٤\٩\٢٠٢٢
ئەندێشە واتاکردن.

دڵکەش قادر
گەشتکە با
ئەندێشەی شیعرت
بە ئاقاری گوماندا رەت نەبێ
با چناری شیعرم
لە بسکی کیژێک
لە تەپوتۆزی منداڵێک
لە چۆڵەوانیی شەقامێک
ون نەبێ
با دڵی من لە سووچێکێ ئەم گەردوونەدا ون نەبێ
با من و تۆ لە سووچێکی شاردا
بۆ ئێوارەیەکی واتا نەگەڕێین
من لە خوانی واتاوە بۆ ژوانی گەردوون
دڵم لێدەدا و
تۆش لە جوانیی ماچێک
لە شانۆی شارێک
لە پیاڵەی مەستبوون
تێناگەی
چ تاڵە بێ خەویی
چ وێرانە خۆشئەندێشەیی.
کاتێ شەپۆلی شیعرم واتایەک ناهێڵێتەوە
نەوڕەسێک لە سەماکردن
لە وتنی ستران
جوانییەک دەخاتەگەڕ
تا ئەوین هەیە
رستە لە (میتا)ی زمان ناوەستێ
کۆپلەیەک پەیڤ
ئەندێشە واتاکردن.
ماڵپهڕی
دڵکەش قادر
|