ئێمه‌ی جاش و ئێوه‌ی کوردپه‌روه‌ر!!!
تاڤگه سابیر
ئێمه‌ی ڕه‌شو روت‌و جاش و خۆفرۆشی ئه‌م ووڵاته، سوپاسی ئێوه‌ی پێشمه‌رگه‌ی کۆن و نیشتمانپه‌روره‌ر ده‌که‌ین!! که واتان لێکردووین و ئه‌وه‌نده‌تان بچووکتان کردوینه‌ته‌وه که‌شه‌وانه وه‌ک بۆ که‌مینی دوژمن ده‌ربچین به‌تانییه‌ک هه‌ڵب‌گرین و تابه‌یانی، له‌سه‌ر کوشنی سه‌یا‌ره‌و له‌سه‌ره‌ی بانزین وه‌رنه‌گرتندا بوه‌ستین. ئێمه سوپاسی ئه‌و لوتفه گه‌وره‌یه‌ی ئێوه‌ین، که به‌هه‌وڵ و هیممه‌تی ئێوه‌یه مامه‌ڵه‌یه‌کمان، به‌دوو مانگ و هه‌ندێک جار سێ مانگیش بۆ راییده‌کرێت، ئێمه زۆر به‌خته‌وه‌رین که ئێوه‌ی گه‌وره هه‌موو کاره‌کان ده‌که‌ن و به‌رهه‌می هه‌موو کاره‌کانیش ده‌خۆن و له‌بری ئێمه‌یش ده‌یکه‌ن.! ئێمه ئه‌و هه‌موو ماندوو بوون و مه‌شه‌قه‌ته‌ی ئێوه‌مان چۆن بیرده‌چێت؟! که نه‌تان هێشت گورگ بمانخوات و به‌ڵام به‌سانایی ده‌رخواردی رێویتان داین.
ئێمه فره سوپاسی ئێوه‌ی به‌ڕێز ده‌که‌ین، که واتان لێکردووین ئێشکگربین به‌دیار هاتنه‌وه‌ی ئاوه‌وه‌و دواتر مۆلیده بۆری بۆ هه‌ڵکه‌ین و به موزه‌خه‌یه‌که‌وه ئاو سه‌رخه‌ین بۆ نهۆمی دووه‌م ، چونکه ئێمه هه‌موومان له‌سایه‌ی ئێوه‌وه بووینه‌ته کرێچی له‌نهۆمی دووه‌مدا. ئێمه مه‌منونین که چه‌ند ساڵێک جارێ ئێمه‌تان بیر ده‌که‌وێته‌وه‌و که‌ره‌م ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی په‌نجه‌تان بۆ له‌مه‌ره‌که‌ب هه‌ڵکێشین، ئێمه چۆن بیرمان ده‌چێته‌وه که ئێوه نانی ده‌می خۆتان ده‌گرنه‌وه‌و له‌بری بیده‌ن ئێمه‌ی هاوزمان وهاوڕه‌گه‌زتان، که‌چی ده‌یده‌نه براعه‌ره‌به‌کانی سامه‌ڕاو سه‌رپردی و هتد..!
ئێمه چۆن ئه‌وه له‌یاد ده‌که‌ین که دنیا بۆته چراخان و له هه‌ندێک ووڵاتی جیهاندا، ئه‌سڵه‌ن شه‌و نییه ئه‌وه‌نده رووناکه، که‌چی ئێمه‌یش شه‌وی کاژێڕێک کاره‌بامان هه‌بووه. قورسه ئه‌وه له‌بیرکه‌ین که‌ئێوه‌ش بۆ راگرتنی دڵی ئێمه مۆلیده‌ی بچووکتان نه‌کڕیوه تاوه‌ک ئێمه به‌ده‌ستییه‌وه ئه‌ناڵێنن.! ئێمه پێمان خۆشه که‌ئێوه‌ی ماندوو مردوون به‌ده‌ست کوردایه‌تی و بازرگانییه‌وه له‌سه‌ر جه‌سته‌ی هه‌لا هه‌لابووی ئێمه گه‌ڕه‌کی (فیرعه‌ون و ئه‌خناتوون) و شه‌قامی "شانزه‌لیزی" دروستده‌که‌ن.. ئێمه شانازی به‌وه‌ده‌که‌ین که مناڵه به‌نازه‌کانی ئێوه ده‌بینین له‌سه‌ر شه‌قامه‌کاندا سووکایه‌تی به‌هه‌رچی مروروو یاساکانی هاتوچۆی دنیایه ده‌که‌ن.!!
کارگوزاری فه‌رمانگه‌کان و زۆرترین مووچه‌ش بۆ خه‌ڵکه، جاهیل و نه‌زانه‌کان ئه‌وه‌خۆتانن، ئێمه ده‌زانین بۆیه واده‌که‌ن چونکه گه‌ر فه‌ڕاشێک مووچه‌که‌ی زۆربێت یان ژن ده‌هێنێ یان پیاو ده‌کوژێت، ئێدی ئێوه‌ش ده‌تانه‌وێ تاوانیش که‌مکه‌نه‌وه!!.
ئه‌وانه هه‌موو ده‌سکه‌وتن و له‌سایه‌ی ئێوه‌وه هاتوونه‌ته بوون، ئیتر بۆچی مه‌منونتان نه‌بین...؟! ئێمه له لوتکه‌ی شادومانیداین که ئێوه ساڵانه دنیایه‌ک سه‌رانه‌و که‌رانه‌و زه‌ریبانه‌و گومرگانه‌و زۆرشتی تریش له ئێمه ده‌سێنن و که‌سیش نازانێ له‌و " سه‌ری ره‌ش و قه‌لاچۆلانه" چی به‌سه‌ر دێت و چۆن خه‌رج ده‌کرێت..؟!ئێمه پێمانخۆشه که‌مووچه‌ی هه‌موو ئه‌م ووڵاته به سه‌رکرادایه‌تی و بن کردایه‌تی و سکرتێرو سه‌رۆکی گشتیشتانه‌وه له به‌غدادوه دێت و که‌چی سامانی ئه‌م خه‌ڵکه‌ش ده‌که‌نه نه‌سرییه‌ی خۆتان و به‌رپرستان و ئه‌وانیش شه‌وانه ده‌یده‌نه سۆزانی و له‌شفرۆش و ده‌ڵاڵه به‌ڕێزه‌کانیان.
ئێمه حه‌زده‌که‌ین ئێوه ره‌حه‌ت بن چونکه به‌عس سی ساڵ ئه‌و خه‌ڵکه‌ی پێ ره‌حه‌ت نه‌کرا، که‌چی ئێمه ئێوه‌مان ره‌حه‌ت کردووه.!!!
|