٢٨\٢\٢٠١٣
ئەمەریکا و
ئەوروپا گەمژەترین و دڕندەترینیانن لە بەرانبەر دۆزی نەتەوەیی کوردان!

دارا ئەحمەد
ئەگەر ماف و
ئازادییەکان هەر ئەوە بن لۆ هێندێک هەبن و لۆ هێندێک نەبن، ئەوە بەڵگەی
ئەوەیە هێشتا مرۆڤ لە سەراسەری جیهان لە چاخی دڕندەییدا دەژی!
ئەمن بڕوام بەوە هەیە کە سەرکردەی مەزن و ژێهاتیی لە هەر سەردەمەک و لە
نێو هەر گەلەکی پاشداما یان پێشڤەڕۆ هەر مەزن و ژێهاتییە و دەتوانی
مێژوویەکی پڕ سەروەریی و پڕ دەستکەوت تۆمار بکا.
گومانی تێدا نییە کە سەرکردە و سیاسەتمەدارانی ئێمەی کورد بە شێوەیەکی
گشتیی و لەوپەڕی راستەوە تا ئەوپەڕی چەپ هەر لە دەسپێکی دامەزرانی
دەوڵەتە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانەوەڕا بگرە تا دەگاتە ئێستا زۆر زۆر
نەشارەزا و بێ ئاست و بودەڵە و ئاڵوودە بە دین و خۆپەرست و خۆفرۆش و
داگیرکەرپەرست و ترسنۆک و بنەماڵەیی و خێڵەکیی و ناوچەگەر بوونە، ئەگەر
نا ئەوە ئێمەش وەک هەر میللەتکی دیکە لەمێژ بوو قۆناغی رزگاریی
نەتەوەیی و نیشتیمانییمان تێدەپەڕاندبوو و ئێستا لە رێزی گەلان خەریکی
چارەسەرکردنی کێشە جڤاکییەکانمان دەبووین و پێ بە پێی ئاستی پەرەسەندن
و گەشانەوەی ژیانی سەردەم لە ژیان و گوزەرانەکی باشتر و باشتر
بەهرەمەند دەبووین.
ئەوەتە لە سەردەمی دەسەڵاتداریی عوسمانییەکان و سەفەوییەکان زۆربەی
هەرە زۆری سیاسەتمەادار و سەرکردەکانی کورد جگە لەوەی زۆر خێڵەکیی و
کۆنەپەرستی دینیی بوونە هەر یەکەیان بە شێوەیەک لە شێوەکان بەکرێگیرا و
خۆفرۆشی یەک لە هەردوو لایەکە یان دووسەرە بوونە و هەردەم لە شەڕی
میللەتی خۆیان و میللەتانی دیکەشدا کوشتارگەی گەورە گەورەیان بەرپا
کردییە و وەک هێزگەلەکی سەرکوتگەر و دڕندە لە خزمەتی پاراستن و
بەهێزکردنی هەردوو دەسەڵاتە ستەمگەر و داگیرکەرەکەدا بوونە، لە سەدەی
بەرییش کە کوردستان بە تەواویی بە سەر وڵاتە داگیرکەرەکانی دەوربەری
دابەشکرا.. بە هۆی ئەو فەرهەنگ و هەڵسوکەوتانەیان کە لەسەرەوە
ئاماژەمان پێیان دان هەردەم راپەڕین و بەرانگژبوونەوەکانیان لە دژی
داگیرکەران هەر لە سەرەتادا یان بە نیوەچلیی کۆتاییان پێدەهات..
سەرئەنجام یان ئەوەتە خۆیان دەدا دەست و لەسێدارە دەدران و دەکوژران
یان ئەوەتە سازشیان دەکرد و خۆیان و میللەتەکەیان دەفرۆشت و پاشانیش لە
پیلانەکدا دەکوژارن یان بە دەستبەسەریی تەمەنەکی پڕ لە ریسواییان تەواو
دەکرد.. هێندەکیشیان هەر زوو ئاشبەتاڵیان لێدەکرد و میللەتەکەی خۆیان
جێدەهێشت و خۆیان قوتار دەکرد.
سەبارەت بەو دوو بە ناو سەرکردەیەی کوردستانی باشووریش - تاڵەبانی و
بارزانی -، ئەگەر سەدامی دیکتاتۆر سەرکردەیەکی یەک قیچ لەبار و ئاسایی
با و ئەمەریکا و ئەوروپا هێشتا کاریان پێ مابا.. ئەوە دەبووایێ
ئێستاکەش هەردووکیان خزمەتکاری (حوسێنی)یەکانی کەرەج و تاران بن و
پیلانی ئایەتوڵایەکانی ئێران دژ بە میللەتەکەی خۆیان جێبەجێ بکەن یان
دەبووایێ لە بندەستی دەزگە سیخوڕییەکانی ئەمەریکا و ئەوروپا بە
دابینکردنی ژیان و گوزەرانەکی سەرشۆڕانە لۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان
سوپاسگوزار بن.
بەڵام پێویستە ئەوەش بڵێین کە دەسەڵاتدارە داگیرکەرەکانی کوردستان زۆر
لە سەرکردە و سیاسەتمەدارەکانی کورد گەمژەتر بوونە و گەمژەترن.. چونکە
سەرەڕای ئەوەی باش دەیانزانی و دەیزانن کە رۆژەک هەر دادێ ئەو میللەتەش
بە ماف و ئازادییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی خۆیان دەگەن کەچی هەر
ملیان نەدا و تا بشتوانن واز لەو ستەمکارییە ناهینن و هەر مل نادەن..
بەوەش جگە لەوەی بە ملیۆنان کەسیان لە کوردان و میللەتەکانی خۆیان
لەنێوبردن و هێشتاش هەر بەڕێوەیە لەنێوببردرێن.. ژیان و گوزەرانی
کوردان میللەتەکانی خۆشیان لە پاشدامایی و کارەسات و پاشکۆیی وڵاتە
زلهێزەکان راگرتییە و مێژوویەکی رەشیشان لۆ خۆیان تۆمار کردییە و تۆمار
دەکەن، ئیدی لە ئایندەدا میللەتەکانی خۆشیان شەرم لە خۆیان دەکەنەوە کە
ئەوانە لەسەردەمەکدا سەرکردە و سیاسەتمەداری ئەوان بوونە و خۆیان لێیان
بێبەریی دەکەن، دەبی چ لەوە گەمژەییتر هەبی لەو سەردەمەی ئێستا هەر یەک
لە داگیرکەرانی کوردستان کە دێنە سەر باسی ئەوەی دان بە هێندێک ماف و
ئازادیی زۆر سادەی نەتەوەیی کوردان بنێن و بە ئاشتی پێکەوە بژین.. لە
پێشمەرجی هەر گفتوگۆ و رێکەوتنەکدا دەبێژن: (ئەوانەی لە دژمان یاخی
بوونە دەبی وڵات بەجێبهێڵن و ئەوانەی لەگەڵیشمان دەکەونە گفتوگۆ دەبی
بە بێ هیچ مەرجەک دان بە سەرەوریی و یەک پارچەیی نیشتیمان دابنێن و
بیپارێزن)!!! هەڵبەتە ئەوانە هەر یەکەیان دەیانەوێ گفتۆگۆ و رێکەوتن
لەگەڵ دوو سەرکردەی وەک تاڵەبانی و بارزانی بکەن کە ئەوەی یەکەمیان بەر
لە دگیرکەران دەبێژێ (سەربەخۆیی کوردستان خەونی شاعیرانە) و ئەوەی
دووەمیش دەیەوێ تەنیا میرنشینەکی بارزانی لە بابەتی میرنشینەکانی سۆران
و بابان و لەو بابەتانە لۆ خۆی و بنەماڵە هەزرا بارزانییە چەکدارەکەی
دابمەزرێنی!
دیارە کێشە هەرە سەرەکیی و مەزنەکەی میللەتی کورد ئەوەیە کە دەسەڵاتدارە
ملهوڕەکانی ئەمەریکا وڵاتانی ئەوروپا زۆر زۆر لە دەسەڵاتدارە
داگیرکەرەکانی کوردستانیش گەمژەتر و دڕندەترن.. چونکە وەک ئاشکرایە
بزووتنەوی نەتەوەیی لە نێو ئەو وڵاتانەی ئەوان سەریهەڵدایە و هەر
خۆشیان دەستپێشخەر و دامەزرێنەری دەوڵەتە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان
بوونە.. کەچی ئێستا جگە لەوەی چەندین نەتەوەی وەک سکۆتیی و ئیرلەندیی و
وێلسیی و کەتەلۆنی و میللەتە رەسەنەکانی کەنەدا و ئەمەریکا و لەو
بابەتەنە لە نێو وڵاتەکانی خۆیان دەچەوسێننەوە و مافە نەتەوەیی و
نیشتیمانەکانیان پێشێل دەکەن.. لەوسەری دونیاشەوە دێن بەوپەڕی تواناوە
پشتگیریی لە دەسەڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان دەکەن و دۆزی کوردان وەک
کارتەکی دووسەرە لۆ ملکەچکردنی دەسەڵاتە داگیرکرەکان لە لایەک و
سەرکردە و سیاسەتمەدارە گەمژەکانی خۆمان لە لایەکی دیکە بەکاردەهینن،
ئاخەر گەمژەیی و دڕندەیی لەوە پتر چیدیکە بی لە لایەک باس لە مافی مرۆڤ
و مافەکانی گەلان دەکەن کەچی لە لایەکی دیکە نەک هەر مافی خۆبەڕێوەبردن
و دەوڵەتداریی بە میللەتەکی پتر لە چل ملیۆن بە رەوا نابین و هەر بە
گازی کوژەر و نووترین چەکی ئەوان سەرکوت دەکرێن بەڵکە بە پێی پیلانە
سیاستبازییە جیهانگیرییە دژەمرۆییەکانیان لە کێشانی نەخشەی جیهان و
دابەشکردنی وڵاتاندا دان بە ناوی ئەو خاکەش نانێن کە کوردان لەسەری
دەژین و هەر بە پشتگیرییکردنی ئەوانیش لە دەسەڵاتە داگیرکەرەکانی
کوردستان کوردان ناتوانن تەنانەت زمانەکەی خۆشیان بەکاربهینن کە
سادەترین مافی هەر نەتەوەیەکە!!!
ماڵپهڕی دارا ئهحمهد
|