٢٣\٣\٢٠١١
ئەم ئێوارەیە پەنجەکانی مینەی لولکژەن
بە قەد و باڵای ھەڵەبجەوەیە ..
شیوەنێک بۆ شمشاڵەکەی ئەژەنێت .

زمکان عەزیز
1. ھەڵەبجە
خانمێکی توڕەیە.
واز لەو خانمە
بێنن
ماندووە ..
مەیھەژێنن ڕاینەچڵەکێنن
بیریمەخەنەوە ..
ئەو ھەموو ھەڵوەرینە
ئەو ھەموو شکان و
کەوتن و
ئەو ھەموومردنی ئینسانە
بیریمەخەنەوە
سەری سەرا بوو ..
گڕی گرت و
خەونەکانی سوتا
مۆردانە بوو ..
لە ژێر بەرد و گڵ و داری
خانووەکانەوە ئەیقیژاند
بیریمەخەنەوە ..
ئەو کیژۆڵەی کچێنی تەقی و
ئەو پیرە ژنەی نەیتوانی
ڕاکات ..
بیریمەخەنەوە
ئەو پیاوەی ..
خەنجەرەکەی کرد بە سکیا
ئەو گەنجەی ..
خۆیدایە بەر ڕێژنەی فیشەک
ئەو ھەموو پەنجە پەڕیوانەی
ئەڵقەی دەزگیرانیەتیان
دزرا
بیریمەخەنەوە ..
ئەو خانمە بە ئاگا مەھێننەوە
توڕەیە .. توڕە.
2. ھەڵەبجە تەنیایە و لەناو گردە گۆڕەکاندا گوڵێکی سپی بە دەستەوەیە.
ھەڵەبجە توڕەیە
توڕە ..
توڕە لە خودا و
لە من و لە ئێوەش
توڕە لە دنیای کەڕ و
توڕە لە یاسای کوێر و
توڕە لە ئینسانی بێفەڕ
توڕە لە خۆی و لە سروشت
توڕە لە جوانی و لە ڕەنگ
توڕە لە گۆرانی و
توڕە لە ئاھەنگ
توڕە لە کورد لە کوردستان
توڕە لە ھەمووتان
توڕە لە خیتابەکانتان
ئەو خانمە ڕانەچڵەکێنن
توڕەیە .. توڕە.
3. لە دوامانەوە ئەیقیژاند .. بە جێمانھێشت.
ھەڵەبجە ..
کەنیشکێکی دڵشکا و
کوڕیلەیەکی عاشق و
جامانەیەکی دڕا و
مشکیەکی گوڵگوڵین و
کڵۆباڵێکی تۆزاوی و
کۆڵوانەیەکی تەڕ و
کۆرپەیەکی ساوای
گرینۆک بوو
لەناو کۆشی شنروێدا
بە تەنیا جێمانھێشت.
4. ئەو گۆچانە سەوڵەجانە .. گوێی بۆ بگرن.
ئێستا ..
ھەڵەبجە داپیرەیەکی توڕەیە و
گۆچانێکی دار ھەڵوژە
ھەڵیگرتووە.
5. نازانم لە کوێم .. ئەگەر لێرە بم یان لەوێ.
من توڕەم
توڕە ..
سیاسەت توڕەی کردم و
ھەڵەبجە دەریکردم و
مەنفا دەستی گرتم و
غرور بردمی و
تەنیایی چرایەکی بۆ داگیرساندم
موعتادیم لە مەیخانەیەکدا
ناسی و
ئێستا نازانم ..
من چیم و من کێم.
6. من نیم و مەنفا پیری کردووم.
من ..
لە مەنفایەکەوە
ھاتمە ناو مەنفایەکی تر و
لە مەستی زیاتر
کەسم نەدی ..
مەست بە تۆ و شەقام و
کوچەکانت ..
مەست بەو بەردانەی
سەری منداڵی
ئەشکاندم ..
مەست بەو شەرمانەی
گەنجێتی ..
ڕەحەت ئەکردم
مەست بە ئاودەستەکانت
لە ناویدا ..
ئازادترین مەخلوق بوم
مەست بە فەلاقە کردنی
ناو قوتابخانەکانت
مەست بە ئیمتیحان و
مەست بە ساڵحێتی و
دزینی باخ و گڵۆپ و
بەنجەرە شکاندنت
مەست بە نوێژی
بەیانیانی زووت
لە دوای وسڵ دەرکردنەوە
مەست بە شەوانت
شەوانی بەیان ھەڵواسین و
نامەی عەشقبازی و
مەست بە دزە دزەی
ناو مەیخانەکانت.
7. ھەڵەبجە دانیشتووە و شانی ناوە بە دار ھەنارێکی پیرەوە.
تۆ ئەی پیرمحەمەد
یوسف بە یوسف
بۆ زولەیخا ..
دوعایەک بکە و
داپیرە زیندوکەرەوە
ئەو گۆچانەی لە دەست فڕێدە و
سەوڵەجانێکی بدە دەست
تا پرچە سپیەکەشیان
بەشنەکردووە.
8. ھەڵەبجەیان لە ئاخونێکی خەڵەفاو سیغە کرد.
ھەڵەبجە ..
لەبەردەم کوڕەکانیدا
ئایەتوڵایەکی ئێرانی
لە پێکێک ژەھردا
ھەڵەبجەی خواردەوە.
9. لەشی ھەڵەبجەیان حوجرە حوجرە کرد.
فەقێکان ..
دوای فەتوا و
خەتمی حونجە
لەبەردەم ئیمامدا
پەلی ھەڵەبجەیان گرت و
فڕێیاندایە ناو ئاگری
سیانید و خەردەلەوە
کە گەڕانەوە ..
بۆ بەڕەحمەتمانکە یا ئەڕحەمەڕاحمین
ئیمام ..
دەرگاکەی لێنەکردنەوە.
10. لە بازگەیەکی مافی مرۆڤدا ھەڵەبجەیان گرت تەسکەرەی پێنەبوو.
ھەڵەبجە ..
لە کۆنگرەی نەتەوە یەگرتووەکاندا
نامەیەکی لولکراو بوو
بە بەرچاوی مافی مرۆڤەوە
دڕاندیان و
خستیانە ناو تەنەکەی خۆڵەوە.
11. تەنەکەیەک نەوتی عەرەبییان کردە ژوورەوە و دەرگاکەیان لەسەر
ھەڵەبجە داخست.
ھەڵەبجەیان بینی
دەست و قاچ و زمانیان
بڕیوە ..
ھەڵەبجەیان بینی
چاوەکانیان ھەڵکۆڵیوە و
برینەکانیان پڕکردووە
لە مارمێلکەی عەرەبی
ھەڵەبجەیان بینی ..
بە دەستی ڕۆژنامەنوسێکەوە
لە کۆنگرەی ڕۆژنامەنوسانی جیھاندا
ویستی قسە بکات
بە درۆیان خستەوە و
کردیانە دەرەوە.
12. خودا ئاگادارە.
کڵێسا ..
لە حەوشەکەیدا
لەشە ماندووەکەی
ھەڵەبجەی بینی
کەوتووە ..
ئاسمانیان داخست و
دەرگا تەختە گەورەکەی
ئەرزیان
ھەڵقەڕێز کرد و
چوونە ژوورەوە.
13. حەلاجێکی کوردیان کوشت.
ھەڵەبجە ..
دەست وقاچیان لێکردبویەوە
لەبەردەم خودادا
وەستا و
وتی ..
(انا الحق)
پیاوانی ئاینی
سوێندیان لەسەر خوارد و
بە نەعلەتیان کرد.
14. ڕاینەچڵەکێنن مەیھەژێنن بیریمەخەنەوە .
ھەڵەبجە ..
زولەیخایەکی کوێرە و
یوسفەکانی کورد
نایناسنەوە.
ماڵپهڕی زمکان عهزیز
|