په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٢\٢٠١٠

ئەم شێوە گۆڕانە بەنەفرت بێت!

سەلام عەبدوڵا   

عەداڵەتەکەی گۆڕان:


بزووتنەوەی گۆڕان لە راگەیاندنەکانیدا بانگەشەی عەدالەت دەکەن، بەڵام نە باسی ئابووری هەرەوەزی، نە باسی خۆماڵیکردنی کەرتی بازرگانی، نەوت و گاز و ئاسیاسێل و کۆڕک و میدیاتیلیکۆم دەکەن و نە باسی بەرتەسکردنی توانای کەرتی تایبەت و تا ئێستا نە لە دوور و نە لە نزیکەوە، نەمبیست و نەمبینی زاراوەی سۆسیالیزمی زانستی وەک تاقە ئەڵتەرناتیڤ بۆ سیستێمی ناعەداڵەتی سەرمایەداری، لە میدیاکانیان بەکاربهێنن!


ئەوە کۆمونیستەکان نین کە پێیان وایە سۆسیالیزمی زانستی تاقە رێگای عەدالەتی کۆمەڵایەتییە، بەڵکو مەنتقی هەموو بزووتنەوە عەدالەتخوازەکانی مێژووە. ئەوە"گۆڕان"ە لە سەرەتای سەدەی بیست و یەک باسی عەدالەت دەکات بەبێ ئەقڵ و هزر و ئابووری سۆسیالیستی، واتە لەم بارەیەوە درۆ لەگەڵ خۆیان و خەڵکە هەژارەکە دەکەن و تەنها بۆ تەفرەدان و چەواشەکاریی زاراوەی عەداڵەت بەکاریدەهێنێت. بەهەمان شێوە بە درووشم و سیناریۆی تایبەت(قورئان و بەرماڵ ماچکردن و بەکارهێنانی ئایەتێک لە قورئان) و"پشتیوان بەخوا دەیگۆڕین"، بەرنامەی ئاینی خەڵکە ناڕازییەکەی ناو بزووتنەوە ئیسلامییەکان، بۆ خۆیان راکێشا: ئەم(بوندل)ە- وشەیەکی ئەڵمانییە) سوود لەگشت بیروبۆچوونێک وەردەگرێ و ئاراستەیەکی حزبی هەیە، بەڵام هێشتا بەشێوەیەکی تەماوی دەیهێڵنەوەو لەدواییدا خزمەتکارێکی توندڕەوی سەرمایەیەو بە درووشمەکانی(دژایەتی گەندەڵی...دەستپاکی...کاری دامەزراوەیی)تەپوتۆز دەکەن.


عەدالەتەکەی گۆڕان، هەمان ئەو ناعەداڵەتییەیە کە ماوەی20ساڵە پارتی و یەکێتی بە پشتیوانی هاوپەیمانەکانیان بەرێگای کۆمپانیاو بازرگانی و عەقارە تایبەتەکانیان پەیڕەوی دەکەن، جیاوازییەکە هەر ئەوەیە، گۆڕان وەک خزمەچییەکی بۆرجوازی بچوو نەتەوەپەرەستی ناڕازی، موزایەدەی لەسەر دەکات.


گۆڕانەکەی ئۆباما و نەوشیروان.


ئەوە ئۆباما بوو درووشمی"گۆڕان"ی بەرزکردەوەو بەڵێنی دا (زیندانی گوانتانامۆ دابخات، بباری بانق و بۆرێەکەکان و لەگەلیدا گوزەرانی خەڵک باش بکات، هێزە سەربازییەکانیان لە عیراق بکێشنەوەو جەنگ لە ئەفغانستان رابگرن). ئێستا پاش زیاتر لە ساڵێک و دوو مانگ، نە زیندانی گوانتانامۆ داخرا، نە سوپاکەی لە عیراق کشاندەوە، بەپێچەوانەوە30هەزار سەربازی ترى بۆ ئەفغانستان رەوانەکردو لە دوو هەفتەی رابردوو2بانکی ئەمریکی تر ئەفلاسیان کرد. دیارە گۆڕانەکەی)گۆڕان(یش هەر بە دەردی گۆڕانەکەی ئۆباما چووە: نە توانییان نانبڕاوەکان بۆ سەر کارەکانیان بگەڕێننەوە، نە گەندەڵکارییەکانی ناو یەکێتیان ئاشکرا کرد، نە هەراکەیان لەبارەی دەسەڵاتی سەرۆک هەرێمیان بۆ بەسەرچوو، نە سەرچاوەی داراییان ئاشکراکرد، نە پڕۆژە خێرنەدیوەکەی من کە لەهەموو رۆژنامەو سایتەکان بڵاوکرایەوە(موچە بۆ دایکان)گەیاندە شوێنی خۆی. بەڕێزیان وەک راستییەکی حاشاهەڵنەگر نەدەبوو وەک"بەرنامەی کاک نەوشیروان" باسی لێ بکەن، بەڵکو وەک پڕۆژەی هاوڵاتییەک و ئەوان پێیان باش بووە کاری بۆ بکەن. بەدڵنیاییەوە ئەوان بە(نەوشیروان موستەفا)شەوە نازانن ئەو بیرۆکەیەوە لەکوێوە سەرچاوەی وەرگرتووە!


لەم پەیوەستە: راستە حکومەتی(بوش)بارودۆخی دانیشتوانی ئەمریکای باکوورو خراپ کرد و جەنگێکی زۆر گرانبەهای بەرپاکرد، بەڵام ئایا ئۆباما توانی ببێت بە ئەڵتەرناتیف و هەندێ لە ئاواتەکانی دەنگدەرەکانی جێبەجێ بکات؟
نەخێر!


چ گۆڕانێک؟


بەبێ دیاریکردنی ئاراستەی فکری، دەستەواژەی(گۆڕان)هیچ ناگەیەنێت و هەرگیز پێمان ناڵێن چ گۆڕانێکیان مەبەستە؛ دەیانەوێت بەرەو کوێ بڕۆن؟ بۆچی بە زەقی دژایەتی(حکومەتی حزبی)دەکەن؟ خودی ئەم پروپاگەندەیە نموونەیکە بۆ گاڵتەکردن بەخۆیان و خەڵک: هەر هەموو وەڵاتانی دنیا حکومەتی حزبین یان حزبگەلی هاوپەیمانن لە حکومڕانی و هەر حزبێک نوێنەری چین و توێژێکە و بەرژەوەندیان دەپارێزێ، تەنها (گۆڕان)نەبێت، چونکە"شۆڕەسوارێکی فریادرەس لە دەرەوەی مێژووەوە هاتووەو لەسەر گردێکی پیرۆز داگیرساوەو بەبێ دەسەڵات و ئابووری هەرەوەزی لە ستەمکاری رزگارمان دەکات و هەرچی کارو رەفتاری خراپ هەیە، لەناودەبات". ئالێرەوە کارەساتی گۆڕان دەستپێدەکات.


رێژەیەکی بەرچاو لە خەڵکی ناڕازی لە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی، لە غیابی نوێنەری راستەقینەکەیان کە بووە بە شەریکە دز، تووشی پاشاگەردانی هاتوون و بەلایانەوە گرنگ نییە کێ شوێنی پارتی و یەکێتی دەگرێ، بۆیە دەچنە ریزی"گۆڕان"ەوە، بەبێ ئەوەی پرسیار بکەن، گۆڕان سۆسیالیستە، سۆسیالدیموکراتە، لیبڕاڵە، کۆنزەرفاتیڤە، فاشیستە، دیموکراتە؛ بەبێ ئەوەی لە درووشم و پێکهات و چۆنێتی دامەزراندنی وردببنەوە. ئەمە لەسەر ئاستی شەقام بەم رستەیە دەردەبڕن: گرنگ ئەوەیە پارتی و یەکێتی بڕۆن...پشتیوان بەخوا دەیگۆڕین!


ئەوە بۆچوونە بەناوبانگەکەی ئەحمەد حەسەن بەکر بەبیرمان دەهێنێتەوە لەبارەی کودەتای سەربازی17ی تەمموز: ئێمە زۆر ئامۆژگاریانمان کرد. ئەوان گوێیان لێ نەگرتین بۆیە هاتووین بیگۆڕین). ئەوە گۆڕانی بەعسییانە بوو و دەزانین عیراق و کوردستان و ناوچەکە رووبەڕووی چی بووەوەوە!
عەشرەتی(شومەر)یش دەیگۆڕێ!


ئۆپۆزیتسیون بووە بە بنێشە خۆشەی سەرو بنی زمانی گۆڕان، بەڵام کامە ئۆپۆزیتسیون؟ ئۆپۆزیتسیونی کێ لەبەرامبەر کێ؟


گۆڕان ئۆپۆزیتسیونێکە دوێنێ شانازی دەکرد بەوەی فڵانە عەشرەت لە کوردستان پشتیوانی دەکات و ئێستا شانازی دەکات بەوەی عەشرەتی(شومەر)لە کەرکوک پشتیوانی دەکەن!


کێشەی هەژاری و بێکاری و گەندەڵی و نەبوونی بیمەی کۆمەڵایەتی بە ئارایشکردنی دەسەڵاتی کۆمپانیاو بانق و بازرگانی و عەقارو زانکۆکانی کەرتی تایبەت چارەسەر ناکرێن و بۆ گۆڕانی ئەم بارودۆخە، پێویستیمان بە دەسەڵاتێکی سووری خودی چەوساوەو زەحمەتکێشەکان.


گۆڕان کار لەسەر لایەنگیری عەشرەت، جاشگەلی پلە یەک، کادری حزبە ئیسلامییەکان، دژایەتی چەپ و کۆمونیزم دەکات و بە رەنجی"رۆشنبیر"ە گزیندلەکانی برایان و دۆستانی نیتشە و هایدەگەرو هیتلەر و سلۆدەردایک و کەسانی ئۆپۆرتۆنیست و هەڵپەهەلًَپکەر بۆ دەسەڵات و پارە، وازی بە ئەقڵ و سۆزی خەڵک دەکات. ئایا ئەم"گۆڕان"ە دەتوانێت ببێ بەشوێنی متمانە بۆ دواڕۆژێکی باشتر بۆ خەڵکی کوردستان؟


من وەک کەسێکی ناڕازی لە شێوەی دەسەڵاتدارێتی ئێستا لە هەرێمی کوردستان و ناعەداڵەتییەکەی و قووڵبوونی درزی نێوان هەژاران و چینێکی سەرمایەدارو مشەخۆرو گەندەڵ و سەوداکار، بەوپەڕەی بەرپرسیارێتییەوەو بە لەبەرچاوگرتنی هەندێ کەسانی دلًَسۆزو خەباتگێریش کە ئێستا لە ریزی گۆڕان کاردەکەن، هەزار نەفرەت لەم گۆڕانە و ئومێدەوارم خەڵک بە راگەیاندن و دروشمە بریقەدارەکانی گۆڕان هەڵنەخەڵەتێن و سەرەڕای کەلێنی گەورەو قوڵ لە بەرەیەکی چەپ بۆ بەدیهاتنی گۆڕانی سوور، ئۆپۆزیتسیونی سووری هەژاران و زەحمەتکێشان تاقە چارەیەو ئەم هەڵبژاردنە دوا وێستگەی مێژوو نییەو لە وئیدی لە ئێستاوە دەبێ شوعییەکان گرنگی و بەرپرسیارییەتی خۆیان لەبەرامبەر ئەرکە مێژووییەکەیان لەبەرچاو بێت و لەبەر هەندێ دەستکەوتی بێتام و لەزەت، چینی کرێکارو جووتیارو بێکارو هەژارەکان لە دووریانەکان بەتەنها بەجێ نەهێڵن...مێژوو رەحم بە کەس ناکات!
 


07701929872 
dwaroj@yahoo.de