سازدانی: کهمال چۆمانی
ئهمیری قازی، دهوڵهتی کوردی، به دوا رێگهی رزگاری دادهنێت. ئهوهش دهڵێت که ئهوانهی دهوڵهتی کوردییان پێخهون و مهحاڵه، فریودراوی دهستی داگیرکهرن. کهمال چۆمانی: فهوزایهکی سییاسیی له رۆژههڵات ههستی پێدهکرێت، بهبڕوای زۆر له چاودێره سییاسییهکان، ئهو فهوزایهی پارته سییاسییهکانی کوردستانی رۆژههڵات تێیکهوتوون، وای له ئێران کردووه کهمتر بیر له چاکسازی سییاسیی و پێدانی ماف به کوردهکان بکاتهوه. بۆچی هێزه رۆژههڵتییهکان له غییابی کارکردن له ناوخۆی وڵاتدان و تا ئێستا نهیانتووانیووه ههر هیچ نهبێت وا له کوردانی رۆژههڵات بکهن بایکۆتی ههڵبژاردنێکی ئهو وڵاتهش بکهن؟
کهمال چۆمانی: پارتهکانی رۆژههڵات کهسییان کهسییان ناخوێنێتهوه، بۆچوونتان چییه لهسهر ئهو یهکتر نهخوێندنهوه و دووبهرهکییه، ئایا ئهو یهکتر قبووڵنهکردن و حیساب بۆ یهکتر نهکردنه، خهتهرێک نییه لهسهر خودی دۆزه رهواکهی کورد. ئێمه چۆن دهتوانین داوای مافهکانمان بکهیین لهو هێزه ناسییۆنالیستیی و مهزههبییانهی ناوچهکه کاتێک له ناو خۆماندا کۆک نین و ههرهیهکهمان بهرهو ئاراستهیهکین و ههر یهکه و له ئاوازێکهوه دهخوێنێت؟
ئهمیری قازی: وهک گوترا و ئێوهش دهڵێن، پارته سیاسیهکانی کوردستان، زۆر خۆ سێنتروم و خۆ ناوهندن، بێجگه له خۆو بۆچونهکانی خۆیان، چی دیکه نابینن. حیساب بۆ خهڵک و خهڵکانی دیکه ناکهن و ویستی ئهوان به هێند ناگرن. زۆرجار ئهوهی هیچ حیسابی لهو حیزبانه را بۆ نهکراوه، ویست و خواستی خهڵکهکهیه. نابینرێ رێکخراوێکی رۆژههڵاتی بانگهشهی ئیرادهی خهڵکهکهی بۆ ههقی گهلی و نهتهوهیی له تێکۆشانی سیاسی خۆیدا بکاته پێوانه، ههر خۆ دهیبڕین و ههرخۆشمان دهیدرووین، جا له لامهرکهزی و خودموختارییهوه بگره تا دهگاته فیدرالیزم و کونفیدرالیزم و تهنانهت سهربهخۆییش. ئهوانه ههموو قۆرتی خۆ به زلزانی و له بنهواندا تێنهگهیشتوویین. ئێمهی کوردی داگیرکراو و کۆڵونی دهسهڵاتدارانی دواکهوتوو، دهبێ بێینهوه سهر هۆش، له بورجی بهڵهکی بێ بناغه بێینه خوار، خۆ و خهڵکی خۆمان قهبووڵ بێ، تاک و رێکخراو، گهوره و چووک، به نێو و بێ نێو یهکتر وهربگرین، بهیهکهوه چارهی دهردی دیلی و ژێر چهپۆکهی بکهین. ئهوساکه رهنگه بتوانین بڵێین ئاڵوگۆڕ پێکهاتووه و هیوایهکی تازه کهوتۆته دهماری خوێن و قووه و تاقهتێکی نوێ بزاوی سهربهستی و ئازادی بهڕێوه دهبا.
کهمال چۆمانی: ئهو خودموختارییهی پارته رۆژههڵاتییهکان داوای دهکهن و فیدڕاڵییهکی باشوور و کۆنفیدڕالیزمه دیمۆکراتیکهکهی پهکهکه تا چهند چارهسه بۆ کێشهی کورد، پێتان وانییه تاکه چارهسهر تهنها سهربهخۆییه؟ ئهی چی بهوانه دهڵێت که دهوڵهتی کوردی به خهون و مهحاڵ دهزانن؟
ئهمیری قازی: وهک گوتم، من سهربهخۆ خوازم، لام وایه کێشهی کورد کێشهی رزگاری و سهربهخۆیی خۆیهتی، زۆر ساده و ساکار، پێویست به هێنان و بردن ناکا، ئهوهندهش بڤه نییه وهک بهشێک له سوننهت و نهریتی رێکخراوه سییاسییه کۆن و کۆنه بیرو راکان دهڵێن و له دژن. خودموختاری و له چهشنی خودموختاری، فیدراڵیزم و کونفیدراڵی، بهگشتی ریفۆرم و دهرمانی ئارام بهخشی کاتین بۆ دهردهبرینی گهورهی ئێمه، ریفۆرم خراپ نییه بهڵام مافی سیاسیی نییه بۆ نهتهوه و وڵاتێکی گهورهی داگیرکراو وهک کورد و کوردستان. با لێمان تێک نهچێ و له نهتهوهکهشمانی تێک نهدهین، کێشهی خهڵک و وڵاتی ئێمه ئهوهنده ئاڵۆز و پڵۆز نییه وهک ساڵهای ساڵه پێمان دهڵێن و دهڵێنهوه. له دنییای پان و بهریندا ههموو کهس دهزانێ کورد نهتهوهیهکه وهک ههموو نهتهوهکانی دیکه، نه تورکه، نه عهڕهبه و نه فارسیشه و وڵاتی خۆی ههیه و جی و رێشی له وڵاتی خۆیدایه. به پێی میساق و ستادگای رێکخراوی نهتهوهیهکگرتووهکان بۆی ههیه و مافی خۆیهتی رزگار و سهربهست بژی وهک گشت نهتهوهکانی دیکهی ئهو جیهانه. وا نییه ههر کورد نهفرینکراو و خهڵکێکی شهیتانی بێ و به بێ وڵاتی و به دیلی مهحکوم کرابێ. ئهوانهی رزگاری و سهربهستی خهڵکی خۆیان داوێنه پشت کێوی قاف و ئاو له ئاشی داگیرکهرانی کوردستان دهکهن، ئهگهر هیچی دیکهیان له باراندا نهبێ، بێ گومان له جهماعهتی فریوکار، قازانجی خۆ پارێز و له کهمترین حاڵهتدا نهزانن و خاوهن تهجروبه و بۆ چوونی سیاسی نین، دهنا دهیانزانی که خهڵکی ئێمه زیاتر له 60 ساڵه بهگوێرهی نوسخهو رێچیتهی ئهوان بهرێدا دهڕوا، ههرچی کوێرهوهری و نههامهتییه بهسهری هاتووه و تهنانهت ئهنفالیش کراوه، بهڵام که وردی دهکهنهوه بۆ چی و له سهر چی ئهو ههموو ماڵوێرانییه، ئهو ههموو شهڕ و کوشتارهی لێمانکراوه، ههردێنهوه سهر سیفر و دهگهینهوه ئهو خاڵ و نوختانهی باسمان لێوهکردن.
کهمال چۆمانی: چهند ساڵێکه باس له بهرهیهکی رۆژههڵاتی کوردستان دهکرێت، ماوهیهکێشه بهستنی کۆنگرهیهکی نهتهوهی هاتۆته جێی مشتوومڕوو بهتایبهت پهکهکه ئهوهی داواکردووه و لهلایهن چهند هێزێکی بچووکی باشوور و رۆژههڵآتیشهوه به ئهرێنی پێشوازی لهو ههنگاوه کراوه. بڕواتان وانییه که زهروورییهتێکی مێژوویین و پێویستدهکات ههچی زووتره کاری جددی بۆ بکرێت. گهر ئێوه بڕواتان وابێت ئێوه بهرپرس نین له نهبهستنی کۆنگره نهتهوهییهکه، ئهی بۆ بێدهنگ دانیشتوون بۆ پێکهێنانی بهره رۆژههڵاتییهک؟
ئهمیری قازی: ئهو پرسیاره دوو بهشی ههیه، له بهشی یهکهمڕا که باس له بهرهیهکی هێز و کهسایهتییهکانی رۆژههڵاتی کوردستان دێنێته گۆڕ، دهست پێبکهم. سازان له سهر بهرهیهکی هێزهکانی رۆژههڵاتی کوردستان سهری نهگرت، تهنانهت ئهگهر ئهویش نهبوو و نهکرا هاوکاری و پێکهوهدانیشتنی ههمهلایهنی له سهر پهسهند کردنی چهند ئهسڵ و چهند پرینسیپێک دهبوو قبوڵ و پهسند بکرێ. پارتی سهربهخۆیی کوردستان لهو بوارانهدا تێکۆشاوه، تهنانهت بهر لهوهی حیزبی دێموکرات لهت و کۆمهڵهی شۆڕشگێڕی زهحمهتکێشانی کوردستان ببێ به دوو لایهن له هاتووچۆی به ئهنجام گهیشتنی ئهرکێکی ئهوتۆ بووین، بهداخهوه به دهستمانهوه نههات. ئهوکات حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران که نه ببو به دوو بهش، لایان وابوو بهرهیهکی رۆژههڵاتی کوردستان جارێ زهمینهی نییه، جار جار دهیاندرکاند، بێجگه له خۆیان حیزبی دیکه کامانهن؟ کهسایهتی کورد چ کهسانێکن؟ لهو سهروبهندهدا دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کهسی دیکهیان پێ شک نهدههات تا بهرهی دهگهڵ پێک بێنن! خۆیان ههبوون و خۆیان. هێزهکان و جهماعهتی دیکهش لایان وابوو بهره به بێ حیزبی دێموکرات ناکرێ یان تهواو نییه. ئێستا ئاستهنگ زهقتره، لایهنهکانی لهت بوو ئاماده نین دهگهڵ یهکتر دانیشتن و هاوکارییان ههبێ بهتایبهتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لهو بارهوه خۆ وهپاشگره. وا ههڵکهوتووه که زهحمهت زهحمهتتر دێته بهر چاو بۆیه کاری ئهو کهس و لایهنانهی لهو روهوه ههوڵدهرن قورستر بووه، بهڵام ههمومان بهگشتی ئهوهنده حاڵی بووین که به بێ بهره یان یهکگرتویهکی گشتی تێکۆشهران له رۆژههڵاتی کوردستان و زمانێکی هاوبهش و هاودهنگێکی ههمه لایهنه، ههل و مهرجی رۆژههڵاتی کوردستان، له ههر بارێکهوه لێکی بدهیتهوه بهره و فاجیعه و لێقهومانێکی مهترسیدار دهڕوا. بهشی دووههمی پرسیارهکه باس له بانگهشهی پێ کا کا دهکا بۆ سازدانی کۆنگرهیهکی نهتهوهیی. لهوبارهوه دهبێ عهرز بکهم که وهختێک له وهختان به هیممهتی پێ کا کا له ساڵهکانی رابردوو دا، شتێک به نێوی کۆنگرهی نهتهوهیی دروست بوو و له راستیدا هیواو هومێدێکی گهورهی خسته نێو لایهنهکانی کوردستانی و رزگاریخواز که چی وردهورده تهسک و بهر تهسک تر بووه. ئهو هیممهتهی کرا بوو بێ یهکی کهوته پێش و بوو به بێ هیممهتی و کردی به بهشێک له خۆی رێکخراوی پێ کا کا. له بهرههمی ئهو سیاسهته چهوته دا، ههرچی رێسرا بوو بووهوه به خوری. ئێستاش جار جار دۆستانی پێ کا کا وزاقێکی دیکه دهدهن تا نهزمهکه ساز کهنهوه. به باوهڕی من تازه بۆ پێ کا کا زهحمهته ئهو هێز و توانایهی پێشوو بۆ ئهو مهبهسته وێک بخاتهوه. ئهوکات ببوو، نهیان ویست یان نهیانزانی و تێکییاندا، کورد گوتهنی مهگهر چلۆنها دهنا تازه بهوان ناکرێ، لهو بارهوه ئیعتبار و باوهری خۆیان شکاند.
کهمال چۆمانی: چاوهڕێدهکرێت ههڵبژاردنهکانی تورکییا، ئێران و ئهمریکا، کاربهدهستی نوێ بهێنێته سهر گۆڕهپانی سییاسهت. ئێوه پێتانوایه کورد لهو نێوندهدا چۆن سییاسهتهکانی خۆی بخاته گهڕ؟ پێتوایه پارێزگارهکانی کۆماری ئیسلامی گۆڕانکاری له دیدییان بکرێت. ئهی ئێوه خوێندنهوهتان چۆن دهبێت بۆ ئهو ههڵبژاردنانهی ئێران؟ (تکایه گهر بتوانن له کاتی وهڵامهکانتدا دیدوو بۆچوونت لهسهر ئهوه دهرببریت که ئایا ئهگهر کۆمارییهکان هاتنه سهر کورسی دهتهڵات له ئهمریکا چی دهبێت و وه به پێچهوانهشهوه.)
ئهمیری قازی: ههڵبژاردنهکانی داهاتووی ئێران و تورکییا و ئێستای ئامریکا ههر ئاڵوگۆرێک له جیهان دا پێک بێنن، له سهر ئێمه کاریگهرێکی زۆریان نابێ چونکه ئێمه بۆ خۆمان نین، جا ئهگهر خۆشمان نهبین کێ دێ کاریگهری بۆ کێشهی ئاڵۆزی ئێمه بکا؟ بێگومان کهس. ئێمه دهبێ له پێشدا بۆ خۆمان ههبین، یهکگرتوو بین، ببین بهدهنگێک، جا ئاڵوگۆر له ناوچهکهدا ئێمهش دهگرێتهوه، دهنا نا و هیچ. له ئێراندا ههڵبژاردن هیچ شتێک ناگۆڕێ، مۆرهکان لهوانهیه بگۆرێن بهڵام کۆماری ئیسلامی ئێران نهگۆڕه، ههر ئهوه دهبێ که بووه. کۆماری ئیسلامی ئێران رژیمێکی قهیران سازه، مانهوهی خۆی له قهیران و گوشار دا دیتوتهوه و دهستی لێ ههڵناگرێ مهگهر به روخاندن و به شکاندن که ئهویش کاری ئێمهی کورد نییه. به ئێمه ریژیم له تاران وهلاناکهوێ، وا باشه واز لهو باسه بێنین و له فکری خۆماندا بین و باس له رێ چارهی نهجات بوون له چنگ دۆڵپای کۆماری ئیسلامی ئێران، بێنینه راوێژهوه. به رای من له تورکییاش ههلومهرج کهم تا زۆر، ههر وهزع و شهرایهتی ئێرانی لێ بهدی دهکرێ به یهک فهرقهوه، ئهویش ئهوهیه که له وێ خهڵکی کورد بهگشتی رابۆته سهر پێ و ئهو سهر پێ بونهش پشتیوانهیهکی مونتهزهم و خۆڕاگری له گهڵدایه که کوورهی رابوون و راپهرینهکه دهدهمینێ، بهرای من ئاڵوگۆر لهوێ به نیسبهت خهڵکی ئێمه لهوه دایه که رابوون و پشتیوانهکهی له درێژهدا چۆن ههڵسوکهوت دهکهن. برا! من بۆ خۆم وام که ههموو شتێکی باش و خراپ له روانگهی بهرژهوهندی و زیانی خهڵک و وڵاتهکهی خۆمهوه لێکدهدهمهوه، ئهقڵم ههر ئهوهنده دهبڕێ بۆیه لام وایه هاتنه سهرکاری سهر له نویێ دیموکراتهکان له ئامریکا و شکستی کۆماریخۆازهکان له ململهی دهسهڵاتدا، ئێمه ناگرێتهوه. ئاڵۆگۆر له دهسهڵاتدا له وێ، بهرای من ههرسهبارهت به کێشه ناوخۆییهکانی خۆیان و له خۆی وڵاتدا دهبێ، رهنگه ئهویش زۆر بهرچاو نهبێ چونکه کۆمهڵگای پێشکهوتووی وڵاتی ئامریکا له زۆر لهمێژهوه پایهو بناخهی خۆی داناوه، سیاسهت و جیهان بینی خۆی بۆ داندراوه، وا نییه که به چوونی بووش و هاتنی ئۆباما، گۆڕانی گهوره بێته کایهوه مهگهر بڕه وردهکاریێک، ئهویش له پیوهندی دانییه و نابێته ئاڵوگۆڕ له کێشهی ئێمهدا. تهماشایهکی ههڵسوکهوتهکانی ئامریکا له کۆنهوه تا ئێستا، دهری دهخا که سییاسهتیی ئهوان بهدوای قازانجهوهیه و تهواو. له ههرجێ بگهنه قازانج باس له ئاڵوگۆر ناکهن، دهبا ئێمهش وابین.
کهمال چۆمانی: زۆرێک له سییاسییه رۆژههڵاتییهکان له ئهوروپان و ههندێکیشییان له ئهمریکاوه نزیکن، کهچی لۆبیی کوردی له ئاستی نهبوون دایه له ئهوروپا. ئایا لۆبیی کردن له ئهوروپا کاریگهری راستهوخۆ و گهوره دروستناکات، رات چییه لهسهر لۆبیی کوردی و جالییهی کوردی، ههست ناکهییت ئهوهی کاردهکات تهنها جالییهی باکوره و ئهوانیش کهمتر باس له کێشهکانی رۆژههڵات و باشوور دهکهن و زییاتر ئیشهکانییان بۆ باکووره؟
ئهمیری قازی: لۆبی و لۆبی دانان ههنگاوێکی سیاسیه. خهباتێکه فهرههنگی و دیموکراتیک بۆ ناساندن و خزمهتی خهڵکی خۆیی، ئێمهی کورد جارێ له سهر هیچ کام له کێشه کارسازهکان ئهوانهی که ههبوون و نهبوونمان وهک نهتهوه دێنێ و دهبا نهگهیشتوینه یهک و پێکهوه نین، که وابوو له سهر کار بۆ لۆبییهک پێک گهییشتنمان زهحمهتتره. ئێمه که له سهر ئهسڵی کاری خۆمان ناگهینه یهک و پێکهوه نین، له سهر فهرع و وردهکاری ههر ناکرێ. به رای من جالییهی باکور مشورێکی زیاتری لهم روانگانهوه ههیه بهڵام لهوانیش را دیاردهیهکی بهرچاو له رووی کاری لۆبییهوه نابیندرێ، ئهوان زییاتر لهبهشهکانی دیکهی وڵات گێرودهی رێکخراوی سیاسی خۆیانن، ئهگهر کارێکی نهتهوهیش بێته پێش ئهنجام و ئامانجهکهی ههر بۆ دهسهڵاته رێکخراوهییهکهیه.
کهمال چۆمانی: چۆن له داهاتووی کوردستان ئهڕوانن، ئایا کوردستان له داهاتووی رۆژههڵاتی ناویندا دهوڵهتێکی سهربهخۆ دهبێت، ئهی پێتانوایه رۆژههڵاتی کوردستان به چ ئاقارێکدا دهڕوات. ئهی ئهو دهسکهوتهی باشوورت لاچۆنه؟
ئهمیری قازی: پێکهاتنی دهوڵهتێکی سهربهخۆی کوردی، ئهمرێکی حهتمی و مسۆگهره. ئهوهندهیه کهوتۆته درهنگ و زوویی. ئهگهر ئهو کییانه نهتهوهییه به ئێمه و به جیلی ئێمهش نهکرابێ، داهاتوویهکی روون و بهرچاوی ههیه. ئێمهی مردوو دهڕۆیین، نهسلی زیندوی داهاتوو له نهتهوهی ئێمه، ئهو ئهرکه به ئهنجام دهگهیهنێ، بهند و داو دهپسێنێ. رۆژههڵاتی کوردستان له روانگهی منهوه وهک گڕکانێکی ئاگر دهچێ، له بهرههمی زوڵم و زۆرداری کۆماری ئیسلامی ئێران، ههر قوڵت دهدا، ماوه کونێکی تێبکرێ، بهڵام ئهوانهی دهبێ یا دهبوو کهلێن و کونی تێبکهن و بۆ ئهو مهبهسته ههموو بهگشتی کۆشا بن و هاودهست بن، نین و ههونین. هیواو هومێد ههر له نێوخوی خهڵک و وڵاتدایه. دهسکهوتی باشووری کوردستان دهسکهوتێکی نهتهوهییه، دهروازهیهکه بهڕووی خهڵکی ئێمه دا کراوهتهوه. ههرچهند رووی لهوه نییه وهک دهبوو ببێ نییه، بهڵام دیسانیش سهرهڕای گهلێک نهزانم کاری له دهسهڵاتی سییاسیی ئهوێدا، ئاڵقهیهکه بۆ دهست پێوهگرتن له پێناو داهاتوویهکی رووناکتر و گهشتردا.
chomani_85@yahoo.com