١٥\٤\٢٠١٤
ئێمەی دەنگدەر و
کاندیدە شەڕکەرەکانمان؟!

شەماڵ عادل سەلیم
ئیمتیازاتی شەخسی و کورسی دەسەڵات و مەنسەب ومەقام و پارەو پول، وای لە
سەرجەم لیست و قەوارەو كاندیدەكانی هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی
نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان کردووە کە
پەنا بۆ درۆ و فڕ وفیشاڵ وخەڵک هەڵخەڵەتاندن ببەن، بەو هۆیەشەوە
کاندیدەکان بوونەتە مایەی نوكتە و بنیشتە شینکەی سەرزاری خەڵکی ئەم
وڵاتە بێ ساحێبە!! لەوەش زیاتر پارێزگاكانی هەرێمی بەتەمای خوا ،سەرجەم
شار و شارۆچكەكانی بە پەڕۆ و رەنگ و دروشمی بریقەدارداپۆشراون و شوێنە
گشتی و پارک و شوێنی وەستانی پاس و سەر هێماکانی هاتوچۆ و پردەکانیش
کراونەتە پێشانگای وێنەی ئەو کاندیدانەی کە دوای ٣٠ نیسان قسە
وبەڵێەکانیان وەکو بڵقی سەر ئاو پوچەڵ دەبێتەوەو خۆیشیان ون دەبن وەک
کاندیدەکانی هەلبژاردنەکانی پێشوو!!
بیستومانە و دەڵێن کە پێش نزیکەی سێ کاتژمێر لەدەستپێکردنی بانگەشەی
هەڵبژاردن، لە زۆربەی شارو شارۆچکەکانی هەرێمی بەتەمای خوا زۆربەی (ستونەکانی
کارەبا) لە ڕیگاو بانەکان لەلایەن حیزبە جیاوازەکانەوە (گڕ دراون )
وگیراون و ئەو حیزبانە کادیری خۆیان لای ئەو ستونانە داناون بۆ ئەوەی
لە سەعات 12ی شەوەوە دەست بە هەڵواسینی ئاڵا و پۆستەر و فلێکس بکەن؟!
لەوەش سەیرتر ئەوەیە کە هەرهەموو کاندیدەکان لە بانگەشەی هەڵبژاردندا
دەڵێن کە لە خێزانێکی هەژار و بێدەرامەت و خاوەن شەهید لەدایک بووینە و
هەرهەمووشیان پسپۆرن لەبواری جیاجا ،ولەوەش زیاتر لەسەر پۆستەری
كاندیدەكانی هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و
ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، جگە لە بەڵێنی زۆر و گەورە كە
هەندێك خەڵك هەرزوو ئەو بەڵێنانەیان بە "درۆی نیسان" وەسفكرد، شتی سەیر
و سەمەرەش دەبینرێن. وەكو دانانی دوو وێنە لەسەر یەك پۆستەر، پاشناوی
سەیر و پۆستەری بێ وێنەی كاندید و قسەكردن بەناوی پێغەمبەری ئیسلام و
بەڵێنی دانەخستی مۆبایل و ژمارە نەگۆڕین ودابەش کردنی نیوەی موچەو
ئامێری ئای پاد و ئای فۆن و مۆبایل و پارە بە دەنگدەرانیان دەدەن!!
هەندێك لە كاندیدەكان بانگەشەی گەڕاندنەوەی کەرکوک و دامەزراندنی
دەوڵەتی کوردی و نەهێشتنی هەژاری و بنیاتنانی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و
بەڵێنی زۆر سەیروسەمەری دیکە دەدەن کە لەخەونیش لە عیراق نایەتەدی!!
لەهەمووی سەیرو سەمەرەتر دوێنێ فلێكسێكم بینی كە تێیدا نووسراوە "هەوڵدەدەین
بۆ باشتركردنی باری گوزەرانی (شەهید و ئەنفال)؟! دیارە کاندیدە
بەرێزەکە مەبەستی (كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوانە) نەک شەهیدە
سەربەرزەکان؟!
کاندیدێکی دیکە لەسەر پۆستەرەکەی خۆی نووسیویەتی: "بەڵێن دەدەم كە
ژمارەكەم ناگۆڕم و مۆبایلەكەشم داناخەم؟!
كاندیدێکی دیکە وێنەیەكی خۆی لەسەر پۆستەرەكانی داوە كە چوار پەنجەی
بەرز كردووەتەوە وەك ئاماژەیەك بۆ گۆڕەپانی رابیعەی عەدەوی لە میسر،
ئەو مەیدانەی دوای لەسەركار لادانی محەممەد مورسی بووە شوێنی خۆپێشدانی
ئیخوانەكانی میسر...
یەکێکی دیکە وێنەی قورئانی لەسەر پۆستەرەكەی خۆی داوە و نووسیویەتی "سوێند
بەخودا خۆم كاندید كرد بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، بە فەرمانی پێغەمبەری
خودا!!
خوشکێکی بەرێزیش ، مریشكی سوورەوەكراوی دابەشكردووە و پۆستكارتێكی
خۆیشی خستووەتە ناوی،وەک ئەوەی پێمان بڵێت : متمانە پێ ببەخشن و دەنگ
لەئێوە، مریشکی سوورەوەکراوە لە ئێمە!!
لەکۆتایدا ئەەندە ماوەبڵێم ، هەر کەس بیەوێت لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا
درۆ بکات ،ئەوا ئازادە و ئاکامی درۆکانی بەگەردەنی خۆی، بەڵام نابێت و
زۆریش شەرمە لەپێناو خۆبردنەپێشەوە بۆ بەختەوەربوون و خۆشگوزەرانی خۆی
و دابین کردنی پێگەیەکی کۆمەڵایەتی و مەنفەعەی شەخسی ،گاڵته بە خەڵک
بکات و خۆڵ بکاتە چاوی دەنگدەران ورێزلەنیشتمان و سەروەریەکانی گەلەکەی
خۆی و شەهیدە سەربەرزەکان نەگرێت!!
ئێمەی دەنگدەر کاندیدی ڕاستگۆمان دەوێ ، نەک کاندیدی شەڕکەر و جەنگاوەر
وبزنس مان ، رێک وەک کاندیدە شەڕکەرەکانی هەرێمی بەتەمای خوا ،ئەوانەی
خۆیان ئامادە کردووە بۆ شەر وداکۆکی کردن لە بەرژەوەندی گەلەکەیان لە
بەغدا ، بەهەمان شێوە لە بەشەکانی دیکەی عیراقیش، واتە عەرەبی شیعە و
عەرەبی سوننەش کاندیدەکانیان بەڵێنیان بەدەنگدەرانیان داوە لەشەردابن
بۆ پاراستنی یهکپارچهیی خاکی پیرۆزی عیراق!!
بەڵێ دەبێ دەنگدەر بە ڕاشکاوی تێبگات و باش بزانێت ، ئەگەر ئێمە
بمانەوێت گرفتە هەلواسراوەکان لە عیراقی ئەمرۆ چارەسەر بکەین ، دەبێ
بزانن کەوا کێشەو گرفتەکان تەنیا بەرێزگرتن لە ماف و تایبەتمەندیی
ڕەوای یەکدی و لە خاکی باوک و باپیرانی یەکدی و لەرێگەی دیالۆگی
شارستانیانە و بە پشتبەستن بەو دەستوورەی نزیکەی ٨٠٪ خەلکی هەموو عیراق
پەسەندیان کردووە بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە و دادپەروەرانە چارەسەر
دەکرێن ، ئەگەر نا گرفتەکان ئالۆزتردەبن ولات زیاتر دەشێوێ و ئاسۆی
دوارۆژ لە پێکەوە ژیان روون نابێت ، بۆیە ئێمە پێویستمان بە بیری کراوە
و رێزگرتن لە ماف و تایبەتمەندیی ڕەوای یەکدی هەیە نەک بە ململانێ و
شەرو هات و هاوارو هەڵێ هات وهەڕەشەی بێ بنەمای کاندیدە جەنگاوەرەکان.
دەبێ ئێمەی دەنگدەر وریا بین و باش بزانین کەهەموو هەڵبژاردنێک جێگای
ئومێد و خۆشگوزەرانی و مانای دیموکراتیەت نیە!!، بۆنموونە هەرهەموومان
دەزانین کە (ئەدۆڵف هیتلەر) لە رێگای هەڵبژاردن و بەدەنگی زۆرینەی خەڵک
گەیشتە دەسەڵات و بووە نوێنەری راستەقینەی خەڵک نەک بە هێزو زەبروزەنگ
و کودەتا!!
بەڵێ هەر چەپڵەو هەلهەلە و سەرلەقاندن و بێدەنگی خەڵکیش بوو کە هیتلەری
کردە خوێن رێژ و دیکتاتۆر ، دەرەنجام هەر هەموومان بەکاروکردەوەی ئەو
دیکتاتۆرە ئاشناین کە بە ئەندازیاری هۆلۆکۆست و کاولکاری و شەر و
ماڵوێرانی دەناسرێت!!
لەکۆتایدا ،وەک دەنگدەرێکی کورد دەپرسم و دەڵێم: ئەرێ بەراست تاکی کورد
هێندە هۆشیارە کە بزانێت (کێ بۆ هەریسە هەولدەدات و کێ لە غەمی حوسێنە)؟!
ماڵپەڕی شەماڵ عادل سەلیم
|