ئەنجوومەنى
پشتگیرى...جاشایەتییەکى مۆدێرنى مالکییە!

بەهرەوەر مەرزانى
حکومەتى مالکى هەر لەسەرەتاى هاتنە سەر دەسەڵاتیەوە راستەو خۆ یا
ناڕاستەوخۆ هەوڵى لەباربردنى دەسکەوتەکانى گەلەکەمانى داوەو بەپێى
بەرنامەیەکى نەخشە بۆ داڕێژراو هەوڵى کەمکردنەوەى دەسەڵاتى هەرێمى
کوردستان و پەراوێزخستنى سەرکردایەتییە سیاسیەکەى دەدات و دەیەوێت
لەپێناو بەرژەوەندییە شۆڤێنیە عەرەبیەکەى خۆیەوە سەرکردایەتى سیاسى
کورد بەچۆکدابدات و مل کەچى داواو فەرمانەکانى ئەوبێت ، کە ئەمەش
هەوڵێکى نەزۆکانەیەو هیچ کام لەرژێمەکانى عێراق بەرژێمى بەهسیشەوە
نەیانتوانى ئەو خەونە گڵاوەیان بێننەدى کە ئەمڕۆ مالکى و شۆڤێنیەکانى
وەک ئەو هەوڵى جێبەجێکردنى دەدن .
هەڵس و کەوتى مالکى بەپێچەوانەى دەستوورى عێراق کە زۆرینەى خەڵکى ئەو
وڵاتە لەنەتەوەو ئاین و مەزهەبە جیا جیا کانەوە دەنگیان بۆ داوە
ئاماژەیەکى روونە بۆ هەوڵى مالکى لەپێناو دەست بەسەر داگرتنى دەسەڵاتى
ئەو وڵاتەو زەنگێکیشە بۆ خەڵکى کوردستان و دەسەڵاتە سیاسیەکەى کە ئەگەر
ژیرانە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکەدا نەکەن جارێکیتر ناسنامەى نەتەوەیى
گەلەکەمان دەکەوێتەوە ژێر مەترسى حکومەتەکەى مالکى کە هەمان سیاسەتى
بەعس پەیڕەو دەکات و جینۆسایدێکى تر لەسەر دەستى مالکى و شۆڤێنیەتى
عەرەبى لەچاوەڕوانى گەلەکەماندایە لەکاتێکدا مالکى داواى هەموارکردنى
دەستوور دەکات دەیەوێت عێراق بەرەو هەڵدێر ببات و کوردیش لەوەدەست
هێنانى مافە نیشتمانى و نەتەوەییەکانى بێبەش بکات ، ئەوەتانێ تادوێنێ
بە دروستکردنى کێشە بۆ ناوچە دابڕاوەکان و هێنانى هێزى سەربازى بۆ
سەعدیەو جەلەولاو خانەقین و دابِڕانى شەبەک و ئێزیدى و کاکەیى و ...هتد
.. لەنەتەوەکەیان ، ئەمڕۆش لەرێگاى دروستکردنى هێزى بەناو پشتگیرى و
بەکرێگیراوەکانیەوە دەیەوێت بارودۆخى ناوچە کوردنشینەکان بشێوێنێ و
ئاژاوەو دوو بەرەکى بخاتە نێو ریزەکانى خەڵکى کوردستان .
ئەو زۆڵە کوردانەى تا دوێنێ بەناوى مەفرەزەى تایبەت و فەوجى خەفیفەوە
شان بەشانى موستەشارو سەرۆک جاشەکانى سەردەمى رژێمى سەدام شاخ و چیا
سەرکەشەکانى کوردستانیان بە قۆنتەرات دەگرت بۆ راوەدوونانى پێشمەرگە
لەو شوێنانەى کە سوپاى رژێم نەیاندەتوانى تیایاندا رووبەرووى ورەى
بەهێزو پۆڵاینى هێزى پێشمەرگەى کوردستان ببنەوە ، کاتێکیش لەرووبەروو
بوونەوەى پێشمەرگە دەدۆڕان ، بۆ سپیکردنەوەى رووى رەشى خۆیان دەکەوتنە
وێزەى دایک و باوک و خوشک و براو کەس و کارى پێشمەرگەو لەپێناو ئافەرین
و چەند هەزار دینارێک رادەستى دائیرەى ئەمن و موخابەراتیان دەکردن و
خانووەکانیشیان لەگەڵ زەوى دەکردن بەیەک ، کەچى هەندێک لەسەرۆک جاش و
بەکرێگیراوەکانى سەردەمى رژێمى بەعس ، ئەوانەى دەستیان بەخوێنى خەڵکى
ستەمدیدەو بێتاوانى ئەم گەلە سووربوو دواى راپەڕینى بەهارى 1991 ى
خەڵکى کوردستان و بەسوود وەرگرتن لەلێبوردنى گشتى بەرەى کوردستانى
خزانە نێو پارتە سیاسیەکان و دواتریش بەهەمان شێوەى جاران بوونەوە
خاوەن دەسەڵات و لەرێگەیەوە ملیۆنان دۆلاریان کۆکردەوە .
هەندێک لەو سەرۆک جاش و بەکرێگیراوانەى رژێم ئێستاش ئامادەن ئەگەر
دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت هەمان جاشایەتى رابردوویان دووبارە دەکەنەوە ،
بۆیە لەپێناو دووبارە نەبوونەوەى ئەو کارەیان کاتى ئەوە هاتووە
پەرلەمان و حکومەتى کوردستان لەرێگاى یاسایەکى تایبەتەوە سزاى سەختى
هەموو ئەو جاش و بەکرێگیراوانەى سەردەمى رژێمى بەعس بدات کە بەرپرسى
بەشێکى ئەو کارەسات و ماڵوێرانیانەن کە دووچارى گەلەکەمان هاتوون و
سزایەکى توندیش بۆ ئەو کەسانە دەربکات کە دەیانەوێت جارێکى تر ببنەوە
بەجاش .
Bahrawar_s@yahoo.com
|