په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٨\٢٠١٣

ئەنجومەنی پاراستنی ژینگە و مافە گشتییەکان.


د. ئارام ره‌فعه‌ت*  

- به‌شی یه‌که‌م -


رۆژی ٢٧\٧\٢٠١٣، لەبەیاننامەیەکدا رێکخراوێکی ناحکومی بەناوی ئەنجومەنی پاراستنی ژینگە و مافە گشتیەکان لە قەزای رانیە دامەزراندنی خۆی راگەیاند. بایەخی ئەنجومەنەکە لەوەدایە یەکەم گروپی فشاری رێکخراوە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کە کار بۆ سیاسەتێکی نەوتی تەندروست‌و دابینکردنی ماف‌و پشکی خەڵک بکات. بۆ تێگەییشتن لە کاریگەری ئەو ئەنجومەنە لەسەر سیاسەتی نەوتی هەرێم خاڵە بەهێزەکانی ئەنجومەنەکە دەخەینە پێشچاو.

خاڵێکی بەهێزی ئەو ئەنجومەنە کات‌و ساتی دامەزراندنی ئەنجومەنەکەیە. پرۆسەی پشکنین‌و دەرهێنانی نەوت لەکوردستان هێشتا لەقۆناغی سەرەتادایە و سیاسەتی نەوتی هەرێم هێشتا تەواو جێگیرو جێکەوتە نەبوە.

بوونی گروپێکی فشار لەم قۆناغە سەرەتاییەدا بواری ئەوە دەڕەخسێنێت کە حکومەتی هەرێم ناچاربێت سیاسەتێکی نەوتی شەفافترو دادپەروەرانەتر پەیڕەوبکات. ئەو کۆمەڵگایانەی کەمتر ئامادەی چاودێریکردنی سیاسەتی نەوتی وڵاتەکانیان‌و فشار دروستکردنن بۆ سەر حکومەتەکانیان بون، سامانی نەوت بۆتە سەرچاوەی کێشە و گرفتەکانیان. لەم روانگەیەوە ئەنجومەنی پاراستنی ژینگە و مافە گشتیەکان هەنگاوێکی ئومێد بەخشە. ‌

دووەم خاڵی بەهێزی ئەو ئەنجومەنە پێکهاتەی ئەنجومەنەکەیە.بەگوێرەی بەیاننامەکە دامەزرێنەران‌و سەرپەرشتیارانی ئەنجومەنەکە نوخبەیەکن لە پارێزەران، خەڵکانی یاسایی، چالاکوانی مەدەنی، رۆژنامەنوسان‌و نوێنەری چین و توێژە جیاجیاکانی دەڤەرەکە و هەندێک ئەکادیمی. دامەزراندنی ئەنجومەنەکە بەم پێکهاتەیەوە دوو ئاماژەی گرنگ دەبەخشێت: یەک، کۆبونەوەی نوخبەیەک لەدەوری ئامانجێک کە راستەوخۆ پەیوەندی هەیە بە چارەنوسی سامانە سروشتیەکان‌و چۆنیەتی ئیدارەکردنی ئەم سامانە لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا ئاماژەیەکی ئومێدبەخشە بۆ زیندویه‌تی و کاریگەری نوخبەی کوردستانی. دوو، هەنگاونانی ئەم نوخبە خەمخۆرو چالاکە بەئاراستەی پێکهێنانی رێکخراوەیەکی ناحکومی و بە ئامانجی تەوزیفکردنی سامانی نەوت بۆ بەرژەوەندی خەڵکی ئاماژەی رۆڵ‌و توانای ئەو نوخبەیەیە بۆدروستکردنی رۆشنبیریەکی گشتی و ئاراستەکردن‌و رابەرایەتیکردنی ناڕەزایەتی و داواکاریەکانی کۆمەڵگای کوردستانی.

سێیەم‌ و گرنگترین خاڵی بەهێزی ئەو ئەنجومەنە ئەو ئامانج و خواستانەیە کە ئەنجومەنەکە بۆی دامەزراوە. بەگوێرەی بەیاننامەکە ئامانجی سەرەکی ئەو ئەنجومەنە بریتیە لە بەدەستهێنانی کۆمەڵێک ماف و ئیلتیزامکردنی هەریەک لە حکومەت و کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل (کە گرێبەستەکانی لە سنووری قەزای رانیەدایە) لەبوارەکانی ژینگەپارێزی، شەفافیەت، قەرەبوی زیانلێکەوتوان، موڵکایەتی، بەکارنەهێنان‌و بەهەدەرنەدانی ئاوی شیرین لەلایەن کۆمپانیاکانی نەوتەوە، پاراستنی شوێنەوارە مێژوییەکان، پشکی دەڤەرەکە لەشیرینی نەوت، پەترۆدۆلار و رۆیالتی (پشکی سەر داهات) و دامەزراندنی پاڵاوگەیەکی نەوت لە ناوچەکەدا.

یەک بەیەکی ئەم خواستانەی لە کارنامەی ئەنجومەنەکە دیاریکراون راستەوخۆ پەیوەندییان بەو پرسەوە هەیە ئایا نەوت هۆکاری خۆشبەختی یان سەرچاوەی نەفرەتە بۆ گەلان. بۆ نمونە، بەرهەمهێنانی نەوت لەوڵاتێکدا دەکرێت ببێتە سەرچاوەی وێرانکردنی ژینگە، لە رێگای زیادکردنی دوەم ئۆکسیدی کاربۆن‌و غازە ژەهراویەکان‌و پیسکردنی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی، لەهەمانکاتدا دەکرێت داهاتی نەوت وەک هۆکارێک بۆ ژینگەپارێزی بەکاربهێنرێت و لە رێگای پەیڕەوکردنی ستانداردەکانی جیهانی بۆ ژینگەپارێزی و تەوزیفکردنی بەشێک لەداهاتی نەوت بۆ دروستکردنی بەنداوو زیادکردنی روبەری سەوزایی. نمونەیەکی تر نەبونی شەفافیەت‌و ناعەدالەتی لەدابەشکردنی داهاتی نەوتدا رێگە بۆ کۆمەڵێک گرفتی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆشدەکات، لەوانەش بەهەدەردانی سامانی گشتی، عەسکەرتاریەت، گەندەڵی، دیکتاتۆریەت، فراوانبوونی کەلێنی نێوان هەژاران‌و دەوڵەمەندان هتد. بەپێچێەوانەوه‌ش، سیاسەتێکی شەفافانە و دادپەروەرانە بوار بۆ بونیادنانی ژێرخانی ئابوری بەهێز و باشترکردنی ئاستی گوزەرانی خەڵک‌و سنوردارکردنی هەژاری و نەخوێندەواری دەڕەخسێنێت.

بە کورتی، هەرچەند دامەزراندنی ئەو ئەنجومەنە هێشتا لەقۆناغی سەرەتادایە تەواو سەرپێ نەکەوتوە، بەڵام دەکرێت بەدەسپێشخەریەکی رچەشکێن‌و بە هەنگاوێکی گرنگ بەئاراستەیەکی دروستدا لەقەڵەمبدرێت. ئەگەر ئەو رێکخراوەیە پشتیوانی بکرێت‌و کارو چالاکیەکانی فراوان بکرێت بۆ ناوچەکانی تری کوردستان دەتوانێت کاریگەری راستەوخۆ لەسەر سیاسەتی نەوتی هەرێم‌و لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان دابنێت.

________________

* د. محەمەد ره‌فعه‌ت.


aramrafaat12@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک