١٥\٧\٢٠١٠
ئه‌مڕۆی فه‌رهه‌نگ
و ڕه‌وشه‌نبیری کورد.
دیداری ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
سازدانی: ڕابه‌ر فاریق
رابه‌ر فاریق: ڕۆشنبیرانی کورد
توانیویانه به که‌ره‌سته‌ی مۆدێرن و چه‌مکه جیهانییه‌کان دۆخی گشتیی
ئیسته‌ی کوردستان بخوێننه‌وه و قه‌یرانه‌کان به‌ره‌و چاره‌سه‌ر به
کێش بکه‌ن؟
ئه‌مجه‌د
شاکه‌لی: دۆزی گشتیی ئێستای کوردستان، یان هه‌ر جڤاکێکی دیکه‌ی
ئه‌م جیهانه، ته‌نێ به که‌ره‌سته‌ی نوێ و چه‌مکی جیهانی ناخوێنرێنه‌وه
و به‌ره‌و چاره‌سه‌ریش نابرێن. له نێوان جڤاکه‌کاندا کۆمه‌ڵێک شتی
هاوبه‌ش و لێکچوو هه‌ن، لێ سه‌د له سه‌دیش وهکیهک نین. تۆ ناتوانێت
ته‌واوی که‌ره‌سته و چه‌مک و فه‌لسه‌فه و ئیدیۆلۆگی و دیدێکی گه‌وره
فیلۆسۆفانی سیاسه‌ت و کۆمه‌ڵناسی و ئابووریزانانی فرانسی، یا ئینگلیزی
و ئه‌ڵمانی، که بۆ جڤاکه‌کانی خۆیان به‌کاربراون و ده‌ستیانداوه و
ده‌ستده‌ده‌ن، بهێنیت و ڕێک به ڕاسته و میللیمیتر به سه‌ر جڤاکه‌کانی
سۆمال، چین، ڕواندا، ئه‌فغانستان، یا کوردستاندا بیانسهپێنیت و به‌و
پێوه‌رانه کێشه و قه‌یرانه‌کانیان چاره‌سه‌ر بکه‌یت. ساڵانێک کۆمه‌ڵگه
ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان و وڵاتانی ئیسلامی و کوردستانی خۆشمان، به بێ ئه‌وه‌ی
چ پێشه‌سازی و پێشکه‌وتنی ئابوورییان به خۆیانه‌وه بینیبێ، یا چینێکی
کارگه‌ری به‌هێزیان تێدا په‌یدا بووبێت، یا چینی بۆرژوازی و سه‌رمایه‌داریی
گه‌یشتبنه پله‌ی ئه‌وه‌ی، که له ڕۆژاوادا وه‌دی ده‌کران و هه‌بوون و
ژیانی کۆمه‌ڵگه و وڵات و مرۆڤیان داگیر کردبوو، یا ئاگایی مرۆڤی ئه‌و
وڵاتانه و ڕاده‌ی هزرین و دیدیان، نه‌ک ته‌نێ هی خه‌ڵکه هه‌ژار و چه‌وساوه
و بنده‌ست و وه‌رزێر وڕه‌شایی و کارگه‌ره‌که، ته‌نانه‌ت هی خه‌ڵکه
ڕووناکبیر و خوێندووهکهش، گه‌یشتبێته ئاستی وه‌لانانی ئاوه‌ز و بیر
و شێوه‌ژیانی خێڵ و تیره و ڕه‌وه‌ندایه‌تی و شوانکاره‌یی و سه‌ره‌تاییترین
جڤاکی کشتوکاڵیی، باس له گۆڕینێکی توند و ڕاسته‌وخۆ و به تۆبزی ده‌کرا،
بۆ دامه‌زراندنی سیستمێکی سیاسیی وه‌ک ئه‌وه‌ی له سۆڤیێت و چین هه‌بوون،
هه‌رچه‌نده ئه‌و جڤاکگهلهش بۆ خۆیان، به پێچه‌وانه‌ی تیۆرییه‌که‌ی
مارکسه‌وه، بووبوونه وڵاتگه‌لێکی سۆسیالیستی. یه‌مه‌ن نموونه‌یه‌ک
بوو له ڕۆژهه‌ڵاتی ئیسلامی و عه‌ره‌بی و خۆرهه‌ڵاتی ناڤین‌دا، ئه‌ویش
خۆی ڕانه‌گرت و هه‌ڵوه‌شایه‌وه. ئه‌فغانستانیش، نموونه‌یه‌کی دیکه
بوو له‌و ده‌ڤه‌ردا، ئه‌ویش، ڕێک وه‌ک عیراق، که چۆن له 2003دا، به
تانکی ئه‌مه‌ریکی "دیموکراتی" بۆ برا، به سه‌ره‌نێزه و تانکی سۆڤیێت،
سیستمی کۆمۆنیزمی بۆ برا، بۆیه ئه‌ویش خۆی ڕانه‌گرت. دیاره من خۆڕانه‌گرتن
و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌و تێزانه، به خۆڕانه‌گرتن و لاوازیی تێز و
تێۆریی مارکسیزم و کۆمۆنیزم نازانم، چونکه پێموایه ئه‌و کاته‌ی که
موڵکییه‌تی تایبه‌تی نامێنێت و سه‌رمایه‌داری وه‌ک سیستم هه‌ره‌س دێنێ،
که ئه‌وه ئامانج و مه‌به‌ستی سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمه، ئه‌و کاته ئیدی
مرۆڤ له کۆت و به‌ندی دارایی و سامان و مادده ڕزگار ده‌بێ و وه‌ک
مرۆڤ به‌ها و بوونی خۆی تێده‌گات و ده‌دۆزێته‌وه، ئه‌وه‌ش کۆمۆنیزم و
ئه‌نارکیزم وه‌دی ده‌هێنن. هۆکاری تێداچوونی ئه‌و ڕێژیمانه یا سه‌رنه‌که‌وتنیان،
من، له به خراپ تێگه‌یشتن و خراپ خوێندنه‌وه و چه‌وت ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه
و مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ڕه‌وش و واقیعی ئه‌و کۆمه‌ڵگه و وڵاتانه‌دا ده‌یبینم،
ده‌نا من له‌و بڕوایه‌دام، که پیاده‌کردنی سۆسیالیزم و یه‌کسانی و ده‌دوه‌ری
له جڤاکگه‌لێکی وه‌ک ئه‌وانه‌ی ئێمه‌شدا ده‌کرا و ده‌کرێ و کارێکی نه‌کرده
نییه. ده‌کرێ تۆ چه‌مک و که‌ره‌سته‌ی نوێ بکه‌یته ده‌سگر و چاویلکه
و چوارچێوه، بۆ خوێندنه‌وه‌ی واقیعی کوردستان، به‌ڵام تۆ ناتوانێت
ڕێک وه‌ک ئه‌و که‌ره‌سته و چه‌مکانه واقیعه‌که لێکبده‌یته‌وه و
بخوێنیته‌وه. تۆ ئه‌گه‌ر به‌و که‌ره‌سته و چه‌مکانه‌ش واقیعی
کوردستانت خوێنده‌وه، ئه‌گه‌ر نه‌گه‌یته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی، که گه‌ره‌که
ئه‌و واقیعه بگۆڕیت، که‌ره‌سته و چه‌مکه‌کانی به‌کارت بردوون، چ بایه‌خێکیان
نامێنێت. گرنگ گۆڕینی ئه‌و واقیعه چه‌قبه‌ستووه بهستهڵهکئاسایهیه،
من مه‌به‌ستم واقیعه هزری و جیهانبینییهکهیه.
ڕۆشنبیری کورد، گه‌لێ جار، دوای لێشاو و قه‌ره‌باڵغیی جیهانگه‌ری و
بازاڕی ئازاد و نۆلیبرالیزم که‌وتووه، پێیوایه، به جه‌ختکردنه‌وه
له‌سه‌ر ئه‌و چه‌مکانه و گوتنه‌وه‌یان و خۆهه‌ڵواسین پێیاندا، ئیدی ده‌رگای
هه‌موو گۆڕان و هه‌موو تازهییهکانی جیهان له‌به‌رده‌میدا واڵا ده‌بێ.
که‌سانێک تا دوێنێ، که ده‌یانویست کوردستان بکه‌ن به کۆپێیه‌کی
سۆڤیێت، یا چین، یا ئه‌لبانیا، ئه‌وڕۆ ئه‌وانن، کوچک له ئاگر گه‌رمتر،
بانگاشه‌ی سه‌رمایه‌داری و بازاڕی ئازاد ده‌که‌ن. ئه‌وێ ڕۆژێ به که‌ره‌سته
و چه‌مکی مارکسیزم، باسیان له گۆڕینی کوردستان و کۆمه‌ڵگه‌ی کورد ده‌کرد،
ئه‌مڕۆ به نۆلیبرالیزم و بازاڕی ئازاد و سه‌رمایه‌داری و کۆمپانیا و
مه‌یخانه و قومارخانه و سیتی و مۆڵ و بهرزههوتێل، گه‌ره‌کیانه
جڤاکی کورد بگۆڕن، که ئه‌وه گۆڕین نییه، به‌ڵکه ته‌نێ گیرفاپڕکردن
و لاساییکردنه‌وه‌یه. بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یران و کێشه‌کان، هیچ جۆره چه‌مک
و ئامراز و که‌ره‌سته‌یه‌کی سیحرامێز نییه، که بتوانێت ده‌سبه‌جێ و
یه‌کودوو، کێشه نه‌هێڵێت و قه‌یران له‌ناو ببات. گه‌وره ڕووناکبیرانی
کوردیش، ئه‌گه‌ر هه‌بووبن یا هه‌بن، وه‌ک به‌شێک له ڕووناکبیرانی
جیهان، هه‌رگیز ڕێبه‌ریه‌تیی بزاڤی جڤاکیی سه‌رکه‌وتوویان له کۆمه‌ڵگه‌ی
کوردستاندا نه‌کردووه و به‌وه‌ش، ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که، هادی
ئه‌لعه‌له‌وی(هادی العلوی) گوته‌نی:" ڕووناک‌بیری گه‌وره له هه‌مان
کاتدا سیاسییه‌کی دۆڕاوه" با چه‌مکی جیهانی و ئامرازی نوێیش به‌کار
ببه‌ن.
رابه‌ر فاریق: باشه که چه‌مک و ئامراز
و که‌ره‌سته‌کان نه‌توانن ده‌سبه‌جێ، یان به شێنه‌یی و قۆناغ به
قۆناغ قه‌یرانه‌کان له نێو ببه‌ن، یان به‌ره‌و چاره‌سه‌ر به کێشیان
بکه‌ن، ئه‌دی چی ده‌توانێ، یان کۆمه‌کمان ده‌کا؟ ئه‌مه به نیسبه‌ت
دۆخی گشتیی کوردستان. ئه‌گه‌ر ئه‌م دۆخه بکه‌ینه تایبه‌ت و بپرسین،
ئه‌دی له هه‌مبه‌ر پرسه فه‌رهه‌نگی و ڕۆشنبیرییه‌کانی خۆیاندا چی‌یان
کردووه، چی ده‌بێژی؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: له‌نێوبردنی قه‌یران و
چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی جڤاک، ته‌نێ به چه‌مک و که‌ره‌سته و
ئامرازی نوێ ناکرێن و ته‌نێ ئه‌وانه مه‌رج نین بۆ گۆڕین، به‌ڵکه پێش
هه‌ر شتێک به خه‌ڵک، به مرۆڤ ده‌کرێن. مرۆڤیش پێش هه‌ر شتێک هۆشه،
ئاوه‌زه، هزره، ئه‌وانه‌ش له زه‌وینه و که‌ش و ژینگه‌یه‌کی ئازاد‌دا
سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، مه‌به‌ستم زه‌وینه و ژینگه‌ی مێشکی مرۆڤ خۆیه‌تی.
مرۆڤ، تا مێشکێکی کراوه‌ی به ڕووی هه‌موو بیر و دیدیکی ئازاد‌دا نه‌بێت
و گومان له هه‌موو ڕاستی و جێگرتوو و چه‌سپاوییه‌ک نه‌کات و هه‌موو
دیارده و په‌یڤ و وشه و هزر و فه‌لسه‌فه و جیهانبینییه‌ک نه‌خاته
ژێر پرسیاره‌وه، ناتوانێت خۆی به خودانی مێشکێکی کراوه و ئازاد
بزانێت، وه‌ها مێشکێکیش، مێشکێکی داخراو، هه‌رگیز ڕه‌ها نابێت و ئاوه‌ز
و هۆش و هزری گۆڕینوهدیهێنهر وه‌به‌رهه‌م ناهێنێت. که‌واته ڕه‌هابوونی
مێشک، ڕه‌هابوونی بیرکردنه‌وه دێنێته ئاراوه و به‌وه‌ش ڕه‌هابوونی
هۆش و هزر دێته گۆڕێ، ئیدی ئه‌وده‌م ئه‌و مرۆڤه هۆشیاره هزرمه‌نده
ئاوه‌زداره توانستی قه‌بووڵکردن و به‌کاربردنی هه‌موو جۆره چه‌مک و
ئامراز و که‌ره‌سته‌یه‌کی نوێی لا په‌یدا ده‌بێ و به شێوه‌یه‌کی دروست
به‌کاریان ده‌بات. باسی نوێبوونه‌وه له ئه‌ده‌ب و فه‌رهه‌نگی نه‌ک هه‌ر
کورد، به‌ڵکه فارس، عه‌ره‌ب، تورک، به‌نگالی، هیندی، ئه‌مازیغی و...بنه‌مایه‌کی
خۆیی و خۆڕسکی نییه و به کاریگه‌ریی ڕۆژاواوه گه‌یشتووه‌ته نێو ئه‌و
جڤاکانهوه. ئێمه که بڕوامان به تێکه‌ڵاوی و کارلێکردن و دان و
ستاندن و گۆڕینه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگه‌کانی جیهان هه‌بێت، تا ڕاده‌ی به‌یه‌کبوونی
فه‌رهه‌نگ، ئه‌وده‌م کاریگه‌ریی ڕۆژاوا کارێکی سروشتییه، لێ ئه‌وه‌ی
ده‌بێ بگوترێ ئه‌مه‌یه: ئه‌و نوێبوونه‌وه‌یه له ژینگه و که‌شێکی
کوردی‌دا بۆ خۆی دروست نه‌بووه. نوێبوونه‌وه له فه‌رهه‌نگدا، له
گۆڕینی کۆمه‌ڵگه‌وه په‌یدا ده‌بێ. له گۆڕینی پێوه‌نده جڤاکییه‌کان و
گۆڕینی ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و پیشه‌سازی و ژێرخانی ئابووری و که‌شی
سیاسی و ته‌واوی ئه‌وانه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌دات و به‌نده به‌و ژینگه‌یه،
که مرۆڤی تێدا ده‌ژی. مرۆڤ زاده‌ی ژینگه جڤاکییهکهیهتی به خێزان
و هۆز و چین و توێژ و ده‌وروبه‌رییه‌وه. به هۆش و ئاوه‌زێکی شوانکاره‌یی
و خێڵه‌کی، نوێبوونه‌وه وه‌به‌رهه‌م نایه‌ت. خۆراوا، دوای شکاندنی هه‌موو
دیوار و بازنه‌کان، که چوارده‌وری هزریان ته‌نیبوو، هزریان ئازاد کرد،
ئیدی ڕه‌هابوونی هزر، ته‌واوی نوێبوونه‌وه‌کانی له بواره جیاوازه‌کانی:
ئایین، که‌له‌پوور، جڤاک، زمان، ئازادی تاک، کۆمه‌ڵگه، ئازادی گه‌ڕان
و گه‌شت و منه‌کردن و پشکنین، ئازادی پرسیار و ڕامان، ئازادی ڕاده‌ربڕین،
مرۆڤ، باسی خوا و فه‌رهه‌نگی، وه‌دووی خۆدا هێنا. مارکس، فێرمان ده‌کات،
که هێزی نوێبوونه‌وه، تازه‌گه‌ری، به گوێره‌ی دیالێکتیک، له کۆڵه‌که
و پایه و بنه‌ماکانی بزاڤی مێژووه. نوێبوونه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگ به هه‌موو
به‌شه‌کانییه‌وه، شتێک نییه به‌ده‌ر و دابڕاو، له نوێبوونه‌وه و
گۆڕینی جڤاک، له بواره‌کانی سیاسی و ئابووری و هه‌موو لایه‌نه‌کانی
دیکه‌ی ژیان. ساڵانی 1970کانی سه‌ده‌ی پێشوو، فه‌رهه‌نگی کوردییش، به
چیرۆک و شیعر و شانۆ و په‌خشان و شێوه‌کاری و...گۆڕانێکی به‌خۆیه‌وه
بینی و ته‌کانێکی دا، ئه‌ویش تۆ ناتوانی بێژی، که هه‌روا و له خۆڕا و
بێ پێشینه و به بڕیارێک، وه‌ها کارێک ئه‌نجام درا، نه‌خێر، هه‌رچه‌نده
ئه‌وه‌ی کورد، به کاریگه‌ریی ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی و شیعر 69ی ئه‌دۆنیس و
به‌یانه شیعرییه‌که‌ی فازیل ئه‌لعه‌ززاوی(فاچل العزاوی) و...بوو، لێ
ئه‌وده‌مه، جیهان به گشتی، به شه‌پۆلێک گۆڕاندا تێپه‌ڕی و تێده‌په‌ڕێ
و ژان ده‌یگرت و ده‌هه‌ژا. ئه‌وده‌م، بزاڤی چه‌پ و مارکسیزم، ماویزم و
شۆڕشه فه‌رهه‌نگییه‌که‌ی چین، جیهانیان ته‌نیبووه، ئه‌وده‌م گیڤارا
ڕابوو و شۆڕشی گه‌یانده لوتکه و به شه‌هیدبوونیشی مێژووی هه‌تاهه‌تایی
پێکنه‌هاتنی چه‌وساوه و چه‌وسێنه‌ری دروستکرد و بوو به چرایه‌ک بۆ
ڕۆشنکردنه‌وه‌ی ڕێگه‌ی مرۆڤایه‌تی به‌ره‌وه جیهانێکی سۆسیالیستیی بێ
چێن و بێ چه‌وسانه‌وه و پیرۆزیی دایه به‌ها و بیروباوه‌ڕه‌کانی، که
ئاواتی ته‌واوی گشت چه‌وساوانی جیهانی وه‌خۆ گرتبوو. ئه‌وده‌م
خوێندکارانی فرانسا دژی سه‌رمایه‌داری و نادادی و ناڕه‌وایی و بۆ
ئازادی، هه‌موو ئازادییه‌ک، ڕابوون. ئه‌وده‌م ڕووناکبیرانی عه‌ره‌ب،
گۆمه مه‌نگه وه‌ستاوه‌که‌ی فه‌رهه‌نگی عه‌ره‌بییان شڵه‌قاند. کوردیش،
یا ڕاستتر، ڕووناکبیر و لاوانی کورد، وه‌ک زایه‌ڵه‌یه‌ک به دوای ئه‌واندا
و به چاولێکه‌ریی ئه‌وان، نووزه‌یه‌کیان لێوه‌هات و جووڵه‌یه‌کیان کرد
و که‌وتنه پرسیارکردن و گومان و عه‌وداڵی ڕاستییه‌کان بوون و وه‌دووی
چاره‌سه‌ر و وه‌رامدا، که‌وتنه هه‌نگاونان. مرۆڤی کوردستانیی به هه‌زار
دا‌و و کۆتی دزێوه‌وه، توند شه‌ته‌ک دراوه و سه‌رخانه هزرییه‌که‌شی،
سه‌رخانی وڵات و جڤاکه‌که‌ی، بۆ خۆی به‌شێکه له‌و کۆت و داوانه و بۆ
خۆی به‌رهه‌مهێنه‌ری کۆت و داوه و بۆ خۆی سه‌پێنه‌ری داخراوییه.
شکاندنی ئه‌و کۆت و داوانه، گه‌ره‌که به سه‌ر لاشه‌ی سه‌رخانه
هزرییهکدا بڕوات،که فه‌رهه‌نگ، به‌شێکی سه‌ره‌کی و گرنگی ئه‌و سه‌رخانه‌یه.
له‌گه‌ڵ هه‌ڵته‌کاندن و گۆڕینی ژێرخانه ئابوورییه‌که، سه‌رخانه‌که‌ش
ده‌گۆڕێ و فه‌رهه‌نگێکی نوێ به‌ره‌به‌ره خۆی ده‌سه‌پێنێت. هه‌رچه‌نده
له بواری فه‌رهه‌نگییشدا، گه‌لێک جاران، چه‌مک و که‌ره‌سته و ئامرازی
نوێ، به‌کار ده‌برێن، لێ هێشتاکه فه‌رهه‌نگی کوردی نه‌یتوانیوه له
ئاست پرسه هزرییه مه‌زنه مێشکخجڵکار و مێشکجووڵێنهر و ههژێنهکاندا،
ڕاشکاوانه خۆ ده‌رخات و بێته مه‌یدانه‌وه. ژینگه‌یه‌کی کراوه و که‌شێکی
ته‌واو ئازاد، که مرۆڤ خۆی تێیدا ببێته سه‌رچاوه‌ی هه‌موو هزر و به‌هاکان،
تاکه مه‌رجێکه بۆ ڕه‌هاکردنی بیر و ئازادی بیرکردنه‌وه و هه‌موو
نوێبوونه‌وه و داهێنانێک.
رابه‌ر فاریق: ڕۆشنبیرانی کورد ده‌زانن
بیر له چی ده‌که‌نه‌وه و له پشت بیرکردنه‌وه‌کانیاندا چ مه‌به‌ستێ
خۆی نواندووه؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: به‌شێکی زۆری ئه‌وانه‌ی
کورد پێیان ده‌ڵێ ڕۆشنبیر، چ جۆره پێوه‌ندێکیان به ڕۆشنبیرییه‌وه
نییه، به‌ڵکه "دابه‌زیوی هوتێلی ڕۆشنبیرین"، دیاره کورد گه‌لێک
جاران جیاوازیی له نێوان ڕووناکبیر و نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌وان و نوشتهنووسدا
ناکه‌ن و ئه‌وه‌ی قه‌ڵه‌می به ده‌سته‌وه بێت و چوار وشه بخاته سه‌ر
کاغه‌ز، ئیدی هه‌مزاغایه و ناوی ڕووناک‌بیری لێ ده‌نێن، نه‌ک هه‌ر خه‌ڵک،
ته‌نانه‌ت بۆ خۆیشی ئه‌و ناوه له خۆی ده‌نێ و به خۆی ده‌ڵێ "مامۆستا"
و له بنه‌وه‌ی ناوه‌که‌ی ده‌نووسن"ڕووناکبیر"، ئه‌و نه‌ک هه‌ر شه‌رم
ناکات به‌ڵکه به‌وه گه‌لێک که‌یفی سازه و بسکه‌ی سمێڵیشی دێت. جاران
له هه‌ولێر، هه‌ر که‌سێک پانتۆڵی له پێ کردبا، پێیان ده‌گوت مامۆستا،
له شامیش به هه‌موو که‌س ده‌ڵێن ئوستاد"استاژ". ڕۆشنبیران، چ له
کوردستان و چ له هه‌ر باژێڕستان و گوندستان و خاکستان و قوژبنستانێکی
ئه‌م جیهانه، هیج کات،گرۆیه‌کی یه‌کڕه‌نگ و یهکهزر و یهکدید و یهکپهرۆش،
پێکناهێنن، به‌ڵکه زۆرجاران هه‌ریه‌که‌یان له ئاوازێک ده‌خوێنێت و
جۆرێک بیر ده‌کاته‌وه. زۆرێک له‌وانه‌ی کورد ناوی ڕووناکبیریان لێناون،
خه‌ڵکانێکن خۆیان به ده‌سه‌ڵاتدا هه‌ڵواسیوه و له‌سه‌ر خوانی ده‌سه‌ڵات
ده‌له‌وه‌ڕێن و په‌سنی ده‌سه‌ڵات ده‌ده‌ن و له خزمه‌تی ده‌سه‌ڵاتدان و
چاویان له‌دووی پاره و پووڵ و گیرفانپڕکردن و سامان و ده‌وڵه‌مه‌ندبوونه
و پاسه‌وانیان به دواوه‌یه‌وه و چه‌کداری حیزب ده‌یانپارێزێ و نۆره‌بڕیی
ڕیزی دۆکتۆر و خوێندنگه و ئه‌له‌کتریک و ئاو و ئازووقه و زانستگه و
ئۆتۆمبیل و زه‌وی و خانوو و باخ و مووچه‌ی خانه‌نشینانه و شه‌هیدانه
و ئه‌نفالانه و سهرکهژانه و نێودۆڵانه و زیندانانه و بندیوارانه
و هه‌موو شتێک، له خه‌ڵکی ئاسایی وڵات ده‌که‌ن و ئه‌گه‌ر پێیان بکرێت
نانی ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه ده‌بڕن، ته‌نێ بۆ ئه‌وه‌ی کیسه‌ی خۆیان پڕ
بێت. ئه‌و جۆره ڕۆشنبیرانه، که‌سانێکن بیرکردنه‌وه و مه‌به‌ستیان
تێرکردنی زگ و به‌رزگ و ئاره‌زووه ئاژه‌ڵییه‌کانی خۆیانه و ئه‌گه‌ر
جاروبارێکیش ده‌م له بابه‌تێک بکوتن و خۆ له قه‌ره‌ی باسێک بده‌ن و
قسه‌یه‌ک بگوڵمێنن، ئه‌وه هه‌ر بۆ مه‌به‌سته تایبه‌تییه که‌سه‌کییه‌کانی
خۆیانه، ئه‌وانه خه‌ڵکانێکی تاریکبیر و خۆفرۆش و مشه‌خۆرن، چونکه
ڕۆشنبیر، که قه‌ڵه‌مه‌که‌ی فرۆشت و بوو به مه‌یموونی ده‌سه‌ڵات و بوو
به زوڕناژه‌نی ده‌سه‌ڵات و حیزب، ده‌کاته ئه‌وه‌ی ته‌نێ بیر له خۆی
ده‌کاته‌وه و ئه‌ویش وه‌ک هه‌ر پاره‌دار و سه‌رمایه‌دار و چاوچنۆکێکی
دی، هه‌ر خۆی مه‌به‌سته. دیاره به‌رانبه‌ر ئه‌و جۆره ڕووناکبیره،
جۆرێکی دیکه هه‌یه، که ڕاستگۆیه و له‌گه‌ڵ ده‌رد و ئازاری خه‌ڵک و
وڵاته‌که‌یدایه و هه‌میشه‌یش هه‌ڵگری چرای ئازادی و ڕزگاری و یه‌کسانی
و دژی چه‌وسانه‌وه‌یه و هانده‌ری گۆڕینه. ئه‌مانه بیر له گۆڕینی
جڤاک ده‌که‌نه‌وه و مه‌به‌ستیانه کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی زیندووی خاوه‌ن ئاوه‌ز
بئافرێنن، که خه‌ڵک به مێشکی خۆی بیر بکاته‌وه و که‌س له بری که‌سێکی
دیکه بیر نه‌کاته‌وه.
رابه‌ر فاریق: له نێو ڕۆشنبیرانی ئیسته‌ی
کوردستاندا کۆمه‌ڵێک گرووپ ئاماده‌ییان هه‌یه، ئێمه ده‌توانین بڵێین
ئه‌مانه بنه‌مایه‌کی ته‌ندروستیان هه‌یه بۆ درێژه‌دان به کاره‌کانیان؟
بۆچی ئه‌م گرووپانه هه‌ر ده‌مێک و که‌سێک وه‌ک (ڕۆشنبیری گه‌وره‌ی
کورد)، یا (شاعیری گه‌وره‌ی کورد) ده‌ناسێنن؟ ئه‌م (گهورهییـ)ـیه ده‌سته‌واژه‌یه‌کی
لۆژیکییه، یان هه‌ڕه‌مه‌کیی؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: خه‌ڵکی جیاواز له نێو
ڕووناکبیرانی کوردستاندا هه‌ن، به‌ڵام که‌مجاران وه‌ک ده‌سته و گرۆ
ئاماده‌ییان هه‌بووه. سه‌رده‌مانێک ڕوانگه‌ییه‌کان و سه‌رده‌مانێک
مارکسیسته‌کان و سه‌رده‌مانێک بوونگه‌راییه‌کان (وجوودییه‌کان) و سه‌رده‌مانێک
ڕه‌هه‌ندییه‌کان و پۆستمۆدێرنیسته‌کان هه‌بوون و هه‌ن. بوونی ئه‌م جۆره
گرۆیانه دیارده‌گه‌لێکی ناساغ و ده‌رده‌دار و نه‌خۆش نه‌بوون و نین،
به‌ڵکه به پێچه‌وانه‌وه، دیارده‌ی له‌شساغی و گه‌شیی و ئافراندن
بوون و هه‌ن. فه‌رهه‌نگ و هزر، به فره‌ڕه‌هه‌ندی و جیاوازی و گه‌نگه‌شه
و فره‌ڕه‌نگیی، بنه‌مایه‌کی ته‌ندروست بۆ جڤاکێکی ته‌ندروست و زیندوو
ده‌سازێنێت. ئه‌وه‌ی، که به که‌سێک بگوترێ "ڕۆشنبیری گه‌وره‌ی کورد"
یا "شاعیری گه‌وره‌ی کورد"، هه‌رگیز ده‌سته‌واژه‌یه‌کی لۆگیکی نییه و
زۆریش ناڕاسته. ئه‌م ڕۆشنبیری گه‌وره و شاعیری گه‌وره‌یه، هه‌ر له
فه‌رهه‌نگه‌لێکی به‌جێماوی وه‌ک فه‌رهه‌نگی کورددا وه‌دی ده‌کرێ و
زۆرجاران حیزب دروستی ده‌کات و به گوێی خه‌ڵکیدا ده‌دات. چما
ڕووناکبیر و شاعیر پله‌ی لهشکریین، که له مولازیمی دووه‌مه‌وه
ببنه مولازیمی یه‌که‌م و له مولازیمی یه‌که‌مه‌وه ببنه نه‌قیب و
له نه‌قیبه‌وه ببنه ڕائید و له ڕائیده‌وه ببنه موقه‌دده‌م و له
موقهددهمهوه ببنه عه‌قید و دواتر عه‌مید و لیوا و فه‌ریق و مارشاڵ
و... تا دوایی! تۆ ئه‌گه‌ر نازناوی "ڕووناک‌بیری گه‌وره"ت دایه فڵان و
"شاعیری گه‌وره"ت دایه فڵانی دیکه، ئه‌دی ئه‌و ڕووناکبیر و شاعیره‌کانی
دیکه چی لێ ده‌که‌یت و چ پله‌یه‌کیان ده‌ده‌یتێ! خۆ ناشێ ناوی "ڕووناک‌بیری
بچووک" و "شاعیری بووده‌ڵه" و "ڕۆشنبیری خوێڕیله" و "چیرۆک‌نووسی گه‌مژه"یان
لێ بنێی. ڕووناکبیر له جیهان و ته‌مه‌نی مرۆڤدا زۆربوون و زۆرن، به‌ڵام
کامیان هێنده‌ی ڕێبه‌رانێکی وه‌ک عیسای مه‌سیح و په‌یامبه‌ری ئیسلام و
ئیمام عه‌لی و فیلۆسۆفێکی وه‌ک مارکس، نۆره‌یان له‌سه‌ر هزری مرۆڤ
بینیوه و خه‌ڵکیان به خۆوه سه‌رگه‌رم کردووه و خه‌ڵکیان وه‌دووی
خۆدا بردووه! من به پێچه‌وانه‌ی زۆری دیکه‌وه، که ته‌نێ وه‌ک
بانگده‌ر و بانگه‌شه‌کارێک سه‌یریان ده‌که‌ن، عیسا و موحه‌ممه‌د و عه‌لیم،
بێجگه له ڕێبه‌ریه‌تی پێ ڕووناکبیریشن، ئه‌وان ڕوونابیرگهلێکی
جڤاکین، که له‌نێو کۆمه‌ڵگه‌دا ژیاون و کرده‌ی گۆڕینی جڤاکیان به ئه‌رکی
خۆیان زانیوه و پیاده‌یان کردووه. تۆ نا‌توانیت ته‌نێ ئه‌وان به گه‌وره
و کهڵهڕووناکبیر بزانیت و پله‌ی مارشاڵیان بده‌یتێ و هیگڵ و برترهند
ڕه‌سڵ و سارتر و ئیدوارد سه‌عید بسڕیته‌وه یا پله‌ی مولازیمی دووه‌میان
بده‌یتێ. ڕووناکبیر یا شاعیر هه‌ریه‌که و له بوارێک‌دا ڕه‌نگه پێشه‌نگ
بێت، لێ له هه‌مان کاتدا ڕووناکبیرێکی دیکه و شاعیری دیکه‌ش هه‌ن، که
به جۆرێکی دیکه پێشه‌نگن. به‌شینه‌وه‌ی ئه‌و نازناو و گه‌وره‌ییانه،
نه ڕووناکبیر و نه شاعیر، ناکاته پله یه‌ک و گه‌وره‌ییان پێ نابه‌خشێت،
ئه‌گه‌ر بۆ خۆیان، به به‌رهه‌م و هزر و داهێنانه‌کانیان، گه‌وره نه‌بن!
ڕووناک‌بیری ڕاسته‌قینه و گه‌وره، که‌سێکه داهێنه‌ر، که‌سێکه
پێشبینی ده‌کات و داهاتوو ده‌خوێنێته‌وه و ده‌بینێت، ئایا له نێو
کورددا، له‌و جۆره ڕووناکبیره هه‌یه؟ ئه‌گه‌ر هه‌شبێ، گه‌لێک ده‌گمه‌نه
و له‌به‌ر "ڕووناکبیرانی" مشه‌خۆر و کاسه‌لیس، که‌متریش وه‌به‌رچاوان
ده‌که‌وێ.
رابه‌ر فاریق: که‌سانێک هه‌ن زۆر به
داخراوه‌یی و سانایی پێکهاته و لایه‌نه‌کانی مه‌جازیی ده‌ق هه‌ڵده‌سه‌نگینن،
به واته‌یه‌کی تر: ته‌نیا ده‌ڵێن (ئه‌م ده‌قه جوانه)، (ئه‌م ده‌قه
ناشیرینه)، به بێ ئه‌وه‌ی بپرسن: بۆچی جوانه؟ بۆچی ناشیرینه؟
هۆکاری ئه‌م جۆره هه‌ڵسه‌نگانانه بۆ چی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: نه‌ک هه‌ر ده‌ق، به‌ڵکه
هه‌موو نووسینێک، داهێنانێک، دیارده‌یه‌ک، ڕووداوێک، بۆچوونێک یا هه‌ر
شتێکی ئه‌م ژیان و جیهانه، که تۆ ده‌یبینی، ده‌یبیسی، ده‌یخوێنییه‌وه،
ئاگات لێیه، که مه‌به‌ست ئه‌وه بێت تۆ بیر و دید و ڕای خۆتی له سه‌ر
ده‌ربڕی، تۆ نا‌توانیت به یه‌ک وشه، جوانه یا دزێوه، باشه یا
خراپه، خۆشه یا ناخۆشه، گه‌ماره یا خاوێنه، هه‌روا سه‌رپێی، وه‌رام
بده‌یته‌وه، به‌ڵکه گه‌ره‌که، هه‌موو لایه‌نه‌کانی ئه‌و گوتنه‌ی خۆت
ڕوونبکه‌یته‌وه و بێژی بۆچی وایه یا بۆچی وانییه. ئه‌وه‌ی هه‌روا
خێرا و بێ هه‌ڵسه‌نگاندن و وردبوونه‌وه و ده‌سبه‌جێ مۆری دزێویی یا ڕه‌نگینیی
به دهقیکهوه بنێ، به تایبه‌ت ده‌قێکی سه‌نگین، پێموایه جۆره په‌له‌کردنێک
له بڕیاره‌که‌یدا هه‌یه، که نیشانه‌ی ته‌نکیی بیرکردنه‌وه و هه‌ناسه‌سواریی
پێوه دیاره. ده‌قی جوان و باش و ده‌قی نه‌باش و دزێو، گرێدراوی
کاریگه‌ری و نۆرهیانن له‌سه‌ر مرۆڤ. ده‌قی جوان، په‌خشکردنی به‌رامه
و ده‌مکردنه‌وه‌ی گوڵه و جووڵه‌یه و بزاوته و نه‌سره‌وتنه و به‌خشینی
شتێکی نوێیه به جیهان و مرۆڤایه‌تی. ده‌قی جوان، شکاندنی به‌سته‌ڵه‌ک
و کردنه‌وه‌ی ڕێچکه‌ی نوێ و کردنه‌وه‌ی ده‌لاقه و ده‌رگای نوێیه.
رابه‌ر فاریق: که‌نگێ ده‌توانین بڵێین ئه‌م
نووسراوه (زاره‌کییه) و ئه‌ویدی به (نووسراوکراو)ه؟ هاوکات ئه‌و ڕه‌خنه‌یه
(بنیاتنه‌ر)ه و ئه‌ویدیکه (ڕوخێنه‌ر)ه؟ ئه‌م دابه‌شکردن و هه‌ڵسه‌نگاندنانه
له چییه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه، هاوکاتیش؛ که‌نگێ و بۆچی ده‌توانیین
ئه‌م پرسیار و پێودانگانه ده‌رببڕین؟ ئه‌گه‌ر پێویستیش نییه باسیان
لێوه بکه‌ین، هۆکاره‌کان کامانه‌ن؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: ئه‌ده‌بی زاره‌کی، ئه‌و
ئه‌ده‌به‌یه، که له‌سه‌ر زمانی خه‌ڵک بووه و ده‌ماوده‌م له نه‌وه‌کانی
پێشووه‌وه گه‌یشتووه‌ته نه‌وه‌کانی دواتر. ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێ
فۆلکلۆر، ده‌که‌وێته ئه‌و خانه‌یه‌وه. لاوێک هه‌ستی خۆی به‌رانبه‌ر
به کچه چاوباشقاڵه جوانکیله‌که‌ی هاوسێی، له چه‌ند وشه‌یه‌کدا، که
جوانیی ئه‌و کچه و حه‌زی ئه‌و لاوه، وای لێکردوون ببنه وشه‌گه‌لێکی
کێشدار و سه‌روادار و جۆره ڕیتم و ئاوازێک هه‌ڵگرن و ببنه شیعر، ده‌ربڕیوه
و ئه‌و شیعره ده‌ماوده‌م بڵاو بووه‌ته‌وه و ئیدی به‌و جۆره ده‌یان و
سه‌دان له‌و شیعرانه خڕبوونه‌وه و له سه‌رجه‌می ئه‌وانه و له‌و
چیرۆکه ئه‌فسانه‌ییانه‌ی، پڕبوون و پڕن له باسی دێ‌و و درنج و جنۆکه
و مێرده‌زمه و چه‌ته و دز و قاره‌مان و جه‌نگگێڕ و هه‌مووده‌م
گێڕدراونه‌وه و له‌و فۆلکلۆره‌ی پێوه‌ندیان به هه‌ندێک بۆنه و نه‌ریت
و ڕێساوه هه‌بووه، وه‌ک: کاروباری کشتوکاڵ و ژیانی ئاوایی و دره‌و و
ساوه‌رکوتان و مانگادۆشین و ئاودێری و بێری و هه‌ندێک بۆنه‌ی ئایینی،
مانه‌ندی ئاهه‌نگی جه‌ژنان و مه‌ولوودنامه و شه‌وی به‌رات و هێلکهڕهنگکردنی
ئێزدیان و جماتی یارسانییان و مردن و چه‌مه‌ره و شیوه‌ن و بڕێک بۆنه‌ی
جڤاکیی وه‌ک: زه‌ماوه‌ند و بووکگواستنه‌وه و له‌دایکبوونی منداڵ و خه‌ته‌نه‌کردنی
کوڕان و ده‌یان بۆنه و نه‌ریتی دیکه، له‌وانه هه‌موو ئه‌و ئه‌ده‌به
زاره‌کییه خڕبووه‌ته‌وه. ئه‌م ئه‌ده‌به زاره‌کییه هه‌رچه‌نده
جوانه و له‌به‌ردڵانه و کاریگه‌ره و دڵخۆشکه‌ره، لێ مێشکگوشین و
هونه‌ر و ماندوبوونی تێدا به‌کار نه‌براوه، به‌ڵکه هه‌روه‌ک چۆن ده‌ربڕاوه
و له زار هاتووه‌ته ده‌ر، هه‌ر به‌و جۆره گه‌یشتووه‌ته ئێمه. ئه‌ده‌بی
زاره‌کی، ده‌سپێک و بێژه‌ری دیار نییه و که‌سیش نازانێت، که‌ی گوتراوه
و کێ گوتوویه‌تی. هه‌رچی ئه‌ده‌بی نووسراویشه، هونه‌ری تێدا به‌کار
هاتووه و که‌سێک پێوه‌ی ماندوو بووه و هونه‌رکاریی تێدا کردووه و هه‌وڵیداوه
به جوانترین شێوه بیخاته به‌ر دید و ده‌ستی خوێنه‌ر و پێیدا چووه‌ته‌وه
و هه‌ڵه‌گیری تێدا کردووه و مه‌به‌ستی بووه چی بنووسێت و باسی چی
بکات و هه‌ست و دید و جیهانبینی و هزر و ته‌نانه‌ت فه‌لسه‌فه و که‌سیه‌تیی
خۆی تێدا نواندووه، تا ئافراندوویه‌تی. ڕه‌خنه، ڕه‌خنه‌یه و
ڕووخێنه‌ر و بنیاتنه‌ر چ واتایه‌کی نییه. ئه‌وه‌ی تۆ و من و خه‌ڵکێک
به ڕه‌خنه‌ی بنیاتنه‌ری ده‌زانین و دایده‌نێین، ڕه‌نگه خه‌ڵکی ده‌سه‌ڵاتدار
و نووسه‌ره ههڵمش و مشه‌خۆره‌کانی ده‌وری ده‌سه‌ڵات، به ڕووخێنه‌ری
دابنێن و پێچه‌وانه‌که‌یشی هه‌ر ڕاسته، ئه‌وه‌ی ئه‌وان پێیان بنیاتنه‌ره،
ڕه‌نگه لای خه‌ڵکی دیکه ڕووخێنه‌ر بێت. ڕه‌خنه خوێندنه‌وه‌ی ده‌ق و
هه‌ڵسه‌نگاندن و شیکردنه‌وه و لێوردبوونه‌وه و پێشاندانی هه‌موو هزر
و فه‌لسه‌فه‌یه‌کی پشت نووسینی ئه‌و ده‌قه و لایه‌نه به‌هێز و لاوازه‌کانی
ئه‌و ده‌قه‌یه و ده‌قیش له نووسه‌ره‌که‌ی جوێ ناکرێته‌وه و ته‌واوی
بیری نووسه‌ره‌که‌یه‌تی و نوسه‌ره‌که خۆی و ڕه‌وشی و جیهانبینی،
پیکهاته و کرۆکی ئه‌و ده‌قه‌ن و ده‌شێ نووسه‌ره‌که‌یشی وه‌ک ئافه‌رێنه‌ری
ده‌ق، وه‌به‌ر ڕه‌خنه بکه‌وێت. ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ی تۆ له منی بگریت و
من به دڵم نه‌بێت، تۆ ناوی ڕه‌خنه‌ی بنیاتنه‌ری لێ ده‌نێیت، من ناوی
ڕه‌خنه‌ی ڕووخێنه‌ری لێ ده‌نێم. ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ی من له تۆی ده‌گرم،
من ناوی بنیاتنه‌ری لێ ده‌نێم، تۆش ئه‌گه‌ر پێت باش نه‌بێت، ناوی
ڕووخێنه‌ری لێ ده‌نێیت. ڕه‌خنه‌ی ڕووخێنه‌ر، ئه‌و جۆره ڕه‌خنه‌یه‌یه،
که پێوه‌ندی ته‌نیا به ئه‌ده‌ب و ده‌قه‌وه نییه، به‌ڵکه له پێوهندداریهتییشدا
له نێو کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا ڕۆژانه به‌کار ده‌برێ و ده‌گوترێته‌وه،
کاتێک یه‌کدی ده‌شکێننه‌وه و یه‌کدی سووک ده‌که‌ن و نزم ته‌ماشای یه‌کدی
ده‌که‌ن، بێ ئه‌وه‌ی لایه‌نی هه‌ستیاریی مرۆڤ لێکبدرێته‌وه و شێوه‌ی
دروستبوون و سروشتی مرۆڤ بخوێنرێته‌وه، به‌وه‌ی که ناته‌واوییه‌کی له‌ش
یا هۆش ده‌کرێته نه‌نگی و هۆی گاڵته و لاقرتێ.
رابه‌ر فاریق: ڕه‌خنه‌گرانمان به‌ده‌ر له
کاری خۆیان (ڕه‌خنه‌گر)ی، (به‌دیل دۆزه‌ره‌وه)شن، پێت وایه ئه‌م
دووانه گه‌ره‌کیان به که‌سی تایبه‌تمه‌ند و ئه‌کادیمیستی تایبه‌ت به
خۆیان هه‌بێ؟ که‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بیی (ئه‌ڵته‌رناتیڤ) ده‌خوازی؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: ڕه‌خنه‌گر، هیچ کاتێک
مه‌رج نییه، ئه‌کادیمیست و خاوه‌ن بڕوانامه بێت. ڕه‌خنه‌گری باش،
خوێنه‌رێکی زیره‌ک و وردبین و بیرتیژ و شیکار و گومانکار و تژیی
پرسیاره و ئاسۆی دیتنی به‌رینتره و دوورتر ده‌بێنێت و دیوه شاراوه
و نادیاره‌کانی نێو ده‌قه‌که ده‌بینێت و ئه‌وه‌ی له ده‌قه‌که‌دا نه‌گوتراوه
و نه‌نووسراوه، ئه‌و ده‌یبینێت و ده‌یخوێنێته‌وه، که ده‌قیش ده‌خوێنێته‌وه،
له منی خوێنه‌ری ئاسایی به‌رینتر و چڕتری ده‌خوێنێته‌وه و بیر له هه‌موو
لایه‌نه‌کانی ده‌کاته‌وه، لێ ئه‌مه ناکاته ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گر
بریت(به‌دیل)دۆزهرهوهش بێت، چونکه ده‌قی ئه‌ده‌بی چ بریتێکی نییه
و ئه‌وه‌ی نووسراوه و بڵاو کراوه‌ته‌وه، خاس یا خراپ، لاواز، یا به‌هێز،
ئیدی بووه به هی خه‌ڵک و ده‌کرێ قسه‌ی له سه‌ر بکرێ و باس بکرێ و ڕه‌خنه‌ی
لێ بگیرێ.
رابه‌ر فاریق: بۆچی ڕه‌خنه‌ی به‌راوردکاریی
کاری له سه‌ر نه‌کراوه، به شێوه‌یه‌ک که سه‌رچاوه‌مان له‌مباره‌یه‌وه
هه‌بێ، له کاتێکدا ده‌بوو ئیسته زیاتر له جاران بایه‌خی پێ درابا،
چونکه نائاماده‌ییی له ڕۆژگارێکی وه‌ک ئه‌مڕۆدا، هه‌م بۆشایی و هه‌م
قه‌یران و هه‌م ده‌رگه‌ی داخستنی سهردهمێکیشمان به ڕوودا ده‌کاته‌وه؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: ڕه‌خنه‌ی به‌راوردکاریی،
یان ئه‌ده‌بی به‌راوردکاریی، بوارێکی گه‌لێک فراوان و به‌رینه و
پێویستی به قووڵبوونه‌وه‌یه‌کی زیاتر و بایه‌خپێدانێکی زۆر و جیددی هه‌یه،
به خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی جیاواز و نووسه‌ری جیاواز و بواری جیاواز و
ژینگه‌ی جیاواز و به باڵاگرتنی ده‌قی نووسه‌رێکی سه‌ر به زمان و نه‌ته‌وه
و وڵاتێک، به ده‌قی نووسه‌رێکی دیکه‌ی وڵات و نه‌ته‌وه و زمانێکی
جیاواز. به باڵاگرتنی چیرۆکیک به چیرۆکیکی دیکه و شیعرێک به
شیعرێکی دیکه و نووسه‌رێک به نووسه‌رێکی دیکه، یان به‌رواردکردنی
داهێنانێکی ئه‌ده‌بی به کارێکی هونه‌ری وه‌ک فیلم، شانۆیی، مۆسیقا و
شێوه‌کاری. ته‌واوی ئه‌و به‌راوردکارییه ده‌شێ، له نێوان نووسه‌رێک
یا ده‌قێکی کوردی‌دا و نووسه‌ر و ده‌قێکی ناکوردی و سه‌ر به ژینگه و
زمانیکی دیکه‌دا بکرێت. هه‌ندێ جاریش وه‌ها به‌راوردێک له نێوان
نووسه‌ر و ده‌قی یه‌ک زماندا، به‌ڵام سه‌ر به ژینگه و فه‌رهه‌نگ و
وڵاتی جیاوازدا ده‌کرێت، بۆ نموونه مه‌غریب و سووریا(زمانی عه‌ره‌بی)،
ئه‌مه‌ریکا و نیوزیلاند (زمانی ئینگلیزی)، کۆنگۆ و توونس و فرانسا (زمانی
فرانسی)، ئێران و تاجیکستان و ئه‌فغانستان (زمانی فارسی). وه‌ها کارێک
زمانزانین و چێژی ده‌وێ. نه‌بوونی ڕه‌خنه‌ی به‌راوردکاری، بۆشاییه‌ک ده‌سازێنێت،
به‌ڵام مه‌رج نییه ببێته هۆی قه‌یران و ده‌رگه‌داخستن به سه‌ر سه‌رده‌مێکدا.
ئه‌ده‌بی به‌راوردکاریی و ڕه‌خنه‌ی به‌راوردکاریی، بۆ خۆی وه‌ک به‌شێک
له ئه‌ده‌ب و چالاکیی ئه‌ده‌بی، گه‌لێک کۆن نییه، هه‌موو ئه‌و
خوێندنگه و ڕێبازانه‌ی، که به ڕێبازی فرانسی و ئه‌مه‌ریکی و ئه‌ڵمانی
و... ناسراون، کۆنترینیان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دوو سه‌ده‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر،
واته: ساڵانی 1800ه‌کان. له نێو ئه‌ده‌بی کوردی‌دا، ڕه‌خنه‌ی به‌راوردکاریی
ژانرێکی نوێیه، پێموایه نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گری کورد، هێنده خۆی له
قه‌ره‌ی نه‌داوه و به سه‌ری نه‌کردووه‌ته‌وه. ئه‌وه نابێته هۆی
ماڵوێرانیی کورد و پووکانه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی کوردی، لێ هه‌بوونی، ته‌کانێکی
به‌هێز به ئه‌ده‌بی کوردی و ناساندنی به جیهانی ده‌ره‌وه ده‌دات و
ده‌کات.
رابه‌ر فاریق: له ئیسته‌دا، داهێنان و
ڕیکلام هاوئاستن له خستنه‌ڕووی ئاستی ده‌ق له کوردستاندا، به‌ڵام ئه‌و
ڕیکلامه‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستمه دابه‌شبووه به سه‌ر خوێنه‌ر و ڕاگه‌یاندن
و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی حیزبه‌کان. بۆئه‌وه‌ی نووسه‌ری ئیبداعکار پردێک
دروست بکات، بۆ به یهکترگهییشتنی داهێنان و ڕیکلام، ئه‌وه چییه له
وه‌ها وه‌ختێکدا ده‌بێت به کۆمهکاری ته‌ندروست؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: داهێنان و ڕیکلام دوو
شتی جیاوازن و هه‌رگیزیش له یه‌ک ئاستدا نین. خوێنه‌ری زیره‌ک، زۆرچاک
نووسه‌ری داهێنه‌ر و ده‌قی به‌رز و هێژا، له نووسه‌ری ناداهێنه‌ر و ده‌قی
بێهێز و هیچنهگۆ، جیا ده‌کاته‌وه و جیاوازییه‌کانیان به ئاسانی ده‌بینێت.
تۆ بنۆڕه هه‌ندێک له‌و میعر و قسه هیچوپووچانه‌ی هه‌ژاری موکریانی و
جه‌گه‌رخوین و گۆران، که له باره‌ی ستالین و ڕووس و لێنین و عیراق و
دابه‌شکردنی عه‌رده‌وه گوتوویانه، که‌ی ڕه‌وایه ئه‌وانه له‌گه‌ڵ
شاکاره‌کانی جه‌زیری و نالی و مه‌حوی و گۆران و شێرکۆ بێکه‌س و فه‌رهاد
شاکه‌لی و عه‌بدوڵڵا په‌شێودا، به یه‌ک چاو ته‌ماشا بکه‌یت. شه‌فیق ئه‌لکه‌مالی
(شفیق الکمالی)یه‌ک، که به‌عس کردبووی به کوێخای ئه‌دب و فه‌رهه‌نگ
له عیراقدا و عه‌بدوڕه‌ززاق عه‌بدولواحید(عبدالرزاق عه‌بدالواحد)ێک،
که نازناوی شاعیری "دایکی نه‌به‌رده‌کان" و "شاعیری قادسییه"ی به‌عسی
وه‌رگرتبوو، هه‌رگیز به به‌در شاکر ئهسسهییاب و موزه‌ففه‌ر ئهلننهوواب
و حه‌سه‌ب ئه‌لشێخ جه‌عفه‌ر و ئه‌دۆنیس، ناپێورێن و هه‌میشه ئه‌وان
گرگن و کورته‌باڵان و ئه‌مانیش به‌ژن زراڤ و که‌ڵه‌گه‌تن. له کۆمه‌ڵگه‌ی
کوردیش‌دا، وه‌ک زۆرێک له کۆمه‌ڵگه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان، ده‌سه‌ڵات ده‌ست
به‌سه‌ر هه‌موو شتێکدا ده‌گرێ، بواری فه‌رهه‌نگییش، یه‌کێکه له بواره
ده‌ستبه‌سه‌رداگیراوه‌کان و زۆر جاران، نووسه‌رانی سه‌ر به ده‌سه‌ڵات
و ئه‌وانه‌ی بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌نووسن، گۆڕه‌پانه‌که داگیر ده‌که‌ن و
ڕووناکییه‌که ده‌خرێته سه‌ر ئه‌وان، به‌ڵام ئه‌وه دیارده‌یه‌کی
کاتییه و نووسه‌ری باش و ده‌قی باش، وه‌ک چۆن "به بێژنگ به‌ری خۆر
ناگیرێت"، هه‌رگیز ناشاردرێنه‌وه. ده‌ق یا نووسه‌رێک، که ڕاگه‌یاندنی
حیزب و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی گه‌وره‌ی ده‌که‌نه‌وه و ڕیکلامی بۆ ده‌که‌ن،
ئه‌گه‌ر بۆ خۆی(ده‌ق) شتێکی تێدا نه‌بێت و (نووسه‌ر)شتێکی پێ نه‌بێت و
نووزه‌یه‌کی لێوه نه‌یه‌ت، هه‌رگیز وه‌ک داهێنان و داهێنه‌ر ته‌ماشا
ناکرێن و پله‌ی هێژایه‌تی وهدهستناهێنن.
رابه‌ر فاریق: دیکارت ڕوانینێکی وه‌هایه:
"من بیر ده‌که‌مه‌وه، که‌واته هه‌م"، به‌ڵام ئه‌وه‌ی شاراوه ماوه‌ته‌وه،
ئه‌مه‌یه: کام (بیر کردنه‌وه) ده‌توانیت (بوون)یکی پڕجووڵه و
ئیبداعکاریی به‌رده‌وام به‌رهه‌م بهێنێ، هاوکات بیرکردنه‌وه له کن
تاکی هۆشیار تا چه‌ند په‌یوه‌سته به (ئاگایی) و (ئه‌وانیدیکه)وه؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: بوون و نه‌بوونی مرۆڤ
و پێناسه‌کردنی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ی چۆنی ده‌بینین. مرۆڤ، که
هاته دنیاوه ئیدی هه‌یه، چونکه ده‌ژی، ده‌خوا، ده‌ڕێ، دهسێکسێ،کار
ده‌کا، ده‌مرێ و... به‌ڵام بوونێکی وا ئاژه‌ڵیش هه‌یه‌تی، هه‌رچه‌نده
تا ڕاده‌یه‌ک جیاوازییه‌کی هێنده مه‌زن له نێوان ئێمه‌ی مرۆڤ و ئاژه‌ڵدا،
له لایه‌نه فیزیکییهکهوه نییه و ئه‌وه‌ی ئێمه له ئاژه‌ڵ جوێ ده‌کاته‌وه،
لایه‌نه ئاوه‌زی و هۆشهکییهکهیه. ئاژه‌ڵ مێژوویان نییه و ئێمه
مێژوودارین. ئاژه‌ڵ بیرگه‌یان یا نییه یا هه‌ر یه‌کجار کورت و که‌مخایه‌نه.
منی بیرکه‌ره‌وه، ئه‌گه‌ر منێک نه‌بێت، هه‌میشه مێشکی بارگرانی
پرسیار و گومان و دوودڵی و وردبوونه‌وه بێت، هه‌رگیز منێک نییه، که
هه‌بێت، به‌ڵکه منێکی ناچالاک و خاووخلیچک و خوێڕیله و سسته، که ته‌نێ
هه‌یه و هه‌ناسه ده‌دات و بۆشاییه‌ک له سه‌ر ئه‌م زه‌وییه پڕ ده‌کاته‌وه.
منێکه چه‌ندباره ده‌بێته‌وه و سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه و ده‌مرێ و له‌گه‌ڵ
منه‌کانی تردا، هیچ جیاوازییه‌کی نییه. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له بوونی
مرۆڤ، وه‌ک ئایینه‌کان جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌که‌نه‌وه، ته‌نێ بۆ
کڕنۆشبردن و ملکه‌چبوون بێت بۆ ده‌سه‌ڵاتێکی باڵا و هێزیکی بانتر، ئه‌وه
بوون نییه، ئه‌وه ته‌نێ بۆشایی پڕکردنه‌وه‌یه. ئه‌وه بوونێکه له
چوارچێوه‌ی بازنه‌یه‌کدا، که جێگه‌ی پرسیار و گۆڕان و بیرکردنه‌وه‌ی
تێدا نابێته‌وه. مرۆڤ شارستانی و ژیاری ده‌ئافرێنێ و هۆش ده‌کاته
پێوه‌ر بۆ به‌رده‌وامبوون و درێژه‌پێدانی ژیان و به وروژاندنی پرسیار
و داهێنان و بهدهوکاریی و ئافراندن، بوونی خۆی ده‌سه‌لمێنێت. بوون،
ئه‌گه‌ر په‌یامێکی نه‌بێت ئه‌وه هیچ واتایه‌کی نابێت.
رابه‌ر فاریق: چی له‌و واقیعه تاڵه بکه‌ین
که خه‌یاڵ و فه‌نتازیا ناتوانن بیگۆڕن؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: شیعری جوان، چیرۆکی
جوان، ڕۆمانی جوان، مۆسیقای جوان، تابلۆی جوان، خه‌یاڵی جوان و خۆش،
چپه‌ی جوان، مرۆڤی جوان، خۆشه‌ویستیی، هه‌موو خه‌ونی خۆش و جوانن و
مرۆڤیش، ئه‌گه‌ر خه‌ونی نه‌دیت، ئیدی ده‌مرێت. مرۆڤ به خه‌ونه‌وه، به
ئومێده‌وه، ده‌توانێت درێژه به ژیان بدات. من له‌و بڕوایه‌دام جوانی
و خۆشه‌ویستی، واقیعی تاڵ ده‌گۆڕن، به‌ڵام نه‌ک به شێوه‌یه‌کی
شۆڕشگێڕانه و ڕادیکاڵ و سه‌ر و بن. ئه‌و جوانی و خۆشه‌ویستییه، بیر و
جیهانبینی و ناوه‌وه‌ی مرۆڤ ده‌هه‌ژێنن و ههژاندنیش گۆڕانی به‌دوودا
دێت. به‌شێکی زۆری داهێنان و شاکارهشیعر و شاکارههونهر و شاکارهڕۆمانهکانی
ئه‌م جیهانه، خه‌یاڵێکی خۆش و خه‌ونێکی فێنکی جوانن و خراونه‌ته نێو
چوارچێوه‌ی مه‌به‌سته‌کانه‌وه. بێ خه‌ون و خه‌یاڵ، ژیان ته‌نێ چه‌قه‌چه‌قی
ئاش و ته‌قه‌ته‌قی ماشێن و ده‌نگێکی ناساز و ژاوه‌ژاوه.
رابه‌ر فاریق: کۆمه‌ڵگه و تاکی کوردیی
توانیویانه له گۆڕانه به‌رده‌وامه‌کاندا خۆیان به‌رجه‌سته بکه‌ن و
جۆرێک له فره‌ڕه‌هه‌ندیی ڕوانین به‌رهه‌م بهێنن؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: تاکی کورد و جڤاکی
کوردستان، به‌شێکی دابڕاو نین، له مرۆڤی سه‌ر ئه‌م زه‌وییه و ئه‌م
جیهانه. ئه‌وانیش وه‌ک هه‌موو مرۆڤ و جڤاکه‌کانی دیکه‌ی مرۆڤایه‌تی،
به جۆرێک له جۆره‌کان، که‌وتوونه‌ته ژێر کاریگه‌ریی تێکه‌ڵاویی و
پێوه‌نده جیهانییه‌کانه‌وه. هه‌ر گۆڕانێک له بوارێکی ژیاندا،
ئابووری، سیاسی، زانستی، ته‌کنیکی، فه‌رهه‌نگی و... له جیهاندا ڕوو
بدات، کار ده‌کاته سه‌ر هه‌موو جڤاکێک و تاکێکی ئه‌م جیهانه و کوردیش،
یه‌کێکه له‌وان و تاکی کوردیش، له‌وه‌ی له ده‌وروبه‌ری و له‌وپه‌ڕی
دنیا ده‌گوزه‌رێت، به ڕێژه‌یه‌ک ئاگاداره. به هۆی ئه‌و ئاگاداربوونه‌وه،
فره‌ڕه‌هه‌ندیی و ڕوانینێکی به‌رینتر وه‌به‌رهه‌م دێن، که ڕێک ده‌بنه
هۆی گۆڕانی به‌رده‌وام و نوێبوونه‌وه، که مه‌رج نییه گۆڕان و
نوێبوونه‌وه‌یه‌کی فرهخێرا و له‌پڕ بن.
رابه‌ر فاریق: بۆچی خوێنه‌رانی کورد له
سه‌روه‌ختی خوێندنه‌وه‌ی کاریگه‌رترین و گه‌وره‌ترین ڕۆمانی دنیادا، وه‌ها
هه‌ڕه‌مه‌کی پێشوازی له‌م ژانره ده‌که‌ن؟ هاوکاتیش، تۆ بڵێیت ڕۆمان ئه‌ڵته‌رناتیڤی
هه‌موو بۆشاییه‌کانی ئه‌ده‌ب بێت؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: به بڕوای من، له
ڕۆژگارێکی وه‌ک ئه‌مڕۆدا، که‌م که‌سی کورد، خۆی به خوێندنه‌وه‌وه خه‌ریک
ده‌کات. ئه‌وه‌ی ده‌خوێنێته‌وه له‌نێو جڤاکی کورددا، خه‌ڵکێکی یه‌کجار
که‌من. ئه‌وانه خه‌ڵکێکن بۆ خۆیان، ئاره‌زوویه‌کی ئه‌ده‌بی و هونه‌رییان
هه‌یه. خه‌ڵکی ئێمه، هێنده‌ی ده‌م له سیاسه‌ت ده‌کوتن و مێشکیان
سیاسه‌تاوی بووه، یه‌ک له سه‌دی ئه‌وه، خۆیان به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب
و هزره‌وه خه‌ریک ناکه‌ن. هه‌ندێک رۆمان، که پێشتر، ڕیکلامێکی زۆریان
بۆ ده‌کرێت و زۆریان له باره‌وه ده‌نووسرێت و نووسه‌ره‌کانی، به هۆی
نێزیکییانهوه له ده‌سه‌ڵات و ده‌سگاکانی ڕاگه‌یاندن و حیزبه‌وه، ده‌خرێنه
به‌ر ڕووناکی و هه‌ڵده‌درێن، ئه‌وده‌می خوێنه‌ریان بۆ په‌یدا ده‌کرێن.
ئه‌و جۆره نووسه‌رانه یا ڕۆمانه‌کانیان به ویست و خواست، گه‌وره ده‌کرێن،
خه‌ڵکی ئێمه‌ش، یان ڕاستتر، خوێنه‌ری ئێمه شوێنی ئه‌و هه‌ڵڵا و ده‌نگه‌ده‌نگه
ده‌که‌ون و زۆر به جیددی شوێنی ئه‌و عه‌شاماته ده‌که‌ون. ڕۆمان، به‌ریناییه‌ک
و ئاسۆیه‌کی گه‌لێک هه‌راو له ئه‌ده‌بدا پڕ ده‌کاته‌وه و به‌شێکی فره‌ی
کووچه و کۆڵانه‌کانی ژیان و ئه‌ندێشه‌کانی مرۆڤ و خه‌م و خواست و ویست
و ئۆمێد و ده‌رده‌کانی ده‌گرێته خۆ و مێژووی کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک ده‌داته
شاندا، لێ ناتوانێت جێ به شیعر له‌ق کات و پاڵ به چیرۆکه‌وه بنێ و
بیانسڕێته‌وه و ده‌ست بخاته ناقڕهیان و بیانتاسێنێت. ڕۆمان، نۆره‌ی
خۆی و شیعر و چیرۆکیش، نۆره‌ی خۆیان ده‌بینن و هه‌ریه‌که‌یان بۆشاییه‌ک
پڕ ده‌که‌نه‌وه و هه‌ریه‌که‌یان په‌یامێک ده‌گه‌یه‌نن. ئه‌وروپا، که
زێد و جێی له‌دایکبوونی ڕۆمانه، تا ئێستاش شیعری جوان و چیرۆکی جوان و
به‌شه‌کانی دیکه‌ی ئه‌ده‌ب، به به‌رده‌وامی دێنێته به‌رهه‌م.
رابه‌ر فاریق: ده‌توانین بڵێین کولتووری
ڕۆژهه‌ڵات کولتوورێکه ده‌کرێ ببێته که‌ره‌سه‌ی داهێنانگهلێک، به‌ڵام
ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان سوودی ئه‌وتۆیان لێی وه‌رنه‌گرتووه له به‌رابه‌ر
ڕۆژئاواییه‌کاندا. ئه‌وه نووسه‌رانی ئێمه‌ن که جیهانبینییان ته‌سکه
و ناتوانن له کو‌لتوور ده‌قی ئافرینهرانه به‌رهه‌م بهێنن، یان بینینی
هه‌ر کولتوورێک له دووره‌وه باشتر قووڵاییه‌کانی دیار ده‌که‌ون؟ یان
چیی؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: فه‌رهه‌نگ، به بڕوای
من، له هه‌ر جیۆگرافیا و له‌نێو هه‌ر نه‌ته‌وه و گه‌ل و وڵات و خه‌ڵکێکدا
بێت و هه‌رچه‌ندی تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌بێت، بۆ هه‌موو مرۆڤایه‌تییه،
به واتایه‌کی تر: فه‌رهه‌نگی مرۆڤ، ئه‌گه‌ر سه‌ر به شوێن و خاک و
کۆمه‌ڵگه و ئایین و نه‌ته‌وه و زمانی جیاوازیش بێت، هه‌ر یه‌ک فه‌رهه‌نگه
و بۆ ته‌واوی مرۆڤه‌کانی سه‌ر ئه‌م زه‌وییه‌یه و هه‌رگیز له‌یه‌کدی
دابڕاو نییه، به‌ڵکه وه‌ک زنجیرێک ته‌واوی گه‌وه‌کانی گرێدراوی یه‌کدین.
ڕۆژهه‌ڵات جیۆگرافیایه‌کی تا بڵێی به‌رینی فه‌رهه‌نگیی ده‌گرێته خۆ.
جیهانێکه پڕ له فه‌رهه‌نگی جیاواز. جیهانێکه پر له داهێنان و
ئافراندن. جیهانێکه پڕ له خه‌ون و خه‌یاڵ و ئه‌فسانه و سیحر. تۆ
بنۆڕه ئه‌و هه‌موو ئایین و په‌یامبه‌ریه‌تی و فه‌لسه‌فه و ڕیباز و
هزر و شیعر و ئه‌ده‌ب و په‌یامه مرۆڤانه و نووسینه مه‌زن و پڕبایه‌خ
و به‌هادارانه‌ی، له‌و ڕۆژهه‌ڵاته‌دا وه‌به‌رهه‌م هاتوون: بوودایزم،
کۆنفۆشیانیزم، تاویزم، شامانیزم، میتراییزم، جووله‌کایه‌تی، مه‌سیحییه‌ت،
ئیسلام، سۆفیزم، شیعه، عه‌له‌وی، هیندۆیزم، ئێزدیایه‌تی، یارسانی، زه‌رده‌شتی،
مه‌ندائی، نه‌قشبه‌ندی، قادری، یۆگا، زێن و ده‌یان ڕێباز و بیر و هێڵ و
ئایین و ئایینزا و فه‌لسه‌فه‌ی دیکه. تۆ بنۆڕه فه‌رهه‌نگی چین و
ژاپۆن و هیندوستان و ئێران و عه‌ره‌ب، چی‌یان به فه‌رهه‌نگیی جیهانی
پێشکه‌ش کردووه. ته‌واوی فه‌رهه‌نگێک، که ئه‌مڕۆ ڕۆژاوا شانازی پێوه
ده‌کات، له بنه‌مادا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ فه‌رهه‌نگی گرێک (یۆنان) و
پاشماوه و درێژه‌پێدانی ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌یه. ئه‌مڕۆ زاڵبوونی ته‌کنیک
و ئابووری و سیاسه‌ت و هێزی ڕۆژاوا، کارێکی وای کردووه، فهرههنگهکهیشی
به سه‌ر فه‌رهه‌نگی ڕۆژهه‌ڵاتدا زاڵ بێت و باڵاده‌ست بێت. ڕۆژاوا به
ڕێنێسانس و ئازادی بیر و ڕه‌هاکردنی ئاوه‌ز و هزر، گره‌وی پێشکه‌وتنی
فه‌رهه‌نگیی و زاڵبوونی، له ڕۆژهه‌ڵات برده‌وه، به‌ڵام ئه‌مه ناکاته
ئه‌وه‌ی، که ئیدی خه‌ڵک پشت له فه‌رهه‌نگی ڕۆژهه‌ڵات بکه‌ن و
پێیانوابێت هیچی تێدا نه‌ماوه و ڤالایه. نووسه‌رانی ئێمه، به‌شێکی
زۆریان، سه‌رسامبوونێکی زیاد له پێویست به فه‌رهه‌نگی ڕۆژاواوه
پێشان ده‌ده‌ن و ته‌واوی فه‌رهه‌نگ و پاشخانی ڕۆژهه‌ڵاتیه‌تی خۆیان ده‌سڕنه‌وه.
ئه‌و جۆره بیرکردنه‌وه‌یه به‌شێکه له دهردهڕۆژاوایهتی (ڕۆژاوازهدهیی)،
که ئه‌وانه دووچاری بوون. له فه‌رهه‌نگی ڕۆژهه‌ڵاتدا هێنده کیشوه‌ر
هه‌ن، که هێشتا نووسه‌رانی ئێمه نه‌یاندۆزیوه‌ته‌وه. هێنده سنوور
هه‌ن، که هێشتا نهیانبهزاندووه و به سه‌ریدا نهپهڕیونهوه.
جیهانبینی ئه‌و نووسه‌رانه، که به بێ ئه‌وه‌ی به خۆ بزانن، سه‌رسامی
سیاسه‌ت و بازاڕی ئازاد و ته‌کنیک و لیبرالیزمی ڕۆژاوان، وای لێکردوون،
مه‌ستی فه‌رهه‌نگی ڕۆژاوا بن، ئه‌وان مه‌ستی ئیدیۆلۆگیی کۆڵۆنیالیستانه‌ی
ڕۆژاوان، که په‌یامی سڕینه‌وه‌ی نه‌ک هه‌ر فه‌رهه‌نگه‌که‌یان، به‌ڵکه
هی خۆیانیشی پێیه، ئه‌وان مه‌ستی زانستی رۆژاوایی نین. ئه‌و نووسه‌رانه
ئه‌گه‌ر هه‌ندێک له دیرۆک ورد ببنه‌وه و ته‌ماشایه‌کی ده‌وروبه‌ری
خۆیان بکه‌ن، فه‌رهه‌نگی ڕۆژهه‌ڵاته‌که‌ی خۆیان هێنده‌ی تێدایه، که
سروشبه‌خش بێت و ببێته بنه‌مای ئافراندن و داهێنان. ڕه‌نگه تیۆری "ده‌نگی
ده‌هۆڵ له دووره‌وه خۆشه" یا "سترانبێژی گه‌ڕه‌ک، مرۆڤ ناخاته سه‌ما"،
له سه‌رده‌مێکدا، له‌ته‌ک ئه‌م ڕه‌وشه فه‌رهه‌نگییه‌ی ئێستادا، وێک
هاتباوه، لێ ئێستا هه‌موو ده‌رگه‌کان کراوه‌ن و هیچ شتێکی شاراوه
نییه و فه‌رهه‌نگی دوور نه‌ماوه و هه‌موو فه‌رهه‌نگێک نزیکه.
رابه‌ر فاریق: به‌رده‌وام کۆمه‌ڵێک که‌س
هه‌ن پێیان وایه ئایین نه‌بێت باشتره، ئه‌م تێڕوانینه بنچینه‌یه‌کی
ته‌ندروستی هه‌یه؟ ئه‌مه ده‌رهاویشته‌ی دنیای مۆدیرنیته‌یه، یان
شتیکی دیکه؟ هیچ کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک ده‌توانێت به‌بێ ئایین درێژه به ڕه‌وتی
پێشکه‌وتنی خۆی بدات؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: بوون و نه‌بوونی ئایین،
به ده‌ستی تۆ و من و ئه‌و کۆمه‌ڵه که‌سه نییه. هه‌ر له سه‌رده‌می
بوونی مرۆڤه‌وه تا ئه‌مڕۆ، هه‌ر له‌و کاته‌وه‌ی، که مرۆڤ له مهیموونیهتی
ده‌رچووه و بووه به مرۆڤ و له ئه‌شکه‌وتدا ژیاوه و گه‌ڵای داری به
گه‌ڵ و گون و گوانی خۆیه‌وه پێچاوه، مرۆڤ بۆ خۆی وه‌دووی هێزێک له
خۆی به‌هێزتر و به دهسهڵاتتردا گه‌ڕاوه و ناوی بۆ دۆزیوه‌ته‌وه و
هه‌ر جڤاک و خه‌ڵکێک ناوێکی تایبه‌تیان له‌و هێزه ناوه. خه‌ڵک ئه‌و
هێزه‌ی به پێویست زانیوه، بۆ وه‌ی له ته‌نگانه‌دا به هانایانه‌وه
بێت. ئه‌و هێزه فریادڕه‌سێک بووه و هه‌میشه مرۆڤ هاواری پێ کردووه
و په‌نای بۆ بردووه. زۆرجاران مرۆڤ وێنای ئه‌و هێزه‌یان وه‌ک شتێکی
دنیایی و له‌به‌رچاو و بینراو کردووه، که له شێوه‌ی ئاژه‌ڵێکدا خۆی
نواندووه یا له شێوه‌ی مرۆڤدا بووه. ئه‌وه‌تا چه‌ندین نه‌ته‌وه و
گه‌ل و خه‌ڵکی سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وییه، مانگا به پیرۆز ده‌زانن و هی
وایش هه‌ن، سرشت یا شتێک له سرشتدا ده‌په‌رستن و هی دیکه‌ش هه‌بوون و
هه‌ن به‌رد و بت و کۆته‌ڵ و شتی دیکه ده‌په‌رستن. ئایینی میترایی، با
و باران و ئاگر و به‌هار و که‌ژ و ئاسمان و لێڕه‌وار و شه‌وی پێ پیرۆز
بوو و پێڕه‌وانی دهیانیپهرستن. ئایینه یه‌کتاپه‌رسته‌کانی وه‌ک
جووله‌کایه‌تی، عیسایی و ئیسلام، هه‌رسێیان بڕوایان به بوونی یه‌ک
خودا هه‌یه، که سه‌روو و سه‌ره‌تا و خاوه‌ن و ئافه‌ریده و کۆتایی هه‌موو
بوونه و ده‌بێ بپه‌رسترێت. ئه‌م هه‌موو ئایینه له مانگاپهرستهوه
بیگره تا ده‌گاته به‌رد و بت و خوا، تۆ نا‌توانیت هه‌روا هێڵێکی چهپوڕاستی
به سه‌ردا بێنێت و بیانسڕیته‌وه و بڵێی نه‌بن باشتره. هه‌رچه‌نده
ئایین، هه‌موو ئایینه‌کان، به تایبه‌ت ئایینه ئاسمانییه‌کانی وه‌ک
جووله‌کایه‌تی، عیسایی و ئیسلام، له ده‌ستپێکدا، وه‌ک کۆمه‌ڵێک قانوون
و ڕێسا، بۆ ڕێنوێنی مرۆڤ و ڕێکخستنی کاروباری مرۆڤ و کۆمه‌ڵگه و پێوهندداریهتیی
مرۆڤ له‌ته‌ک یه‌کتردا، هاتوون، لێ لایه‌نێکی دیکه‌ی گرنگیشیان تێدا
بووه و هه‌یه، ئه‌ویش ڕێکخستنی پێوه‌ندی مرۆڤه به خوداوه. به
بڕوای من ئه‌و ڕایه‌ڵه و پێوهندداریهتییهی مرۆڤ و خودا، که دیوێکی
گرنگیی ئایینه، بابه‌تێکی که‌سه‌کی تایبه‌ته و مرۆڤ بۆ خۆی چۆنی ئه‌نجام
ده‌دا یا نادا، پێوه‌ندی به خۆیه‌وه هه‌یه. عه‌بدولکه‌ریم سرووش ده‌ڵێ:"ئێمه
چ ئه‌زموونێکی ئایینی گشتگر و به کۆمه‌ڵمان نییه، ئه‌زموونه‌که هه‌میشه
که‌سه‌کی و خۆیه‌کییه. ئێمه به ته‌نێ خۆمان له عیشقدا خۆشه‌ویستیدا
ده‌ژین و به ته‌نێ ده‌مرێن و ئه‌زموونی ئایینییش به ته‌نی خۆمان
تێیدا ده‌ژین". له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی گۆڕانی شێوه‌ی ژیانی مرۆڤ و ئابووری و
جڤاک و هزردا، دیدی مرۆڤیش له‌هه‌مبه‌ر ئایین، گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه
و زۆر وه‌ک پێویستییه‌ک نایه‌ته به‌رچاو. زۆرجاران پێکهاتنی خه‌ڵک له‌نێو
جڤاکدا له سه‌ر کۆمه‌ڵێک ڕێسا و قانوون و جۆری هه‌ڵسوکه‌وت و نه‌ریت،
بۆ خۆی ده‌بێته ئایین و خه‌ڵک پێڕۆی ده‌که‌ن و پێیان سه‌خته لێی
لابده‌ن، به‌ڵام به تێپه‌ڕبوونی کات و گۆڕانی هه‌لومه‌رجه‌کان، ئه‌و
پێکهاتنانه ده‌گۆڕێن بۆ پێکهاتنی نوێ و خه‌ڵکه‌که‌ش به خه‌ڵکی تر و
هی دوای ئه‌وان، جێیان ده‌گیرێته‌وه و ئه‌وده‌می ڕێسای نوێ و دیدی نوێ،
جێی ئه‌وانی پێشوو ده‌گرنه‌وه، که‌واته: هه‌ر سه‌رده‌مه‌و جۆره
ئایینێک یا دیدێک باوی ده‌بێت و گۆڕانی هه‌لومه‌رجه‌کانی ژیان و پێشکه‌وتنی
هۆش و هزر و ئابووری و ته‌کنیک و زانستیش، زه‌وینه‌ی گۆڕین له دیدی
مرۆڤدا له‌هه‌مبه‌ر ئایین دێنێته گۆڕێ و زهوینهش خۆش ده‌کات بۆ
گونجاندنی ئایین له‌گه‌ڵ ڕۆژگار و پێویستییه‌کانی سه‌رده‌مدا. نه‌بوونی
هیچ ئایینێکیش، یا بێ ئایینی کار له ڕه‌وتی مرۆڤایه‌تی ناکات و سه‌دان
کۆمه‌ڵگه له‌م جیهانه‌دا هه‌ن بێئایینن و کاروباریشیان به ڕێکوپێکی
به‌ڕێوه ده‌چێت. ئایین، بڕێک ڕێسا و قانوونی خۆی هه‌یه، بۆ مردن و له‌دایکبوون
و هاوسه‌رگیریی ژن و پیاو و هه‌ندێک جه‌ژن و بۆنه‌ی دیکه، که هه‌ر
بۆنه‌و تایبه‌تمه‌ندیه‌تیی خۆی هه‌یه، ئیدی شێوه‌ی ناشتنی مردوو و
ناولێنانی منداڵ و ماره‌بڕینی بووک و زاوا و نوێژ و ڕۆژوو، که هه‌ر
ئایینه‌و به جۆرێکی ئه‌نجام ده‌دات. برێژنێڤی سه‌رۆکی پێشووی حیزبی
کۆمۆنیسی سۆڤیێت و سه‌رۆکی پێشووی وڵاتی سۆڤیێت، هه‌رچه‌ندی وه‌ک
کۆمۆنیستێک بڕوای به ئایین نه‌بوو، لێ که مرد، قه‌شه‌یان هێنایه سه‌ری
و برایه کڵێسه و وه‌ک عیساییهک به خاک سپێردرا. ده‌مه‌وێ بڵێم، هه‌ندێ
جار، مرۆڤ نازانێت چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌ندێ پێشهات و ڕووداودا بکات،
بۆ ئه‌وه په‌نا ده‌باته به‌ر ئایین و له ئایینه‌وه وه‌ڵامی به‌شێک
له پرسیاره‌کانی ده‌ستده‌که‌ون. مارکسیسته‌کان ده‌یانگوت، هونه‌ر جێی
ئایین و خوداپه‌رستی ده‌گرێته‌وه و مرۆڤ ئه‌وده‌می چ پێویستییه‌کی به
ئایین نییه. لایه‌نه قانوونی و جڤاکی و ڕێکخستنه‌که‌ی ئایین، مرۆڤی
ئێستا به ئاوه‌زی نوێ و هزری نوێ و دیدی نوێ، قه‌ره‌بووی ده‌کاته‌وه
و مرۆڤ بۆ خۆی نه‌خشه‌ی چۆنیه‌تیی کار و ژیان و پێوهندداریهتییهکان
داده‌ڕێژێ و چ پێویستی به هێزێکی سه‌ره‌وه‌ی مرۆڤ یا ئه‌ودیوی سرشت
نییه بۆی داڕێژێ. ئه‌و ئارامییه گیانهکییهی مرۆڤێکی خودان باوه‌ڕ
هه‌ستی پێ ده‌کات، هه‌رگیز که‌سێکی گوماناوی یا بێباوه‌ڕ هه‌ستی پی
ناکات، ڕه‌نگه له‌و ڕووه‌یشه‌وه ئایین هێشتا و تا ماوه‌یه‌کی زۆر و
درێژی تر کاریگه‌ریی خۆی هه‌بێت و بشمێنێت. ئێستاش پێڕه‌وانی مووسا و
عیسا و موحه‌ممه‌د و شیڤا و کریشنا و بوودا(هه‌رچه‌نده ئه‌م سێیه‌ی
دوایین ئایینی ئاسمانیی نین) و...گه‌لێک له‌وانه زۆرترن، که بێئایینن.
رابه‌ر فاریق: له هه‌موو وڵاتێک و
ئایینه‌کاندا، کۆمه‌ڵێک یاسا و تایبه‌تمه‌ندیی هه‌ن، که پێویسته ئه‌و
مرۆڤانه‌ی قبووڵیان ده‌که‌ن بچنه ژێر ڕکێفیانه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌م کۆمه‌ڵه
یاسا و تایبه‌تمه‌ندییانه نه‌مێنن، مرۆڤ ده‌توانێت به شێوه‌یه‌کی
قووڵ و تۆکمه‌تر باس له هه‌بوون و ژیان و ئاوه‌زی خۆی بکات؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: پرسیاری پێشوویش تا
ڕاده‌یه‌ک هه‌مان مه‌به‌ستی هه‌بوو. من له‌و بڕوایه‌دام، ئه‌و قانوون و
تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی له ئاییندا هه‌ن و له وڵاتاندا پێڕۆ ده‌کرێن،
له‌گه‌ڵ کاتدا و له‌گه‌ڵ گۆڕانی مرۆڤ و جیهان و بیرکردنه‌وه و
ئاوه‌زدا، به‌ره‌به‌ره کاڵ ده‌بنه‌وه و ئه‌و نۆره‌یه‌ی، که له
ده‌سپێکدا هه‌یانبوو، نایانمێنێت. مرۆڤ چاره‌نووسی خۆی و نه‌خشه و
ڕێگه‌ی ژیانی خۆی ڕاده‌ستی هێزێکی نادیاری ده‌رێی سرشت ناکات و که‌س
به گه‌وره و سه‌روه‌ری خۆی نازانێت و تا بۆی بکرێ و بۆی بلوێ له
بازنه‌ی بهستهڵهکئاسای ئایین خۆی ده‌رباز ده‌کات.
رابه‌ر فاریق: ئایین له توانایدا هه‌یه
به‌رگری له ئازادیی و فیکر و ژیانی تاکه‌که‌س بکات؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: ئایین، ڕێسا و قانوون
و ورده‌کارییه‌کانی، که دانراون و له لایه‌ن مرۆڤه‌وه
لێکدراونه‌ته‌وه، له قاڵبدانی هزر و ئازادی و ژیانی مرۆڤه و ته‌واوی
بیرکردنه‌وه و جووڵانه‌وه‌ی مرۆڤ، به ئایین، چوارچێوه‌دار و سنووردار
ده‌بێت. مێشک له مه‌نگه‌نه ده‌درێت و هزر له شوێنی خۆیدا
چه‌قده‌به‌ستێ، ڕێک وه‌ک سه‌هۆڵبه‌ندانێکی ئه‌م وڵاتانه‌ی سه‌رێی گۆی
زه‌وی. مرۆڤ، ناتوانێت ئه‌و هێڵانه‌ی بۆی دانراوه ببه‌زێنێت و له‌و
بازنه‌یه ده‌رچێته ده‌رێ. ئایین، هه‌موو شته‌کان، ئه‌وه‌ی تووشی مرۆڤ
ده‌بێت و هه‌موو بوونی مرۆڤ، ده‌داته ده‌ست خوداوه، یا هێزێکی
سه‌ره‌وه‌ی مرۆڤ و بوون و سرشت، که له سه‌رووی هه‌موو شتێکه‌وه‌یه
و ئه‌و بڕیاری هه‌موو شتێک ده‌دات و ئه‌وه‌ی دێته ڕێگه‌ی مرۆڤ، به
دیتنێکی ئایینی، له نێوچاوانی نووسراوه و هه‌ر زۆر پێشتر له لایه‌ن
خوداوه بڕیاری له سه‌ر دراوه، که‌وابوو، چ ئازادی و بیر و ژیانێکی
تاکه‌که‌سیی له نێو ئه‌و ژێنگهیهدا جێی نابێته‌وه و مرۆڤ هه‌رگیز
توانستی هه‌ڵبژاردنی له‌به‌رده‌مدا نییه و مینا زارۆکێکی قوماتکراوی
نێو بێشکه، توانستی هیچ جووڵانه‌وه‌یه‌کی نییه.
رابه‌ر فاریق: که‌نگێ ئایین به‌ربه‌ست
دروست ده‌کات له به‌رده‌م زیاتر کرانه‌وه‌ی جیهاندا، هاوکاتیش تا
چه‌ند کراوه‌یه له به‌رده‌م به‌ربه‌سته گه‌وره‌کاندا؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: کاتێک ئایین ده‌رگه‌ی
بیرکردنه‌وه له مرۆڤ دابخات و ڕێگه به مرۆڤ نه‌دات، به ئاره‌زووی
خۆی ببزوێ و ڕای خۆی ده‌ربڕێت و بهزرێت و هه‌ڵسوکه‌وت بکات و بخوات و
بخواته‌وه و بپۆشێت و بچێته نێو ته‌واوی ورده‌کارییه‌کانی ژیانه‌وه
و هه‌موو شتێک له مرۆڤ بسێنێته‌وه و ڕاده‌ستی هێزێکی بانهکی بکات،
ئه‌وه گه‌وره‌ترین به‌ربه‌سته له‌به‌رده‌م کرانه‌وه‌ی مرۆڤدا، که
ده‌کاته کرانه‌وه‌ی جیهانیش، چونکه مرۆڤ بۆ خۆی خاوه‌نی جیهانه و
خۆی یه‌کسانه له‌گه‌ڵ جیهاندا. من بۆ خۆم بڕوام وایه، که ئه‌و
هه‌موو به‌ند و گرێ و داخراوییه‌ی به ئایینه‌وه ده‌لکێنرێن، به‌شێکی
زۆریان یا هه‌موویان، له داهێنانی ئه‌وانه‌ن، که به ناوی ئایینه‌وه
قسان ده‌که‌ن، واته: پیاوانی ئایینی و کارمه‌ندانی ئایینی و
ئامۆژگاریی به‌خشه‌ره‌کانی ده‌سه‌ڵات(وعاڤ السلاگین)، ده‌نا بنه‌مای
ئایین و سه‌رچاوه‌ی یه‌که‌می ئایین، که بنه‌مای بوون و ژیان بێت و
ده‌سپێکی ده‌سپێکه‌کان بێت، پێموانییه هه‌رگیز ئه‌و ئاڵۆزییه‌ی
ئافراندبێ، چونکه ئه‌و ئافه‌رێنه‌ره، که خودایه، خودای ته‌واوی
مرۆڤه، به هه‌موو ڕه‌نگ و زمان و فه‌رهه‌نگ و جیۆگرافیا و سێکس و هزر
و نه‌ته‌وه و ئایین و ئایینزا جیاوازییه‌کانیانه‌وه. خودای گێتی و
بوون و هه‌موو شتێکه. به‌و پێیه، ده‌بێ ڕێگر نه‌بێت له‌به‌رده‌م
کرانه‌وه‌ی جیهان و تێکه‌ڵاوبوونی مرۆڤدا. بیری بوونی خودا، وه‌ک
ئافهرێنهریکی ژیان و بوون و گێتی تاڕاده‌یه‌ک بیرێکی جوانه، لێ
ئه‌وه‌ی که ناوی ئه‌و خودایه ده‌زڕێنێ و دزێوی ده‌کا، ئه‌وانه‌ن، که
خۆیان به جێگر و بریکار و بڵندگۆی وی ده‌زانن. ئه‌وانه‌ن، که ته‌واوی
ڕاستییه‌کان له‌کن خۆیان ده‌بینن و به‌رانبه‌ره‌کانیان به هه‌ڵه و
چه‌وت ده‌زانن و کێشه له‌نێوان ئایینه‌کان و مرۆڤه‌کاندا چێ ده‌که‌ن و
پێیانوایه، که خودا ته‌نێ خودای ئه‌وان و ئایین و ئایینزاکه‌ی
ئه‌وانه.
رابه‌ر فاریق: ده‌شێت (بوونی ئایین)
پێوه‌ست بکرێت به درێژبوونه‌وه‌ی (بوونی مرۆ)وه؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: مه‌رج نییه وا بێت،
ڕه‌نگه مرۆڤ له مه‌ودایه‌کی درێژدا و پاش چه‌ند سه‌ده‌یه‌کی دیکه،
هیچ جۆره پێویستییه‌کی به ئایین نه‌مێنێت و باسێکیش له ئایین ته‌نێ
وه‌ک مێژوو بکرێت. تۆ هه‌ر ئێستا و له‌م سه‌رده‌مه‌دا ده‌بینیت، مرۆڤ
هێنده‌ی جاران پابه‌ندی ئایین نییه و ئایین ئه‌و نۆره کارایه‌ی جاران
له ژیانیدا نابینێت، تۆ له‌وه گه‌ڕێ، ئه‌مڕۆ ئایین له به‌شێکی زۆری
جیهاندا و له سه‌ر ده‌ستی کۆمه‌ڵێک بازرگانی سیاسی و سیاسه‌تکاری
ساخته‌کار، کراوه‌ته کاڵا و وه‌ک ئامرازێک بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ی مرۆڤ و
کوشتنی ئازادی و له‌نێوبردنی مرۆڤ به‌کار ده‌برێ. تۆ ده‌زانی وڵاتی
چین، که گه‌وره‌ترین کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤه له‌م جیهانه‌دا و خاوه‌نی
شارستانییه‌کی 4-5 هه‌زار ساڵه و زیاتریشه، وڵاتێکه هه‌رگیز ئایینی
به خۆیه‌وه نه‌دیوه و ئایین تێیدا زاڵ نه‌بووه و بێ ئایین ژیاوه و
ده‌ژی، مه‌به‌ستم ئایینێک، که بڕوای به تاکه خوایه‌ک یا چه‌ند
خوایه‌ک هه‌بێت و بڕوای به زیندووبوونه‌وه‌ی دوای مردن و لێپرسینه‌وه
هه‌بێت! کۆنفۆشیانیزم، بوودیزم، شامانیزم و تاویزم، که خه‌ڵکی چین
پێڕۆیانیانن، هیچیان ئایینی خودایی و ئاسمانی و بڕوابوو به
زیندووبوونه‌وه و ژیانێکی دیکه و لێپرسینه‌وه نین، به‌ڵکه ئه‌وانه
پتر فه‌لسه‌فه و ڕێبازیکی ژیانن. هه‌رچی مه‌سیحییه‌ت و ئیسلامیشه،
که ئایینگه‌لێکی ئاسمانیین، هه‌زار و چه‌ند سه‌د ساڵێکه
گه‌یشتوونه‌ته چین و له چاو ئه‌و ڕێباز و فه‌لسه‌فه ڕه‌سه‌نانه‌ی
چین خۆیدا، که له‌نێو کۆمه‌ڵگه‌ی چیندا ڕه‌گیان داکوتاوه، هێنده‌یان
کاریگه‌ری نییه. ئیندیانه‌کانی هه‌ردوو ئه‌مه‌ریکای باکوور و
باشووریش، که مێژوویان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌ندین هه‌زار ساڵ، ئایینی
ئاسمانییان نییه و پتر سرشتپهرستن و ئه‌وه‌ی لای ئه‌وان ئایینه
گرێدراوی سرشته. ڕاستافارییهکان، که پتر له جامایکا و ئه‌سیووپیا
هه‌ن، کۆنه ئیمپراتۆری ئه‌سیووپیا، هایلا سیلاسی، به گیانی خودا و
خودا ده‌زانن و ئه‌و ده‌په‌رستن. له ئه‌فریقا چه‌ندین کۆمه‌ڵگه و
خه‌ڵک هه‌ن، بڕوایان وایه، که له پاڵ خودایه‌کی مه‌زندا، که
ئافه‌رێنه‌ری هه‌موو گێتییه، چه‌ند خودای گچکه‌گچکه هه‌ن، که
کۆمه‌کی پێ ده‌که‌ن. هه‌ندێک کۆمه‌ڵگه‌ی دیکه هه‌ن له‌و بڕوایه‌دان،
که له هه‌موو شتێکدا ته‌نانه‌ت بێ‌گیانیش، به‌شێکی گیانیی خودای
تێدایه. خه‌ڵکانێکیش هه‌ن ئاژه‌ڵ، ده‌په‌رستن. مرۆڤ، بێ ئایین ژیاوه
و بێ ئایینیش ده‌توانێ بژی.
رابه‌ر فاریق: به درێژاییی مێژووی
ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیریی کوردی، داهێنان و تێپه‌ڕاندن هه‌بووه و
به‌رده‌وامیش ده‌بێت، ئه‌مه‌یش له (حاجی قادری کۆیی) و (نالی) و
(مه‌وله‌وی) و (سالم) و (کوردی)یه‌وه بگره، تا (مه‌سعوود محه‌ممه‌د)
و (شوکور مسته‌فا) و سه‌رده‌می ئه‌مڕۆمان. لێره‌شه‌وه ئه‌مه ده‌ڵێم
که ئافراندن پێوه‌ندیی به هه‌بوونی مرۆڤه‌وه هه‌یه، واته: تا
ژیانکردن له سه‌ر زه‌وی به‌رده‌وام بێت، ئه‌م ڕه‌هه‌نده‌یش درێژه
ده‌کێشێت. ئایا کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیی تا چه‌ند کراوه بووه له
به‌رانبه‌ر قبووڵکردنی ده‌قه نه‌مره‌کاندا؟ هاوکات ئێمه ده‌زانین
مه‌گه‌ر چۆن، ئه‌گینا ده‌قی ڕه‌سه‌ن هه‌رده‌م دژ ده‌که‌وێته‌وه
له‌گه‌ڵ میژوو، بۆیه له پاڵ ئه‌م پرسانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا، ده‌پرسم:
ده‌وری مێژوو چییه له ناساندن و په‌رده‌پۆشکردنی داهێناندا؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: ده‌قی جوان و تۆکمه و
پڕ له هزر و سروشبه‌خش، ده‌قێکه هه‌رچی دا‌و و گرێ و ده‌سرازه و کۆت
هه‌یه، هه‌مووی تێکدهشکینێ و ده‌پسێنێ و وه‌ک باڵنده‌یه‌کی سرک
ده‌فڕێ، ده‌قێکه سه‌ر بۆ هێچ چه‌مکێکی ڕۆژانه‌ی باو و سواو نه‌وی
ناکات، تابوو ده‌شکێنێ، کاوێژ ناکات و ناجوێته‌وه و ڕێگه‌ی نوێ بۆ
ده‌ربڕین ده‌بینێته‌وه، ئازاده و بێنیازه له هه‌موو ده‌سه‌ڵات و
سیاسه‌ت و سه‌روه‌رێک و نابێته کۆیله‌ی هیچ یه‌کێک له‌وان، وه‌ها
ده‌قێک، هه‌میشه خۆی ده‌سه‌پێنێت و له ڕیزی پێشه‌وه‌دا ده‌بێت و
نۆره‌ی پێشه‌نگ ده‌بینێت. مێژوو، مرۆڤ دروستی ده‌کات و ده‌قی خاس و
ده‌قی خراپیش، هه‌ر مرۆڤ ده‌یداته ده‌ر. نه مێژوو و نه مرۆڤ،
ناتوانن ده‌قێکی بێفه‌ڕ و خوێنتاڵ و مردوو، بکه‌نه داهێنان. ده‌قی
خراپ، لاڵه و به مردوویه‌تی له‌دایک ده‌بێت و له‌بارده‌چێت و ده‌قی
خاسیش، گیانداره و زیندووه و هه‌موو به‌ربه‌ست و کۆسپه‌کان
ده‌ڕووخێنێت و هه‌ژان دروست ده‌کات. گه‌لێ جار، کات ده‌ڕوات و رۆژگار
تێده‌په‌ڕن، مرۆڤ دره‌نگانێک، وه‌ئاگا دێنه‌وه و به‌ها و بایه‌خی
ده‌قێکی پشتگوێخراویان بۆ ده‌رده‌که‌وێت یا ده‌قێک، که به هۆیه‌ک له
هۆیه‌کان، له سه‌رده‌مێکدا، که‌نار خراوه و زۆر گرنگیی پێ نه‌دراوه،
دێته‌وه مه‌یدان و خه‌ڵک به جۆرێکی دیکه ده‌یخوێننه‌وه و چاوی لێ
ده‌که‌ن. ده‌قی چاک هه‌میشه زیندووه و هه‌رگیز نامرێت. ده‌قی نه‌مریش
ده‌قێکه به‌رهه‌مهێنه‌ر، دروستکار و نوێکه‌ره‌وه و ئافه‌رێنه‌ر،
ده‌قێکه هه‌میشه وه‌دووی دۆزینه‌وه‌ی نوێ و جیهانی نوێ‌دا وێڵه و
به‌رده‌وام ده‌ربڕی نیگه‌رانییه هه‌میشه‌ییه‌کانی مرۆڤه. به
خوێندنه‌وه‌ی شیعرێک، چیرۆکێک، ڕۆمانێک یا په‌خشانێک، ئه‌گه‌ر هه‌ستت
کرد مێشکت جووڵه‌ی تێده‌که‌وێ و ئه‌گه‌ر که‌وتیته هزرین و پرسیارت لا
دروست بوو و ئه‌گه‌ر ئاسۆی هزرت به‌رینتر بووه‌وه و چیژێک به گیانت
به‌خشرا و هه‌ستت ختووکه‌ی هاتێ، ئه‌وده‌مه ده‌زانیت ئه‌وه ده‌قیکی
مه‌زنه. ده‌قی مه‌زن و داهێنه‌ر و تۆکمه، ته‌نێ سیپاڵی دوێنێی
له‌به‌ردا نییه و باس له دوێنێ ناکات و ته‌نێ بۆ ئه‌مڕۆ نییه،
به‌ڵکه بۆ داهاتوو و ڕۆژانێکه، که هێشتا ئێمه چاوه‌ڕوانیانین. ئه‌و
ده‌قه‌ی ئه‌مڕۆ خزمه‌ت به مرۆڤی کورد ده‌کات و دیدی فراوانتر
ده‌کاته‌وه و ڕوونتر پێی ده‌بینێ، ده‌قێکه دژی باو و مه‌نگیی
کۆمه‌ڵگه و سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی چه‌وت و ده‌سگا ئایینهییه
وشکهه‌ڵاتووه‌کان و پێکهاته فه‌رهه‌نگییه ژه‌نگرتووه‌کان و هه‌موو
ئه‌و ده‌سگایانه‌ی مرۆڤ ده‌خه‌سێنن و ده‌مکوت ده‌که‌ن، ده‌قێکه هه‌موو
ئه‌و سه‌قامگیرییه فه‌رهه‌نگییه ده‌ڕووخێنێ و دید و بیستن و زمان و
مێشک، ده‌کاته‌وه و ئازاد ده‌کات. ده‌قی داهێنه‌ر و به‌هادار، ئه‌و
ده‌قه‌یه، که جێگه و شوێن و کاتی بۆ نییه و ده‌قێکه بۆ هه‌موو
شوێن و هه‌موو کاتێک، وه‌ها ده‌قێک هه‌رگیز نامرێت.
مارسی 2010
ماڵپه‌ڕی
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
|