په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

            ئەم شیرۆکانەى بۆ نیشتمانن.


حەمەى ئەحمەد رەسوڵ

بێـدە‌نـگ مـەبـە
دیومە گــەلـێ جــار
ڕۆڵــە لـەحـەژمەت مەرگی دایکا
دوورگەی نێـو دەریـاو بیابـان و
دەشتـی نێـو هـەوران تـەی کـا
دیومـە بلەرزێ دڵ لە تاو ئازار
خوێــنی چاو سەرکا و
بڕژێــتە سەر خاک، دوا تنۆکەی هێــز
نەمدی بۆ تــــــاوێ، لانەی هیوایەک
گیانێــکی تەزییو... بگرێــتە ئامێــــز
بەڵـــێ من دیومە
دڵـــۆپآ شەونم
کڵــپەی سووتانی
سەرتاپا شـارێ
بکوژێــنێـــتەوە
نــــەمدی بۆ تـــاوێ
سێــبــــەری خەونی وونی:
نێــــو سەراب ، بدرەوشێــــتەوە
دیومە گێــــژەن، سەری ڕووتی بنارێــکی
لە مێــــخەوە هەڵگرتووە..
دیومە ئاگر وەک ئەهریمەن
بە نێــــو شادەماری درەختا ڕۆچووە
نە من نە تۆ ..
نەماندیووە ، ماری برسی
پاسی ڕێـبوارێـکی نووستووی ژێــر دارێ بـێ
تۆش وەکو من کە نەتدیووە.. بۆ ناپرسی !؟
شــــــــــــە و
چاوی ماندووی شەوێ بانگی کردم :
" دەمێ سا ڵە بینایی چاوانم کوێرە و
ئاوی هەنگوینم لا تا ڵــە
لێ ئاخ !
خۆزگە ئەمزانی دڵی هەوری ئاسمانی
شۆخ وچاوی مانگ و ئەستێرەی شیرین
بۆچی هەردەم بە کــوڵ ئەگـریـن ؟
سووتان


هەوری ئاســــمانــێ نووستــووە
دوکـــەڵ لـە ئــاگر تۆراوە ،
دایکی شـــارێ کۆست کــەوتـــــووە
دار چنارێ، لــەخــۆوە ڕا بـەلایا دێ
چـــرای شیــعرێ ، کـــــز ئــەسووتـــــێ
نــەمـــــریـــی
گوڵیش هەر پیر ئەبێ و
..... ئەمرێ
وەلێ پێش مردنیان ،
لەسەر لەپی دەستەکانما
جێ ئەمێــــــنێ بۆنیان !
گەشبینم کە هێشتاکە ئەژیم
چەندی تر لە تۆزو قەهرو ژاوەژاوی
چەپگەردی وا ڕەزاگرانا لێوانلێو بم
لە تووڕەیی .. لە ڕەشایی ..
هێدی هێدی ڕەنگەکانی ئۆمێدم
لێ کاڵبنەوە ..
هێشتاکە ئێرە بۆ من :
باخچەی سبەینێیەکی شێدارە
ئەو باخچە کەسکانەی بە سانایی
ئەمگەڕێننەوە نێو باوەشی مناڵیم
مناڵیی : ئەو دەمەی جانتای پڕ کتێبم
لە پاڵ شیشەکانی" باخچەی گشتی "یەوە
فڕێئەدا و سەری چکۆلەم پێش خۆم
ئەبردە ئەودیوی بارەگای گوڵ دزینەوە ..
لە نێو باخچەدا ،تێر ..تێر خۆم ئەگەوزاند
دوو ..سێ ..چوار گوڵی تەمەنم ئەقرتاند
ئەمخستنە نێو جانتای سەفەرەوە و
بەرەو سەراب .. بەرەو ژیان هەنگاومئەنا !

___________________________
(*) شیرۆک: بریتییە لە شیعر+چیرۆک . واتە هەر دەقێک خەسڵەتەکانی شیعر و چیرۆکی لەیەک بابەتدا کۆکردەوە پێی ئەڵێین شیرۆک.