په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\١٠\٢٠١٠

ئەم خانووە بۆ فرۆشتنە...!


محەمەد ئەحمەد  


ئەگەر کەسێک مانشێتی بابەتەکەم بخوێنێتەوە وا دەزانێت من خانویەکەم هەیە و بە مەبەستی بازرگانی لێرە بڵاوم کردۆتەوە بۆ ئەوەی بڕیک پارەی زیاتر بەدەست بێنم لە کاتی فرۆشتنی خانووەکەم.


نەخێر، من هێشتا قوتابیم و لە زانکۆ ئەخوێنم و خانووم نییە تا خانووەکەم بفرۆشم ، بەڵام وشەی ئەم خانووە بۆ فرۆشتنە (دار للبیع) لەدیواری زۆرێک لە ماڵە کوردەکانی شارۆچکەی خورماتوو نووسراوە ، چونکە ئەو ماڵانە شارۆچکەکەیان بە نائارام دەزانن و لەلایەن هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی مەرکەزی بەغدا پشتگوێ خراوە خانووەکانیان دەفرۆشن تاکو کۆچ بکەن بۆ شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، کێشەی کۆچکردنی ماڵە کوردەکانی خورماتوو تاکو ئێستایش مانشێتی زۆربەی رۆژنامە و گۆڤارە کوردی و عەرەبێکانی داگیر کردووە ، بەڵام تاکو ئێستا هیچ بەرپرسێکی حکومی و حزبیش خۆی بە خاوەنی دۆسێی ئەم کۆچە نەکردووە بۆ ئەوەی رێگە چارەیەکی بۆ بدۆزنەوە و بە شێوەیەکی رۆشەنبیری و دیموکراتی رێگری لە ئەم کۆچە بکەن ، چونکە لە سەرژمێرییە گشتێکەی عێراق کە بۆ کۆتایی ئەم ساڵ دواخرا کاریگەری دەبێت لەسەر کوردستانی بوونی خورماتوو .


هەوەها بەشێک لە هاوڵاتییە کوردەکانی خورماتوو دەڵێن: ئێمە لە نێوان دوو حکومەتدا پشتگوێ خراوین کە دەبوایە ئێستا ئەم دوو حکومەتە کێبڕکێیان بکردایە بۆ ئەنجامدانی زیاترین پرۆژەی خزمەت گوزاری و رازی کردنی دانیشتوانی خورماتوو ، بەڵام بە پێچەوانەوە حکومەتە مەرکەزێکەی عێراق دەڵێت ئێوە شارێکی کوردستانین با کوردستان خزمەتتان بکات ، حکومەتی هەرێمیش دەڵێت ئێوە سەر بە حکومەتی ناوەندن و لەسەر ئەوانە پرۆژە لە شارۆچکەکەتان ئەنجام بدات.
شارێک گەر لە نێوان دوو حکومەتدا وێڵ بووبێت و خودی بەرپەرسەکانی شارۆچکەکەیش گوێ بەو کێشەیە نەدەن ، ئەنجامەکەی هەر جێهێشتنی شارۆچکەکەی لە لایەن هاوڵاتییانەوە.


بەدەر لە کێشەی خزمەت گوزاری و نەبوونی ئاسایش و پاراستی گیانی هاوڵاتییان ، کوردەکانی خورماتوو کێشەی خوێندنی کوردیان هەیە کە بۆ ئەمساڵی خوێندن لە یەکێک لە قوتابخانەکان پێشتر تەنها یەک پۆلی خوێندنی زمانی عەرەبی تێدا مابوو لەبەر ئەوەی زۆربەی دانیشتوانی ئەو گەڕەکە منداڵەکانیان لە قوتابخانەی کوردی ناونووس دەکرد، بەڵام ئێستا لە پۆلی یەکەمی سەرەتایی تەنها 10 قوتابی هەیە ، چونکە هەر قوتابییەک لە پۆلی شەشەمی ناوەندی دەربچێت لە کۆلێژ و پەیمانگاکانی حکومەتی هەرێم وەرناگیرێن و بۆ درێژە دانیان بە خوێندن پێویستە روو لە شارەکانی عێراق بکەن و بە زمانی عەرەبی خوێندن تەواو بکەن ، ئەمە جگەلەوەی لە قوتابخانە کوردێکاندا کێشەی کەمی مامۆستا و کێشەی نەبوونی پەرتووک و چەندکێشەیەکی دیکەیش بەدی دەکرێت.


بۆیە لێرەوە داواکارم لە حکومەتی هەرێمی کورستان و حزبە کوردێکانی هەرێم، ئاوەرێک لە کێشەکانی شارۆچکەی خورماتوو بدەنەوە کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکەن ، نەک تەنها بۆ پڕو پاگەندەی حزبی و بەدەستهێنانی دەنگی هاوڵاتییان رووبەکەنە شارۆچکەکەیان ، چونکە لە راپۆرتێکی پێشوومدا چەندین هاوڵاتی هەڕەشەی بەشداری نەکردنی هەڵبژاردنی دەکرد ، کە ئەمەش ئەنجامەکەی باش نابێت بۆ کورد وحزبە کوردێکان لە شارۆچکەی خورماتوو.

لەلایەکی دیکەوە لە هەر شار و شوێنێکی ئەم دوانیایە تەنها یەک دەزگای ئاسایش هەیە ئەمە جگە لە پۆلیس و سەرباز کە ئەرکی ئەوان جیاوازە ، بەڵام لە شارۆچکەی خورماتوو 3 ئاسایش هەیە کە ئاسایشی ( ی.ن.ک و پ.د.ک و حکومەتی ناوەندی بەغدا) هەیە ، ئەمە جگە لە پێشەرگە و پاسەوانانی بارەگا حزبێکانی شارۆچکەکە، جێی داخە بەو هەموو دەزگا ئەمنییەکانی خورماتو کە تاکو ئێستا نەتوانراوە کێشەی بەرقەرار بوونی هاوڵاتییان بەدی بکرێت.

ئەمانە و چەندین کێشەی تر وای لە هاوڵاتییە کوردەکانی خورماتوو کردووە (دار للبیع) لە دیواری ماڵەکەیاندا بنووسن و کۆچبکەن بۆ شارەکانی هەرێمی کوردستان، وە بۆئەوەی خانووەکەیان بە پارەیەکی زۆرتر بفرۆشن ، خانووەکانیان ئەدەن بە عەرەب و تورکمان .

 

 

خورماتوو
Hama90@live.com