ئێمە هەر هەموو
جیاوازین، نەک تەنها تۆ!!

ستار محەمەد قادر
لە نێو میللەتانی هۆشیاردا هەرچی هەوڵی
خۆیان هەیە لە پێناو کووشتنی جیاوازییەکاندا خەرجی دەکەن، کەچی لای
ئێمە ساوایەک لە پێناو بڕێک پوول لە دونیای پاک و بێ گەردی خۆی
دادەبڕێنین و وای لێ دەکەین پڕ بە دڵ ئەسرین لە چاوانی ببارێنێ، بە بێ
ئەوەی ئەو ساوایە لە چییەتی ئەو دونیا پەروانەیی و پاکیزەییەی شتێک فێر
کرابێت! یان ئەو راستییە بزانێت هەرچی پوولی دونیا هەیە بایی یەک
ئەسرینی چاوی ئەو نییە نەک بڕە پارەیەک کە ببێت بە هۆکاری ئەوەی
جیاوازی یان جوودا خوازیی لە ناخی پاک و بێ گەردی ئەودا تۆو بکات!!
من لە مانگی رەمەزاندا بابەتێم لە ژێر ناونیشانی"هزری کۆمەڵگەو
کڵاوێن"دا نووسی، لە گەڵ رێزی زۆرم بۆ کاکە "گۆران"ی جوانە مەرگ، کە
تێیدا ئاماژەم بەوە کردووە کە کاتێک بەرنامەی کڵاوێن لە سەر شاشەی
کوردستاتەوە دەبێت بە میوانی ماڵەکانمان، فت و گوڵ دەبن بەو خەونە
ئەرخەوانییەی کە ساڵانێکە ئێمەی کورد لە سەر ریتمی هەمان یاری گەمە بە
چارەنووسی خۆمان دەکەین"!
من لەوە دڵنیام ئەگەر هەر میللەتێکی دیکە لە جێگای ئێمەی کورد ببوونایە
لە دوای ئەوەندە نوشست و شکست، دەسبەرداری کڵاوێن و گەمەی بەخت و ناو
لەپ گرتنەوە دەبوون و لە هەوڵی ئەوەدا دەبوون گەنم تۆو بکەن، بۆ ئەوەی
گەنم بدوورنەوە؟!
لێ مخابن ئێمە دەمانەوێت لە ژێر سێبەری مەرگدا گۆرانی بۆ ژیان بڵێین،
نامانەوێت ئاوڕ لە رابردوو بدەینەوە، باس لە ئایندە دەکەین! من پێم
سەیرە لە توواناماندا نەبێت دان بە راستێکاندا بنێین و بە شوێن
حەقیقەتدا بگەڕێین، چۆن و بە چ شێوەیەک دەتوانین باس لە گۆڕان و
پێشکەوتن بکەین؟!
ئایا دەکرێت بە بێ بیرکردنەوە لە گۆڕان، گۆڕان بەرجەستە بکەین؟ یان بە
بێ بوونی بیرۆکەی سەرکەوتن و پێشکەوتن، سەرکەوتن و پێشکەوتن بوونیان
هەبێت؟! ئەم هاوکێشەیە هەڵە قبووڵ ناکات، چونکە مرۆڤ پێش سەرکەوتن
دەبێت هەڵگری بیرۆکەی سەرکەوتن بێت، بە واتایەکی دی هەر مرۆڤێکی
سەرکەوت و لە هەر بووارێکدا هەڵگری بیرۆکەی سەرکەوتنە لە بنەمادا لەو
بووارەدا، واتا سەرکەوتن یان گۆڕان تا نەبن بە ئەندێشە، مەحاڵە مرۆڤ لە
خەوندا بە دیداریان شاد بێت، کاتێکیش کە دەبن بە ئەندێشە ئیدی بابەتی
هاوشێوەی بەرنامەی"کڵاوێن و من جیاوازم" و هێندێک بەرنامەی بێ سوود لە
زاکیرەی مرۆڤەکاندا دیلیت دەبن و کەس ئامادە نابێت بۆ چرکەیەکیش بە
دیاری ئەو بەرنامانەوە کاتەکانی بە هەدەر بدات!
بەرنامەی من جیاوازم، جگە لەوەی بەرنامەیەکە کە لە بارتەقایدا نییە
ئاماژە بە جیاوازییە زەبەلاحەکانی ئەم وڵاتە بکات، ئیدی مرۆڤ نازانێت
باس لە چ جیاوازییەک دەکات؟! یان جوودا خوازە! یانیش دەیەوێت ئەوە بە
گوێماندا بدات کە جیاوازیی و جوودا خوازیی دووانەیەکن لە واقیعی
کۆمەڵایەتیی و سیاسیی ئێمەدا بەرجەستەن!
ئەمڕۆ ئێمە ئەگەر لە جیاوازییەکان بڕوانین، ئەوا هەموو میللەتانی دونیا
بەو جیاوازییانەوە جووانن، لێ کاتێک جوودا خووازیی ببێت بە مەرام و لە
بەرنامەیدا بێت لە رێی جیاوازییەوە جوودا خوازیی بکات بە ئاواتی
تاکەکان لە پێناو دەسکەوتی شەخسیدا، ئەوەیان دەبێت خوێندنەوەیەکی وردی
بۆ بکرێت!
باشە دەرهێنەرو پێشکێشکاری ئەم بەرنامەیە کە لە بەرنامەیاندایە
جیاوازییەکان بهێننە زوبان، دەبووایە بە راستی و بە بێ سڵەمینەوە ئەو
میوانانەیان بانگهێشت بکردبایە کە لە حەقیقەتدا ئەوان لە جیاواز جیاواز
ترن، ئەوانەی وا لەم وڵاتە بێ رووناکییەی ئێمەدا بۆ چرکەیەکیش نە
دەزانن گەرما چییەو نەش سەرماو سۆڵەی زستان؟! با بەبێ بانگهێشت کردنی
هیچ کەسێکیش ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ ئەو جیاوازییەیان تەرخان کردبوو
بیانکردایە بە دیاری دەستییان و ئەو خەڵکە هەژارەشی گیرۆدەی پەت پەتێنی
جوودا خوازیی نەکردایە کە لە بنەڕەتدا ئەوان نە جیاواز و نەش جوودا
خوازن!
بەرنامەی " من جیاوازم" کە لە کەناڵی ئاسمانی"زاگرۆس" تیڤییەوە پەخش
دەکرێت، بە راستی لە سەر ئەرزی واقیع ئەوەی بۆ هەموومان سەلماند کە نەک
تەنها تۆوکردنی پیچێک جییاوازی وا لە بەشدار بووان بکات کە بە زاری
خۆیان بۆ ریکلامی بەرنامەکە بانگەشەی جیاواز بوونی خۆیان بدەن بە چاوی
بینەراندا، بەڵکو لە بەرنامەیدایە چەمکی جیاوازی لە ناخی تاکەکاندا تۆو
بکات، نەک کەسە جیاوازەکان بەڵکو خودی بەرنامەکەیش بۆ ئەم سات و کاتە
شتێکی جیاوازە!
ئەگەر بۆ هەر مرۆڤێک کە لەم پانتاییەدا ژیانی نەکردبێت، رەنگە لە لای
شتێکی ئاسایی بێت کە باس لە جییاوازییەکان بکات، بەڵام کاتێک کە ئێمە
بە بێ ئاوڕدانەوە لەو کارەساتانەی کە تەنها جییاوازیی ئایدۆلۆژییا بوو
بە هۆکاریی ئەم پاشا گەردانییەی کە ئەمڕۆ بە چاوی خۆمان لایەنە
نێگێتیڤەکانی دەبینین، نەدەبووایە بە هیچ شێوەیەک دەسەڵاتی دیمۆکراسی
جییاواز لە هەموو بنەما دیمۆکراسییەکانی دونیا رێگەی بە بەرنامەیەکی
هاو شێوەی من، یان" ، دەسەڵاتی ئێمە لە هەموو شوێنێک" جییاواز ترەی
پەخش بکردبایە!
شاری خەونەکان یەکێکە لەو جیاوازییانەی کە لە وڵاتێکی بێ کارەبادا بە
بەردەوامی رووناکیت پێ دەبەخشێت، لێ ئایا بۆ کەسێکی وەکو من کە بە
درێژایی ژیانم شەوێک پڕ بە دڵی خۆم پێڵووی چاوەکانم لێک نەنابێت،
دەتوانم لە شارێکدا بنووم کە تەنها ناوەکەی لەمن حەرام بووەو منیش لەو
مەحرووم! بۆ من و هاو شێوەکانم جیاواز نین؟! یان بۆ ئەو شارە جیاواز
نەبێت لە وڵاتێکدا کە گووزارشت لە تاریکیی دەکات، کەچی تاریکایی لە
بارتەقایدا نەبێت دڕ بەو بدات؟!
گریمان جیاوازییەکانی کەسە جیاوازەکانی ئەم وڵاتە لە دەسەڵاتی ئێمەدا
نین و شتێکی خۆڕسکن، بۆ دەبێت لە هەوڵی ئەوەدا ببین بیرۆکەی ئەو
جیاوازییانەی سەرەوە بکەین بە بەرنامەیەک و لە نێو هزری تاکەکانی ئەم
کۆمەڵگەیەدا تەوزیفیان بکەین؟! رەنگە ئەم ماستە بێ موو نەبێت، چونکە تا
پێش پەخش کردنی ئەم بەرنامەیە وشەی "جیاواز" لە ئاستێکدا نەبوو کە
کەسێک لە بارتەقایدا بێت لە ماوەیەکی دیاریکراودا حەوت کیلۆ میوە بخوات،
یان تەنها بە لاسایی کردنی دەنگی پەلەوەرێک خۆ بە جیاواز بداتە ناساندن،
بەڵکو جیاوازییەکان بە شێوەیەکی رەها بوونییان هەبووەو هەر خوودی ئەو
جیاوازییانەش هۆکار بوونە بۆ ئەوەی کە نەک تاکە کەسێک لە تەنها ژەمێکدا
سێ کیلۆ برنج بخوات، بەڵکو لە مانگێکدا ئەو سێ کیلۆ برنجە نەبێت بە
میوانی خوانی ماڵەکەی؟! هەروەکو چۆن لە ساڵانی رابردوودا ئەو حەوت کیلۆ
میوەمان تەنها لە سەر مێزی گفتو گۆی کەسە خودان جیاوازەکاندا دەبینی،
ئەوسا نەک تەنها تاکە گرووپێک هەبوون کە بە نمایشکردنی هەڵپەڕکێیەک یان
جل و بەرگێکی جیاواز خۆیان بە جیاواز بناسێنن، بەڵکو سەرجەم ئەم
میللەتە ستەملێکراوەیان بە ئارەزووی خۆیان هەر یەکەیان بە نەزمێک و لە
ستایلێکی جیاوازتر لەوی دی هەڵ دەپەڕاند! بۆیە بە راستی ئێمە هەر
هەموومان جیاوازین، چونکە ئەوەی دەیڵێین پێچەوانەکەی لە سەر ئەرزی
واقیع پراکتیزە ... دەکەین!!
star_qadr@yahoo.com
|