په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٧\٢٠١٨

ئەندریە تارکۆفسکی.

بورهان جۆڵا      


دەرھێنەر و ئەکتەر و نووسەرو خاوەن گۆشەنیگای تایبەت بەسینەما و بەڕێوەبەری ئۆپێرای روسی لە ١٩٣٢زاینی لەشاری (زفراجیە) لەسەر روباری (ڤۆڵگا)لەدایک بووو لە ١٩٨٦ لەتەمەنی ٥٤ ساڵیدا لە پاریس کۆچی دوایی کردووە، کوڕی شاعیری روسی (ئەرسینی تارکۆفسکی)یەو دایکیشی (ئیڤانۆفنا فیشیناکفا)، لە سەرەتادا بەھۆی کاریگەر زۆری باوکە شاعیرەکەی (ئەرسینی تارکۆفسکی)حەزی بە شیعر دەکرد ھەرئەوەش بوو چووە نێو خوێندی ئەدەبی عەرەبی و دواتر رووی کردە جیھانی سینەما و شیعرەکانی باوکیشی لە کارەکانی رەنگیان دەدایەوە وەک لە فیلمی (The Mirror) و (Nostalgia) کە وێنەیەکی مناڵی خۆی تیایدا دەردەکەوێت.

لەماوەی بیست و پێنج ساڵی ژیانی ھونەری تارکۆفسکیدا ھەر حەوت کارە ھونەریەکانی بەشێوەیەکی سریالی رۆحی ئەم کەڵە ھونەرمەندە تیایاندا رەنگی داوەتەوە وەک:- (وێنەی مناڵی، خەونەکانی، رۆژانی بەر بەفروسەرمای روسیا، جیھانی بیرەوەرییەکانی) و ھتد.

کتێبە بەناوبانگەکەی تارکۆفسکی ((Sculpture in time تاشینی کات)) تەنھا بۆ ئەو گەورە مرۆڤانەیە کە ھونەریان خۆشدەوێت و ڕێزی دەگرن، تاشینی کات لەچەند بەشێک پێکھاتووە وەک وانەو وتووێژکردنی رۆژانە کەنووسە تیایدا دونیابینی و مەبەسەتەکانی خۆی لە دونیای سینەمادا دەخاتە ڕوو و ھەروەھا روونکردنەوەی تایبەتی خۆی لەسەر بنەماکانی سینەمادا کەدەیگەیەنێتە ترۆپکی تێگەیشتنی کارکردن، ئاماژە بەتێگەیشتنی خۆی دەکات دەربارەی ئەو یاسا بنەڕەتیانەی لە ‌شێوازە ھونەریەکەیەتی وەک:- ‌(مێژوو نەکاتەو نەگەشەکردن چوونکە ئەم دووانە ئاکامن. (کات)یش حاڵەتێکە وەک شوعلەیەکی بەرز ڕاگیراو کە خودی رۆحی مرۆڤی تیا دەدروشێتەوە).

نوسەر ئاوا لە کتێبەکەیدا وەسفی کات دەکات کە کات و بیرەوەری تێکەڵ بەیەکتر دەبن وەک ھەردووکیان دوو دیوی یەک پارەن و تەواوکاری یەکترن، سینەما بۆ نوسەر ھۆکارێکە بۆ گەیشتن بە (کات) لەسەر سکرینی گەورە بۆیە دەفەرموێ: (دوای بینینی کاتی تۆمارکراوی نێو سینەما مرۆڤ توانی لەکاتی راستەقینەدا بژی و لەبیرەوەریەکانیدا بژی و پارێزگاریشی لێبکات)، دواتر سینەما تاکە ئامێری سیحریمانە کە بتوانین لەنێوان ئێستاو رابردوو بیجوڵێنین وەک یاریکردن لەسەر ھێڵی درامی کەتیایدا بگەڕێینەوە بۆ رابردوو یان رۆیشتن بۆ داھاتووێکی نادیار.

سینەما لەروئیای ئەندریە تارکۆفسکیدا تەنھا چێژو بینینێکی سەرپێیی نییە....! سینەما خۆراکە بۆ بینین و رۆحی بینەر، سینەما ھونەرە ھونەریش سمبولی کەونە، سمبولی داھێنانە کە پەروەردگار بەخشیویەتی بەئێمە تاکو ئەو ھەموو گوزارشت و ھێمایانەی تیا بنەخشێنین کە ڕێنماییمان دەکەن بەوەی جیھان بناسین کەدەبێتە ھۆی دەنگدانەوە لەجیھانی ناوەوەمانداو پێی ھۆشمەندتر دەبین.

دایکی تارکۆفسکی (ماریا إیفانوفا) وەک ئەکتەر لەفیلمی ئاوێنە (the mirror)دا:

‌تارکۆفسکی لەسەر وێنە کۆنەکانەوە دەستیکرد بەنوێکردنەوەی خانووە کۆنەکەیان ھەروەکو پێش چل ساڵ، دیارە ئەم کارەشی بۆ وێنەگرتنی فیلمەکەی ئاوێنە (the mirror) بووە کە دەیویست وەک ئاوێنەیەک رەنگدانەوەی روخساری منالیی لەسەر سکرینی زیوین پیشانی بینەران بدات و باسی ئەو دەغڵ و دانەی نێوان ماڵە کۆنەکەیان و ڕێگەکە بکات، بەڵام کاتێ سەردانی ئەو شوێنە دەکات ئەو زەویە بووە بە جۆرێکیتری کشتوکاڵ بۆیە زەویەکە بەکرێ دەگرێ و دەیکاتەوە بەھەمان دەغڵودان چونکە دەیویست سەردەمی مناڵیی بەھەموو وێنە کۆنەکان و بەیەک جارەکی بێنێتەوە بەرچاو و تاڵاوی مناڵیی ھەڵڕژێت و ناخی ئاسوودە بێت.

تارکۆفسکی دەفەرموێ کاتێ دایکمم برد بۆ شوێنی وێنەگرتن بۆ ئەو خانووەی کەکاتی گەنجێتی خۆی تیا بەسەربردبوو بۆ رۆڵی دایکە پیرەکە، کە گەیشتینە ئەو شوێنە بینیم دایکم ئەو کاردانەوەیەی ھەبوو کە پێشبینیم دەکرد، بینیم لەچەند ساتێکی کەمدا گەڕایەوە بۆ سەردەمی گەنجێتی خۆی، بۆ رابردووی خۆی، لەوێدا زانیم کەکارێکی راستم ھەڵبژاردووە چونکە ماڵە کۆنەکەمان وەکو ئاوێنەیەک دایکم خۆی تیا دەبینی و ھەستەکانی ناوەوەی دەجووڵاند بەرەو ئەو گوزارشتەی کەمن لەسەر ھێڵی درامی فیلمەکەم لەرۆڵی دایکە پیرەکەدا دەمویست چ وەک رەنگدانەوەی سەردەمی مناڵی تارکۆفسکی لەبەردەم دایکدا، چ وەک ھەستدانەوەی دایک بەرامبەر مناڵەکەی، بەمەش دەرھێنەر تارکۆفسکی خۆی رزگار دەکات لە بیرەوەریە ‌تاڵەکانی سەردەمی مناڵیی کە بەدرێژایی ژیانی وەک مۆتەکە بەدوایەوە بوو، بۆیە لەکتێبە بەناوبنگەکەی (تاشینی کات)دا دەڵێت دوای کۆتاییھاتنی وێنەگرتن لە فیلمەکەمدا تارمایی بیرەوەریەکانی مناڵیم کاڵبۆوە کەچەندین ساڵبوو تووشی دڵەڕاوکێی کردبووم و بۆ تاھەتایە چیتر خەون بەو ماڵ و خانووە کۆنەوە نابینم کە سەردەمی مناڵیم تیا بەسەربردووە.‌

 

ماڵپەڕی بوڕهان جۆڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک