٦\٥\٢٠١٠
ئێمە نە لغاو و نە
داوای تۆبەشتان لێ دەکەین!

سەلام عەبدوڵا
سەدان ساڵە خەون بە مافی ئازادی بیروباوەڕ
دەبینین و ئێستا ئەم مافە سەرەڕای دەستدرێژی وسزا و تەنانەت تیرۆریش،
دەتوانین بڵێین تا رادەیەکی زۆر دەستەبەر کراوەو قەدەغەکردنی لە
کوردستان بووە بە رابردوو و لەگەل رژێمی فاشیستی بەعس ملی شکاند. ئێستا
نە مەلا عەبدولخالق و نە هیچ کەسێکی تر دەتوانێ رێگریمان لێ بکات و
تازە مەگەر بە شمشێرو جنۆکەو نوشتەو فەتوای مەلاکان، ئەم مێژووە نوێیە
رابگیرێ و بمانهێننە ئاستی دوورگەی عارەبان و حوشترلەوانەکانیان.
لەم کاتە کە ئێمە شانازی بەم دەستکەوتە دەکەین، مەلایەکی زمان و ئەقڵ و
رەفتار ئیکسپایەر بەناو(ئیمام و پێشنوێژ مەلا عەبدولخالقی تاریکی) بە
باوەشێک ریش و مێزەرەوە بەو پەڕی بەد زمانی و بێلیاقەت و جەهلەوە، رێی
بە خۆی داوە بڵێ(بەداخەوە ئازادی تەنها لە بی دینی و بەدرەوەشتیدا
کوردتکراوەتەوە لە کوردستان)و تەنانەت(داوای تۆبەکردن لە ئەدیب و
نوسەران)دەکات. شەکەر شکاندنی جەنابی لە وتنی(لغاوکردنی رۆشنبیران)و
ئەو شێوەیە تەفسیری کردووە، دوورە لە راستی، چونکە کوردان وشەی لغاو بۆ
ئەسپ بە کاردەهێنن کاتێ سوارەکەی بیەوێ راپیبگرێ یان سنوورێک بۆ غاردان
و رۆیشتنی دابنا! ئاخر لغاو لەکوێ و عقال لە کوێ!
-ئەگەر عەبدولخالق شانازی بەو ئەخلاقە دەکات کە کچ و کوڕانی
وەڵاتەکەمان بە زەبرو ئەوپەڕی وەحشیگەرییەوە رێگری لە خۆشەویستی و
ئازادی و ئارەزوو حەزیان دەکرێ، ئەوا ئێمە ئەو ئەخلاقە تەنها بە شایانی
زبڵخانەو ئەوپەڕی بێشەرەفی دەزانین، چونکە هەموو رۆژێک ساکارترین مافی
مرۆڤ پێشێلدەکرێ: هیچ کەسێک چ کچ یان کوڕ بە ئارەزووی خۆیان بە تەنها
ناخەون. ئەوە هێزێکی سەرشێت و بێویژدان و کەرامەت و مەعریفەتە کە مرۆڤی
شیزۆفرین، پیلانگێرو دزی درووستکردووە.
یەکەمجار دەبێ رێزو حورمەت لە نەوەی نوێمان بگرین!
ئێرە تاقە ناوچەیە لەم جیهانە پانوبەرینەدا کە بەهۆی ئاین و هەندێ
نەریتی سوک و ڕسوا هەموو شتێک بۆ ئاستی نێو لاقیان کورتکردووەو
دەتوانین بڵێین ئەوەندە قیزەوەنن تەنانەت ماچکردن و لە ئامێزگرتن کە
ناسکترین رەفتاری کچ و کوڕە دڵدارەکانە، قەدەغەکردووە و بە بێئەخلاقی
ناونووس کراوە. ئەگەر سەرڕاست بین ئەوا دەبێ قبووڵی ئەم راستییە بکەین:
بەدەگمەن کچێک یان کوڕێک دەستدەکەوێت خۆشەویست یان ئاشقی نەکردبێت:
ئەوە ئاین و نەریتە کە مرۆڤ فێری دزیکردن و پەنابردن بۆ پیلانگێری
کردووەو بەڕێگای ئەو دۆرە مەلایانەوە، هەوڵدەدرێ بەهێزو زیاتر بکرێ !من
لەگەل تیوری(پەرداخە ئاوەکە نیم، واتە من لەگەل بەڕەڵایی نیم) کە هەموو
کەسێک بۆی هەبێ لێی بخواتەوە.
ئەگەر مەلای ناوبراو بیەوێ حورمەت لە خۆی و لە خەڵک بنێ، ئەوا دەبێ
ئاینی خۆی بۆ خۆی بهێڵێتەوەو هیچ کەس ئەو مافەی لێ زەوت ناکات، بەڵام
ئەویش دەبێ رێز لە رەفتارو هەڵویست و جۆری بیرکردنەوەی کەسانی تر بگرێ؛
دەبێ قبووڵی ئەوە بکات کە لە کوردستان زۆرێک هەن بەهیچ شێوەیەک بڕوایان
بە ئاین نییە(ئاین بۆ خودا و نیشتمان بۆ هەموومان)و مافی خۆیانە
بۆچوونی خۆیان بەو شێوەکە کە بە شیاوی دەزانن، بەیان بکەن.
لەبەرامبەریاندا ئەهلی جەهل و تاریکستانیش بۆیان هەیە بیروڕای خۆیان
بنووسن بەبێ ئەوەی هەڕەشە و سوکایەتیکردن بە رۆشنبیران و ئەدیب و
نووسەران بکەن بە پیشەی سەر بەرماڵەکەیان و داوای تۆبەکردنمان لێ بکەن...
بێ دینی دیاردەیەکی نوێ نییەو بە درێژایی مێژوو حزووری هەبووەو
ململانیان لەگەل یەکتر کردووە. ئەمە دوو بەرەیە و هەر لایەکیان مەنتیق
و ئەقڵ و جیهانبینی خۆیان هەیە.
زۆربەی وەڵاتانی دنیا زیاد یان کەم شانازی بە توێژی رۆشنبیرو نووسەران
دەکەن و هەر کێشەیەک بێتە ئاراوە بە رێگای دیالۆک و سمینار و کۆبوونەوە
چارەسەر دەکەن و هەرگیز وەک مەلای ناوبراو پەنا بۆ سووکترین وشەو
رەفتار نابەن.
بەم بۆنەیەوە داوا لە مەلای ناوبراو دەکەم، بەخۆی بۆ سەر مینبەری
مزگەوتەکەی بڕوات و داوا بکات لە رۆشنبیران و نووسەران بکات، لێی
ببوورن، دیارە هیچ یەکێکمان نە داوای تۆبەی لێ دەکەین و لەبەر ئەوەی
ئەگەری تۆبەنەکردنیش نییە، ئەوا داوای چەسپاندنی هیچ سزایەک بۆ جەنابی
ناکەین...خۆزگا شەرم بیگرێ و ئەوەندە زماندرێژی نەکات و پیشە بێ
بەرهەمەکەی کە حکومەت لەسەر حیسابی داهاتی گشتی هەژارەکان
خەرجدەکات(حکومەتیش پیاوەتی بە ئاوی حەمام دەکات!)، بەجێبهێڵێ!
ئەوە چ عەقلێکە دڵی بە سزادان بە 3ساڵ زیندانی کەسێک لەسەر بۆچوون
خۆشدەکات؟!
بە کورتییەکەی: داوای تۆبەکردن لە رۆشنبیران و خاوەن قەڵەمان
شەرمەزارییە بۆ مەلای ناوبراو و داوای سزادانیش لەوە شەرمەزارترو
خۆسووککردنەو هەروا ئەوە چ خوداو پەیامبەرێکن پێویستیان بە دەستور و
داواکاری مەلایەک هەبێت، تۆ بڵێی(خواو پەیامبەران) پاش هەزاران ساڵ
پێویستیان بەم پارێزەرە هەبێت؟!
بڕۆ نوێژو ئیتاعەتی خۆت بکەو حورمەتی زمانی خۆت بگرە پێش ئەوەی بکرێی
بە گاڵتەجاڕی..."خوا" خۆی(کون فیکون)ە و هیچ مەسینەهەڵگرێکی ناوێ(مەلا
شانازی دەکات ئەگەر شەرەفی مەسینەهەڵگری پەیامبەرانی پێبدرێ)، دەزانێ
چی بە رۆشنبیرە کوردەکان دەکات!
ماڵپهڕی سهلام عهبدوڵا
|