١٦\٨\٢٠١٢
(ئەمڕۆ)ى ئازاد
وەک ئەستێرەکى درەوشاوە.
هۆگر
''ئازادی
رۆژنامەگەری، هەر
تەنیا مۆڵەت پێدانى دەرکردنى نییە، بەڵکو
دەبێ ئازادى راستەقینەى
رادەربڕینیشى لەگەڵ دابێ..
کە رێگا خۆشکەرە لە بەردەم داهێنان و
کاروانى ڕۆشنبیریدا.''.
ئەوەى
سەرێ یەکێکە لەو مانشێتە پڕ بەها
و تێر مانایە کە لە لاپەڕەى
یەکەمی یەکەمین رۆژنامەى
ئازاد و ناحیزبیی دەرکەوت، ئەو رۆژنامەیە یەکەمین
ژمارەی لە ١٥\٨\١٩٩٤دا
لە باشوورى کوردستان
بە ناوی (رۆژنامەی ئەمڕۆ) لە هەولێر دەرچوو.
دەرکردنی رۆژنامەیەکی لەو بابەتە لەو کاتدا مەترسییەکی گەورە بوو
لەسەر ژیانی کارمەندەکانی
و هاوکات زەنگەکی گەورە بوو لە بەرانبەر
دەسەڵاتدارە کۆنەپەرستەکانی
ئەوسا و بگرە ئێستاش کە
بەرژەوەندییەکانیان پێ دەکەویتە مەترسیی. ئەو توانا
و ئیرادە و ئازایەتییە
زۆر ئەستەمە لە ناخی هەر پێنووس بەدەستێک بوونی
هەبێ کە بتوانێ دەست لۆ کارەکی ئەوها پڕ
مەترسیی ببا و شانی خۆ بداتە بەر ئەرکێکى
ئەوها گرنگی رۆشنبیریی
و مرۆیى و بە رەوشتەکی
بەرزی رۆژنامەگەریی
جاڕى یەکەمین رۆژنامەى
ئازاد و ناحیزبیی بدا و وەک
مۆمەکی گەش لە نێو تاریکستانی شەقامى
رۆژنامەگەریی کوردی دابگیرسێ.
بڵاَوبوونەوە
و برەودان بە
رۆژنامەگەرییەکى ئازادی
لەو جۆرە کارێکى
هێندە سانا نەبوو
لۆ ئەو پۆلە نووسەر و رۆژنامەنووسە ئازادە
کە لە بەرانبەریان دەسەڵاتەکی میلشیایی دژە ئازادیی
کە کۆمەڵەکی بەرفراوان لە نووسەر و رۆژنامەنووسی دەرباری هەبوو و بە
گچکەترین رەخنە و راستبێژیی قەڵس و تەنگەتاو
دەبوو، لە بارودۆخەکی ئەوها دژوار
کە تێیدا بێکاریی و قاتوقڕیی بازاڕ و کاولکاریی و
ماڵوێرانیی و
شەڕی کۆنەپەرستانەی نێوخۆ بەرۆکی ئەو میللەتەی گرتبوو
و رۆژانە بە سەدان کەسی بێ وەی لە پێناو
بەرژەوەندیی تایبەتیی چەند سەرکردەیەکی سیاسەتباز رووبەڕووی مەرگ و
ئازار و ئەشکەنجە
سەرکوت
دەبوونەوە و هەموو یاسا و رێسا و پێوەرە مرۆڤایەتییەکان پێشێل دەکران..
لە ناکاو دەنگەکی ئازاد
و بوێر هاتە مەیدانى ئازادیی و وەک
رەچەشکێنەک لە بەرانبەر
پێنووسە چڵکنەکان بووە جێی ئومێدی چینە چەوساوە
و زەحمەتکێشەکان و تەواوی ئازادیخوازان.
ئەو دەنگە ئازادە لە ماوەکی کەمدا بەشەکی
زۆری لەو نووسەرانە
کۆکردەوە کە ویژدانى خۆیان
نەسپاردبوو بە دەسەڵات، کارمەندانی (ئەمڕۆ)
توانیان خۆبەخشانە
پێگەیەکی ئازادیی دەربڕین دژ بە سەرکوت و
پاوانخوازیی و تاکگەرایی
و نایەکسانى و... هتد
دابمەزرێنن، بەڵام بە داخەوە (ئەمڕۆ)
هەر زوو کەوتە بەر هەڕەشە و گوڕەشەی پیاوە
رەشەکانى دەسەڵات و
رێگرییان کرد لە بەردەوامبوونی.. چونکە
بێگومان سیستەمەکی ئەوها دواکەوتوو
و کۆلەوار نە وەرگرتن و
هەرسکردنی رەخنەى بنیاتنەرى
لە لا پەسندە نە ئارەزوو دەکا دان بە
کەمترین ماف و
ئازادییەکانی مرۆڤەکان دا بنێ.
دەستدانە پێنووس وەک ئەرکەکی
مرۆیی پێویستیی
بە مرۆى ژیر و چاونەترس
هەیە.. هاوکات وەک
بەرپرسیارییەکی مێژووییش پێویستیی بە
خۆڕاگریی و سینگفراوانیی هەیە تا بتوانی پەیامەکان
بە دروستى بە دەستپاکیی
بە خوێنەر بگەیەنی.. نەک لە کاتی نوشستیی و
رووبەڕووبوونەوەکان لە پێناو بەرژەوەندییە تایبەتییەکان خۆی بداتەدەست
و بکەویتە سازشکردن، وەک مێژوو گەواهیی ئەوەیە کە کارمەندانی (ئەمڕۆ)
لەگەڵ ئەوەی ملکەچی گوشار و هێرشەکانی دەسەڵاتداران نەبوون
کۆڵنەدەرانەش لە گچکەترین دەرفەت دەگەڕان تا بتوانن دووبارە لە کارە بە
نرخ و خۆبەخشەکانیان بەردەوام بن؛ سەرئەنجام توانیان بە بێ ئەوەی کاری
رۆژنامەگەریی وەک پیشە و کاسبیی تەماشا بکەن و بچن دەست لەبەر حیزب و
حکومەت رێکخراوە بە ناو مەدەنیی و مرۆییەکان پان بکەنەوە و سازش بە
پێنووسەکانیان بکەن دیسان خۆبەخشانە خۆیان کۆ بکەنەوە و بە سوودوەرگرتن
لە تەکنەلۆژیای نوێی رۆژنامەگەری رۆژنامەکەیان بە شێوەی ئەلکترۆنیی و
بە هەمان هەناسە و دید و بۆچوونی ئازادیخوازانەیان بخەنەوە بەردەستی
خوێنەران، هەر وەک ئاشکراشە ئەوە ساڵانێکە تا ئێستا هەر بەردەوامن و
جگە لەوەی زۆر بە جوانیی پابەستن بەها و قورسایی رەوشتەکیی
رۆژنامەگەریی زۆر بە رۆشنییش جێ پەنجەیان دیارە لە گشت کایە
فەرهەنگییەکان لە هۆشیارکردنەوەی تاک و رۆشکردنەوەی رەوتی
ئازادیخوازانە و پێشکەوتنخوازانەی کۆمەڵ و لە بەرەوپێشەوەبردنی دۆزی
سەربەخۆیی نیشتیمانی داگیرکراوی کوردستان.
لە دوا وتەمدا ئاواتەخوازم نۆزدەمین ساڵەی
تەمەنی رۆژنامەی
ئەمڕۆ پتر و پتر گەشاوە بی و وەک
پانتاییەکی پڕ بایەخی ئازادیی دەربڕن هەر فروان فراونتر
ببی
لە بەرانبەر کۆنەپەرستە رەنگاوڕەنگەکان و ئازادیکوژەکانی نێو دەسەڵات و
سیستەمە چەوسێنەر و دژەمرۆییەکەیان، دووبارە هەر گەشاوە بی (ئەمڕۆ) و
هاوکات بەردەوامبوونی لە تەواویی ئازادیخوازان و یەکسانیخوازان پیرۆز
دەکەم.
hogirsozdar@yahoo.com
|