٣٠\٥\٢٠١٣
ئێمە و بڕوای
رۆشنگەرێتی.

هیشام غهسیب
وهرگێڕانی: جیهاد موحهمهد
دوو تێگەیشتنی سەرەکیمان ھەیە کە دەمانەوێت
پەیوەندیە ئاڵۆزەکانی دەستنیشانبکەین: تێگەیشتنی نوێگەری بیریی و
تێگەیشتنی گوتاربێژیی بیری عارەبی. بێگومان، دەستنیشانکردنی ھەردوو
تێگەیشتنەکە دەبێت بکەوێتە پێش دیاریکردنی پەیوەندیە ئاڵۆزەکانی
نێوانیانەوە. لەبەرئەوە، سەرەتا تێگەیشتنی بیری نوێگەریی و ڕەھەندە
شۆڕشگێڕیە خۆنوێبوونەوەکانی بەبەراورد لەگەڵ بیرەکانی پێشخۆی کە لەسەر
تێکشکانیان خۆی دروستدەکات، دەبێت دەستپێبکەم. ئەم دەستپێکردن و
دەستنیشانکردنەی بیری نوێگەرایەتیەش دەبێت بە دەروازەیەک بۆ چوونە ناو
گوتاربێژی بیری عارەبی و پەیوەندیە ناکۆکییەکانی بە بیری
نوێگەرایەتیەوە.
مەبەستم لە بیری نوێگەرایەتی خێزانی گوتار و میتۆدی بیرییە کە لە
سەردەمی ڕێنیسانسەوە لە ئەوروپادا ھەڵقوڵا( لە نێوان سەدەی شانزە و
بیستدا بە دیاریکراوی) لە ئەوروپای ڕۆژئاوادا بە دژایەتیکردنی خێزانی
گوتار و میتۆدی بیری نەریتیی کە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا باو بوو.
نوێگەرایەتی بیریی لە ئەورپادا نوێگەرایەتی کۆمەڵگای ئەورپی لەگەڵ
خۆیدا ھێنا و کۆمەڵگای لە قۆناغی کشتوکاڵی و دەرەبەگایەتی سەرەتاییەوە
گواستەوە بۆ قۆناغی پیشەسازی سەرمایەداری تەکنیکی گەشەکردو. ئەم
گۆرانکاریانە کە نوێگەرایەتی ھێنای بەسەر کۆمەڵگای ئەورپادا، گەیشەت
ھەموو جیھان، لەگەڵ گەورە بوونی سەرمایەداریدا لە ئەورپادا و
بەرتەسکبوونەو و نەمانی دەرەبەگایەتی بیری نوێگەرایەتی گەشەی دەکرد و
ڕوخساری زیاتر ڕووندەبوەوە، تا گەیشتە لوتکەو بوو بە بڕاو( بڕوای
نوێگەرایەتی). ئەم براوی بیری نوێگەرایەتییە لە سەدەی ھەژدەدا لە
فەرنسادا لە شێوازێکی ھوشیاریانەی بوێر وگوستاخانەدا دەرکەوت، لە نیوەی
سەدەی نۆزدەدا لە ئەڵمانیادا گەیشتە لوتکە لە ماتریالیی شۆڕشگێڕێتیدا،
بە دیاریکراوی مارکس و ئنجلز ھەردووکیان ئەڵامانی بوون. گەشەو
گەورەبوونی ئەم بڕاوایە( بڕوای نوێگەرایەتی) ناکۆکیی نوێگەرایەتی لەگەڵ
خۆیدا ھێنا کە سودی لە ھەمان ئامرازگەل وەردەگرت کە بڕوای بیری
نوێگەرایەتی سودی لێوەردەگرت، بەڵام ئاراستەی عەقڵانیەتی زانستی نوێی
سنوردارکرد و کێشەی خستە بەردەم بیری نوێگەرایەتیەوە بە گەمارۆدان و
دەرفەتکردنەوە بۆ ناعەقڵانیەت لە کۆمەڵگای نوێدا. ھەرچەندە ھەژموونی
بیریی لە بەختی باوەڕی ڕۆشنگەرێتی بوو لە کۆمەڵگای ئەورپیدا تا
شۆڕشەکانی ساڵی ١٨٤٨ لە ئەورپادا، تێشکانی ئەم شۆڕشانە تەوژمێکی
وێرانکاریی ئاشکرای دابە دژەکانی نوێگەرایەتی کە لە زۆر ناوچە و
زەمەندا بەسەر بڕوای نوێگەرایەتیدا بڵاوبوەوە. ئەم تەوژمی دژایەتی
باوەڕی نوێگەرایەتیە بە تایبەتی لە سەدەی بیستدا بڵاوبوەوە. بڕوای
ڕۆشنگەرێتی توشی جەنگێکی وێرانکاری بوو لەگەڵ دژە نوێکانیدا، کە بەمەش
توشی قەیرانێکی ترسناک بوو کە پێگەی کەم ڕەنگ و لاواز بوو لە چارەکی
کۆتای سەدەی بیستدا. لەم شیکردنەوەیدا دەردەکەوێت کە ئێمە مەبەستمان
لەو نوێگەرایەتییە بیرییە ئەو گوتارە بیریی و میتۆدە بیریانەیە کە بوون
بە تەوەرەی بڕوای ڕۆشنگەریی و فۆرمێک لە ناکۆکی نوێی لەگەڵ خۆیدا
ھێناوە کە بوە بە ھۆکاری سنوردارکردنی فراوان بوونی و گەمارۆدانی، و
ھەروەھا پیسبوونیشی. بارودۆخ و ماتریالی میکانیکی پوچ و کانتیەت(کانگ)ی
نوێگەرەیی و فەلسەفەی ژیان و گومان و زیرەکی برغسون و دەرکەوتەکان و
بوونگەرایی و فەلسەفەی زمان و فەلسەفەی زانستی نوێ و ھەموو ئەوانەی لە
دوای نوێگەرایەتی ھاتوون ھیچیتر نەبوون جگە لە ناکۆکی لەگەڵ
نوێگەرایەتیدا.
پاش ئەم پێشەکیە، بابەتەکەمان وا دەخوازێت کە ئەو پانتایە گشتیەیی کە
بڕوای ڕۆشنگەری تیا لە دایک بوو ڕوونبکەینەوە، تەوەری ڕۆشنگەری بیریی،
دواجاریش ڕوخسارە سەرەکیەکانی ئەم بڕوا نوێیە دیاریبکەین.
بڕوای ڕۆشنگەرێتی و گەشەو پەرەسەندنی لە میانەی گواستنەوەی کۆمەڵگای
ئەورپایی ڕۆژئاواییدا لە کۆمەڵگایەکی کشتوکاڵی دەرەبەگایەتی سەرەتایی
ئاسۆ سنوردارەوە بۆ کۆمەڵگایەکی پیشەسازی سەرمایەداری گەشەسەندوی ئاسۆ
بەربڵاو و دوایینەھاتوەوە دروستبوو. بەڵام ئەم گواسنتەوەیە پڕۆسەیەکی
ئاسان و بە یەک تەوژم نەبوو، بەڵکو لای کەمی چوار سەدەی پڕ لە ئازار و
ناڵەی لەسەر ھەموو ئاستەکان خایاند. بە دیاریکراوی، بۆ کامڵ بوونی سێ
شێوە شۆڕشی ڕیشەیی بۆ خۆیەوە بینی:
١- شۆرشی ئابوری( شۆڕشی بازرگانی و بەرفراوانی لە جوگرفیادا، شۆڕشی
کشتوکاڵی کە لە ئەنگلتەرەوە دەستیپێکرد لە نیوەی سەدەی حەڤدەدا، شۆڕشی
پیشەسازی کە لە نیوەی سەدەی ھەژدەوە لە ئنگلتەرەدا دەستی پێکرد).
٢- شۆڕشی سیاسی بۆرژوازی کە زۆرێک لە ئامانجە دیموکراتیەکانی بەدیھێنا
لە کۆمەڵگاکانی ئەوروپادا( شۆڕشی ھۆڵندی لە دەسپێکی سەدەی حەڤدەوە،
شۆڕشی ئەنگلیزی لە ساڵی ١٦٤١ ـ ١٦٨٨، شۆڕشی فەرنسی لە ١٧٨٩ ـ ١٨١٥،
شۆڕشی ئەڵمانی لە نیوەی سەدەی شانزەوە).
٣- شۆڕشی رۆشنبیری گەورە( ڕێنیسانسی ئەوروپی و چاکسازی دینی لە سەدەی
شانزە، شۆرشی زانستی گەورە لە سەدەی شانزە، شۆڕشی فەلسەفەی ڕۆشنگەریی
لە ھەردوو سەدەی حەڤدە و ھەژدەدا).
بەم شۆرشانە و ئەو بزوتنەوانەی وەک شۆڕش وابوون ئەوروپای ڕۆژئاوا خەونی
بەدەستھێنانی کۆمەڵگای شارستانی بەدەستھێناو خۆی ئازادکرد لە کۆمەڵگای
سروشتی سەرەتایی. بێگومان، ئەم شۆرش و بزوتنەوانە ھەموویان دەورێکی
گەورەیان ھەبوو لە پێکھێنانی بیری نوێگەرایەتی. بەڵام لەوبڕوایەدام ئەو
دەورە ڕاستەوخۆ و گەورەیەی کە شۆرشی مەزنی زانستی بەخۆیەوە بینی بوە
ھۆی لە دایکبوونی میتۆدێکی بەرنامەیی زانستیانە بۆ ھێزی بەرھەمێنان و
سەرچاوەیەکی کۆمەڵایەتی سەرەکی. ئەم شۆڕشی بیرییە مەزنە بوە ھۆی
سەرەوژێرکردنی لۆژیکی بەرھەمی مەعریفی لە لۆژیکێکی فقھی و سەلماندن و
سۆفیگەرایەتیەوە بۆ لۆژیکی دۆزینەوە کە پشتی بە بیرکاری و ئەزمونگەریی
لە یەکبوونێکی دایلێکتیکیدا دەبینیەوە. لەبەرئەوە، ئەم شۆڕشی زانستیە
لێتوێژینەوەی مەعریفەی ڕزگارکرد لە دەسەڵاتی سەلەفی، نەک ھەر ئەوەندە
بەڵکو کەوتە بەرھەڵستکردنیشی، دواجاریش بەرپەرچدانەوەی پیرۆزیی بیرەکان
و دانانیان لە چواچێوەیەکی گوماناوی بەرنامەییدا و شیکارکردنیان و
تاقیکردنەوەیان. لەبەرئەوە دووبارە شرۆشی زانستی فەلسەفەی ڕزگارکرد لە
ئەرکە مەعریفیە ڕاستەوخۆکەی، بەمەش کودەتایەکی نوێگەریی یەکلاکەرەوەی
بەرپاکرد لە سروشتی فەلسەفەدا. ئیتر فەلسەفە لەوە دەرچوو کە لانەی
زانستبێت و سەرچاوەی فقھی بێت بۆ تیۆریزەکردنی زانستی، بەڵکو بو بە
پاسەوان، دەتوانین بڵێن کارگوزەر، بۆ زانست و پردێک لە نێوان زانست و
ھوشیاریی کۆمەڵایەتیدا. فەلسەفەی نوێ، نوێنەرایەتی بەرنامەی زانستی و
ڕەگەزەکانی بیرکردنەوەی زانستی دەکرد و ڕەھەندە سەرەکیەکانی زانستی
نوێی وێنادەکردەوە: ماتەریال بوونی بەرنامە بیرکارییەکەیی،
ئەزموونگەراییەکەیی و تاقیگەراییەکەیی و دیلێکتیکیەکەیی. لەم
تێڕوانینەوە، دەڵێین گوتاری ئەورپا لە زەمەنی نوێدا گوتارێکی ھەڵێنجراو
و زانستیی بوو.
شۆڕشی مەزنی زانستی بومەلەرزەیەکی گەورە بوو لە بیری ئەورپای نوێدا.
ئەنجامەکانی ئەم بومەلەرزەیە بابەتی فەلسەفەی لە پەیوەندی خواوەند و
جیھانەوە گواستەوە بۆ پەیوەندی نێوان مرۆڤ و جیھان( نێوان خود و بابەت،
نێوان عەقڵ و ماتریال). ئەوکات ئیفلاتون و فارابی و ئبن سینا وا قسەیان
دەکرد کە لەسەر ئەو عەقڵە گەردونییەی کە دامەزرێنەری بوون و نفوس و
ڕەگەزە ماتریالەکانە، ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ تەنیایی ھێزێک و دوایشدێت بە
عەقڵێکی کرداریی کە بەدەوری خۆی مەتریال و نفوسی بەشەری دروستدەکات،
وەک ئەوەی کە نفوسی بەشەری تەنیان ئەنجامی داھێنەرانەی ئەو دروستکارە
بێت، وەک دەشبینین کانت لە پەیوەندی نێوان عەقڵی بەشەری و ماتریالی
ھەستەوە دەستیپێکرد بۆ ئەوەی بگات بەو مەعریفەیەی کە دروستکەری عەقڵی
بەشەری بەرھەمێکی ئاڵۆزی تێکئاڵاوە، ھەروەھا ھیگڵ جەختیکردەوە لەسەر
ئەوەی کە بە ڕۆح جیھان دەگاتە لوتکە و بە ڕەھایی دێتەدی لە مێژوی
بەشەریەت و کۆمەڵایەتی بەشەریدا.
شۆڕشی زانستی و ڕوخساری بەرنامەکانی و بیرە سەرەکیەکانی و بەھاو نرخی و
پەیوەندیەکانی و ئەگەرکانی چوونە نێو ناوەڕۆکی بیری ئەورپی نوێوە و
ھەموو تەوژمەکانی ئەو بیرە نوێیەوە. لەبەرئەوە دوای ئەم شۆڕشە زانستیە
لە ئەورپادا، ناوی بڕوای بیری نوێی ئەورپای ڕۆژئاوا دەبەین بە
بەرجەستەبوونی فەلسەفە لە عەقڵانیەتی زانستیدا، تەنانەت بۆ ڕەوتە
ناعەقڵانیەکانی دژی بڕوای ڕۆشنگەریش ئەو ناوە بەکاردەبەین.
گەشەو پەرەسەندن و بڵاوبوونەوەی بڕوای ڕۆشنگەری لە سەدەی حەڤەدە و
ھەژدە و نۆزدەدا لەگەڵ گەشەو پەرەسەندن و بڵاوبوونەوەی شۆڕشی زانستیدا
لە کۆمەڵگاکانی ئەوروپایی بۆرژوازی و بەرھەمھێنانە بۆرژوازیەکەیدا بوو،
کە ھەڵگری پڕۆژەی نوێگەری بوون پێکەوە، تا گەیشتە لوتکەی بۆرژوازیەتی
مەتریالە فەرنسیەکانی وەک ڤۆلتێر و ڕۆسۆ و کانت و ھیگڵ و لەوانیشەوە لە
پرۆلیتاریەتی مارکس و ئنجلزا گەیشتە لوتکە.
بە پێویستی دەزانین کە دیمەن و روخسارە سەرەکیەکانی بڕوای ڕۆشنگەری
دەستنیشانبکەین کە بووە بە ئامانجێکی چارەنوسسازی ئێمەو گەلانی تری
دەرەوەی ئەورپا.
دیارترین ڕوخساری ئەم بڕوا نوێیە ئەمانەن:
١- ماتریالیی، دانانی سروشت بە قەوارەیەکی ماتریالیی سەربەخۆ و ڕاگیراو
لە خۆیدا، پرنسیپ و یاسایەک حوکمی پێوەدەکات کە شیاوە بۆ ناساین و
زانینی، دانانی مرۆڤ وەک بەشێک لە سروشت و ھێزێکی سروشتی جیاکاری
دەرکەوتوو لە ئەنجامی پێشکەوتنی و فرە جۆرییە دوایینەھاتوەکانی جیھان.
٢- گیانێکی ڕەخنەیی بەردەوام، واتە بەرپەرچدانەوەی دەسەڵاتی باو و
دەسەڵاتی سەلەفەی و دەسەڵاتی ئەفسانە و نھێنی، سڕینەوەی چوارچێوەی
پیرۆزیی شتەکان و پەیوەندیەکان، پەیوەستبوون بە عەقڵێکی زانستیەوە وەک
دەسەڵات پێدان، واتە ھەموو شت دەبێت بخرێتە بەردەم لێکدانەوەکانی
عەقڵەوە و عەقڵ و ئەزموون و تاقیکردنەوەی تیا بەکاربھێنرێت.
٣- شۆڕشگێڕێتی، تێگەیشتن و پێزانین و ھەستکردن بە مێژووییەتی سروشت و
کۆمەڵگای بەشەری، تێگەیشتن و پێزانین و ھەستکردن بە خودی مرۆڤ بە
پەسەندکردنی بە ھێزێکی کۆمەڵایەتی شۆرشگێر، واتە مرۆڤ سەرچاوە و ھێزی
سەرەکی ھەموو داھێنانەکان و مێژووکردە، دیسان سروشت و کۆمەڵگای بەشەری
مێژووکردن و لە مێژوویەکەوە دەستیان پێکردوە و ھیچ شتێک لە دەرەوەی ئەو
مێژووە نییە.
٤- نەبوونی ھیچ شتێک و، دانەنانی ھیچ شتێک لە ئەفسانە و دەرەوەی سروشت
و جیھاندا کە لە دواجار و لوتکەیدا دەگاتە نەپەرستنی ھیچ خواوەند و
ھێزێکی خواوەندی. بە لێکدانەوەکانی فەلسەفەی نوێ و بڕوای ڕۆشنگەرێتی و
شۆڕشی زانستی ھەموو ئەفسانە و غەیب و نھێنیە خوداوەندیەکان پەراوێزخران
و حسابیان بۆ نەکراو ھێزیان لە بەربڕا. ئەم بیرکردنەوە ئەفسانەیی و
غەیبیانە بوون بە بیرکردنەوەیەکی سەرەتایی و ھیچ دەور و ئەرکێکی
مەعریفییان بۆ نەمایەوە لە مێژوو و ئەخلاقدا، بەڵکو بوونیان بوو بە
بەربەست لە بەدەم بیرکردنەوە و پراکتیزەکردنی بەرھەمھێنان و بەربەست
لەبەردەم ئازادیەکانی مرۆڤدا، ھەروەھا گەڕانەوەی نامۆیی(الاغتراب) بۆ
ئەفسانە و غەیب و نھێنیەکانی دەرەوەی سروشت و جیھانی ماتریالی
پەراویزخراو بوون بە پوچگەرایی.
٥- دانانی مەعریفەی زانستی بە بەھایەکی ڕاگیراو و وەستاو خۆی لە خۆیدا
و سەربەخۆیەکی تەواو ڕەھا لە بوونیدا. ھیچ دەسەڵات و لەمپەڕێک
قبوڵناکات لەدەرەوەی خۆیدا. ھەرچ لەمپەر و دژێک ھەبێت لە ناوەوەڕای
خۆیدا دەردەکەوێت و دەچێتەوە بە گژ خۆیدا و لە ئەنجامدا دەبێتە
گۆڕانکاری لە خۆیدا. مەعریفە ھێزێکی ڕاوەستاوە خۆی لە خۆیدا و بۆ ھیچ
شتێک سەرنەوی ناکات، ھیچ ئامانجێکیشی نیە جگە لە گەشە و پەرەسەندنی خۆی
نەبێت. مەعریفە بەرجەستەبوونێکی گەورەی مرۆڤ و ئازادیەکانی و سەربەخۆیی
و مێژووەکەیەتی.
٦- مرۆڤیەتی، واتا بڕواھێنان بە مرۆڤ و توانا داھێنانەکەی و سەربەخۆیی
و ئازادیەکانی خۆی و دانانی وەک سەرچاوە و بنچینەی ھەموو بەھایەک.
٧- کرانەوە بە ڕووی ھەمیشەیی ماتریالی کردارەکی. واتە ماتریال نە لە
نەبوونەوە ھاتووە و نە دەشمرێت، بیری ڕۆشنگەرێتی ھەمیشەییە، چوونکە
بنچینەکەی مەتریال و جیھان و مرۆڤی مەتریالیە، بیری ڕۆشنگەری دوایی
نایەت، وەستانی نیە، ھیچ شتێک ڕێگەی پێناگرێت بەو مانایەی بیمرێنێت و
دوایی پێبێنێت، دوایی نەھاتنی ماتریال، خۆشی و بەختەوەری مرۆڤ و
ئازادیەکان و توانا لەبن نەھاتوەکەی تژی دەکات لە بنچینەیەکی لە
ڕادەبەدەری تواناو ھێزێکی لە بن نەھاتوو.
٨- گیانی دۆزینەوە، ئەم گیانە گەردون بە ھەمیشەیی دادەنێت و دەیکات بە
شانۆیەکی کردارەکی بەشەر خۆی و ئامرازێک بۆ داھێنانە مرۆییەکانی.
بەڵام، بۆچی نوێگەریی بیر و تەوەرە سەرەکیەکەی، بڕوای ڕۆشنگەریی
دادەنێین بە چارەنوسی نەتەوەی عارەبی و ھەموو ئەو گەل و نەتەوانەی
لەدەروەی ئەورپادان؟
یەکەم: وەک بینیمان، ھوشیاری ئەورپی لە زەمەنی نوێدا یەکەم شارستانی
مێژوویی سەرەکی بووە کە ھەموو جیھانی ڕاکێشا و لەدەوری خۆی کۆکردەوە و
بوو بە چەقی دنیای پێشکەوتوو. سەرچاوەی سەرەکی و ناوەندی بڕیاردان لە
ھەموو دامەزراوە ئەورپیەکاندا زانستە. نەک تەنیا سەرچاوەی سەرەکیە،
بەڵکو کێشە وگیروگرفتی سەرەکیشە لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوادا. زانست و
ھوشیاری و رۆشنگەرێتی نوێ ھێزێکی تەقینەوە و باھۆزێکی بێرەحم و دڵڕەقە.
لێرەوەیە کێشەی گەمارۆدان و پەلاماردان دەردەکەوێت. بیری نوێی ڕۆژئاوا
ئەرکێکی بنچینەییەتی کە قبوڵی ئەم باھۆزی زانست و ھوشیاری و
ڕۆشنگەرێتیە بکات و بگونجێت لە گەڵیدا.
دووەم: ھەموومان دەزانین کە بونیادی وڵاتانی عارەبی نوێ ژێردەستە بووە
و تا ھەنوکە ژێردەستەی ھەژموونی ڕۆژئاوایە. یەکێک لە ئامرازەکانی ئەو
ھەژموونە و دەرکەوتەکانی: بوونی کیانی سەھوێنیەتە لە ناو دڵی نیشتیمانی
عەرەبیدا و سەوزبوونی ئەو نفوزەیە تیایدا، ھەروەھا زاڵبوونی ئامریکا
بەسەر سەروەت و سامانی نەوتی عارەبیدا، ڕژێمە بەشبەشبووە
ناعەقڵانیەکانی نیشتیامانی عارەبیە.
بێگومان، ئەم ھەژموونەی ڕۆژئاوای کۆلۆنیالی سەرمایەداری دوژمنێکی
ستراتیژیە بۆ نەتەوەی عارەبی و گەلانی ناوچەکە کە دەبێت ئەم
دوژمنکارییە بوەستێنرێت و کاریگەری نەھێلرێت بەھەرچ شێوەیەک بووە،
ئەگەر نەتەوەی عارەب بیەوێت پێکھاتەی خۆی کامڵ بکات و سەربەخۆیی لەسەر
بنچینەیەکی نوێگەریی دروستبکات و ھەنگاوێکی دیار برواتەپێشەوە لە
گەشەکردن و پەرسەندندا بەرەو گەشە و پەرەسەندنی نوێ. بەڵام دەبێت ئەوە
بزانین کە ڕۆژئاوا دوژمنێکە لە شێوازێکی نوێ ناتوانرێت بەرامبەری
بوەستینەوە بە عەقڵیەتێکی کۆن و دواکەوتوانە و عەقڵیەتی سەدەکانی
ناوەڕاست. ڕۆژئاوای ئیمپریالی نوێ تتەرەکانی سەدەکانی ناوەڕاست نین و
سەلیبیەکانی ئەو سەردەمەش نین. ئەمانە میراتگری شۆڕشی زانستی و تەکنیکی
پیشەسازی گەورەن کە ھەڵگری ئاڵای ھەمیشەیین. ئێمە ناتوانین بەرمبەریان
بوەستینەوە بە چەکی کۆن و یان پشبەستن بە کەلەپورە کۆنەکانمان. ئێمە بۆ
بەرمابەروەستانەوەی ئەم دوژمنە سەرسەخت و پڕچەکە بە چەکی زانست،
پێویستە خۆمان ئامادەبکەین بە ھەمان چەکی زانست و ھوشیاری و ئاگایی
کۆمەڵایەتی و قبوڵکردنی ڕەخنەیەکی قوڵی شۆڕشگێڕانە، ئەو ڕەخنە قوڵەی کە
ڕۆژئاوا توانی کەڵکی لێوەربگرێت و ھەموو لێکۆڵێنەو و لێتوێژنەوەیەکی
خستە بەردەم ڕەخەنەی عەقڵ و زاستەوە.
سێیەم: بیری عارەبی نوێ، لە ڕوکەش و ناوەڕۆکدا بیرێکی کۆنی پێش زانستە،
واتە پێش شۆرشی گەورەی زانستیە لە جیھاندا، ئەگەر لە ڕوکەشیشدا ھەندێک
جار سەردەمیانەبێت، بەڵام لە ناوەڕۆکدا بونیادێکی کۆنی پێش شۆرشی
زانستی و ڕۆشنگەرێتی ھەیە. گەورەترین و کاریگەرترین ئەرکێک کە کەوتبێتە
سەر گەلانی عارەبی گەلانی ناوچەکە قبولکردنی شۆڕشە زانستیەکان و
ڕۆشنبیری و ڕۆشنگەرێتیە، تا خۆی ڕزگاربکات لەو پەراوێزییەی کە
تێیکەوتوە و بووە بە گەلانی دەرەوەی مێژوو، بۆ ئەمەش دەبێت خۆی لە بیری
دواکەوتوێتی و خێلەکی وبەش بەشبوون و تایەفەگەرێتی ڕزگار بکات، ھەوڵ
بدات بیرو کولتوورە باوەکان وەلابنێت. لەسەر ھەموو ڕۆشنبیران و
مەڵبەندە مەعریفیەکانە کە کەلەپوری ڕۆشنگەرێتی ئەوروپا قبوڵبکەن.
_________________________________________
سهرچاوه:
(الحوار المتمدن):
http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=256711
ماڵپهڕی جیهاد محهمهد کهریم
|