١٤\٢\٢٠١٣ ئەندێشەیەکی جوان لە کامڵیدا.
حەمید عەزیز
وشەی بەرز و نزمی پێکەوە ژیان هەناسەکانی جوانی دەسوتێنن بۆیە ئادەمیزاد لەو دنیا جوانەی دەرەوەیدا وێرانەیەک لە ناخ و ڕۆحیدا دەبینیت کە لە دوورەوە هەرگیز نابینرێت. مرۆڤ نابێت ناڕەحەت بێت بەوەی کە دەچێتە تەمەنەوە و پیر دەبێت ئەوە سروشتە بە دڵنیاییەوە ناتوانین ئەو تەمەنە بگەڕێنینەوە بۆیە هەندێک جار دوورکەوتنەوە ئەو هەستە دروست دەکاتەوە کە جارێکیتر عاشق ببیتەوە و گەنج بیتەوە چونکە خۆشەویستی و عەشق دوو بەرهەمی جوانی دووریی و بە یەک نەگەیشتنن بۆیە زۆرجار دورکەوتنەوە کڵپەی خۆشەویستی دروست دەکاتەوە منیش بە خوڵقیەتی خۆم هەمیشە حەز دەکەم لە دنیای ئەو هەستەدا بژیم ک بۆ یەکێک دەژیم و هیوا و ژیانمە ئەویش دورکەوتنەوە ئەو هەستە جوانەم پێ دەبەخشێت بۆیە لە ساڵێکدا چەند جارێک دوورکەوتنەوەم لە نزیکەکانم ڕادەگەیەنم و هەست بە نوێبوونەوە دەکەم هەمیشە.
سەرەڕای ئەوەی دوورکەوتنەوە ئەو هەستە جوانەمان پێ دەبەخشێت کەچی مرۆڤ خۆی پێی سەخڵەتە کە دوور بکەوێتەوە مخابن لەو نزیکبونەوەیەی کە سەغڵەتی و کێشەی بۆ دروست کردوە کەچی هەر ملهوڕی بۆ دەکات و خۆی بۆ دەخەڵەتێنێت و دەرونی خۆی بۆ ڕێکدەخات بە دڵنیاییەوە ئەمە کارەساتە چونکە ئەو جۆرە مرۆڤانە مردوون پێش ئەوەی بمرن. هەمیشە هەستکردن بە ژیانە خۆشەویستی و عەشق هەوێنی ئەو ژیان و دوریی و نوێ بونەوەیەیە. دووریی عاشق بوونە شەیدابوونە سوتانە بۆیە عەشق لەدنیای بۆ یەک نەبووندا دروست دەبێت. من بەلامەوە زۆر سەیرە بە پێڵاوێکی تاکەوتاکەوە خولەکێک ناتوانین بڕۆین کەچی هەموو ژیانمان تاکەوتاکە کەچی خۆمانی بۆ دەسازێنین زۆر سەیرە ئەمە پەیوەندیی بە هەستی مرۆڤەکانەوە هەیە مرۆڤ دەبێت سروشتی بژی و حەز بەو پێکەوە ژیانە بکات نەک لە پێناو هەندێک ئیعتیباری کۆمەڵایەتی خۆتی بۆ بسازێنیت ئەمە سەقەتیەکی گەورەیە لە مرۆڤەکاندا وەکو ئەوە وایە تۆ هەمیشە لە زیندان بیت و دەرگاکەت بۆ بکەنەوە حەز بە ناو زیندانەکە خۆی بکەیت لەبەر ئەوەی نەوەکو لە دەرەوە بەشتێک بمریت. ئامۆژگاریی خاوەن ئەزموونەکان ئەوەیە دەڵێن:
هەرگیز بە روخسار مەدۆڕێن جوان و ناشرین هەر یەکەو هەر مرۆڤە چونکە زۆربەی ناشرینەکان جوانن زۆربەی جوانەکان ناخیان ڕزیوە پڕە لە بۆگەناویی درۆ و سەقەتیی و بێ ئەمەکیی و بێ وەفایی . هەمیشە وتومە: لە مرۆڤ جوانتر رۆح و ناخی مرۆڤ خۆیەتی ئەگەر بیەوێت. لەمانە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە مرۆڤ ڕاستگۆبێت بۆ ئەوەی ناخی ئاسودەبێت چەندیش وەردەگریت دەبێت ئەوەندەش بدەیت ئەمە یاسای ژیانە نابێت بەس چاوەڕێ بیت وەربگریت بەڵکە دەبێت دەسپێشخەریی و خۆبەخشیش بیت و بدەیت چونکە پێکەوە ژیان وەرگرتن و دانە دەبێت چەندە چاوەڕێی خەڵکی دەکەیت کە باشەت لەگەڵ بکەن تۆش دە ئەوەندە ئامادەیی و لەخۆبوردەییت هەبێت. گرنگترین ساتەکانی ژیان ئەوەیە کە نەبیتە کۆیلەی کەس نە تۆ بۆ من و نەمن بۆ تۆ چونکە ژیان یەکجارە خیانەتی تێدا مەکە ئیتر ئازادی بە مەعنا مەعنەویەکەی بژی بۆ خۆت چونکە مرۆڤ یەکجار دەژی.
|