١١\٥\٢٠١٥
ئەمەریکا
(موغازەلە)ی یەک پارچەیی خاکی عێراق دەکا؟!

ستار محەمەد قادر
ئەم رستەیە بەردەوام کورد تووشی خوێندنەوەی ھەڵە دەکات، ئەوانەی خەون
بەدەوڵەتی سەربەخۆوە دەبینن بەبیستنی تووشی ھێدمە دەبن، ھەمیشە بەشێک
دڵخۆش و بەشێکی دیکەش قەڵس و بێزاردەکات، لەوەش بێزراوتر ئەوەیە کاتێک
سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەم ساتە وەختە دژوارەدا جەخت لەیەکپارچەیی
خاکی عێراق بکات، لەکاتێکدا لەسەر زەوی شتێک نەماوە کە ناوی عێراقێکی
یەکگرتوو بێت!
بێ گومان ئەمەریکا لەم رەوشەی ئێستای عێراق نیگەرانە، مافی خۆشیەتی
نیگەران بێت، ئاخر ئەمەریکا بە زەبری ھێز رژێمێکی دیکتاتۆری رووخاند،
بەھیوای ئەوەی سیستمێکی دیمۆکراتی جێگیر بکات، کەچی ئاراستە سیاسیەکان
کە شیعە نوێنەرایەتی دەکات، بەپێچەوانەی خواستەکانی ئەمەریکا
دەجووڵێنرێن.
رووانگەی کاراکتەرە شیعەکان بۆ حوکمڕانی نە بەئامۆژگاریی و نەش بەدەم و
چاو گۆڕین چارەسەر ناکرێت، لەبەر ئەوە لەبنەڕەتدا بارگاوین بەدیدو
تێڕوانینی مەزھەب گەرایی و لەژێر کاریگەری ئەو رەوتەدان!
کەواتە لێرەوە پاڵپشتی ئەمەریکا بۆ عێراقێکی یەک پارچەو یەکگرتوو و
دیمۆکرات و پلۆراِڵ و فیدڕاڵ دەچێتە خانەی مەحاڵەوە!
بەواتایەکی تر، ئەمەریکا لەم ساتە وەختەدا رووی دەمی لەشیعەیەو پێیان
دەڵێت: تا ئەو ئەندازەیە دەتوانین بەرگری لەیەک پارچەیی خاکی ئەو
عێراقە بکەین، کەئێوە پارچە پارچەو دابەشیدەکەن، بەچاوی خۆمان ئەوە
ببینین کە کوردو سووننەو سەرجەم پێکھاتەکان بەشداری راستەقینەیان پێ
دەکرێت لەدەسەڵات و بڕیارە سیاسیەکانداو مافەکانیان پلرێزراو دەبێت.
شیعە ئەمە ناکات، ئەگینا پڕ چەککردنی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ
رووبەڕوونەوەی داعش کە ئەمڕۆ دوژمنێکی سەرسەختی عێراقیەکانە، بۆ دەبێت
حکومەتەکەی عەبادی بەیانناممەی لەسەر دەر بکاو حەسەن نەسروڵڵا لە
لوبنان تووشی ھیستریا بێت و سەدریەکان کاردانەوەیەکی دوور لەمەنتیقییان
ھەبێت!
ئەمڕۆ بمانەوێت یان نا، یەک پارچەیی خاکی عێراق بووە بە مەحاڵ، ھەر
وڵاتێک یان ھێزو لایەنێک جەختی لێ بکاتەوە، دەچێتە خانەی موزایەداتەوە،
چونکە عێراق بە کردەیی دابەش بووە، مانیفێستی ئەو دابەشکردنەیش،
ئەوەندەی پەیوەستە بەعێراقیەکانەوە، پەیوەندی بەسیاسەت و ئەجێندای
وڵاتە زلھێزەکانەوە نیە.
ئەمەریکا بەووردی چاودێری بارو دۆخەکە دەکات، ئەو لەھەمووان باشتر ئەو
راستیە دەزانێت، لەدەرەنجامدا دەبێت ئەم وڵاتە دابەش بکرێت، چونکە
عێراقێکی یەکگرتوو و یەکپارچە جگە لەسەراب، بەھیچ شتێکی تر بەراورد
ناکرێت، بەدڵنیاییەوە جەختکردنەوەی ئەمەریکاش لەیەکپارچەیی خاکی عێراق،
جگە لە (موغازەلە) و رەچاو کردنی ھەندێک بارودۆخ، ھیچ خوێندنەەیەکی تر
ھەڵناگرێت؟!
ئێمە دەبێت لەوە تێ بگەین، دۆخی (موغازەلە)، بریتیە لەپیاھەڵدان
بەشتێکدا، کە لەحەقیقەتدا تۆ ئاواتی بۆ دەخوازی و لەواقیعدا ھێزی ئەوەت
نیە بەرجەستەی بکەیت، بۆیە باشترین رێگە چارە ئەوەیە کورد نەکەوێتە
(موغازەلە)ی راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانەوە، بەڵکو کۆششی
جیددی بۆ بکات!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|