په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٢\٢٠١٠

ئێمە، بێ خوێن ئۆقرە ناگرین؟!


ستار محەمەد قادر


تا دوێنێ بەعس سەر تاپای جەستەمانی لە خوێندا شەڵاڵ دەکرد، ئەوسا ئێمە، حەزمان لەو خوێنە نەبوو کە بەعس تینووی بوو! دوێنێ لە شەڕی ناو خۆ بووینەوە، ئەوسا دەمانگووت ئای ئەوە چ شەڕێکی ماڵکاولە بەرۆکی ئەو میللەتە خاک بە سەرەی گرتووەو، ئەوە خولیای نا حەزانەی چ جۆرە ئەهریمەنێکی کوێرە؛ وا پەڕیوەتە کەللەسەری سەرکردەکانمان و بووە بە هۆکاری ئەوەی نەتوانن دەسبەرداری کەڵکەڵەی خوێن لەبەر رۆیشتنی زیاتری ئەو میللەتە ببن، کە هەمیشە بە درێژایی مێژوو بە دەستی ئەم رژێم یان ئەوی دییەوە، ئەم نەتەوە یان ئەوەکەی ترەوە، عەرەب یان فارس یانیش تورک، هەر خەریکی رام کردنمان بوون!


ئەمە چ قەدەرێکی مەترسیدارە، سیناریۆی چێ کردنی چ فلیمێکی بێ مانای دیکەیە، وا خەریکە بۆ جارێکی تر لە خشتەمان دەبات، دەبوایە ئێمە، ئێوە؛ وەفامان بەرامبەر بە خوێنی شەهیدانی یەکی شوبات هەبوایە، ئاخر خۆ کۆی ئەو شەهیدانە بریتین لە کۆی هەموومان؟!


ها ئاگاتان لێیە دووژمنانمان چۆن بە بێ جیاوازی لێمان دەنواڕن و لە خوێندا دەمانگەوزێننەوە؟ من هەرگیز حەدم نییە بمەوێت ئەوە وە بیرتان بهێنمەوە، چونکە باش دەزانم، شەهیدان بە بەردەوامی لە خەیاڵدانی ئێوەدان و لە گەڵتاندان، شەو کە سەر دەخەنە سەر سەرین، هەر جارەو بیرەوەرییەکی خۆشی یەکێکیان دەبێت بەو چیرۆکەی کە دایکان ساواکانیان پێدەخەوێنن!


من نامەوێت تخوبی خۆم ببەزێنم وبێم لە نێوانی ئێوەو شەهیداندا شتێک بڵێم، چونکە دەزانم ئێوەو ئەوان، وەکو رۆح و جەستە وەهان! هەرگیز ئەوە ئێمە نین کە لە بەرنامەماندا بێت بێ ئەدەبی بکەین و پێ لە بەڕەکەی خۆمان زیاتر رابکێشین و ئەوەتان وەبیر بهێنینەوە کە هەرگیز نەدەبوو و نە دەکرا لە بیرتان بکردایە؟
ئەگەر لێم قبووڵ بکەن و بە نێرینی غەوارەیەک ئەم قسانەم لێ وەربگرن، ئاخر خۆ هەمووی چەند رۆژێک پێش ئێستا بوو لە یادی ئەو کارەساتە جەرگ بڕەی یەکی شوباتدا، لە شاشەی تیڤییەکەی خۆتانەوە بۆ جارێکی دیکە، چاومان بە دیمەنی ئەو سوێند خوادرنە رۆشن بووەوە کە ئەوەمان لێ دەبیست و دەمان خوێندەوە، کە ئیتر نابێت حەزمان لە خوێن رشتن بێت، نابێت براکان یەکتری سەر ببڕن؟!


ئایا دەزانن بینینی ئەو دیمەنە چی شتێک لە لای ئێمە درووست دەکات؟ حەز دەکەم بزانن هەموو یەکی شوباتێک لە لای هەموو مرۆڤێکی ویژدان زیندوو و خاوەن مۆراڵ، دەبێت بە هۆکاری ئەوەی خوێ بخاتە سەر برینی زامێکی ساڕێژ نەکراو و قووڵ، زامێک لە گەڵ هەر کولانەوەیەکیدا وامان لێ دەکات بە دەم هەنسکی ساردەوە ئەسرین لە چاوانمان ببارێنین، هەموومان لە سەر ئەوە کۆکین ئەوانەی بەو کارە هەڵسان و نەخشەیان بۆی داڕشت " شەمشەمە کوێرەن و دوژمنی سەر سەختی رووناکین"؟! ئەی کەواتە ئێمە بەم بار گرژیەی ئەمجارەمان، دەمانەوێت لە پەرچەمی کام ئاسۆ بگرین لە پێناو ئەوەی ناخمانی پێ بشۆرینەوە؟!


ئەمە چی ساتە وەختێکی دژوارە، کەرنەڤاڵی کوشتنی چ جوانییەکە کە بە بێ پرسی ئێمە لە توانایدا بووە، بێت لە مەملەکەتی ئێمەدا نیشتەجێ ببێت؟! سەیرە تا دوێنێ ئێمە هەر هەموومان ئەوەمان دوو پات دەکردەوە، کە دیکتاتۆر خەرابە، ناشیرینە، بەدە، ئەهریمەنە، نامۆیە بە ئێمەی کورد، چونکە پاکیزەیی بوو بە هۆکاری ئەوەی نەتەوەی کورد بکات بە ژێر دەستەو بیخاتە دەرەوەی مێژوو؟!


ئەها ئەوەتا فڵان کەس، چاوتان لێیە لەو کاتەوە کە خۆی ناسیوەتەوە تا ئەم ساتە وەختە بە چەرمە سەری، بە سکێک تێرو دەی برسی، ئەو هەژارە بۆ خودی خۆی ناتوانێت بە رستەیەک بەرگری لە خۆی بکات، ئەمیان رۆحی دەکات بە قوربانی ئەو و ئەویان دەیکات بە قوربانی تۆ و ئەوی تریش بە هەمان شێوە! ئەمە ئەو تراژیدیا ترسناکەیە کە ساڵانێکە ئیشی لە سەر دەکرێ و بە بێ هیچ جۆرە سڵەمینەوەیەک لەم چرکە ساتەدا کە هەر هەموومان لە حزووری شۆڕشی تەکنۆلۆژیادا بە چۆکدا هاتووین، ئەگەر بمانەوێت دەتوانین رەش لە سپی جیا بکەینەوە، بەڵام ئێمە ئامادەین نیشتیمان لە هەر چرکە ساتێکدا سەر ببڕین؟!


لە بیرتان نەچێت، ئەمجارەیان ئەگەر بتانەوێت بە خوێن قەرەبووی چاکەو ئەمەکداری ئەو خەڵکە بدەنەوە، ئەوە پێویست بە شەڕ ناکات، چونکە ئەگەر ئەمر بفەرموون ، ئەوە ئامادەین وەکو حەزرەتی ئیبراهیم، کەی ئارەزووتان لێی بێت، لە پێناو رازیکردنی دڵتاندا، ئەوە هەر جارەی ئیسماعیلێکتان بۆ سەر دەبڕین؟!
جارێکی تر تکایە لە بیرتان نەچێت، تکاتان لێ دەکەم، ئاخر ئێمەش دەمانەوێت بێینەوە بۆ ناوی ناوەوەی مێژوو، بۆ هەر جارەی بە پاساوێک، بۆ شەڕێک، بە شێوەیەک بارگاویمان دەکەن، کە لە کۆتاییدا تف لەو مێژووەی خۆمان بکەین و بە سوپاسەوە لێی دەربچین؟! ئاخر کەی رەوایە بۆ پاکانە کردنی شەڕێکی چل ساڵە، لە نێوەڕاستی سەدەی بیستەمەوە تا کۆتاییەکەی، شەڕی ناو خۆی میللەتان لە سەدەیەکی تاریکدا، لە توانایدایە هێزی ئەوەمان پێ بدات : کە بە بێ سڵەمینەوە ... گووتمان؟!


گومان لەوەدا نییە لە سەر گۆی ئەم زەمینە پان و بەرینەدا، هیچ گەلێک نادۆزنەوە هێندەی ئەم خەڵکە هەژارەی کوردستان، دەست و پەنجەی لە گەڵ سەرکردەکانیدا نەرم کردبێت، ئەم خەڵکە شایانی هەموو شتێکن، تەنها خوێن نەبێت، تکایە لە شوێن ئەوەی نیشتیمانیان بۆ رووناک بکەنەوە، ترووسکایی ئومێد بە کوردستانێکی ئاسوودە، ئارام، دیمۆکرات، شەفاف لە نێو دڵی ئەو خەڵکە هەژارەدا، مەکوژێننەوە؟!


ئەگەر بە راستی شەڕی ئێوە لە سەر ئێمەیە، لە سەر ئەوەیە کە کێ باشتر خزمەتمان بکاو لە هەر هەڕەشەیەک بمانپارێزێت؟! ئێ خۆ دەبێت ئەوە لە ئێمە باشتر بزانن کە کێ بێ و کێ بڕوات، ئەوە هەر رۆڵەکانی ئێمەن، لە خزمەتی ئێوەو ئەوان و نیشتیمانی دایکدان؟!


ئەگەریش لە ئێمە وەکو میللەتێکی زیندوو خاوەن ئەزموون دەنواڕن، تکایە ئەگەر پەنجەمان بۆ گوڵ درێژ کرد، دڕک دەرچوو، لێمان مەگرن چونکە تا ئەم چرکە ساتە بارگاوین بە کۆمەڵێک شت، کە بە راستی پێویستی بە کەسێک هەیە بە هزرێکی شۆڕشگێڕانەوە مامەڵەی لە تەکدا بکات، بەڵام خۆ ناکرێت سەرجەم پێکهاتەی میللەتێکی ستەملێکراو، رامکراو شوڕگێڕ بن؟!


نا رەنگە بۆن و بەرامەی ئەم خوێنە بۆ ئەوە بێت تا کوردستان، وەکو ئەوەی لە ئەفسانەکاندا هاتووە، لە هەموو بەڵایەک بپارێزێت، یان رەنگە وا پێویست بکات لە پێناو ئەوەی کەسانێک بە ئاسوودەیی و ئارامیی بژێن، پێویستەو ئەرکێکی نیشتیمانییە خەڵکانێک وەکو حەزرەتی مەسیح لە خاچ بدرێن و لە ژیان دابماڵرێن؟!


ئەگەر ئێمە بێ خوێن نامانکرێت و ئۆقرە ناگرین، بۆ بە لە نێو چوونی بەعس خۆشنوود بووین؟ بەعس بۆیە حەزی لە خوێن رشتن بوو، چونکە دووژمنی سەر سەختی : کورد، مرۆڤ، ئازادیی، دیمۆکراسیی، خاک، ئاو، گەنم، ماف، ئیرادە ... هتد بوو، ئەدی ئەم حەزە شێتەی ئێمە لە خوێن، دەبێت لە کام خولیاوە، خودایە سەرچاوەی گرتبێت؟!

 

 

STAR_QADR@YAHOO.COM