەوە باسێکى دوورە پێویستى بە رۆمانێکە ئەو سەربوردەیە، بۆیە لێرە جێگاى نابێتەوە با بۆ بابەتێکى تر بێت.


لە دواى راپەڕین، بەندە بووم بە ئەفسەرى پلە موچە لە یەکێک لەو فەوجانەى بۆ پشتگیرى پۆلیس کرایەوە، کە سەر بە وەزارەتى ناوەخۆى حکومەتى هەرێم بوون لە ساڵى ١٩٩٢، بە بڕیارى حکومەتى هەرێم لە هەرسآ شارى هەرێمى کوردستان هەر یەکەیان دوو فەوجى لەمجۆرە کرانەوە، یەکیان سەر بە یەکێتى و ئەویتر پارتى..دیارە ئەو دەم سەرەتا و گەرمەى فیفتى بە فیفتى بو.


لە سەرەتاکەى راپەڕین ئەو برادەرە زۆر مەمنون بو، قسەى زۆرى لەسەر نەکەین، ئێمەش تەنها بۆ خۆشى لەنێو خۆمان بە ( رفیق) بانگمان دەکرد.


رۆژێک هات داوایەکى سەیرى لێکردم، ووتى ئەگەر تەسکیەکم بۆ بکەى کەمنیش لەگەڵ ئێوە رێکخستنى نهێنى بوومە، ئەگەر ئەوشتەم بۆبکەى چیت دەوێت بۆت دەکەم؟؟ تاڕادەى ئەوەى ووتى لە دائیرەکەمان شتى جوانى لێیە!!!!


ئاخر دواى راپەڕین کارى ئێمەگۆڕا لە دژایەتى حکومەتى بەعسەوە بۆ خزمەتکردنى حکومەتى خۆماڵى، حکومەتى رەنجو خوێنى سەدان هەزار شەهیدو ئەنفال( حکومەتى هەرێمى کوردستان). هاوڕێیانیشم لە زیندانى سیاسیەوە بوون بە چالاکوانى سیاسى.


بەڵام پێدچوو ئەم برادەرە هەر لەسەر ئیشى خۆى بەردەوام بوو بێت،لەبردنى پارچەو بابەتى چاک بۆ(رفیق و شەفیق)ەوە بۆ بەرپرسى (......).


رۆشنبیرێکى عەرەب دەڵێت ئێمە توانیمان مەلیک لادەین و رژێمەکەى بگۆڕین بەڵام نەمانتوانى رەفتارى مەلیکانە بگۆڕین، پێدەچێت ئێمەش هەمان کێشەمان هەبێت؟


بەهەرحاڵ وەڵامى من بۆ ئەو برادەرە. مەحاڵە ئەو شتەت بۆبکەم رەفیق، بەپێکەنینەوە خواحافیزیمان لێککرد. دواتر بۆم دەرکەوت هەمان داواى لە هاوڕێیانى تریش کردبو، ئەوانیش هەمان وەڵامیان دابۆوە.


ساڵ هات و ساڵ رۆیشت ، پێدەچوو کونێکى دۆزیبێتەوە، وەزیفەیەکى زۆر باشى وەرگرت لە حکومەتى هەرێم، ئەو خۆى لەسەر دەمى حوکمڕانى حیزبى بەعس هیچ نەمابو بیکا، خەونیشى بە وەزیفەیەکى لەمشێوەیە نەدەبینى. کەچى حکومەتى هەرێم ئەو خەونەى بۆ کردە راستى؟؟!! لاموابێت ماندووبونى هەموان و کێبڵ و فەلاقە و بریندارى و شەهیدبوونى هەر هەموومان بۆ ئەو حیساب کرابێت!!!!


بەماوەیەکى زۆرکەم پارەیەکى خەیاڵى دەستکەوت و بە ئۆتۆمۆبیلى گران بەها جرت و فرتى بو بەبەردەمى ئێمەمانان دا، بگرە توانجیشى لێدەداین و دەیگووت هەلێکى باشم پێدان، لەکیسى خۆتان دا؟؟؟؟!!!


دیاربو وەزعەکە روو لە دزى و..... بو؟! ئێمەش چیمان لە دەسەڵات بو، ئەوەندە نەبێت، پێمان دەووت، ئاخر( ئێمە بێستان ڕن بووین نەک شەریکى دز).
 

ماڵپه‌ڕی سەباح تاهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک