١٧\٣\٢٠١١
ئێمە
و تونس و میسر، یان ئەزموونى کۆمارى کوردستان.

هیوا رەش
دەسەڵاتدارێتى کوردستان هاوچەشنى دەسەڵاتدارێتى ئەو وڵاتانەى ستەمە
سیاسى و کۆمەڵایەتى و ئابورییەکانى دیکتاتۆرە تاکە کەسییەکان حوکمى تیا
ئەکەن، لە هەڕەمى ئیداریدا چوون یەکن :
1 - زین العابدین بن على و حوسنى موبارەک کە لە دەسەڵاتدارێتیى
داماڵدران و قەززافیش کە هەمان چارەنووس چاوەڕوانیەتى ، هەموو
جومگەکانى ژیانى هاوڵاتییانیان قۆرخ کردبوو ، لاى ئێمەش وایە و ئەگەر
نا ئەوە ملى من و ئەوەش شیرى دەسەڵات .
2 - سیستمى ئیدارى ئەو وڵاتانە لە چنگى حیزبدا جەم ببوو ، حیزبیش
بوکەڵەى دەستى بنەماڵە ، و بنەماڵەش ئەڵقەى پەنجەى دەستى سەرۆک بوو ،
لاى ئێمەش وایە و ئەگەر نا ئەوە ملى من و ئەوەش شیرى دەسەڵات .
3 - گەندەڵیى وەکو شێرپەنجەیەکى کوشندە تەواوى کایەکانى ژیانى
هاوڵاتییانى ئەو وڵاتانەى داخوراندبوو ، لاى ئێمەش وایە ئەگەر نا ئەوە
ملى من و ئەوەش شیرى دەسەڵات .
3 - داهاتى نیشتمانى ئەو وڵاتانە ئەکرایە دۆلار و بە ناعەدالەتى ئەخورا
و بە ناوى جۆراوجۆرەوە لە سەر حیسابى سەرۆک و کاسەلێسەکانى بانکەکانى
وڵاتانى دنیاى پێ پڕ ئەکرا ، لاى ئێمەش وایە ئەگەر نا ئەوە ملى من و
ئەوەش شیرى دەسەڵات .
4 - ژیانى بچووکترین ئەتباعى سەرۆک لەو وڵاتانەدا لەگەڵ ژیانى
هاوڵاتییەکى ئاسایى جیاوازى نێوانیان ئاسمان و ڕێسمان بوو ، لاى ئێمەش
وایە ئەگەر نا ئەوە ملى من و ئەوەش شیرى دەسەڵات .
5 - حیزبى سەرکردە تەواوىکایەکانى ژیان و ئیدارەى وڵاتى لەو وڵاتانە
گرتبووە دەست ، لاى ئێمەش وایە ئەگەر نا ئەوە ملى من و ئەوەش شیرى
دەسەڵات .
6 - بە پارەى لافیتەى جیزب و وێنەکانى سەرۆکى ئەو وڵاتانە هەژارى بنبڕ
ئەکرا ، لاى ئێمەش وایە ئەگەر نا ئەوە ملى من و ئەوەش شیرى دەسەڵات .
8 - سەرۆکەکان و حیزبەکانیان بە ( هەڵبژاردن ! ) لەو وڵاتانە بۆ هەتا
مردن هاتوونەتە سەر کار ، ئەگەر لاى ئێمەش وا نیە ئەوە ملى من و ئەوەش
شیرى دەسەڵات .
9 - کەرتى گشتیى ( خەڵک ) لەو وڵاتانەدا کراوە بە کەرتى تایبەتى (
دەسەڵات ) و کۆمپانیاى زەبەلاح ، لاى ئێمەش وایە ئەگەر نا ئەوە ملى من
و ئەوەش شیرى دەسەڵات .
10 - ناسنامەى نیشتمانپەروەریى لەو وڵاتانەدا بەستراوەتەوە بە
پیاهەڵدان بە شان و باهووى سەرۆک و حیزب و حکومەتەکەى لەو وڵاتانەدا ،
لاى ئێمەش وایە ئەگەر نا ئەوە ملى من و ئەوەش شیرى دەسەڵات .
11 - سەرۆکەکانى ئەو وڵاتانە تا خۆیان لە ژیاندا بمێنن خۆیانن و دواى
ئەوە بە نەوە بازى دەساودەس بە کورسییەکانیان ئەکەن ، لاى ئێمەش وایە
ئەگەر نا ئەوە ملى من و ئەوەش شیرى دەسەڵات .
12 - سیستمى حیزب و حوکمڕانى لەو وڵاتانە بە موو جیاوازى نیە لەگەڵ لاى
ئێمە ، ئەگەر وا نیە ئەوە ملى من و ئەوەش شیرى دەسەڵات .
13 - وێنە و وتە و شەکر شکاندنەکانى دەسەڵات لەو وڵاتانەدا ئەبنە
میوانى هەمیشەیى هەواڵ و سەردێرى میدیاکانى ڕاگەیاندن ، لاى ئێمەش وایە
ئەگەر نا ئەوە ملى من و ئەوەش شیرى دەسەڵات .
14 - هەرچى ناشیرینى سیستمە دیکتاتۆرەکان هەیە لە وڵاتە دیموکراسییکەى
منیشدا بە مکیاژ کراوى بوونى هەیە ، ئەگەر نا خوێنى من وەکو شیرى بەر
دایک حەڵاڵی دەسەڵات بێ .
15 - لەو وڵاتانە ئەگەر هاوڵاتییان سەر بە حیزب نەبن بە پلە دوو
دائەنرێن ، مافیان نیە ناڕەزایەتى بنوێنن ، مافیان نیە دابمەزرێن ،
مافیان نیە خزمەت بکرێن ، ئەگەر بکرێت مافیان پێ نادەن ئۆکسجینى هەواى
نیشتمانەکەشیان هەڵبمژن ، هەموو مافێک بۆ پیاوى حیزب و سەرکردە و
گەندەخۆران ڕەوایە ، بەڵام نابێت هاوڵاتییان بپرسنەوە لە بێمافى خۆیان
، لاى ئێمەش وایە ئەگەر نا ئەوە ملى من و ئەوەش شیرى دەسەڵات .
لاى ئێمە کۆپییەکى بێڕتووشى وێنەى ئەو وڵاتانە بە زەقى دیارە ، بەڵام :
1 - لەو وڵاتانە خەڵکى بەشخوراو هاتنە شەقام و هێڵێکى ڕاست و چەپیان بە
نێوچەوانى دەسەڵاتداران و سەرۆکەکانیاندا هێنا و کۆڵیان نەدا تا کورسى
بەدەریان کردن ، لاى ئێمە هاوڵاتییان داواى گۆڕانى سیستمى ئیدارى و
بەخۆداچوونەوەى دەسەڵات ئەکەن ، کەچى بێویژدانانە ناوى ( گێرەشێوێن )
یان بە باڵاماندا بڕى !
2 - لەو وڵاتانە خەڵکى ناڕازییان بە دەسیسەى ئەمریکا و ئیسرائیل
تۆمەتبار کرد ، کەچى بێویژدانانە لێرە تۆمەتى ( دەستى دەرەکى ) ئەخەنە
پاڵ ئێمە .
بارودۆخى پڕ لە نەهامەتى خەڵک و داواکانیان ، دیکتاتۆریەتى حیزب و
تۆمەت و پاساوەکانیان ، سەرلەبەرى چوون یەکن ، کتومت وەکو یەک وان ، بە
میسقاڵ جیاوازییان نیە تەنها :
1 - لەو وڵاتانە ئۆپۆزیسیۆن پاڵپشتى خۆپیشاندانەکانیان ئەکرد لاى ئێمە
سەرپشتى ئەکەون.
2 - ئەو وڵاتانە خاوەن سنورى خۆیان و قەوارەى دان پێدانراو و دەسەڵاتى
فەرمیى نێودەوەڵەتى و ئابورى سەربەخۆ و هێزى چەکدارى ڕێکخراون ، لاى
ئێمە وا نیە ، ئەگەر داواى ڕووخانى ڕژێمى دەسەڵاتى پارتى و یەکێتى
نەکرێت شەفاعەت بۆ پاکییان ناخوازین ، بەڵکو لە خۆشەویستى نیشتمان و
چارەنووسى گەلەکەمانە ، بۆیە بە هەموو پێوەرێک ئێمە لەوان
نیشتمانپەروەرترین و ئەوان هیچ نین جگە لە دەسەڵاتێکى میلیشیایى
تاڵانچى ، هەتا ئەو ڕادەیەى بۆمان ئەکرێ ئەبێت هەوڵ بدەین حیزب لە
دەسەڵات دوور بخرێتەوە و دەسەڵاتیش فێرى نیشتمانپەروەرى بکەین نەک
نیشتمان دۆشین ، مەترسیى هەرە گەورەشمان دووبارە بوونەوەى مێژووە بە
سەرماندا ، ئەترسین ئەزمونى خوێناوى تا ئێستا بڕست لێبڕاوى کۆمارى
مەهاباد ، هەرچەندە کاتەکەى جیاوازە ، بەڵام بۆ گەلێکى بێ پشت و بێ
سنورى دیارى کراوى وەکو ئێمە ، بە دوور نازانرێ خۆى دووبارە بکاتەوە ،
چونکە دۆستە تەماعاوییەکانى ئێستامان هەمان ئەو دۆستە دێرینانەى کۆنن
کە یەک بەرمیل نەوت بە یەک ملیۆن بەرمیل خوێنى ڕۆڵەکانى گەلەکەمان
ناگۆڕنەوە ، بۆیە ترسان لەوەى مێژوو خۆى دووبارە بکاتەوە و خەونەکانمان
ئاوەژوو بکاتەوە ڕەوایە ، چونکە ئەوسا ئێمە دڵمان نایە خاکى نیشتمانى
خۆمان جێ بێڵین و ئەوانیش قاسەکانیان لە کوێ بێت ئەوێ بۆ خۆیان ئەکەن
بە نیشتمان ، بەڵام ئاخ نە ئاڵاکەمان و داخ نە ئەزموونەکەمان هى ئەوانە
و نە ئەوانیش ئەو جوامێرانەن هەڵوێستى وەکو پێشەوا ( قازى محەمەد )
بنوێنن ، ئاڵاکەمان بێتە خوار و ئەزمونەکەمان ژێر و ژوور بێت بە لاى
ئەوانەوە بەقەد ژاکانى سەفتە دۆلارێک بایەخیان نیە ، ئەگینا هەقى وابوو
بە دەم ( بڕوخێ ، بڕوخێ ) ەوە ( مام هێمن ) ئاسا بمانووتایە : بڕۆن
بەغدا نیوەى ڕێتان بێ.
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|