په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

ئەمریکا و سیاسەتی چەواشەکاری.


عەبدوڵڵا ئەحمەد گەرمکی


لای هەمووان ئاشکرایە کە وڵاتە زلهێزەکەى جیهان ئەمڕۆکە دەیەوێت گشت دونیا کۆنتڕۆڵ بکات و سیستەمە چەوتەکەى خۆی کە بۆ رۆژی ئەمڕۆمان ناگونجێت زیاتر تەشەنەى پێ بکات، واتە دەیەوێ هەموو دونیا بخاتە ناو سیستەمی سەرمایەی جیهانییەوە، خراپەکارییەکانی ئەو سیستەمەش لەپێش چاون، کە مرۆڤایەتی مەحکومی چ ژیانێکی بێ رەنج و بەها دەکاتەوە، بەمەش ژیانێکى بێ واتا و ئاژەڵیانەى دەداتە پێش ئینسانییەت و بەڵگەش بۆ ئەو خراپەکاریانەى کە لەئارادان گشت ئاکامی خراپی ئەو سیستەمەیە، بێگومان ئەمەش سیاسەتێکە و بۆ خۆیان دەیانەوێ ئەو ژیانە ناخۆشە بەسەر گەلاندا بسەپێنن. دیارە ئەوەى کە دونیا رووبەڕووی ناخۆشترین رەوش بۆتەوە هەر لەخۆیەوە نییە، بەڵکو ئەوە سیاسەتێک بەڕێوە دەبات و هەنووکەش ئەو سیستەمە کاریگەری زۆرە لەکوردستاندا لێرەدا نامەوێ زیاد لەسەر ئەوە بڕۆم، بەڵکو مەبەستی سەرەکیم ئەوەیە ئایا ئێمەى کورد بەرامبەر ئەمریکای بەرژەوەندی پەرەست خاوەن چ هەڵوێستێک بین و دەکرێ رازی بین بەو خۆشباوەڕیانەى دەسەڵاتی کوردی بەرامبەر ئەمریکا، حەتمەن نەخێر، چونکە ساڵانی رابردوومان لەپێش چاوە کە دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەمریکایان وەک دۆست و هاوپەیمان دەبینی، ئێستاشی لەگەڵدا بێت وادەزانرێ بەم دۆستایەتییەیان چ داخوازییان هەیە جێبەجێ دەکەن کەچی پێچەوانەى ئەو خەونانەى سیاسییە کوردەکانی ئەمڕۆوە دەرچوو.


هەموومان دەزانین ئەمڕۆ ئەمریکا بەگوێرەى خۆی سیاسەت دەکات، پێویستە کوردیش خاوەن سیاسەت و هەڵوێستی خۆی بێت لەپێناو بەرژەوەندی هاوبەشدا مامەڵە و سیاسەتی خۆی بکات و هەروەکو چۆن لەرۆژهەڵاتی ناوڕاست هەنووکە ئەمریکا پێویستی بەکورد هەیە لەکاتێکدا گەر وابوو دەبێ نەهێڵدرێت ئەمریکا ببێتە رێگر لەپێش داخوازییەکانی کورد و ئیتر سەرانی کوردیش دەبێ دەست لەسیاسەتی چەواشەکاری هەڵبگرن، چونکە ئەو سیاسەتە چەوتەى کە ئەمریکا بەڕێوەى دەبات دادیان نادات، ئیدی پێویست دەکات هەڵوێستی کوردان دیاری و روون بێت.


لەمانەش زیاتر ئێستا ئەمریکا جارێکی تر دژایەتی خۆی بەرامبەر کوردان راگەیاندووە و هەموو هەوڵێکی خستووەتە گەڕ بۆ دژایەتیکردنی تەڤگەری ئازادیخوازى گەلی کوردستان و بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر گەل و گەریلا بەپاڵپشتی و رەزامەندی ئەمریکا دەکرێت. هەروەها ئەو پیلانگێڕییە بەرفراوانەى کە دژی کورد داڕێژراوە ئەمریکاشی تێدایە و ئامانجى سەرەکیشی دژایەتیکردنی سیستەمى کوردانە کە لەدەرئەنجامی قوڵبوونەوەکانی بەڕێز "ئۆجەلان" سیستەمێکی ئەلتەناتیڤی سیستەمی کاپیتالیزمى پێشخستووە، ئەوانیش ئەو سیستەمە بەمەرگی خۆیان دەزانن، بۆیە دژایەتی رێبەر ئاپۆ و بزوتنەوەى کوردی و پیلانگێڕییەکى بەرفراوان بەڕێوە دەبەن، هۆی سەرەکى ئەو خاڵانەیە. ئاشکرایە سیستەمى سەرمایەداری بۆخۆی لەناو گێژاوێک دایە، چەندە تێکۆشن و هەوڵ بدەن ناتوانن تا چەند ساڵێکى تر درێژە بەو سیستەمە بدەن، هەرچەندە هەوڵ دەدەن و بەهەموو شێوەیەک ئەو سیستەمە بمێنێت و ئێستاش بۆ ئەوەى وەچاخی کوێر نەبێت پۆستمۆدێڕنیزمیان پێشخستووە، بەڵام جیهان ئیتر تەقەبولی ئەو سیستەمە ناکات، بۆیە تاکە رێگەى چارەسەری کۆنفیدڕاڵیزمى دیموکراتییە، کە ئێستا لەناو کورداندا ئیتر خەریکە بەرپا دەبێ و تێکۆشانی سەرەکیشى لاوازکردنی دەسەڵات و بەهێزکردنی گەلە، ئەم سیستەمە نەک تەنها بۆ کوردان، بەڵکو هەموو دونیا دەتوانێت سوودی لێ ببینێت، ئەوەى کە ئازادیخواز بێت حەتمەن دەسەڵاتدارێتی پێ پەسەند ناکرێ بۆیە هەر لەناو دەوڵەتی ئێستاش دەتوانرێ ئەو سیستەمە پێشبخرێ.


جارێکى تر دەگەڕێمەوە و دەڵێم؛ نابێت ئیتر لەوە زیاتر دەسەڵاتدارانی کورد ملکەچی ئەمریکا بن، چونکە دەرئەنجامى ئەو ملکەچ بوونانە لەپێش چاوانە، بۆیە پێویستە ئیتر سیاسەتێکی چەوت بەڕێوە نەچێت و رەخنەى جددیش لەئەمریکا بگیردرێت بۆ ئەو هەموو دژایەتیانەى کە لەگەڵ گەلی کورددا دەیکات، چیتر سیاسەتێکی چەواشەکارییانەى وا پەسەند نەکرێت.