په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\١٢\٢٠١٣

ئەم خوێنە ناوەستێ.. تابلۆ رەشەکە درێژەی هەیە!


بەشدار عوسمان    


هێشتا خوێنی تکاوی نێو دەمی سەردەشت وشک نەبووبوو، هێشتا خوێنی سەر سنگی سۆران بە یەخەمەناوە دیاربوو، بۆ جارێکیتر خوینی سەری کاوەیان بە هەموو لەشولارمان هێنایە خوارەوە و جارێکیتر سووریان کردینەوە لە غەدر و زوڵم و ستەم و تابلۆ رەشەکەیان درێژتر کردەوە!


کوشتن و تیرۆرکردنی رۆژنامەنوس کاوە گەرمیانی ئیتر ئومێدێکی نەهێشتەوە بە چاکسازی و بەخۆداچونەوەی هێزە فەرمانڕەواکانی کوردستان، رووداوەکانی تەنها چوار ساڵی هەرێمی کوردستان نەک ئەوەی ئاماژەیەکمان نیشان نادەن کە ئومێدێکمان بە بەیانیەکی باشتر هەبێت ،بەڵکو سێسەد و شەست پلە پێچەوانەکەی دەبینین ! ئەوانەی کە خەمی چاککردنی سیستەمی ئەم وڵاتەیان لەکۆڵ ناوە،ئەوانەی کە خەون بە سبەینێیەکی باشتر دەبینن و نایانەوێت دکتاتۆرێکیتر دورست بێتەوە،گوللە باران دەکرێن. ئەوانەی خەیاڵ و بیرکردنەوەیان لای نەمانی زوڵم و ستەمو هێنانە کایەی دەسەڵاتێکی مۆدێرنە کە هەمووان بە جیاوازییەکانیانەوە لە سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە بەهرەمەند بن،گوللە دەنێرێت بەدەمیانەوە،پێمان وابوو کاردانەوەکانی تیرۆرکردنی رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان دەرسێکی باشی داوە بە دەسەڵاتداران ئیتر لەسەر جیاوازی بیرکردنەوە و نوسین و کاری رۆژنامەگەری دەست بۆ کاری تیرۆر و تۆقاندن نابەن،بەڵام هەڵەین ! لەم لاشەوە بکوژان و دارێژەرانی پلانی تیرۆرەکان بە عاشکرا دەسوڕینەوە ،ئیتر ئومێدێک نەماوەتەوە بۆ تروسکایەکی رۆشنتر.


لەمەوبەدوا دەسەڵاتی سیاسی نابێت نەک باسی ئازادی رادەربڕین و دیموکراسی بکات ،بەلکو شەرم لە ناوهێنانی حکومداری بکات،ناوهێنانی مافی مرۆڤ و ئازادی گاڵتەجارییە کە لەسەر نوسین و راپۆرت و کاری رۆژنامەوانی گەنج و رۆژنامەنوسەکانمان گوللە باران دەکرێن،گاڵتەجاری حکومداریەکەشیان ئەوەیە ناتوانن هیچ یەکێک لەم کەیسانە بێلایەنانە و سەربەخۆیانە و راستگۆیانە یەکلابکەنەوە .ئیتر نەک بۆی نیە باسی ئەمنیەت و ئاسایش بکات کە بەشێکی زۆری سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە دەوڵەمەندە بۆ ئاسایش و پۆلیس و دەزگای ئەمنی و جاسوسیەکان سەرف دەکرێت،بەڵکو یەکێک لەنامنترین شوێنە بۆ رۆژنامەنوسان و خەڵکانی نارازی و ئازادیخواز و هەمووان بەیەکەوە هەست بە نائارامیەکی تۆقێنەر دەکەین.


تیرۆری کاوە گەرمیانی،پییان گوتینەوە ئەم خوێنە ناوەستێ تا دەسەڵات شەفافیەت و ئاشکراکردنی گەندەڵی بە کۆتایی هاتنی خۆی بزانێت،ئەم خوێنە ناوەستێ تا عەقڵیەتی بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتە هۆشیاری و بەئاگای خەڵک بە مەترسی و نەمانی خۆی بزانێت ،ئەم خوێنە ناوەستێ تا مافیا و چەتەکان پارێزەر و ئاسایشی خەڵک بن!


ئەوەی زیاتر دۆسیەکانی تیرۆری رۆژنامەنوسانی مەترسیدارتر کردۆتەوە،تاوانباران و ئەنجامدەران و ئەوانەی لەپشتەوەی ئەم تیرۆرانەن بەئاشکرا دەسوڕێنەوە،لە کاتێکدا ئەنجامدەرانیانیان بۆ زۆرێک لە خەڵکی کوردستان روون و ئاشکران،دادگا و دەسەڵاتی قەزائی نەک ناتوانێ سەربەخۆیانە و بێلایەنانە لێکۆڵینەوەکانی بباتە پێشەوە بەپێچەوانەوە دەبێتە رایەڵەیەکی بەهێز بۆ بەلارێدابردنی کەیسەکان و دیزەبەدەرخۆنە و وونکردنیان و پەنادانی تاوانباران،کەیسەکانی تەنها جوار ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان نزیکترینیانن ،بۆیە ناتوانین هیچ خۆشباوەڕییەک بە دەزگا ئەمنیەکان و دەسەڵاتی قەزائی هەڵبچنین.


بیرکردنەوەیەکی زۆر نامەنتقیە،ئەگەر پییان وابێت تیرۆر و لەناوبردنی فیزیکی رۆژنامەنوسان و چالاکوانان،دەتوانێت خەونی دورستکردنی دەسەڵاتێکی بنەماڵەیی و خێڵەکی بەڕتە پێشەوە و هەمومان بێدەنگ و کەڕ و لاڵ بکەن و ئەوانیش بە ئارەزویی هەرچیان ویست بیکەن و بیبەن،خەیاڵیکی مناڵانەیە ئەگەر پێیان وابیت بە تیرۆر و تۆقاندن دەتوانن درێژە بە زیاتر دەوڵەمەندکردن و رووتاندنەوەی سەروەت و سامانی ئەم ولاتە بدەن و کۆمەڵگاش لەم ئاستی برسیەتی و نەبوونیە رابگرن.


خەلکی کوردستان بەکەمتر لەئازادی و ژیانێکی شەڕەفمەندانە رازای نابن،ئەوانەشی لەدژی ئازادی و دەستڕاگەیشتنی خەڵکن بە ماف وداخوازییەکانیان و لەبەرامبەردا دەست بۆ تیرۆر و تۆقاندن دەبەن،جگە لە ریسوایی و شەرمەزاری و فڕێدانیان بۆ زبڵدانی مێژوو هیچیتریان بۆ نامێنێتەوە.

 

٦\١٢\٢٠١٣

ماڵپه‌ڕی به‌شدار عوسمان

 

________________________________________________

بۆ دیتنی سەرجەمی بابەتەکانی دۆسیەی شەهیدی پێنووس (کاوە گەرمیانی) لێرە کرتە بکە:

http://www.emrro.com/dosyeykawe.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک