په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٧\٢٠١٠

ئەمە سه‌رده‌مى بۆرەپیاوانە.

حەمەى ئەحمەد رەسوڵ

((لە سه‌رده‌مى بۆرەپیاواندا، ژیان بۆ گەندەڵە و نانەڕەقەش بۆ مرۆڤى مەزن))

                                                               س.ئیزابێل
{ئەگەر نانێک هەیە، با وەک یەک بیخۆین. ئەگەر نیشە، با هەموو برسی بین}
                                                     
 سەمەدی بەهرەنگی


ئاشکرایە کە کۆمەڵگا لە چین و توێژى جیاواز پێکدێت، لەنێو ئەو چین و توێژانەشدا چەند کەسانێک هەڵئەکەون و دەبنە رێبەر و پێشەنگ، دەبنە بەرپرس و بۆرەپیاوان، کە مەبەستیش لەوان، ئەو کەسانەن کە پلەو پایەومێزو کورسى داگیر کردووەو بڕیارو بەڕێوەبردنیان بەدەستەوەیە، بەرپرسەکان بریتین لە وەزیرو بەڕێوەبەرو سەرکارى شوێن و دامودەزگاکانى ئەو کۆمەڵگایە، لە وڵاتە کراوەو پێشکەوتووەکاندا کەسى شیاو لە شوێنى شیاو دائەنرێت، کەسانى خاوەن پلەو پایەو ئاستى بەرزى بڕوانامەو رۆشنبیرى و ئیدارەکردن و ئەزموونى دوورودرێژ، بە زۆرینەى دەنگ لەو دەزگایانەدا دەبنە بەڕێوەبەرى لێهاتوو، چونکە زەمینەو توانستى ئەو کەسە شایانى ئەو شوێن پایەیە. ئەو کەسە دەبێتە خزمەتکارو هەڵسوڕێنەرى کارو خزمەتگوزارى ئەو دەزگایە، بەبێ جیاوازى و بەیەک تەرازوو کار بۆ هاووڵاتیان راییدەکات و ئەویش مەمنوونیانەو سوپاسگوزارە کە گلەیى و گازندەیان نەبێت..


لەم نووسینەمدا ئەمەوێت، کۆمەڵناسانە، خوێندنەوەیەک بۆ رێژەیەکى زۆرى ئەو توێژو دەستەبژێرەى کوردستان بکەم کە بوونەتە سەرکارو کەللەى گەورەى دایرەو دەزگاو شوێنە گشتییەکان کە خەڵکانى ئاسایى و حیزبى و ناحیزبى رووى تێدەکەن و بەوەش سه‌رده‌مێکیان وەگەڕ خستووە کە سه‌رده‌مى بۆرەپیاوەو ئەوان تیایدا دێن و دەچن و لەسەرووى یاساو رێساى ژیانەوەن و ژیانیان لە زۆرینەى خەڵک کردۆتە جەهەننەم..


مەرجیش نییە هەر وەزیرو بەرپرسی حیزبى بن، بە پێچەوانەوە لە پێشدا، بەڕێوەبەرى دەزگا و دایرەکان و بەرێوەبەرى ناحییەو قایم مەقامى قەزاکان و پۆلیس و ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتییە زۆرەکانى وەزارەتەکانیش ئەگرێتەوە، هەروەها سەرنووسەرى رۆژنامەو گۆڤارو دەزگا رۆشنبیرییەکان ئەگرێتەوە کە بەندە مامەڵەى رۆژانەم لەگەڵیاندا هەیە، بێگومان زۆرینەى زۆرى ئەو کەسانە ئەگرێتەوە کە کورسیان داگیر کردووەو چەندان تەلەفۆن و ئیمەیل و سکرتێرى شۆخ و شەنگیان هەیەو چەندان دەڵاڵ و خزمەتکاریان لەبەردەستایە.


کەسێتى ئەو بۆرە پیاوانە، بە رێژەیەکى زۆر، زۆرینەیان کەسێتییەکى نائاسایین چونکە زۆرینەى ئەوانە بە هەقیانەت و بە خزمەت و ئەزموون نەچوونەتە ئەو جێگایانە.. زۆرینەى ئەوانە حیزبین و بە مەحسوبییەت و واستەو خزمایەتى و بەرتیل و ماستاو کردن و پاڕانەوە چوونەتە سەر ئەو کورسیانە، ئەو کەسانە زۆربەیان ئاستى رۆشنبیریان بەرز نییەو تەنیا ئەوەیە کە زمانیان لووسەو ماستاو سارد ئەکەنەوەو ملکەچى لە خۆیان گەورەترن و گوێڕایەڵ و دەمبەستراوو کەڕو لاڵن و نەفس نزمن و پارەپەرست و ئینتیهازى و هەلپەرست و خۆپەرست و بێهەڵوێستن..


زۆرینەى ئەم کەسانە دەست پیسن و داوێن پیسن، لەگەڵ کەسدا راست و دروست نین و خوێندنەوەیان بۆ کەسى بەرامبەر لەسەر ئەساسى بەرژەوەندى و خۆبەزلزانینە، خۆیان بە مۆبایل و تەلەفۆنات و کۆنتڕۆڵى تەلەفزیۆن و سەتەلایتەوە خەریک ئەکەن و گوێیەکى زۆر کزۆڵیش بۆ هاووڵاتى و کەسانى سەردانکەر رائەگرن.. بەفیزەوە ئەدوێن و خۆیان ئەتەکێنن، چونکە بڕوایان بەو جێگەو مەقامە نییە کە لەپڕێکداو بە تەلەفۆنێک بۆیان مەیسەر بووەو باوەڕیش ناکەن هەتا سەر بێت بۆیە لە ماوەیەکى کەمدا بە ماشینەوەو لف لێدانى پارەى تەندەرو شت کڕینەوەو بە هاوکارى دزو درۆزنەکانى دەوروبەرى خۆى دەبێتە کوڕى باوکى خۆى و ئیدى کەس ناناسێتەوە، زوو زوو ژمارەى مۆبایلەکەى ئەگۆڕێت بۆ ئەوەى هاووڵاتى رەشوڕووت و هەژاران ئیزعاج و بێزارى نەکەن، ئەگەر زەنگیشیان بۆ چوو وەڵامى ژمارەى نەناس و هاووڵاتى هەشبەسەر نادەنەوە.. وەڵامى نامەو مەسیجیش نادەنەوە، خۆیان لە پەیمان و گفت پێدانى خەڵکانى رەشوڕووت ئەدزنەوە..


بەڵام بۆ هەموو کەس وەکو یەک نییە، بۆ کچان و ژنانى شۆخ و رازاوەو چاوباشقاڵ مەسەلەکە ئەگۆڕێت، بەڕێوەبەرى ژنیش وەڵامەکانى بۆ ئەو کەسانەیە کە ئەحباب و دۆستن و لەبەر دڵاندا شیرینن، رێژەى ژنانى چالاک و زیتو وریا لەمبوارەدا زۆرترن لە پیاوان و ئەمێستا لە سایەى مافى ژنانەوە ژنە حیزبییەکان زۆرترن لە پیاوان، هەر بۆیەشە ئەوانیش بوونەتە شت و کورسى و مێزیان لە پیاوى کوردستان کەمتر نین..


بەداخەوە ئەوانیش لە وەڵامدانەوەى تەلەفۆن و نامەو کار راییکردندا هەمان مۆراڵ و ئاکارى پیاوانیان هەیەو پەروەردەى دەستى هەمان پێڕەو بەرنامەى حیزبین و ئەوان دڵیان بە هاووڵاتى هەشبەسەرو هەژار ناکرێتەوە.. حەزیان لە پیا هەڵدان و ستایش کردنى خۆیانە، گوێیان شلە بۆ ئەو کەسانەى بە نوکتەو ستایش و قسەى ختووکەهێنەر ئەکرێتەوە..


بەکورتى و بەکوردى، گەندەڵى رێژەى بەرزەو هۆکارى سەرەکیش هەبوونى ئەو جۆرە بۆرە پیاوانەن، کە لەنێو ئەو دەزگایانەدا کە زوو دەبنە شت و کورسى و مێزى چەورو چاک وەدەست دێنن، ئەمانە زۆربەیان دوو بۆ سێ بۆ چوار مووچەى مفت و بەلاش و نیوە دەوام و چارەکە دەوام وەرئەگرن و مووچەکانیش هیچیان لە پێنج و شەش و حەوت سەد هەزار کەمتر نین.. ئەمانە چەندانجار سوودمەند ئەبن و خۆیان خزم و خەزوورو خەسوویان و رۆڵەکانیان چەندان جار زەوى و ئەرزەى چاک و لە سێنتەرى شاردا وەرئەگرن، هەموو کەسوکارەکانیان ئەگەر بە خوێى چێشتیش بیانگەنێ دائەمەزرێن و خەڵکى هەژارو ناحیزبى و بێکەس و بێ پشوپەناش با بۆ خۆى بیخولێنێتەوە.. سەفەرکردنى دەرەوەى وڵاتیان بۆ ئیستجمام و گەشتوگوزارو شەوانى سوور بەسەر بردنیان لەسەر قاسەى وەزارەت و بەڕێوەبەرو دەزگاکانە. پارەى مەشروب و ویسکى سکۆتلەندى و جگەرەى ئاخر مۆدێل و سەماکەران و نانخواردن و خواردنەوەو هاتووچۆو بەنزین و چاککردنەوەى سەیارە زۆرو زەوەندەکانیان عایدى بارچاوەش و ئەبو شواربە..


ئیتر بۆیە عیجزو هەڵاوسان و کەمبوونەوەى پارەى قاسەکان و دارایى ئەم دەزگایانە تووشى ئیفلیجى و ئیفلاس و نابووتبوون دەبنەوە.. پاشان ئەوەى باجەکەش دەدات هاووڵاتى و کەسانى بێ پشتوپەنان.


ئەم باره‌ درێژەى دەبێت و کوردستان لە دۆزه‌خی گەندەڵى نزیکتر دەکاتەوەو دەیکاتە مۆڵگەى گەندەڵى و داوێن پیسى و دەست پیسى و نەفس نزمى و چەندان نەخۆشى توندو بەزەبرو کوشندە کە سەدان ساڵى دیکەش چارەسەر ناکرێن.. هەتاکو لێپرسینەوەو بردنە بەر دادگاى گەندەڵکاران و بۆرە پیاوان نەهێتە مەیدانى پراکتیکەوە، هەتا واستەو حیزبایەتى و خزمایەتى و مەحسوبییەت لە ئارادا بێت و بنەبڕ نەکرێت، هەتاکو یاساو دادگاکانى کوردستان سەروەر و سەربەخۆ نەکرێت، هەتاکو دادوەریى کۆمەڵایەتى لە دابەشکردنى داهات و بوودجەى کوردستاندا نەخەمڵێت، هەرگیز گەندەڵى لەم نیشتمانە هەتیوەدا چارەسەر ناکرێت و ژمارەى بۆرەپیاوان و گەندەڵکاران کەمتر نابێتەوە.


نەوەکو چاودێرییەکى دارایى کە هەمان حیزبى دەسەڵاتدار دروستى کردووەو ناتوانێت هیچ گەندەڵێک دادگایى بکات هەرچەندە دۆکومێنت و بەڵگەنامەى زۆر وردیشیان لەلا بیت.. یان ئەو لیژنەى نەزاهەیەى کە دەسەڵات خۆى دروستى کردووەو ئیفلیجەو ناتوانێت هیچ گەندەڵێک یان گەندەڵییەک ئئاشکرا بکات و تەسلیمى دادگاى بکات چونکە سەرکردەکانمان گەورەترین داکۆکیکارن لەو گەندەڵانەو ستایشیان دەکەن و هەتا سەر ئێسقان دەیانپارێزن..


بەکورتى رەوشێک لە ئارادایە تەنیا گەندەڵى و کۆمەڵگاو تاکى کوردى گەندەڵ بەرهەم دەهێنێت و دە ساڵێکى دیکە ژیانمان بە تەواوەتى دەبێتە گەندەڵى و نیشتیمانمان دەبێتە گەندەڵستان، ژیانیشمان هیچ رەنگێکى دیکەى نامێنێ و بۆر بۆر دەچێتەوە..

 

ماڵپه‌ڕی حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ره‌سوڵ