په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٥\٢٠١٣

ئەنفال چی پێگوتین، ئەنفال چی فێرکردین؟!


ستار محەمەد قادر  


دارێک لەبەهاری تەمەنیدا دەیەوێت چرۆ بکاو بۆنی ژیان ببەخشێت، لێ لە رەگەوە هەڵدەکەنرێت. منداڵێک چاو لە دایکی دەبڕێ و بەشوێنیدا دەیەوێت گاوڵکێ بکات، بەڵام زیندە بەچاڵ دەکرێت. زوبانێک نیەتی وایە گەشە بەخۆی بدات، لە ئاست ئەنفالدا لە گۆ دەکەوێت. کتێبێک چاوەنواڕی دەستێکە تا یەکەم لاپەڕەی هەڵبداتەوە، لەگەڵ دێ رووخاوەکاندا دەسووتێنرێت. منداڵێکی شیرە خۆرە لە نوگرە سەلمان چاوی لە ئامێزی دایکە شەکەت و ماندووەکەیەتی تا بەمەمکەکانی لێوی تەڕ بکات، بەدەم هەنسکی گریانەوە سەر دەنێتەوەو دەمرێت!


ناتوانین بە ووشە گوزارشت لەو چرکە ساتە هەستیارە بکەین وا لەشوێنی ئەسرین نیگاکان خوێنیان لێ دەچۆڕا، ئەنفال نەک تەنها بە مەرگ ئاشنای کردین، بەڵکو بواری ئەوەشی بە قوربانیەکان نەدا تا ماڵ ئاواییش لە ژیان بکەن! ئەنفال برینێکی ساڕێژ نەبووە لە جەستەی هەر هەمووماندا، مۆتەکەیەکە بەردەوام هەڕەشەی مەرگمان لێدەکات، ئەنفال و بیابان دوو شتی تەواو کەری یەکترین، ناکرێت کاتێک کە باس لە تراژیدیای ئەنفال دەکەین بیابان فەرامۆش بکەین!


ئێمە تا ئێستا بەشێکی جەستەو برینە ساڕێژنەبووەکانی ناو هەناومان لەژێر لمدان، دایکێک بەر لەوەی چاوەکانی لێک بنێ، بە ئاواتەوەیە بۆ دوا جار بۆن بە ئێسک و پرووسکی خێزانەکەیەوە بکات، ئەمە ئەو برینە ساڕێژ نەبووەیە وا من دەربارەی دەدوێم، بەراستی کارەساتە پرۆسەیەک بە قەبارەی ئەنفال تەنها رۆژێکی بۆ تەرخان بکەین، ئەوە نیشانەی لاوازی ئاستی لێپرسراوێتی و هزریی ئێمە دەگەیەنێت، چۆن دەکرێت مرۆڤ برینێکی ساڕێژ نەبوو لەبیر بکات؟!


با لەخۆمان بپرسین ئەنفال چیەو بۆ چی ئەم زاراوەیە هاتووەتە نێو دونیای ئێمەوە؟! ئەگەر ئەنفال بریتی بێت لە پاکتاوکردن و لە هەوڵی ئەوەداین بە جینۆساید بیناسێنین، ئەوا پێویست بەوە ناکات یادی بکەینەوە، چونکە یادەکان لەنێو ترادسیۆنی ئێمەدا کراون بە رۆتینێکی بکووژو تاوانێکی بەو ئەندازەیە گەوەرەیش ئەوە دەهێنێت بەردەوام تیشک بخەینە سەری و لە زاکیرەماندا بەردەوام ئابدەیتی بکەینەوە، هەڵبەتە ئەم بیرۆکەیە لەوێوە سەرچاوە ناگرێت تا منداڵەکانمان بەشێوەیەک رابهێنین لە رق و تووڕەییدا خۆیان بخۆنەوە، بەڵکو ئەمە کردەی مێژووەو هەر مێژوویش ئەوەمان لێدەخوازێت!


کێ لە ئێمە کاری بۆ ئەوە کردووە تا لە سیاقی رەهەندەکانی ئەنفالەوە قسە لەسەر خودی ئەنفال بکات؟! ئەوانەی وا خرانە ژێر لمەوەو لە بیاباندا زیندە بە چاڵ کران، کێ بوون و چی تاوانێکیان ئەنجام دابوو؟! ئەمە چیرۆکێک نیە تا هەر نووسەرێک یان سیاسیەک بەبێ ئەوەی هەست بە برینە ساڕێژ نەبووەکان بکاو لە رۆژێکدا، تەنها لە رۆژێکدا لە توانایدا بێت گوزارشت لە قەبارەی ئەو تاوانە بکات؛ بەڵکو مێژووەو پێویستی بە لێکۆڵینەوەو لێکدانەوە هەیە!


بەداخێکی زۆرەوە سیاسیەکانی کورد هەرگیز نەیانویستووە لە ئازارو هەژاری و بێدەرەتانی میللەتەکەیان تێ بگەن، نەیشیانویستووە لە قەبارەی کارسات و قوربانیەکان بگەن، ئەگەر نا لە هیچ شوێنێکی ئەم سەر زەمینە میللەتێک نادۆزینەوە هێندەی کورد ئەتک کرابێت، خاک و زوبان و فەرهەنگی پارچە چارچە کرابێت، هیچ میللەتێکیش ئەوەی پێ هەزم ناکرێت هێشتا خوێن لە جەستەی قوربانیەکان بتکێ و سیاسیەکانی ئەملاو ئەولای بکووژەکانی ماچ بکەن و بکەونە دانووستانەوە لە گەڵیاندا!


ئێمەی کورد مەگەر سیاسەتمەدارە بیانیەکان رەخنەمان بکەن، ئەگەر نا هەموو شکستێک بۆ خۆمان بە سەرکەوتن هەژمار دەکەین، بەڕاستی ئەم جۆرە هەڵوێست و بیرکردنەوانەن بەردەوام ئێمە تووشی کارەسات دەکەن، گەلی کورد ناتوانێت سوود لە ئەزموونی جولەکە وەربگرێت، هەر وەکو سیاسیەکانی کوردیش ناتوانن ئەزموون لە سیاسیەتمەدارانی جولەکە وەربگرن، ئاخر ئەوان باش ئەو راستیە دەزانن برینی هۆڵۆکۆست بە موجامەلە ساڕێژ ناکرێت!


پێویستە ئێمەیش وەکو جولەکە بۆ ئەوەی مەرگەسات و کارەساتەکان دووبارە نەبنەوە، بیانکەین بە خاڵی وەرچەرخان لە ژیانی سیاسیماندا، دەبێت هەموو هەوڵی خۆمان لەوەدا خەرج بکەین ئەقڵیەتی ئەنفالکردن لە ناو بەرین و ئەنفال و کیمیا باران بکەین بە پڕۆژەیەکی نیشتیمانی و لە سیاقیانەوە وەکو میللەتێکی خاوەن رۆحێکی زیندوو و تامەزرۆی ژیان و ئازادی و ئاشتی و دادپەروەری دەربکەوین، مادام ئەقڵیەتی ئەنفال گوزارشت لە مەرگ پەرستی و کووشتنی جیاوازی و پێشێلکاریی بەرانبەرو سووکایەتی بە مافەکانی مرۆڤ دەکات، ئەی کەوتا بۆ تەنها بەرواری کارەساتەکان هەمووان ئەو کارەساتەیان دەکەوێتەوە یاد؟! ئەنفال ئەوەی پێگووتین پێویستە هەموو رۆژێک لە گەڵیدا بژێین، وانەیەکە ئێمە خۆمانی لێدەدزینەوەو نامانەوێت لێیەوە هیچ شتێک فێر ببین؟!

 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک