په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٢\٢٠٢٢

ئەم کوشتارگەیە راگرن!!


ئەرسەلان مەحمود    


مرۆڤ لەخۆیدا، بوونەوەرێکە شکۆمەند، لەهەر کوێ ئەو شکۆیەی بشکێندرێ یان بکەوێتە ژێر هەڕەشەو مەترسییەوە، دەبوو پەنا بەرێتە بەر یاسا، بەڵام کاتێ ئەمە ڕوناداو لەجێگەیدا خۆی دەبێ بەحاکم و حوکم ئەداو ئەکات، نیشانەی ئەوەیە، یاسا لەو شوێن ژینگەیەدا، نەبووە بەفەرهەنگ و نەیتوانیووە خۆی هاوسەنگ ڕابگرێ و ببێت بەجێگرەوە.

ئەوەی یاسا دەکا بەفەرهەنگ، ئەوەی بەرکارو چەسپاوی دەکاو هاوسەنگ ڕایدەگرێ، کێیە، چییە؟ ئەمە هەرگیز بەدەزگەو دامەزراوەی نەرێتپارێزو خێڵەکی، بەحەزی مەزهەبگەرایی و سوننەتی، بەوانە نایەتەدی و ناکرێ و ناچەسپێ لەخۆیاندا ناهاوسەنگ و عورفین.

هەموو کاردانەوەیەک بەرامبەر بەشکۆ شکێنەری گەر بکەوێتە دەرەوەی یاسا، عەقڵیەتێکی نەرێتگەراو خێڵەکی لەپشتە، گرتنە بەری هەر جۆرە ڕێوشوێنێک بەهەر ئامانج و لەژێر هەر بیانوێکدابێ، گەر بکەوێتە دەرەوەی ڕێوشوێنە یاساییەکانەوە، ئایدیاو هێزی مەزهەبی و سوننەتگەرایی لەپشتییەوەیەتی!!

حکومەت کارتۆنە مۆزێکەو لەو گۆڕەی کەتییە، کاتێ خەڵک متمانە ناکەن سەروەت و سامانەکەیان بخەنە بانکەکانییەوە، باڵۆنێکەو هەوا کردو، کاتێ خەڵک لەبری دەزگەو دامەزراوە ئەمنی و دادوەرییەکان، خۆیان دەبنە حاکم و ئەوانی تر مەحکوم دەکەن!!

مرۆڤ، بۆیە یاساو دەستورو سیستمە مرۆییەکانی داهێناوە، تا لەڕێگەیەوە سەرو ماڵ و موڵک و ماف و ئازادی تاک و هەمووان بەیەکەوە، لەدەست یەکتر بپارێزرێت، ئاخر خۆ ئەوەی مرۆڤ بەمرۆڤ و سروشت و ژینگەی کردوەو دەکات، هەرگیز با بەدەواری شڕی نەکردوە!

راستە حکومەت نەدەتوانێ و نەکاری ئەویشە لەناو هەر خێزان و بەدوای هەر تاکێکەوە، سەربازو کارمەندێکی پارێزەر دابنێ، تا نەهێڵی لەدەرەوەی یاسا بجوڵێتەوەو حوکم بدات، بەڵام خۆ دەتوانێ ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتی و دامەزراوەیی خۆی بکات، خۆ دەتوانێ تاوانباران لەهەر بەرگ و ڕەگ و جێگەو پێگەیەکدابن ڕاپێچی بەردەم یاسا بکاو بەتوندترین شێوە سزایان بدات، خۆ دەتوانێ لەبری یاساڕێژ کردن و یاسا ریز کردنی مۆدێرنە، یاساگەلێک بەرکارو جێبەجێ بکات خۆشگونجاون لەگەڵ ژینگە کۆمەڵایەتییەکەدا.

کۆمەڵگە، تاکی هەبێ بەڵام یەکەی دەستەجەمعی و خێڵ حوکمی بەسەردا بکا، گەنجی هەبێ بەڵام ناچار بەوە بکرێ وەک باوانی بیر بکاتەوەو بدوێ و ڕەفتار بکات، حزبی هەبێ عەشرەت حوکم و ئاڕاستەی بکات، حکومەتی هەبێ حزب گەمارۆی بدات، دادگەی هەبێ و کاروباری کۆمەڵایەتیش، دامەزراوەی قەزایی هەبێ و لیژنەی فتواش، جا چنا مرۆ گەر بییەوێ دەتوانی هەزارەها جۆرە ئەدگارو ئاکاری لەو جۆرە پاسیڤ ڕیز بکا، ئێ دەی لەوە دۆخێکدا هەر ئەوە درەو دەکەی چێندراوە!!

ئەم کوشتارگە مرۆییە راگرن، خێرتان دەگا!! ئەم دۆزەخەی بەناوی جیاو بیانوی جیاوزەوە، لەدەرەوەی یاسا داخراوە، هەر گیانی ئێمەومانێ نا، بڕواتان هەبێ هەزار هێندەی تر کۆشکەکانتان هەور بڕو لوت لەئاسمان بن، دواجار ئاگرەکەی دەگاتە ئێوەو ئێوەش دەخوات!!

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک