١٥\١٢\٢٠١٢
ئەمەریکا و
پێشهاتە تازەکانی ئەم دواییانەی سوریا!

نوری بەشیر
ڕۆژی چوارشەممە ١٢/١٢ لەمەراکیشی پایتەختی مەغریب، بەبەشداری١٣٠ وڵات
لەژێر ناوی دۆستانی سوریادا کۆبونەوەیان سازدا، ئەم کۆبونەوەیە بەدوای
کۆبونەوەی مانگی پێشوو لەدۆحەو پێکھێنانێ چەترێک بۆ ئۆپۆزسیۆنی سوریا
لەژێر ناوی ”ھاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا“دا، بەگەورەترین کۆبوونەوە
دادەنرێ لەڕاستای تائیدکردنی دووبارەی ئەم ھاوپەیمانیەدا وەک
نوێنەری"شەرعی" خەڵکی سوریا. بەواتایەکیتر کۆبوونەوەی مەراکیش زیاتر
ھەوڵێکە بۆ کۆکردنەوەو یەک ڕیزیکردنی ئۆپۆزسیۆن لەدەورەی ستراتیژو
سیاسەتەکانی ئەمەریکاو دەوڵەتانی ڕۆژئاوا وھەڵگرتنی ئەو ترسو
نیگەرانیانەی کەلەم بارەوە ھەیە.
ئەحمەد مەعاز، خەتیبی سەرۆکی ھاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی
سوریا لە وتەیەکیدا، داوای کۆمەک وپشتیوانی بەکردەوەی لەوڵاتانی
ئامادەبووی کۆبونەوەکە کردو ھەروەھا بانگەوازی عەلەویەکانی سوریای کرد
کەبەدژی دەسەڵاتی ئەسەد راپەڕن. ھاوکات ناوبراو لەقسەکانیدا، ھەڕەشەی
ئەوەیکرد کەئەگەر سوریا چەکی کیمیایی بەکار بھێنێت ئەوە روسیا بەرپرسە
لەئاکامەکانی، دواتریش داوای لەجمھوری ئیسلامی ئێران کرد کھکۆمەکەکانی
خۆی بۆ دەسەلاتی ئەسەد بوەستێنێ و ھێزو پسپۆرە سەربازیەکانی لەسوریا
بکشێنێتەوە.
شایانی باسە ئەم کۆبونەوەیە درێژەی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی دۆحەی
تاووتوێ کرد، کەچەند ھەنگاوێکی عەمەلی لەبارەی ڕەوشی سوریاوە پەسەند
کردبوو. لەوانە ھەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی ئۆپۆزسیۆن لەژێر چەتری
ھاوپەیمانیەکی نوێدا، کەھەموو لایەنەکان بگرێتە خۆی، ھاوکات بڕیاری UN
بۆ دانانی بنکەی سەواریخی پاتریۆت لەسنورەکانی تورکیا وسوریا،
کەمەبەستی سەرەکی لێی دانانی ناوچەی دژەفڕین ودەست کۆتاکردنی ئەسەدە
لەبەکارھێنانی ھێزە ئاسمانیەکانی، ھەروەھا کاردانەوە لەبەرامبەر
ئەگەری بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن سوریاوەیە..
بەڵام وێرای ڕاگەیاندنی پشتیوانی ئەمەریکا وڕۆژئاوا بۆ ئەم
ھاوپەیمانیەتیە نوێیە، ھێشتا ئەو نێگەرانیە، کەبارودۆخی دوای ڕوخانی
ئەسەد دەخاتەدەستی ھێزە ئیسلامیە توندڕەوەکانی لایەنگر بەقاعیدەوە،
ترسێکی گەورەیە. بەتایبەتی کەئەمەریکا وڕۆژائاوا، تەجروبەی
ئەفغانستانیان لەبەردەستدایەو نایانەوێت، لەسوریادا گیرۆدەی تاڵەبانێکی
تر ببن. ھەڵکشانی "بەرەی نەسرەی شام" لەکردەوە سەربازیەکانی سوپای
ئازادداو دەرکەوتنی بەھێزێکی ڕێکخراوی چەکداری ١٠ھەزرا کەسیەوە، ئەو
ترسەی کردۆتە یەک واقعیەت کەسوریای دوای ڕوخانی ئەسەد بخاتە دەستی
سەرچڵترین ھێزی تیرۆریستی ئیسلامیەوە. ھەربۆیە بڕیاری کۆبونەوەکە
لەمەڕدانی کۆمەک وچەکدارکردنی ئۆپۆزسیۆن، لەئاستی فریاگوزاری
ئینسانیدا سنوردارکرد.
لەلایەکی ترەوە ئەم کۆبونەوەیە ھاوکاتە بەپێشڕەوی سەربازی سوپای ئازاد
ونزیک بونەوە لەشاری دیمەشق وپاشەکشەیەک کەلەقوتبی لایەنگرانی سوریادا
سەری ھەڵداوە.
روسیا ئیتر بێئومێدە لەوەی کەبتوانێ مانەوەی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد
تاسەر پارێزگاری لێبکات. سەردانی پۆتینی سەرۆکی روسیاو لافرۆفی وەزیری
دەرەوە بۆ تورکیاو کۆبونەوە لەگەڵ تەیب ئۆردوگانی سەرۆکی تورکیادا،
خۆی ئاماژەیە بۆ ئەم پاشەکشەیە.
لەسەر ئاستی ناوخۆی سوریاشدا چونە دەرەوەی گەورەترین ١٠ سەرمایەداری
گەورەی دەوری بەشار ئەسەدو پەڕپوتبوونی دراو وبانکەکانی سوریاو
ھەڵھاتنی نزیکەی ٥٠ ھەزار لەسەرمایەدارە گەورەو بچوکەکان، ھاوکات
راکردنی جیھاد مقەدەسی راوێژکاری حکومەتی سوریا لەرێگای لوبنانەوە بۆ
لەندەن، ھەرچی زیاتر پاڵی بەڕەوتی خلۆربونەوەی ڕژێمەکەی ئەسەد ونزیک
بونەوە لەڕوخانی یەکجاری ناوە.
لەکەنار ئەم پێشھاتانەوە کۆبونەوەکەی مەراکیش کردنەوەی نوسینگەی
نوێنەرایەتی ھاوپەیمانی تازەی ئۆپۆزسیۆن لەبرۆکسل ودانی سەد ملیۆن
دۆلار لەلایەن سعودیەوە وەک کۆمەک راگەیاند. بێگومان ھەموو ئەمانە بۆ
ئەمەریکا رێگایەکە کەریزەکانی ئۆپۆزسیۆن لەدەوری سیاسەتێکی دڵنیا و
ستراتیژی خۆی کۆکاتەوە. بەتایبەت کەترسی زۆری لەئیسلامیە توندرەوەکانی
سەر بەقاعیدە ھەیە.. بۆ ئەمەریکا دانپیانانی جیھانی کافی نیە، لەبەر
ئەوەی ئێستا ساحەی سوریا کراوەیە بۆ ھەموو ھێزەکان ودەستی دەوڵەتانی
وەک ئێرانو سعودیەو لوبنانی بۆ ئاوەڵایە، تابەسادەیی بتوانن ھێزگەلێکی
ئیسلامی توندڕەوی وای بۆبنێرن کەبەدەیان ساڵ وەک دەردەسەری بمێننەوە.
لەلایەکی تریشەوە کەوتنەدەستی شارە کوردنشینەکان بەحزبێکی لایەنگری
پەکەکا و نفوزگرتنی بارزانی وحزبەکەی تائاستی ئەوەی "کەتیبەی چەکدارانی
بارزانی"بۆ پێکبھێنێ.. خۆی نیشانەی دەرکەوتنی دەلاقەیەکی تری سەر ڕێگای
سیاسەتەکانی ئەمەریکایە، کەلەپاشەڕۆژدا یەخەی پێدەگرێت. بەتایبەتی
کەتائێستا ھیچ قسەیەکی جدی لەبارەی کوردەکان ودەوریانەوە لەم
کۆبونەوانەدا نەکراوە وبەڵێنی وەرگرتنی ئیمتیازاتێکیان پێنەدراوە تا
بێدەردەسەر دانیشن..
پێشھاتەکان وانیشاندەدەن، کەئەوەی لەوەزعی سوریادا گۆڕاوە، ھەر رۆشتنی
بەشار ئەسەدی نەکردۆتە مەسەلەی کات، بەڵکو کێشەی حکومەتی جێگرەوەو
چۆنیەتی تێپەڕکردنی بارودۆخەکانی سوریای دوای ڕوخانی ئەسەد، بۆتە
پڕئاڵۆزترین مەسەلە لەبەردەم ئەمریاکدا، کەتائێستا، لەبارەیەوە
قسەیەکی ڕۆشنی لێنەکراوە. بەڵام ھەرچونێک بێت گۆرانکاریەکانی ئێستای
سوریا ھێشتا ئەمەریکا ودەوڵەتانی ڕۆژئاوای، بەتەنیا رێگای روخانی
بەشار ئەسەد، لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە، وەک تاقە ئیختیارێک قەتیس
نەکردووە، بەڵکو ھێشتا ئەگەری ڕیکەوتن ودانوسان بەمەرجی ئەوەی بەشار
ئەسەد سوریا بەجێبھێڵیت و دەسەڵات تەسلیم بکات، بەکراوەیی لەبەردەم
ئەمەریکادا ماوە.
١٢\١٢\٢٠١٢
ماڵپهڕی نوری بهشیر
|