٢٨\٩\٢٠١٧ ئەم پارە جوانە بۆ دەدەی بە کاغەز؟
ھەر جارێک دایکم بچوایە بۆ بازاڕ پەرتووک و رۆژنامە و گۆڤاری دەھێنا لەگەڵ خۆی، وردە وردە پەرتووکخانەکەمان پەرتووکەکانی زیادی دەکرد و گۆڤار و پەرتووکەکانی منیش کە تایبەت بوون بە منداڵان زۆر بوو بوون.
رۆژێکیان دایکم ھەر لە دەرگای دەرەوەوە بانگی کردم سێوان سێوان وەرە ئەم پەرتووکانە ببەرە ژوورەوە، کە چووم کۆمەڵێک پەرتووکی بۆ من ھێنا بوو، باوکم جگەرەکە بە دەستیەوە بوو وتی: ھا ژنەکە دیسان پەرتووک، ئەوە پێم ناڵێی ئەم ھەموو پارە جوانە بۆ دەدەی بە کاغەز؟! بۆ نایدەی بە شتێکی تر؟
دایکیشم دەستێکی برد بۆ جگەرەکەی و وتی: ئەرێ پیاوەکە تۆش پێم ناڵێی ئەم پارە جوانە بۆ دەدەی بە جگەرە و ئەو دووکەڵە دەکەی بە سەر و سنگی خۆت و ئێمەشدا؟ بۆ نایدەی بە شتێکی تر.
باوکم ماوەیەک بێدەنگ بوو تەماشایەکی جگەرەکەی کرد و کەمێک کۆکی. ئیتر دایکم بە نەرمی وتی: پیاوەکە من ئەو رۆژنامە و گۆڤار و پەرتووکانەی کە دەیانکڕم ھەر ھەموومان سوودێکی زۆری لێ وەردەگرین لە گشت روداو وگۆڕانکارییەکان ئاگادار دەبین،بزانیاریی نوێ و ھەمەڕەنگ و چیرۆک و ھۆنراوە و بەسەرھات و گەلێک شتی تری لێوە فێر دەبین، بە ھەناسەیەکی قوڵەوە ژیان دەبینین، تۆش ئێمەیش و خۆیشت بەو دووکەڵە بێتاقەت کردوە و بۆنێکی ناخۆشیشت بەرداوە لە ماڵەکە و بە ھەناسەیەکی تەسکەوە ژیان دەبینیت، ئەوە نەخۆشیش لەولاوە بوەستێت.
منیش بە پێکەنینەوە بابەتێکم لەسەر زیانەکانی جگەرەکێشان لە یەکێک لەرۆژنامەکاندا بۆ خوێندەوە.. ئیتر باوکم تەماشایەکی ئێمەی کرد و پاکەتە جگەرەکەی بە ھەردوو دەستی وردکرد و خستیە سەتڵی خۆڵەکەوە.. وتی:
بەڵێن بێت ئیتر لەمەو دوا جگەرە نەکێشم و ئەو پارەیەی کە دەمدا بە جگەرە دەیدەم بە پەرتووک و رۆژنامە و گۆڤار تا بە ھەر ھەموومان پەرتووکخانەکەمان پڕ بکەین لە پەرتووکی بە سوود.
منیش چوومە پێشەوە لێی و ئەملا و لای باوکمم ماچ کرد، ئەویش ماچی کردم وتی: ئیتر لەمەودوا بۆنی ناخۆشی جگەرەم لێ نایەت و ئەو دووکەڵە پیسەش ناکەم بە سەر و سنگی ئێوەدا.
|