٢٥\٢\٢٠١٧
ئێمە واین برالە.

ئاکۆ محەمەد سابیر
ئێمە منم ئێمە
ئەوانین
ئیمە تۆیت هاوڕێم
ئێمە هەمیشە بە دوای نوکتەیەکی نوێدا دەگەڕێین
تا راشکاوانە بیر نەکەینەوە
چون راشکاوبوون ماندووبونی دەوێ
ئای کە حەزمان لە ئاخاوتنە
ئای چەند بە گوێگرتن وەنەوز دەدەین
ئای چەند کاتمان زۆرە بۆ نووسین
دەرفەتێکمان نییە بۆ خوێندنەوە
ئێمە هەمیشە خۆمان نمایش دەکەین
لەسەر مینبەر
لە تیڤیدا
لە فەیسبووکدا
لە سەرکردایەتیدا
ئای چەند حەزمان لە خۆمانە
لە خۆمان و بەس
چەند گوڵەبەڕۆژەکی پووچین
هاوڕێم گەر نازانی قژت بە چ لایەکدا داهێنی
سەرت سفرکە با مەژییت شتێک وەرگرێ
هاوڕێم ئەو وێنە گەورەیەت
نووسینەکەتی داپۆشیوە
من دەمەوێ دێڕەکانت بخوێنمەوە
نەک سەروسمێڵت
ئای چەند حەزمان لە خۆمانە برالە
ئای چ نمایشکەرێکی سەیرین
بۆیە هیچ داهێنانێک ناکەین
جیهان خاڵییە لە بەخشینمان
لە سەروو دێڕیکی
ورددا
وێنەکی گەورە دادەنێین
بۆ سیاسییە بچووکەکانمان
پەیکەی گەورە دەتاشین
ئای چەند حەزدەکەین
بڵێین خۆزگەمان بە
پار
پار هیچمان نەچاند
تا ئەمساڵ بیدورینەوە
ئەمساڵی مایەپووچییەش دەبێ بە
پار
ئای چ چێژێک لە حەسرەت و ئاخ هەڵكێشان
و رابردوو دەکەین
برالە
نا نا من نامەوێ بگەڕێمەوە بۆ منداڵیی و کۆڵانە
تەسکەکانی
شەرە گەڕەک و قۆچەقانێ
مامۆستا و ناو و
ناتۆرە و دارکاریی
و جنێوە ناشیرینەکانی
نا نامەوێ چیتر گاڵتە بە کەمئەندامەکانی
گەڕەک بکەم
پشتی گوێدرێژەکان زامداارکەم و
مێروولە لە سێدارە بدەم
نا نا هاوڕێم ئەو
ڕٶژانە
(بەرائەت)م کوژرا
کە مامۆستاکەم پێیدەگوتم قلە کوێر
هەموو هاوپۆڵەکانم
دەیاندایە قاقای پێکەنین
منیش (بەرائەت) و
شکۆمەندییم ئەڕژانە
ناو (جزمە)کانمەوە
ئا ئا ئەو رۆژانە کە بەڕێوەبەری
قوتابخانە
بە کامەرانی هاوڕێمی
دەگوت کامەران گوێچکە بەران
نا نا مەوێ بگەڕێمەوە لە دێڕی شاعیرێکی
تاراوگەدا
بۆ ئەو منداڵییەی کە کڵاوێکی سپی مزگەوت و
پانتۆڵێکی (تەڵایع)ی
حیزبی بەعسم
لەپێدابوو
لە پێشی خۆپیشاندانەکانەوە هاوارم دەکرد
ئێمە نەوەی مارکسین
لە سێدارە ناترسین
ئێمە واین برالە
تا سەرکردەکانمان
نەنەڕێنن
دەست رانەوەشێنن
درۆی گەورەمان بۆ نەکەن
چەپڵەیان بۆ لێنادەین
ئێمە گرۆی خوێنگەرمیی و هەڕوگیفین
تا مەلایەک نەقێڕێنی و دەمی کەف نەکا
ناگرین بۆ وتارەکانی
تێناگەین لە مەلایەکە
بە نەرمیی
وتارمان بۆ بدا
لە شەقاوەکانی حیزبەوە
فێربووین
لە مامۆستاکانمانەوە فێربووین
کتومت لە سەرۆکەکانمان
دەچین
چیتر ئەوەندە خۆت نمایش مەکە هاوڕێم
لە کەپووت بێزاربووم
تەمەنی پیرە مەڕێکم ماوە
ئەمەوێ شتێک فێربم
لە سەربردەی سیاسی و
داستانی قارەمانە درۆزنەکانی
حیزب وەڕسبوم
ئێمە واین برالە
نە زمانێکی یەکگرتوومان هەیە
بۆ نووسین
نە (ئەلف و بێ)یەک
بۆ خوێندن
بۆیە لە یەکتر
تیناگەین
هەر یەکەو لە ئاوازێک دەخوێنین
هاوڕێم من نە سەرۆکێکم هەیە
بە ناوی بارزانی
و
نە مامێک دەناسم
بە ناوی تاڵەبانی
ئەوان لە (عودەی و
قوسە)یەکی تازەتر
هیچیتریان پێشکەش نەکرد
من رەتیان دەکەمەوە
تۆش تووڕیان دە برالە
تا لە دەست دێ
تووڕیان دە بۆ ئەوپەڕی
شوێنێک لە دەرەوەی زەوی.
ماڵپهڕی ئاکۆ محهمهد
سابیر
|