په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٣\٢٠٢٠

ئێمە لە بەریتانیا لەبەردەم جەنگی ھەمە جۆرەداین.


زاھیر باھیر      

 
مەترسی کۆرۆنا بۆ ئەم سەرەدەمەی ئیستا کەسەردەمی پێشکەوتوترین تەکنەلۆجیا و زانستە ، مەترسییەکی یەکجار گەورەیە و ھیچ کەسێکمان چاوەڕوانمان نەدەکرد کە بەم شێوەیە یەخەمان بگرێت. ئابووریمان داڕمێنێت، ژیانمان لێھەراسان بکات ، خوشەویسستمانمان لێببات ، پەیوەندی کۆمەڵایەتیمان کۆتا بکات، بڕوا و متمانەمان بە خۆمان و بە زانستیش ئاوا لەق بکات.


ڕووداوەکان بە پەلە دێن و دەڕۆن، بڕیارەکانیش لەوان بە پەلەتر دەدرێن، ترس و نیگەرانی خەڵکیش خراپتر کارایی خۆیان دادەنێن، ژیانمان بارگران دەکەن، دەروونمان شێواوتر دەکەن.


ئێمە لە بەریتانیا نەک ھەر لەبەردەم جەنگی ڕووبەڕووبونەوەی کۆرۆنەداین، بەڵکو لەبەردەم جەنگی سایکۆلۆجی حکومەتیشداین، کە بەردەوام لە دەماندنی ھەمانەی پڕ لە ترساندنی خەڵکی و دڵەڕاوکێدایە. ھاوکاتیش لەبەردەم جەنگی بژێوی و مانەوەمانداین، گەر کار وەکو ئەم ھەفتەیە بڕوات و کەمەپەینی ترساندنی خەڵکی ھەر بەردەوامبێت، بە تایبەت لە لەندەن دەبینین خەڵکی لەبەر بێ نانیی، بێ بوونی کەرەسەی پێداویستیی بە ھەموو چەشنەکانیییەوە، بەدیارچاومانەوە، دەمرن. ئای کە سوێیەکی سەختە، ئای کە دیمەنێکی لە یاد نەچوو و ھاوکات خەمناکە.


ئەوەی کە زیاتر کارایی دەروونیی و نیگەرانیی تاک و کۆمەڵایەتی دروستکردووە، خودی ھاتنی کۆرۆنا نییە ، بەڵکو ھەنگاوەکانی حکومەتە کە دەینێت، گفتار و کردار و بڕیارەکانێتی کە دەیدات، کە کەمپەینی بەردەوامی تۆقاندنە. بەمەش کە دەیکات تا ئێستا دوو دەستکەوتی بەدەستھێناوە: توانیوێتی کۆنترۆڵی خەڵکی بکات ، ھەروەھا خەڵکی وابەستە بە دەوڵەت بکات.


'تۆنی بێن' کۆنە پەڕلەمانتاری بەریتانیا و چەپ و سۆشیالیستی بەناوبانگی ئەم وڵاتە لە یەکێک لەو ١٠ خاڵە گرنگەی کە وتوونی، ئەمە یەکێکیانە" " وا تێدەفکرم کە دوو ڕێگا ھەیە کە خەڵکی پێ کۆنترۆڵدەکرێت، یەکەمیان تۆقاندن و ترساندنی خەڵیکیی ، دووەھەمیان، تێشکاندن یاخود وێرنکردنیان".


لە ڕاستیدا ئێمە تۆقێنراوین و ئەم تۆقینەش سەرەنجام تێکماندەشکێنێ و دوای کارەساتی کۆرۆنا گەر بەخۆماندا نەیەینەوە، دەبێت شوکرانەبژێری دەوڵەت و خاوەنکاربین و بە ھەموو شتێک ڕازیبین ھەر لە کرێ و موچەی کەمەوە، کەمبوونەوەی مافەکان و ئازادییەکانمان و مەرج و بەندی خراپی سەرکارمان تا دەگاتە زۆری تر.


نکوڵی لەوە ناکرێت کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دوای سەردەمی جەنگی جیھانی دووھەمەوە مەترسیدارترین ڤایرۆسە. ئەوەشی کە وای لێکردووە لە بەریتانیا مەترسیدار بێت ئەوەیە کە ١٠ ساڵ زیاترە حکومەتی موحافیزین بە بیانوی قەیرانی ئابوورییەوە کە وەکو پاساوێکی سیاسیی، سیاسەتی دەستگرتنەوەیان [ تەقەشوف] بەسەرمان سەپاندوە. ئەمەش کارایی خراپی لەسەر بەشی تەندروستی ئەم وڵاتە بە خراپی دروستکردووە، ھەر لە تەرخاننەکردنی پارەی تەواو و بەتایبەتیکردنی ھەندێک لە بەشەکانی لە کەرتی دەوڵەتییەوە و ڕێگادان بە دکتۆرە باشەکان کە نیوەکار کاربکەن و نیوەی دیکە لە کلنیکە یا خەستەخانە ئەھەلییەکانا، بڕی نەخۆشی زۆر کە بەشێکی بەھۆی نەدارایی و نەبوونی پارەی تەواو بۆ خۆپاراستن لە سەرما و گەرما و تد تا ڕادەی گۆڕینی یاسای بەشی تەندروستی کە لەتەک ستاندەری ڕێکخراوی تەندروستی جیھانا نایەتەوە. لەمانەش زیاتر ھاتنەدەرەوەمان لە یەکێتی ئەورپا کە دڵەڕاوکێیەکی زۆری بۆ دکتۆر و نێرس و کارمەندەکانی تری کە لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپاوە ھاتوون، دروستکرد زۆربەیان ناچارکران کە بەجێمانبھێڵن و بچنەوە بۆ وڵاتانی خۆیان. ئەمانە ھەمووی وای کرد کە ئێـە نوقسانی ٥٠ ھەزار نێرس و ٥ ھەزار دکتۆرمان لە بەشی تەندروستیدا، لە ئێستادا ھەیە.


بەم جۆرە بەشی تەندروستی لێرە نە ئامادەکاری و نە دەرمانی تەوا و نە قەرەوێڵەی کافی و نە ئامراز و جیھازەکانی کە لە ئێستادا زەروورن ، ھیچیانی نییە. ئەمە جگە لەوەشی کە تا ئێستاش دکتۆر و نێرس و کارمەند و کرێکارانی پاککەرەوەی بیناکان کە بەرەی پێشەوەی ئەم جەنگەن پشکنینی [ تێست] ئەم پەتایەیان بۆ نەکراوە. ئەمەش تاوانە کە کاتێک دکتۆرێک ، نێرسێک چارەسەری تووشبووان دەکات کەچی خۆی لە ھەبوونی ئەو پەتایە دڵنیا نەبێت!! لە دڵەڕاوکێ و نەبوونی متمانە بەخۆیدا، بێت.


ھۆکاری نەپشکنینیش تەنھا بڕی پاەیە کەھەر پشکنینێک ٢٠ پاوەندی تێدەچێت. ئەمەش بە دەوری خۆی بواری دروستکردنی پارەیەکی خەیاڵی بۆ کلینک و خەستەخانە ئەھلییەکان ڕەخساندوە، کە ئەوان ئەم ھەلەیان قۆستۆتەوە کە لە بەرانبەر ٢٥٠ پاوەند تا ٣٧٠ پاوەند ئەوان ئەم پشکنینیە دەکەن.


ئەمە بێ لەوەی تا ڕادەیەک لە دوێنێوە ، ٢١/٠٣ ، ژیانیان لە لەندەندا وەستاندووە بە داخستنی باڕو نادی و کۆفی شۆپ و چێشتخانە و سینەما و شانۆ و یانەکانی وەرزشکردن و مەلەکردن و تد . ئەوە ڕاستە کە دەوڵەت پێرێ، ٢٠/٠٣ ، بریاری دا ئەوانەی کە لەو بەشانەدا کاردەکەن لە سەدا ٨٠ موچەکەیان وەردەگرن کە خودی ئەمەش ئینگلیز پێی دەڵێت، Pay cut ، واتە موچە/کرێ بڕین بە ڕێژەی لە سەدا ٢٠ کە لە کاتێکدا کرێکاران و ھەژاران ھیچ ڕۆڵێکیان لە ڕوودانی ئەم ئافاتەدا، نەبووە.


ھاوکاتیش لەم بڕیارەی حکومەتدا شتێکی بۆ ئەوانەی کە بە بێ عەقد کار دەکەن [ زیڕۆ کۆنتراکت ] کە زیاترن لە ٦٠٠ ھەزار، ھەروەھا ئەوانەی کە بزنسی بچوک یاخود کار بۆخۆیان دەکەن، تێدا نییە ئەمە جگە لە بارودۆخی زیاتر لە ٥ ملیۆن خانەنشینکرا و زیاتر لە ٣ ملیۆن منداڵ کە لە ھێڵی برسێتیدا دەژین.


ئەو بڕیارە کە دەوڵەت دوێنێ دای لەبەر چاوی کاڵی کرێکاران نەبوو بەڵکو لەبەر دانەڕمانی ئابووریی بوو کە یارمەتی خاوەنکار و خاوەنکارگەو کۆمپانیاکانی دا. چونکە گەر ھەموو ئەم کرێکارانە بێ پارە و موچە بچنەوە ماڵەوە ناتوانن بژین و دواتر زەمینە بۆ ھاتنە سەر شەقامی خەڵکی و تێکشکاندنی ھەرچی ھەیە لە بینای دەوڵەتی و کۆمپانیا و بانق و بوغازەی گەورەی خواردن و کەلەوپەل و بردنی ھەرچی تیادا بێت، کە لەم زروفەدا زۆر ئەستەم دەبێت بۆ دەوڵەت کە بتوانێت ئاسایش بۆ ناو شار بگێڕێتەوە و ھاوکاتیش مولزەم دەبێت بە قەرەبووکردنەوە.


ھەرچی بزنسە زەرەر ناکات ڕەنگە قازانج و سوود بێتە خوارەوە بەڵام ئەوەتا دەوڵەت ٣٣٠ ملیار دۆلاری بۆ تەخانکردون، باجی لەسەر ھەڵپەساردوون ، بڕێک پارەی کرێکارەکانیان بۆ دەدات، خۆشیان لە دائیرەی تەئمین شتێک پارە وەردەگرنەوە.


لە نانی ئەم ھەنگاوەدا حکومەتیش بە ڕۆلی خۆی قازانج دەکات ھەم بزنس و ھەم بڕێک لە کرێکارانیش رازیدەکات و خۆی شیریندەکات و ھەڵبژاردنی داھاتووش مسۆگەر دەکات. لە لایەکی دیکەشەوە کار لەسەر دابڕینی پەیوەندی خەڵکی دەکات کە بە ھێچ شێوەیەک نەچنە دەرەوە و لە ماڵەوە بن مەگەر کاری یەکجار زەرووریان ھەبێت، ئێمەشی ئاوا ترساندووە کە گەر دراوسێیەکت پێویستی بە یارمەتی تۆ بێت ، نە ھەموو کەسێک ئامادەیە بچێت بە دەمییەوە نە ھەموو دراوسێیەکیش متمانە بە یارمەتیدەرانی دەکات لە ترسی ڤایرۆسەکە، نەبا بۆی بەریت .


لەمانەش ترسناکتر ، کە رەنگە لە ھەفتەی داھاتووە بێت، قەدەخەکردنی خەڵکییە ھەر لەژێڕ بیانوی کەمکردنەوەی مەترسیی ڤایرۆسەکە و یارمەتی دانی بەشی تەندروستی. کە خەڵکی ناچارە بیگرێتە بەر چونکە ئەمان زەمینەسازییان ھەفتەیەکە بۆ ئەمە کردووە بە وتنی ئەوەی کە ئەم دەردە تاکو بەھاری ساڵی ئایندە دەخایەنێت ، ٤ کەس لە ٥ کەسی ئەم وڵاتە تووشی دەبن کە بە ڕێژەی سەدی لە سەدا ٨٠ ی دانیشتوانی بریتانی، لە ٥ کەس ٤ کەس بە ژمارەش ٧.٩ ملیۆنیان داخڵی خەستەخانە دەبن، ئەگەریی ئەوە ھەیە ژمارەی قوربانییان لە نێوانی ٣١٨،٦٦٠ و ٥٣١،١٠٠ کەس بن. ئایا شتێکی دیکە دەمێنیت کە لەمە زیاتر نیگەرانت بکات، بتتۆقێنێت، بێ وررەت بکات ڕادەستی تەنھایی و بێ چارەیی و بێ کەسییی بێ ئومێدیت بکات؟


ئەوەی کە دەوڵەت ھەوڵی بۆ نەداوە، بچوکترین ئامادەکاریی بووە لە بەرانبەر ئەم پەتایەدا کە ٣ مانگە لە ئارادایە : لەوانە ھیچ جۆرە سوودێکی لە ئەزمون و توێژینەوە و زانیارییەکانی چین وەرنەگرت، تا ئێستا دەمامک و دەسکێش بۆ کارمەندانی خەستەخانە نییە، دەرمانی تەواو نییە، ماشێنی یارمەتیدانی ژیانەوەی سییەکان کەمە، پێشوەخت کۆنتراکتێک لە تەک ھەندێک ئوتێلدا نەکراوە بۆ کردنی بەشێکیان بە خەستەخانە گەر پێویستی کرد ، یارمەتی شارەوانییەکان بە بڕێکی زیاتر پارە نەکراوە کە ئەوان یارمەتی کەسانی پەککەوتە و پیر و منداڵانکە پێویستیان بە پێداویستی تەواو ھەیە...تاکو شتێک ئەرک لەسەر خەستەخانەکان، کەمببێتەوە . لە مانەش گرنگتر لە ٣ ساڵی ڕابووردووە ٥٠ ھەزار نێرس و ٥،٥٠٠ دکتۆر خانەنشینکراون و یاخود کاریان لە بەر فشار وباری تەندروستییان بەجێھێڵاوە ، حکومەت لە دوێنێوە، ٢١/٠٣ وە داوایان لیدەکات کە بگەڕێنەوە " بەشی تەندروستی پێویستی پێتانە" . کاتێک کە ئەمانە نەکراون کەچی ھێشتا بێ ئابڕوانە لەبری ھێنانەوەی پۆزش و بەڵێندان بە کردنی ھەموو شتێک و دڵنەواییکردنمان ، دێن دەمان تۆقێنن تاکو تێمانبشکێنن.


سەرەڕای ئەمانەش، ئێمە لەژێر ھەرەشەی نەبوونیشداین، نەبوونی نان و سەوزە و میوەو وشکەداین، گەلێک لە سوپەرمارکێتەکان ڕەفەکانیان بەتاڵە ئەوەشی کەھەیە بڕێک دانراوە کە ناتوانیت لەوە زیاتر بکڕیت، شیر و پەنیر و گۆشت و ماسی و ھەندێک خواردنی دیکە لە قەیراندان. لەو لاشەوە کێڵگەوانەکان و خاوەنکێڵگەکان باڕەیا لێ ھەستاوە کە دەرەقەتی بازاڕ نایەن بە ھۆی ئەو تۆفان و زریانەی کە ئەمساڵ بووە ئێستاش بە ھۆی کۆرۆناوە کە لە وەرزی بەرھەم ڕنین و کۆکردنەوەیدا ھاتنی ٦٠ ھەزار کرێکار لە وڵاتەکانی دیکەوە، لەدەستدەدەن. ھەر بە گوێرەی راپۆرتێکی دیکە، کێڵگەکان زیاتر لە ٨٠ ھەزار کرێکاریان دەوێت ئەمانە لە کوێوە بھێنن؟!! بۆیە لاتان سەیر نەبێت کە کۆمەڵەی کێڵگەوان و خاوەنکێڵگەکان داوا لە دەوڵەت دەکەن کە " سوپای زەوییان" بۆ بنێرێت ، واتە سەرباز بنێرن بۆ کارکردن لە زەوییەکان.


جگە لەوەی سەرەوەش بەھۆی سیاسەتی ئابوری لیبراڵ و بازاڕ و گڵۆبەلایزیشنەوە و گۆڕینی کەش و ھەواوە لە بەریتانیا ساڵ بەسەڵ بەرھەمی کشتیاری و کێڵگەکانی ئێرە لە کەمبوونەوەدادەبێت. لەم بارەشدابازاڕ متمانە دەکاتە سەر بەرووبوومی ھاوردە لە ولاتانی وەکو ئیسپانیا و یۆنان و تورکیا و ئەفەریقاوە ئەمەش بە ھۆی دەردی کۆرۆناوە گرفتێکی گەورەی دروستکردووە کە ئێستا بەشێک لەو وڵاتەنە یا خۆیان توشی ئەو دەردە بوون یاخود لە چاوەڕاونیی ھاتنی ئەو ئافاتەدان.


٢٢\٣\٢٠٢٠
ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک