په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\١١\٢٠١٠

 ئەنارکیزم، پەرتووکخانەی کوردی و سەرچاوەی ڕەخنەگرانی.


ھەژێن

- بەشی دووەم -


ئانارکیزم لە سەرەتاکەیدا دژی خاوەنداریی تایبەتی نەبوو ، تەنھا رەخنەی لە شێوەی دابەشکردنی سامان ھەبوو ، یەکسانی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی لە خاوەنداریی تاکەکەسدا دەبینی . بەرنامەی ئابووری ئەم ئانارکیزمە ، دامەزراندنی بانکێکی نیشتمانی بوو کە قازانجی سەرمایەی تێدا نەبێت

نووسەر ھیچ بەڵگەیەک بۆ ئەم بۆچوونانەی ناخاتە ڕوو و تەنیا بۆچوونە بێبنەماکانی لێنین و پاشڕەوانی وی، دووبارە دەکاتەوە. ئەنارکیزم ھەر لە سەرتای سەرھەڵدانییەوە وەک ھزرێک، دژایەتی سەروەری چینایەتی و بانگەوزای بۆ کۆمەڵگەی بێچین و چەوسانەوە کردووە، مەرجیشی بۆ سەرھەڵدانی وەھا کۆمەڵگەیەک خەباتی بەردەوام و ئامادەیی یەکگرتنی ئازادانەی کۆمونە و ھەرەوەزییەکانی کرێکاران و جوتیاران و بەشەکانی تری کۆمەڵگە بووە، لەسەر بنەمای فیدراسیۆن و کۆنفیدراسیۆنە ڕێکخراوەکان لە خوارەوەڕا. ئەوەی کە نووسەر بە بانکی نیشتمانی نێوی دەبات بانکی ئاڵووێرە[٤] ، کە تەنیا کاری ڕێکخستنە و ھیچ ھاوشێوەیەکیی لەتەک بانکە باوەکانی سیستەمی سەرمایەداری دەوڵەتیدا نییە، کە بە بانکی نیشتمانی ناسروان. ھەروەھا لای ئەنارکیستەکان ھەرشتێک نەبێتە ھۆی بەھرەکێسی لە کاری کەسانی تر، ناچێتە خانەی خاوەنداڕێتی تایبەتەوە و سەرتاشێک، بەردروورێک، جوتیارێک، پیشەگەرێک، کە داھاتی تەنیا بەرھەمی کاری خۆی بێت و کەسی بۆ ئەو مەبەستە بەھرەکێشی نەکردبێت، ڕەتناکاتەوە.

دواجار، وەک لە ئەزموونی شۆڕشی ئیسپانیادا بە دیاریکراوی لە ناوچەی کەتالۆنیا، جوتیاران و کرێکاران بە خۆخواستی و بە ویستی ئازادانەی خۆیان دەبوونە بەشێک لە کۆمونە ھەرەوەزییەکان -ڕێک بەپێچەوانەی مۆدێلە بۆلشەویکییەکەی ڕوسیا و چین و کوبا و بلۆکی ئۆروپای خۆرھەلاتی، کە بە زۆری سەرەنێزە و کاری زۆرەملێ و دوورخستەنەوەی جوتیارانی نارازی بۆ سیبریا- و ھەر ئەو ئازادییەش بوو، کە گیانی شۆڕشگێڕانەی لای ئەندامانی ھەرەوەزییەکانی ئۆکرانیا و ئیسپانیا دروستکرد، کە تا دوا گولە و دوا دلۆپی خوێن دژی دوژمنی چتینایەتییان بجەنگن و گیانیان لەپێناو کۆمەڵگە ئازادەکانیاندا بەخت بکەن، بەپێچەوانەشەوە ھەر زۆری سەرەنێزەی سوپای سوور بوو، کە وای لە دانیشتوانی ڕوسیە و وڵاتەکانی تری دەستەخوشکی کرد، کە خوازیاری گەڕانەوەی دڕندەترین سیستەمی بازار ئازاد بن، سیستەمێک، کە ٧٠ ساڵ پێشتر بە ھەزاران قوربانیان بۆ لەناوبردنی دا.

لەڕووی سیاسییەوە ئانارکیزمی پرۆدۆنی دژی کاری شۆڕشگێڕانەو سەربەخۆی چینی کرێکار بوو . نە خەباتی شۆڕشگێڕانەی چەکدارو نە مانگرتنی کرێکارانی نەدەسەلماند ، بەڵکو لەگەڵ سازش و تەبایی چینایەتی نێوان کرێکاران و سەرمایەداراندا بوو .

ئەگەر نووسەر نموونەی دابا و کەمێک ڕوونتر لەمەڕ سەربەخۆیی چینی کرێکار و شۆڕشگێڕیی دوابا کار ئاسانتر دەبوو. پرۆدۆن بە ھەموو شێوەیەک دژی توندوتیژی بوو، مانگرتنیشی ڕەت نەدەکردەوە، دژی سازشی چینایەتیش بوو. ئەو پێیوابوو خەبات لە ڕەوتێکی درێژخایەندا باشترە لە توندووتیژییەک کە توندووتیژی بەرامبەر دەمەزەرد دەکاتەوە. سەردەمێکیش کە ئەوەی تێدا دەژیا، زۆر لە سەردەم و دەوڵەتەکانی سەدەی بیست و یەک جیاوازتر بوو. ئەگەر پرۆدۆن لە سەردەمی شۆڕشی ڕوسیە یا شۆڕشی ئیسپانیا بژیایە و لە بری خەباتی چەکداری دژی لەشکرکێشی دەرەکی، خوازیاری ئاشتی و پێکەوەژیان بووایە، ئەوا ڕەخنەکانی نووسەر لە جێی خۆیاندا بوون. ھەروەھا بەڵگەش بۆ ئەوەی کە ئەنارکییەکان ھیچ کات دژی سەربەخۆیی نەبوون و ناشۆڕشگێڕیش نەبوون، نووسەر و خوێنەر دەتوانن بڕواننە ڕۆڵی ماخنۆڤیستەکانی ئۆکرانیا ١٩١٧- ١٩٢١ کە ھاوکات دژی داگیرکاری نەمسا و ئاڵمانیا و دژی سەرکوتگەریی بۆلشەڤیکەکان دەجەنگان و دواجار بۆلشەڤیکەکان لەتەک دوژمن ڕێککەوتن و لە دواوەرا خەنجەری ژەھراویی خۆیان لە لەشکری ماخنۆڤیستەکان دا، کە دژی ڕێکەوتننامە شوومەکەی برێست- لیتۆڤسک Brest-Litowsk دەوڵەتی بۆلشەڤیکەکان و دەوڵەتی ئاڵمان و نەمسا بوون,

پرۆدۆن خاوەندارێتی تایبەتی بە دزی دادەنێت و دژی سەروەریی چینایەتیشە و پێکھاتنی کۆمەڵگەی ئازاد و یەکسان و دادپەروەر تەنیا لەسەر بنەمای یەکگرتنی ئازادانەی ھەرەوەزییەکان لە فیدراسیۆنە ئازادادەکاندا دەبینێت، ئیتر بەکام پێوەر و بەکام سەرچاوە خوازیاری تەبایی چینایەتی کرێکاران و سەرمایەداران دەبێت. پرۆدۆن جارێک وەک نوێنەر لە ئەنجومەنی گەلی خۆھەلدەبژێرێت، وازی لێدەھێنێت و دژی ھەڵبژاردن و خۆھەڵبژاردن بانگەواز دەکات. ئیتر نازانم لەسەر چ بنەمایەک ئەو بووەتە دژی کاری شۆڕشگیڕانە و دژی سەربەخۆیی چینی کرێکار؟ بۆ ھەموو لایەکمان سوودمەند دەبێت، ئەگەر نووسەر یا ھەر کەسێکی تر ئەو ئەرکە بکێشێت و لەو بارەوە لە تێکست و قسە و کارکردەکانی پڕۆدۆن دا نموونەیەک دەستنیشان بکات. ئەوەندەی من بزانم پڕۆدۆن تەنیا یەک کفری کردووە و ئەویش ئەو نامەیە کە بۆ کارل مارکسی دەنووسێت و ئیتر بە ھەموو شێوەیەک بەر نەفرەت دەدرێت. بۆ زیاتر ڕوونبوونەوەی باسەکە لەسەر پڕۆدۆن، سەرنجی خوێنەر بۆ ئەم پەرەگرافەی دواتری نووسەر ڕادەکێشم.

گرنگترین خاڵێک کە ئانارکیزمی سەردەم بە ئانارکیزمی پرۆدۆنییەوە دەبەستێتەوە ، رەتکردنەوەی دەوڵەتە بە ھەموو شێوەکانییەوە . پرۆدۆن دژی پێکھێنانی دەوڵەت و دیسپلینی دەوڵەتی بوو . دەسەڵاتی چینەکانی رەفزدەکردو ھەموو جۆرە ناوەندێتییەکی بە سەرچاوەی چەوساندنەوە دەزانی . ئەو داواکاری ھێنانەکایەی بە پەلەو دەمودەستی کۆمەڵگای سۆسیالیستیی بێ دەوڵەت بوو .

من دەزانم چی نووسەری تووشی ئەو ناکۆکییە زاقە کردووە، نووسەر لە بۆچوونەکانیدا لە بری لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و ھەلسەنگاندنی خۆی، پشت بە بۆچوونی کەسێکی تر دەبەسێت (جەعفەری ڕەسا)، کە ئەویش لە بری خوێندنەوەی خۆی لە بارەی ئەنارکیزم و ھەڵگرانی ئەو ھزرە، کەچی پشتی بە بۆچوونەکانی مارکس و لێنین و پاشڕەوانیان بەستووە و ھەر ئەمەشە کە (فوئاد قەرەداغی) تووشی ناکۆکی کردووە.

لە کاتێکدا کە لە برگەی یەکەمدا پرۆدۆن و ئەنارکیزمە بۆ دروستکراوەکەی دژی کاری شۆڕشگێڕانە و سەربەخۆیی چینی کرێکارن و خوازیاری تەبایی چینایەتی کرێکاران و سەرمایەدارانە، چۆن دەتوانێت ھاوکات و لە برگەی دواتردا ببێتە ڕەتکەرەوەی دەسەلاتی چینەکان و خوازیاری دەستبەجێی سۆشیالیزم؟
لێرەدا من وەک خوێنەرێک، کاتێک کە ئەو دوو پەرەگرافە لەیەک دەدەم، توشی سەرلێشێوان دەبم، چونکە چیتر لە مەبەستی نووسەر لە سەربەخۆیی چینی کرێکار و کاری شٶڕشگیڕانە تێناگەم!

مارکس دژی ئانارکیزمی پرۆدۆنی خەباتێکی سەختی کردو دوای تێکشکانی کۆمۆنەی پاریس پاشەکشەی بە پرۆدۆنیزم کردو لە نێو بزووتنەوەی کرێکاری و ئینتەرناسیۆناڵی یەکەمدا ھیچ ئیعتیبارێکی بۆ نەھێشتنەوە .

وەک لە سەرەتادا ڕۆشناییم خستەسەر نەدەبوو نووسەر بکەوێتە ھەڵەی واوە و ئەو دەستەواژە سواوانەی سەرزاری ئەندامانی گوێڕایەڵی پارت دووبارە بکاتەوە. ئەوەی مارکس وەک سۆپەرمانێک پاشەکشەی بە ئەنارکیزمە بۆدروستکراوەکەی پرۆدۆن کردبێت و لە نێو ئینتەرناسیونالی یەکەمدا ھیچ متمانەیەکەی بۆ نەھێشتبێتەوە، ئەمە فرەتر لە دیمەنی فیلمە سینەماییە ئەمەریکییەکان دەچێت تا لە مشتومڕی دوو ھزریاری نێو کۆڕوکۆمەڵێکی کرێکاری و سۆشیالیستی.

من لە سەرەوە بە دیاریکراوی دەقی نامەکەی (پرۆدۆن)م ھێنایەوە، تاوەکو خوێنەر بزانێت کە پرۆدۆن لەسەر چی داواکەی کارل مارکس ڕەتدەکاتەوە، لەبەرئەوەی لە ھەوڵی دەستەکەی (کارل مارکس)دا، سەرھەڵدانێکی ئایینێکی دونیایی و لاساییکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ڕیساکانی سەروەری چینایەتی دەبێنیت، لەبەر ئەوەی کە پرۆدۆن دژی ئۆتۆریتە بوو، دژی دەسەڵاتی چینایەتی بوو، کە خودی نووسەریش ددانی پێداناوە.

ھەر ئەو کاتە شێوە مەیلێکی دیکەی ئانارکیستی لە ئینتەرناسدیۆناڵی یەکەمدا جێوڕێی خۆی ھەبوو . باکۆنین رابەرایەتی ئەم مەیلەی دەکرد .

دیسانەوە کاتێک کە خوێنەر ئەم دوو پەرەگرافە لەیەک دەدات، ئەوەی لا دروست دەبێت، کە لە ئینتەرناسیوناڵی یەکەمدا دوو ئاراستەی ئەنارکیستی بەو جۆرەی نووسەر یا ئەو سەرچاوانەی ئەو پشتی پێبەستوون، دورستیان کردوون- (ئەنارکیزمی پرۆدۆنی ) و (ئەنارکیزمی باکونی). بەڵام ئەمە دروست نییە و ھیچ بنەما و سەرچاوەیەکی نییە. لە ئینتەرناسیوناڵی یەکەمدا ئەنارکیستەکان لە پیلانێکی چەپەلدا کرانە دەرەوە، چونکە ئەوان پێیانوابوو، جیاوازی دیکتاتۆریی بۆرژوازی و دیتکاتۆریی پارتی پێشڕەو نییە، بەڵکو واوەتر لەوە پێیانوابوو، دیکتاتۆریی سوور چەوسانەوەی بێدەسەڵاتەکانی کۆمەڵگە (چین و توێژە بەرھەمھێنەرەکان) دەگەیێنێتە لووتکە. ئایا ئەوەی کە لە مێژووی حەفتاساڵەی دەسەلاتی دیکتاتۆری سووری بۆلشەڤیکەکاندا ڕووی دا ھەر ئەوە نەبوو، کە باکونین لە ئینتەرناسیوناڵی یەکەمدا خستییە بەردەم کارل مارکس و پاشڕەوانی؟

لە بری دەوڵەت داواکاری کۆمەڵگای رێکخراوو دامەزراوەی ئۆتۆنۆمی کرێکاران و خەڵکی چەوساوە بوو.

ئەمەیان، دروستە و ھەموو ئەنارکیستەکان سەراپای خەباتیان بۆ ئەو ئامانجەیە. بەڵام دەبێت ئەوە ڕوون بێت، کە فیدرالیزمی ئەنارکیستی، فیدرالیزمێک نییە، کە لە سەرەوە پێکبێت و بسەپێنرێت، بەڵکو لەسەر بنەمای ئامادەیی ئازادانەی تاک و دواجاریش کۆمەڵە و کۆمونە و ھەرەوەزییە ئازادەکان پێکدێت، وەک ئەوەی کە لە شۆڕشی ١٩١٧ لە ئۆکرانیا و لە شۆڕشی ١٩٣٦ی ئیسپانیا ڕووی دا.


بەڵام ئەوئۆتۆنۆمی (خودموختاری)یەی کە نووسەر باسی لێوەکردووە، لە فەرھەنگی ئەنارکییەکاندا بە (خۆبەڕێوەبەرایەتی ھەرەوەزی و کۆمونەکان) ناودەبرێت و لە ئۆتۆنۆمییەکەی بەعس و ئۆتۆنۆمییە ڕاستەقینەکەی ناسیونالیزمی کورد جیاوازە. لە خۆبەرێوەبەرایەتی کرێکاری یا ئەنارکی واتە ڕێکخستن و خەبات و بەرھەمھێنان و دابەشکردن و بەرگریکردن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە لە خوارەوەڕا نەک پێچەوانەکەی.

لێرەدا پرسیارێک یەخەمان دەگرێت: ئایا خوازیاری کۆمەڵگەی ڕێکخراو و دامەزراوەی خودموختاری کرێکاران و خەڵکی چەوساوە وردەبۆژوازیانەیە یا دەسەلاتخوازی و خۆبەڕابەرزانین و دیکتەکردنی ژیان بە کرێکاران و چەوساوان و ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگە لە سەرەوەرا و دەستەمۆکردنی سۆڤیەتەکان؟

وەلامی ئەم پرسیارە کرۆکی ڕەخنەی ئەنارکیزم وەک ھزرێکی ئازادڕەو لە ڕێڕەو (مژھب)ی مارکسیزم وەک ئایدیۆلۆجیای پارتی پێشڕەو پێکدەھنێت. لێرەدا پێویستە ئەوەش ڕۆشن بکەمەوە، کە ئەنارکیستەکان لە پێش (پرۆدۆن)ەوە تا ھەنووکە لە بری سیستەمی ناوەندێتی سەپێنراو، خوازیاری ھەرەوەزییە ئازادەکانی ڕێکخراو لەسەر بنەمای یەکگرتنی فیدرالیستی دڵخوازانەی گروپ و ناوچە و شار و ولات و کیشوەرەکانن و لە بری دەوڵەت و سەروەری چین و پارت، خوازیاری خۆبەڕێوەبەڕێتی کرێکاران و بەشەکانی تری کۆمەڵن.


ئەگەر کیشەکانی ناوخۆی عیراق و پرسی نەتەوەکان و قەیرانەکانی تری و کردنەدەرەوەی لەشکری داگیرکەری ھاوپەیمان و کۆتایی دەستێوەردانی دەوڵەتانی ناوچەکە بەنموونە بھێنینەوە، ئەوا لە ڕوانگەی ئەنارکییەوە تەنیا یەک ڕێگە چارە دەمنێتەوە، ئەویش بڕیار و ئامادەیی و مافی تاکەکانی کۆمەڵگەیە نەک ڕێکەوتی خێڵ و پارت و سەرۆک و کوێربینی ناسیونالستی. دەکرێت کەرکووک وەک پارێزگەیەک کە دانیشتوانەکەی فرە ئایین و فرە نەتەوەن، باشترین نموونە بێت: بەڕای من ھەر دابەشکردنێک یا یەکگرتنێک دەبێت لەسەر بنەمای ئامادەیی خۆخواستانەی کۆمەڵە و کۆمونە و ئەنجومەن (شورا***) و ھەرەوەزییە ئازادەکانی خودی دانیشتوانی دەڤەرەکان پێکبێت، کە تێیدا دانیشتوانی ھەر گوندێک ھەر شارێک ھەر ھەرێمێک ئازادانە و بەبێ دەستتێوەردانی دەرەکی و بەبێ سەپاندن لە سەروەرا، بڕیاری یەکگرتن و پێکھێنانی یەکگرتن یا جیابوونەوەی خۆی لەتەک ئەوانی تر لەسەر بنەمای فیدرالیزمی ئازادڕەوانە دەدات. ھەروەھا زمان و شێوەی پەروەردە و چۆنییەتی خۆبەڕێوەبەرایەتی خۆی دیاری دەکات، نەک بە سەپاندنی لە ناوەندەوە!

ئانارکیزمی باکۆنینی بڕوای بە خاوەنداریی سۆسیالیستی و ھەڵوەشاندنەوەی ھەموو جۆرە فەردییەتێکی بۆرژوازی ھەبوو ، بۆیە بڕواشی بە خەباتی شۆڕشگێڕانە ھەبوو ، ھەتا لەم رێیەوە دەوڵەتی بۆرژوازی بڕووخێنێت و پەیوەندییە ئابوورییەکان ، لە بەرژەوەندی کرێکاران ، گۆڕانکاریی بەسەریاندا بێت ، بەبێ ئەوەی ئەم خەباتە شۆڕشگێڕانەیە ئامانجی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی سیاسی و دامەزراندنی دەوڵەتی سۆسیالیستی کرێکاران بێت .

ڕاستییەکەی باکونین کە زۆربەی ناکۆکی و دژایەتییەکانی لەتەک کارل مارکس و پاشڕەوانی لەسەر ئەو دەرکە بوو، کە پێیوابوو ھوشیاری شۆڕشگێڕانە لە دەرەوەی کرێکارانەوە لەلایەن دەستەبژێکی کۆمونیستەوە دەبرێتە ناویان و ھەر ئەم تێروانینە ئایدیالیستانەش بوو، کە ئەوانی بە خوڵانەوە لە خوڵگەکانی کۆمەڵگەی چینایەتی و پێداگرییان لەسەر پێداویستی مانەوەی دەولەت و دواجار دیکتاتۆری پێشڕەوان، ھێشتەوە، بە ڕاستی لە خۆرا دورینی قوماشێک لە ئەنارکیزم و دانانی مۆدیلی باکونینیبوون لەسەری ناجۆر و بێویژدانییە و لەناو ئەنارکییەکاندا ئەمە دەچێتە خانەی سوکایەتی و بێڕێزی بە ئەنارکییەکان. نەک لەبەر ئەوەی کە باکونین کەم دەنرخێنن، بەڵکو ھەم بە بێڕێزی بە باکونینی دەزانن، کە پاشڕەوی ھەبێت و ھەم بە سووکایەتی بە خۆیانی دەزانن، کە تائاستی ئایدیالیست و پاشڕەواونێک دابگیردرێن. بە ڕاستی پاشڕەوی و ملدان بە شوانەیی و ڕابەری، بۆ کەسانی ھوشیار، ئەوپەڕی سووکایەتییە! من گەلێک بە داخم کە نووسەر تا ئەو ئاستە خۆی داوەتەدەست قەدەری نووسینە بێبنەمانکانی جەعفەری ڕەسا!

ئەوەی کە ئامانجی ئەنارکییانی پێش باکونین و پاش باکونین، بە دەسەڵاتگەیشتن نییە، بەڵکو لەناوبرنی دەسەلاتە، لەبەر چییەتی (ماھییەت) ناسروشتی و نامرۆییبوونی دەسەلاتە وەک کوتەکی سەری خەڵک و سەرووی ویستی خەڵک. چونکە لە کوێ دەسەلاتدار ھەبێت، بێدەسەڵاتیش ھەیە و بوونی بێدەسەڵاتیش بە واتای نایەکسانی پێگەی ئابووری و ڕامیاریی و کۆمەڵایەتی تاکە بێدەسەڵاتەکان و لە بەرامبەردا بەرتەری و مشەخۆری دەسەڵاتداران، ھەروەک لە دەوڵەتەکەی بۆلشەڤیکدا جەنراڵەکانی پارت بکوژ و ببڕ خۆیان بوون و حەرەمسەراکانیان پڕبوون لە پڕۆلیتێری خوڵام و کەنیزەک!

ئانارکیستە باکۆنینییەکان رۆڵێکی بەرچاویان لە کۆمۆنەی پاریسدا ھەبوو ، بەڵام بە ھۆی چەوتیی بیروبۆچوونەکانیان دەربارەی خەباتی سیاسیی سەربەخۆی پڕۆلیتاریاو مەسەلەی دەوڵەت و کاری نھێنیی کەرتکارانەیان لە نێو ئینتەرناسیۆناڵی یەکەمداو دژایەتیکردنی رەوتی مارکسی ، لە کۆنگرەی ئینتەرناسیۆناڵدا ساڵی ١٨٧٢ لە بەرامبەر مارکسدا شکستیان ھێناو لە ئینتەرناسیۆناڵ دەرکران .

بەداخەوە دووبارە نووسەر کەوتووەتەوە دیاریکردنی ڕۆڵی سۆپەرمانەکانی دونیای ئایدیۆلۆجیا و لەتەک خۆشیدا کەوتووەتەوە ناکۆکی. لە برگەی یەکەمدا ئەنارکیزمی بێجگە لە پاشگرە باکونییەکەی، پۆزەتیڤ ناساندووە و تەنیا ڕەخنەی لە دژایەتی ئەنارکییەکانە بۆ دەسەلاتی ڕامیاریی و دامەزراندنی دەوڵەتی (سۆشیالیستی نا) پارتیی و مارکسیستی. ئەمە سەد لە رسەد وایە و مێژووش دروستی ئەو بۆچوونەی ئەنارکییەکانی سەلماندووە و مۆزەخانەی لە کەلەسەر ھەڵچنراوی دەولەتی بۆلشەڤیکی پشتبەستوو بە بۆچوونە دەسەڵاتخوازەکانی کارل مارکس، ئەوەی سەلماند. بەڵام ئەزموونی کۆمونەی پاریس پێچەوانەی بۆچوونەکانی مارکس بوو و پەرتووکە بەناوبانگەکەی کارل مارکس لەمەڕ کۆمونەی پاریس، لەژێر کارایی ڕەخنەی ئەنارکییەکان بەدیاریکراوی (میخائیل باکونین) دا بوو. نموونەش بۆ کارایی ھزری ئەنارکییەکان لەسەر مارکس و ھاوڕێکانی، دەتوانین زۆر بە دیاریکراوی و جوانی ئەو ڕستەیە بھێنینەوە، کە دەلێت ڕزگاری کرێکاران تەنیا بە دەستی خۆیان مەیسەر دەبێت، کە ناوازەترین ڕستەی ناو مانیفێستە و لەتەک بۆچوونەکانی تر، کە پێیانوایە ھوشیاری شۆڕشگێڕانە لەلایەن کۆمونیستەکانەوە دەبرێتەوە ناو کرێکاران و کرێکاران بەخۆیان توانا ئەوەیان نییە و ناتوانن دەرکی بکەن، ناکۆکە و وەرگیراوی لە سەرچاوەی سۆشیالیزمی ئازادیخوازەوە بە ئاشکرا دیارە.


بەڵام ئەنارکییەکان، لەسەر ئەو بنەمایەی کە پێیانوایە ھوشیاری بەرھەمی کەڵەکەبوونی ئەزموونی کار و بزووتن و ژیانەی ڕۆژانەی مرۆڤ وەک مادەیە و کرێکاران وەک بەرەنجامی خەباتی ڕۆژانەیان ھوشیاری چینایەتی و شۆرشگێرانە بەدەست دەھێنن، ھەر ئەمەش دەمانگەیێنێتە ئەو بڕوایەی کە ڕزگاری کرێکاران تەنیا لەسەر دەستی خۆیان مەیسەرە و ھاتنەدی تەنیا لە توانانی خۆیاندایە![٥]

بەڵام نووسەر ئەگەر وشەی دەرکردنی لە پاش شکستھێنانی ئەنارکییە دروستکراوە باکونییەکان لە بەرامبەر سۆپەرمانی (کارل مارکس)دا، ڕیز نەکردایە، دەیتوانی بۆ خوێنەر سەرنجراکێش بێت و ناچار بە خۆماندووکردنی نەکات، بەدوای سەرچاوەدا بگەرێت و بەوجۆرە نووسەریش بەئامانج دەگەیشت. بەڵام وشەی دەرکردن، ھێندە سەروەرانە و دیکتاتۆرانەیە، دەستبەجێ لایی خوێنەری ئازادیخواز وێنای دەسەڵاتخوازێکی شمشێربەدەست بۆ کارل مارکس دروست دەکات و لە بەرامبەردا ستەملێکراوی ئەنارکییەکان بەرجەستە دەکات و خوێنەر بۆ گەران بەدوای راست ڕووداوەکاندا ھاندەدات.

دەرکردن، وەک نووسەر دانی پێدادەنێت و وەک خاڵی بەھێز دەیھێنێتەوە، زۆر قێزەون و زۆردارانەیە و ھەم درێژکراوەی ئەو رێچکەیەی کارل مارکس بە دەرکردنەکانی نێو کۆنگرە و پلینۆمەکانی پارتی سۆشیالی-دیموکراتی روسیە لەسەر دەستی خودی لێنین لە ١٩١٨دا ھەم بە دادگاییەکانی ١٩٥٦ لەسەر دەستی ستالین باوک بە لوتکە دەگات. ئەگەر خوێنەر سەرنجی چواردەوری خۆی بدات، ئەوا ھەر لەم ڕۆژانەدا لەنێو پارتە کۆمونیستەکانی دەوروبەری خۆمان (لە عیراق و ئێران)دا درێژە و رانگدانەوەی ئەو دەرکردنە ئایدیۆلۆجیایانە دەبینێت، کە وەک پاشاکان ئامادە نین، بێجگە لە بۆچوونی خۆیان گوێیان لە بۆچوونی جیاواز و دەنگی ناڕازی بێت!

لەگەڵ ئەوەشدا ئەم رەوتە ھەر بەردەوامبوو . کاریگەرێتیی فیکری و سیاسی خۆی لەسەر بزووتنەوەی سەندیکایی ئەو سەردەمەدا ھەبوو . ئەم کارتێکردنە لە مەیلێکی نوێدا رەنگیدایەوە کە لە دوا دەیەی سەدەی پێشوودا رێبازی باڵادەستی بزووتنەوەی سەندیکایی کرێکاران بوو . ئەم رێبازە بە ئانارکۆسەندیکالیزم( النقابیە الفوچویە ) ناوی دەرکرد.

نووسەر لە چەند پەرەگرافی پێشووتردا دووجار قسە لە تێکشکان و بێبەھاکردن (بێ اعتبار کردن)ی ئەنارکیستەکان لەسەر دەستی سۆپەرمانییەتی کارل مارکس دەکات، کەچی دووبارە ددان بە ئامادەبوونی مەیدانی ئەنارکیستەکان و کاراییان لە ڕەوتێکی تردا چەند دەھە دواتر دەنێت، کە ئەو بە واژە باوەکانی فەرھەنگی ڕامیاریی دەسەڵاتداران، کە ئەنارکیزم (anarchos) بە ئازاوەچییەتی (فوچویە - Chaotic، Chaos) شێواندووە و باڵی مارکسیستی (بە چەپ و ڕاستی سۆشیال-دێمۆکراسییەوە) نێو بزووتنەوەی سوشیالیستیش ئەم ھەلەی قۆستووەتەوە و ھێندەی تر ناڕۆشنی لای لایەنگرانی خۆی دروستکردووە و نێوی دەبات. ئەو سۆپەرمانێتییەش کە نووسەر باسی لێوە دەکات، دەموچاوشتنی سۆشیالیستە دەسەڵاتخوازەکانە لەو لیتاوەدا کە ئیدئۆلۆگەکانی سەرمایەداری قاچییان تێژەنیوە. پرسیار ئەوەیە، بۆچی تا باس لە تێکشکاندنە، واژەی ئەنارکییەکان بەکار دەبات، بەلام کاتێک سەرباری ئەو تیکشکاندنەی کە خۆی باسی دەکات، کەچی ئەنارکییەکان بە ڕەوت و تینێکی ترەوە دەردەکەونەوە، بە سەندیکالیزمی ئاژاوەچییەتی نێویان دەبات[٦]!

________________________________________

[1] Rudolph Rocker, Anarchism and Anarcho-Syndicalism, History of Anarchist Philosophy from Lao-Tse to Kropotkin

[2] Anarchism: From Anarchy to Anarchism (300CE to 1939) v. 1 & 2 : A Documentary History of Libertarian Ideas

[3] دەقی نامەکە بەرێز قەرەنی قادری وەریگیڕاوەتە سەر کوردی و لە کوردستان پرێس وەرگیراوە

  http://www.anarkismo.net/article/12187

http://www.marxists.org/reference/subject/economics/proudhon/letters/46_05_17.htm

[4] HYPERLINK "http://anarkistan.issuu.com/sakurdistan/docs/search" التحرریة / البحث عن مجتمع المستقبل / قواعد التبادل ، دانییل گرین, ترجمة: جورج سعد، حداثة CNT- AIT ، ص٩

[5] http://anarkistan.issuu.com/sakurdistan/docs/marksizm_u_anarkizm

[6] التحرریة/ الافکار المحوریة للتحرریة/ المسائل اللغویة المتعلقة بکلیمة تحرریة، دانییل گرین، ترجمة: جورج سعد، حداثة CNT- AIT ، ص٨

 

ماڵپه‌ڕی هه‌ژێن