ئەنجامى هەڵبژاردن
و گۆڕانى هاوکێشە سیاسیەکان.
مافپەروەر: ئارێز سمکۆ (دهام)
دواجار ئەنجامى کۆتایى هەڵبژادنەکانى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان و
سەرۆکایەتى هەرێم لەلایەن کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژادنەکان لە
عێراق راگەیەندرا، واتە لە چەند رۆژى داهاتوودا سەرۆکایەتى هەرێم بۆ
خولى دووەم دەست بەکاردەبێ و پەرلەمانیش بۆ خولى سێیەمینى. ئەوەى ئێمە
و چاودێرانى بارودۆخى سیاسیى هەرێمەکە هەستمان پێى کرد کە ئەنجامى
هەڵبژادنەکان بۆ هەندێک لایەن و قەوارە موفاجەئە بوو ، بە جۆرێک هیچ
کات بیریان لەم رێژە زۆرەى متمانەى دەنگدەران نەکردبۆوە کە بەدەستیان
هێنا، هاوکات بۆ هەندێک لایەنى تر جۆرێک لە شکستى سیاسیى بوو کە بە
وتەى خۆشیان دەبێ بیر لە گۆڕانکارى و چاکسازى جیدى بکەینەوە بۆ ئەوەى
چیتر نەپرسن ئەمە چى بوو رویدا، هەندێک لایەنى تریش ئەو بەرگە فشۆڵەیان
لەبەر داکەنرا کە ئەوان تاقە ئۆپۆزسیۆنى گۆڕەپانەکە بوون، بە جۆرێک لە
هەموو لایەکەوە هاوکێشەکان گۆڕان و لە ئایندەشدانەخشەى سیاسیش تەواو
گۆڕانى بەسەردا دێت، لێ دەرئەنجام خودى پرۆسەکە بە سەرکەوتنى ویستى
گەلى کورد لە باشورى کوردستان و ئەزموونەکەمان کۆى تاکى کوردى تەواو
بوو.
ئێستا بە رامان لە ئەنجامەکانى هەڵبژاردن و بەراى چاودێرانى سیاسیش کە
خوێندنەوە گەلێک بۆ ئایندەى سیاسیى هەرێم دەکەن و، پێیان وایە لە دواى
هەڵبژاردن هاوکێشەکان بە تەواوى گۆڕاون و ئاراستەکانیش ئەوە نیشان
دەدەن کە ئەم هەرێمە بەرەو دیموکراسیەت هەنگاو دەنێت، چونکە مایەى
دلخۆشیە کە ئەنجامەکان وەک وڵاتە تۆتالیتارەکان دەرنەچوو کە بە نزیکەى
لە سەدا %99،99 بێت، واتە ئەو ئەنجامە هەم هۆشیارى سیاسیى تاکى کوردى
نیشان دەدا، هاوکات ئەوە دەسەلمێنێ کە ئەم هەرێمە و دەسەڵاتەکەى کە خۆى
لە حکومەتى هەرێم دەبینێتەوە، بە شێوەیەکى باش ئەداى کارەکانى نەکردووە
لە ماوەى رابردوودا، بە شێوەیەک کارە و لە چاوەڕوانى خەڵکدا نەبووە کە
ئەو خزمەتگوزارییە سەرەتاییانە بۆ هاوڵاتیانى هەرێم فەراهەم بکات،
هاوکات بەهۆى هەبوونى میدیاى ئازاد لە کوردستاندا کە هاوڵاتیانى لە
نەهێنیەکانى دەسەڵات و پشتى پەردەى سیاسەتى حیزبە کوردیەکانى
روونکردەوە. بۆیە ئەوەى گرینگە ئەم دەسەڵاتە ئەگەر بە نیازى مانەوەى
خۆیەتى ئەوە دەبێ ئەوکارانە بکات کە ئۆپۆزسیۆن داواى کرد لە پەیام و
کارى خۆى لە هەڵبژادنەکاندا، هاوکات بە جدى بیر لە چارەسەرکردنى کێشە
سەرەتاییەکانى خەڵک بکاتەوە، ئەو سیاسیە عێراقیە راستى وت کە: خەڵکى
ئاسایى دامەزراندنى کوڕەکەى لەلا گرینگترە
له فیدرالیەت. ئەو هەڵەیەى
ئەمرۆش کە حیزبەکانى دەسەڵات بیکەن ئەوەیە کە لە دواى ئەو هاوڵاتیانە و
موچە خۆرانەى خۆیاندا بگەڕێن تاوەکو بزانن دەنگیان بەچ لیستێک داوە و
لە دەزگاکانیشیان بانگەشەى ئازادى رادەربیڕین بکەن، جگە لەوەى ترسێک لە
دەروونى هاوڵاتیان دروست دەکەن، دوایش هەر بە زیانى خودى ئەم دەسەڵاتە
کۆتایى دێت چونکە هەموو کارێک کاردانەوەى خۆى هەیە.
بۆیە ئەوەى گرینگە ئەم دەسەڵاتە ببێت بە
حەکیمى خۆى و پەنجە لەسەر کەم و کوڕیەکانى خۆى دابنێت و خۆى چارەسەریان
بکات، ئەگەر هاتووش ئەو رووناکبیر و رۆژنامەنووسانەى کە ماوەى چەندین
ساڵە خۆبەخشانە و لە کاتى خۆیان دەگرن و هەڵەکانیان بۆ دیارى دەکەن
چیتر بە دوژمن و نۆکەر و خائین و دڕکى چاو و رێگر لەبەردەم
ئەزموونەکەمان ناو نەبەن، چونکە ئەمڕۆ دەبێ سەرانى دەسەڵات و پارتە
کوردیەکان لەوە بگەن ئەو کادیرانەى خۆیان لەگەڵیان راست نەبوون بەوەى
کە داتاى هەڵەیان پێیاندا لەسەر دەنگەکانیان و دوایش وەها دەرنەچوو و
بە شکست بۆیان کۆتایى هات، بۆیە گوێگرتن لە تاکەکانى دەروەى حیزب
زۆرجار باشترە و دڵسۆزانە ترە چونکە کادیرى حیزبى لە روانگەى
بەرژەوەندیەکانى خۆى کەم و کورتیەکان پەردە پۆش دەکات، لێ روناکبیرى
دەرەوەى حیزب خەمێکى ناوەکى و گشتیان هەیە هەم بۆ کۆى هاوڵاتیان هەم بۆ
خودى ئەزموونەکەش.
بۆیە ئەم هەڵبژادنە بە هەموو بارێک لە بەرژەوەندى خەڵکى کوردستاندایە
و، لەلایەک
ئۆپۆزسیۆنێکى تەندروست و خاوەن ئەرکى بەرهەم هێنا هەمیش
دەسەڵاتى لە خەوێکى قووڵ بەئاگاهێنا بۆ ئاوەڕدانەوە لە هاوڵاتیان.
arezsmko@yahoo.com
|